تبلیغات
ماڵپه‌ری ئیسلام كورد
Rss
Logo
ADS
زاراوه‌كانی قیرائات

مه‌تنی تحفة الأطفال

ته‌فسیری قورئانی پیرۆز

شێوازی نوێژی پێغه‌مبه‌ر

ئامۆژگاری بۆ موسڵمانان

كاتی بانگه‌كان&بانكبێژان

24 كاتژمێر راسته‌وخۆ

ئاماری ماڵپه‌ر
میوانانی سه‌رهێل

ژماره‌ى سه‌ردانه‌كان

ڕاپرسی ماڵپه‌ر
ئایا تا ئێستا سوودت له‌ ماڵپه‌ری ئیسلام كورد بینیوه‌؟؟؟

ماڵپه‌ره‌ كۆنه‌كه‌مان
عه‌لمانیه‌ت بناسه‌
گێژاوی مه‌دخه‌لیزم
مێژووی انصار الاسلام
فیرعه‌ونی زه‌مان و قه‌یرانی...

 

 

 

ئه‌م بابه‌ته‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌
له‌ به‌شی : به‌شی فه‌رمووده‌,

 

50 چیرۆک له‌گوڵزاری فه‌رمووده شیرینه‌کانی
پێغه‌مبه‌ره‌وه‌ صلی الله علیه وسلم-به‌شی یه‌كه‌م

ئاماده‌كردنی: ڕۆژان ڕه‌ئوف

چیرۆكی یه‌كه‌م:  كاری چاكه‌ بۆ رِۆژی ته‌نگانه‌)

عه‌بدولاَی كورِی ئیمامی عومه‌ر ( خوای لێ ڕازی بێت) ده‌فه‌رمووێت له‌پێغه‌مبه‌ری خوام (دروودو سه‌لامی خوای له‌سه‌ربێت) بیستووه‌ ده‌یفه‌رموو له‌سه‌رده‌می پێش ئێوه‌،جارێكیان سێ كه‌س ده‌بنه‌ هاوڕێ له‌ڕێگا شه‌ویان لێ دادێت , بۆ حه‌وانه‌وه‌ ڕوو ده‌كه‌نه‌ ئه‌شكه‌وتێك پاش ئه‌وه‌ی كه‌ده‌چنه‌ ناوی قه‌ده‌ری خوای گه‌وره‌ ، له‌ لوتكه‌ی چیاكه‌وه‌ به‌ردێكی گه‌وره‌ گل ده‌بێته‌وه‌ و به‌ته‌واوه‌تی به‌رده‌م ئه‌شكه‌وته‌كه‌ ده‌گرێت,زۆر هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌هیچ جۆرێك به‌رده‌كه‌یان بۆ ناجوڵێت.ناچار ده‌كه‌ونه‌ پاڕانه‌وه‌ و له‌ناو خۆیان دا ده‌كه‌ونه‌ گه‌ڕان به‌دوای ڕێگه‌ چاره‌یه‌كدا كه‌خۆیانی پێ ڕزگار بكه‌ن ، دوایی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ڕێك ده‌كه‌ون كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان باسی كردارێكی باشه‌ی خۆی بكات به‌ڵكو خوای گه‌وره‌ به‌زه‌یی پیایاندا بێته‌وه‌ .

یه‌كه‌م ووتی: خوایه‌ خۆ تۆ خۆت ده‌زانیت كه‌من باوك ودایكێكی زۆر پیرو په‌ككه‌وته‌م هه‌بوو، هه‌موو 

ئێواره‌یه‌ك تا ئه‌وانم تێر نه‌كردایه‌ نه‌م ده‌هێشت كه‌س ده‌م له‌هیچه‌وه‌ بدات , ڕۆژیكیان بۆ دارخڕكردنه‌وه‌ 

زۆر دوور كه‌وتبوومه‌وه‌ ئێواره‌یه‌كی زۆر دره‌نگ گه‌ڕامه‌وه‌ ,كاتێك خواردنم بۆ بردن بینیم خه‌ویان لێ كه‌وتووه‌ دڵم نه‌ده‌هات له‌خه‌و خه‌به‌ریان بكه‌مه‌وه‌ و نه‌شمهێشت كه‌س پێش ئه‌وان نان بخوات.ئه‌وشه‌وه‌ به‌دیار ئه‌وانه‌وه‌ به‌پێوه‌ ڕۆژم كرده‌وه‌ قاپه‌كه‌شم هه‌ر به‌ده‌سته‌وه‌ بوو ماڵ ومنداڵیش له‌برساندا هه‌ر زاكه‌ زاكیان بوو.له‌گه‌ڵ سپێده‌ی به‌یان ، خه‌به‌ریان بۆوه‌ ئیتر خواردنه‌كه‌م دانێ.خوایه‌ ئه‌گه‌ر من ئه‌وه‌م له‌به‌ر خاتری تۆكردووه‌ ، له‌م به‌رده‌،ڕزگارمان بكه‌.ئیتر به‌رده‌كه‌ تۆزیك جوولاَو درزی تێكه‌وت.به‌لاَم ئه‌وه‌نده‌ نه‌بووكه‌مرۆڤ بتوانێ لێوه‌ی بێته‌ ده‌ره‌وه‌.

دووه‌میان ووتی:

خوایه‌ من كچه‌ مامێكم هه‌بوو زۆر زۆرم خۆش ده‌ویست وه‌ك به‌هێزترین خۆشه‌ویستی نێوان ژن وپیاو هه‌میشه‌ كه‌ ده‌چووم بو لای لێم دوورده‌كه‌وته‌وه‌ و بۆم نه‌رم نه‌ده‌بوو.تاساڵێكیان به‌هۆی نه‌هاتی و هه‌ژاریه‌وه‌ په‌نای بۆ هێنام ، داوای یارمه‌تی لێكردم.منیش بیست دینارم دایه‌ ، به‌و مه‌رجه‌ی چیم بوێت له‌گه‌ڵیدا بیكه‌م.ئه‌ویش به‌ناچاری ڕازی بوو كاتێك كه‌لێی نزیك بوومه‌وه‌ ، ووتی له‌خوا بترسه‌ و به‌ناحه‌ق ئابڕووم مه‌تكێنه‌ ئیتر منیش له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌مووحه‌زو خۆشه‌ویستیه‌دا وازم لێ هێناو، پاره‌كه‌شم لێ نه‌ستانده‌وه‌.خوایه‌ له‌پاداشتی ئه‌وه‌دا به‌زه‌ییت پێماندا بێته‌وه‌و له‌م ته‌نگه‌ژه‌یه‌ ڕزگارمان بكه‌. به‌رده‌كه‌ كه‌مێكی تر جوولاَ , به‌لاَم دیسان ئه‌وه‌نده‌ نه‌بووكه‌بتوانن لێی بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ .

سێ یه‌م ووتی:

خوایه‌ خۆت ده‌زانیت چه‌ند كرێكارێكم به‌كرێ گرت ئیشێكم بۆ بكه‌ن پاش ته‌واو بوونی ئیشه‌كه‌ بێجگه‌ له‌یه‌كێكیان كرێی هه‌موویانم دا , ئه‌وه‌یان كرێكه‌ی وه‌رنه‌گرت و ڕۆیشت .منیش ئه‌و پاره‌ی كرێیه‌م بۆ خسته‌ ئیشه‌وه‌ .گه‌شه‌ی كرد پاش ماوه‌یه‌كی زۆر هاته‌وه‌ و داوای كرێیه‌كه‌ی لێ كردم منیش پێم ووت ئه‌و هه‌موو حوشترو مه‌ڕو مالاَته‌ی ده‌یبینیت هه‌مووی هی خۆته‌ فه‌رموو هه‌ڵیان گره‌ بۆ خۆت ئه‌ویش ووتی وادیاره‌ تۆ گاڵته‌م پێ ده‌كه‌یت ؟ ووتم نه‌خێر هه‌ر به‌ ڕاستی ئه‌وانه‌ هه‌موو هی تۆن و له‌پاره‌كه‌ی خۆت كه‌وتوونه‌ته‌وه‌. ئیتر پێش خۆی دان و ڕۆیشت.خوایه‌ له‌پاداشتی ئه‌وه‌دا تۆش به‌زه‌ییت پێماندا بێته‌وه‌ و ڕزگارمان بكه‌ ئیتر به‌رده‌كه‌ به‌ته‌واوی لاچوو، پیاوه‌كانیش به‌سه‌لامه‌تی ڕزگاریان بوو.

حدیث صحیح متفق علیه)


-------------------------------------------------------


چیرۆكی دووه‌م: چاكه‌ كردن له‌گه‌ڵ گیانداران دا


ئه‌بوهوڕه‌یڕه‌ (خوای لێ ڕازی بێت) ده‌گێڕیته‌وه‌ له‌ پێغه‌مبه‌ره‌وی خواوه‌ (دروود وسه‌لامی خوای له‌سه‌ربێت) كه‌ فه‌رموویه‌تی پیاویك له‌ ڕۆژیكی گه‌رمادا به‌ڕێگایه‌كدا ده‌ڕۆیشت تینوێتی به‌ته‌واوه‌تی تینی بۆ هێنابوو به‌سه‌ربیرێكدا كه‌وت، دابه‌زیه‌ ناو بیره‌كه‌وه‌و تێر ئاوبوو.كه‌هاته‌ ده‌ره‌وه‌ سه‌گێكی بینی ، له‌تینواندا زمانی ده‌ركێشابوو وگڵی ده‌خوارد له‌ دڵی خۆیدا ووتی وا دیاره‌ ئه‌میش ده‌رده‌كه‌ی منیه‌تی و تینووه‌ جارێكی تر دابه‌زیه‌وه‌ ناو بیره‌كه‌ و پێلاَوه‌كه‌ی پڕكرد له‌ئاو به‌ددان گرتی وبه‌بیره‌كه‌دا سه‌ركه‌وتوو هاته‌ ده‌ره‌وه‌ وسه‌گه‌كه‌ی تێر ئاو كرد .خواش به‌و كاره‌ لێی خۆشبوو . هاوڕێكانی پێغه‌مبه‌ری خوا (دروو وسه‌لامی خوای له‌سه‌ر بێت) عه‌رزیان كرد بۆچی له‌سه‌ر چاكه‌ كردن له‌گه‌ڵ بێ زمانیش دا خێرمان ده‌گاتێ ؟ ئه‌ویش فه‌رمووی به‌ڵێ بۆ هه‌موو خاوه‌ن جگه‌رێكی زیندوو خێرو پاداشت هه‌یه‌).

(حدیث صحیح متفق علیه)


-------------------------------------------------------

چیرۆكی سێ یه‌م: تۆبه تاوان ده‌شواته‌وه


ئه‌بو سه‌عیدی خودری(خوای لێ ڕازی بێت)ده‌فه‌رمووێت پێغه‌مبه‌ری خوا (دروودوسه‌لامی خوای له‌سه‌ر بێت)گێڕایه‌وه‌و فه‌رمووی له‌سه‌رده‌مانی پێش ئێوه‌دا پیاوێك نه‌وه‌دو نۆ كه‌سی كوشتبوو,گه‌ڕا به‌دوای زاناترین كه‌س له‌و سه‌رده‌مه‌دا كه‌ پرسیاری لێ بكات یه‌كێكیان بۆ ده‌ست نیشان كرد ئه‌ویش چووه‌ لای و لێی پرسی؟ قوربان من نه‌وه‌دو نۆ كه‌سم كوشتووه‌ ئایا ده‌توانم تۆبه‌ بكه‌م ؟ ئه‌ویش له‌وه‌لاَم دا پێی ووت نه‌خێر تۆ هیچ مه‌جالێكت نییه‌ تازه‌ تۆبه‌ت لێ قبوڵ ناكرێت , ڕقی هه‌ستاو ئه‌ویشی كوشت وكوژراوه‌كان بوون به‌سه‌د كه‌س .

دووباره‌ كه‌وته‌وه‌ گه‌ڕان به‌دوای یه‌كێكی تردا كه‌پرسیاری لێ بكات ئه‌مجاره‌یان زانایه‌كیان بۆ هه‌ڵداو چووه‌ لای و پرسی من سه‌د كه‌سم كوشتووه‌ ئایا مه‌جالی ته‌وبه‌م هه‌یه‌ ؟ ئه‌ویش پێی ووت

به‌ڵێ كێ ده‌توانێت بڵێ ڕێگای ته‌وبه‌ داخراوه‌ ؟ پاشان ئامۆژگاری کرد که ئه م زه ویه ی تاوانی زۆر لێکردووه به جێ بهێڵێت و بچێته ووڵاتێکی تر یان شارێکی تر که هێشتا گوناهی تیادا نه کردووه و ته وبه بکات و نه گه ڕێته وه سه ر تاوانه کانی.. پاشان ئه ویش ڕۆشت به ره و ووڵاتێکی که ، له ڕێگادا مه لائیکه ت هات بۆ گیان کێشانی پاشان مه لائیکه ی به به زه یی و مالائیکه ی سزا هه ر یه که یان ده یان ویست بۆ خۆیانی به رن واتا بۆ به هه شت و جه هه ننه م، پاشان خوای گه وره ئه مری پێکردن که نێوان هه‌ر دوو وولاَته‌كه‌ بپێون بزانن له‌كامیانه‌وه‌ نزیكتره‌كه،‌ سه‌یریان كرد له‌و وولاَته‌وه‌ نزیكتره‌ كه‌خه‌ڵكه‌كه‌ی چاكه‌ كارن وڕووی له‌وێ كردبوو ئیتر فریشته‌ به ڕه‌حمه‌ت گیانی كێشاوخوای گه وره لێی خۆش بوو.

(حدیث صحیح متفق علیه)


-------------------------------------------------------


چیرۆكی چواره‌م: مانه‌وه‌ له‌سه‌ر باوه‌رِ


سوهه‌یبی ڕۆمی(خوای لێ ڕازبێت) ده‌فه‌رمووێت پێغه‌مبه‌ری خوا (دروود وسه‌لامی خوای له‌سه‌ر بێت) بۆی گێڕاینه‌وه‌و فه‌رمووی سه‌رده‌مانی پێش ئیوه‌ پاشایه‌ك هه‌بوو ساحیرێكی تایبه‌تی خۆی هه‌بوو كاتێك سیحربازه‌كه‌ پیربوو، هاته‌لای پاشاو پێی ووت گه‌وره‌م من پیر بووم حه‌زده‌كه‌م لاوێكم بۆ ده‌ست نیشان بكه‌یت ڕۆژانه‌ بێته‌ لام تا پێش مردنم فێری ئه‌و سیحرانه‌ی بكه‌م كه‌ده‌یان زانم , ئه‌ویش یه‌كێكی بۆده‌ست نیشان كرد فێری بكات , كوڕه‌كه‌ كه‌ ده‌چوو بۆ لای ساحیره‌كه‌ له‌سه‌ر ڕێگاكه‌ی (ڕاهێبێك) هه‌بوو هه‌موو جارێ لای ئه‌و پشووی ئه‌دا ئینجا ده‌چوو بۆ لای سیحربازه‌كه‌ له‌وسه‌ریش كه‌ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ لای ئه‌و ڕاهیبه‌ لای ئه‌دا وگوێی لێ ده‌گرت وقسه‌كانی پێ خۆشبوو , كه‌دوا ده‌كه‌وت سحربازه‌كه‌ لێی ئه‌دا , ڕاهیبه‌كه‌ ئامۆژگاری كرد هه‌ركاتێك سیحربازه‌كه‌ لێی پرسیت بۆچی دوا ده‌كه‌ویت ؟ بڵێ له‌ماڵه‌وه‌ دره‌نگ به‌ڕێم ده‌كه‌ن كه‌له‌ ماڵه‌وه‌ش لێ یان پرسیت بۆچی دره‌نگ ده‌گه‌ڕێیته‌وه‌ ؟ بڵێ سیحربازه‌كه‌ دوام ده‌خات پاش ماوه‌یه‌ك له‌گه‌ڕانه‌وه‌ی بینی وا 

گیانله‌به‌رێكی گه‌وره‌ ڕێگای گرتووه‌ و كه‌س ناوێرێت هامووشۆ بكات ئه‌ویش له‌دڵی خۆی دا ووتی ئیمڕۆ بۆم ساغ ده‌بێته‌وه‌ ئاخۆ سیحرباز ڕاست ده‌كات یان ڕاهیب ؟ ده‌ستی دایه‌ به‌ردێك و ڕووی كرده‌ خوای گه‌وره‌و ووتی ئه‌گه‌ر كاری ڕاهیبه‌كه‌ت له‌كاری سیحربازه‌كه‌ به‌لاوه‌ باشتره‌ ئه‌وا ئه‌م گیانله‌به‌ره‌ له‌ناو به‌ره‌ با خه‌ڵكه‌كه‌ له‌ده‌ستی ڕزگاریان ببێت ئیتر به‌رده‌كه‌ی تێگرت وگیانله‌به‌ره‌كه‌ی كوشت .كاتێك چووه‌ لای ڕاهیبه‌كه‌ ڕووداوه‌كه‌ی بۆ گێڕایه‌وه‌ ئه‌ویش ووتی كوڕم تۆ زۆر له‌من باشتری به‌لاَم ڕۆژێك دێت كه‌توشی

به‌لاَیه‌ك ده‌بیت ئه‌وكاته‌ ناوی من مه‌به‌.كوڕه‌كه‌ ڕۆژ به‌ ڕۆژ شتی سه‌یری ده‌كرد وه‌ك چاككردنه‌وه‌ی كوێرو زگماك و به‌ڵه‌ك وده‌رمانی زۆربه‌ی نه‌خۆشیه‌كان . وه‌زیری پاشا كه‌تازه‌ كوێر بووبوو هه‌واڵی كوڕه‌ی بیست ، دیاری یه‌كی زۆری كۆكرده‌وه‌ و بۆی بردوو پێ ی ووت به‌مه‌رجێك چاكم بكه‌یته‌وه‌ ئه‌م شتانه‌ هه‌مووی بۆ خۆت ده‌بێت .كوڕه‌ش پێ ی ووت من ناتوانم كه‌س چاك بكه‌مه‌وه‌ (شیفا) به‌ده‌ست خوایه‌ به‌ مه‌رجێك ئیمان به‌خوا بێنیت منیش ده‌پاڕێمه‌وه‌ چاكت بكاته‌وه‌ ئه‌ویش ئیمانی هێنا و خوای گه‌وره‌ش چاكی كرده‌وه‌ .گه‌ڕایه‌وه‌ لای پاشاو لێی پرسی ؟ ئه‌وه‌كێ چاوتی چاككرده‌وه‌ ؟ ئه‌ویش ووتی خوای گه‌وره‌ . پاشا به‌توڕه‌ بوونه‌وه‌ پێی ووت بۆچی بێجگه‌ له‌من خوایه‌كی تر هه‌یه‌ ؟ ووتی به‌ڵێ خوای من و تۆش (اللًه‌)یه‌ ئیتر پاشا ده‌ستی كرد به‌ ئازاردانی وازی لێ نه‌هێنا تا ناوی كوڕه‌كه‌ی دركاند ئه‌ویش ناردی به‌شوێنیدا و لێی پرسی ؟ كوڕم تۆ سیحره‌كه‌ت گه‌یشتۆته‌ ئه‌و ڕاده‌یه‌ی بتوانیت كوێرو به‌ڵه‌ك چاك بكه‌یته‌وه‌ ؟ ئه‌ویش ووتی من ناتوانم كه‌س چاك بكه‌مه‌وه‌ ئه‌وه‌ كاری خوایه‌ . ئیتر كه‌وته‌ ئازاردانی تا ناوی ڕاهیبه‌كه‌ی دركاند پاشا ناردی به‌شوێن ڕاهیبدا ووتی ئه‌بێت له‌ ئاینه‌كه‌ت پاش گه‌زبیته‌وه‌ ئه‌ویش نكووڵی كرد (پاشا) فه‌رمانی دا مشاریان هێنا وخستیانه‌ سه‌ر سه‌ری وكردیان به‌دوو له‌ته‌وه‌ , ئینجا وه‌زیریان هێنا به‌هه‌مان شێوه‌ كاتێك كه‌ نكووڵی كرد له‌وه‌ی پاشگه‌ز بێته‌وه‌ ئه‌ویشیان به‌مشار دووله‌ت كرد , پاشان كوڕه‌كه‌یان هێناو پاشا، داوای لێكرد له‌ئایینه‌كه‌ی پاشگه‌زبێته‌وه‌ ئه‌ویش نكووڵی كرد (پاشا) فه‌رمانی به‌چه‌ند پیاوێكی دا كه‌بیبه‌نه‌ سه‌ر چیایه‌كی به‌رز ئه‌گه‌ر هه‌ر پاشگه‌ز نه‌بۆوه‌ ئه‌وا له‌به‌رزترین لوتكه‌ی چیاكه‌وه‌ فڕێی بده‌نه‌ خواره‌وه‌ ,كاتێك گه‌یاندیانه‌ چیاكه‌ كوڕه‌كه‌ له‌خوا پاڕایه‌وه‌ كه‌ له‌ ده‌ستیان ڕزگاری بكات به‌فه‌رمانی خوا چیاكه‌ ده‌ستی به‌له‌رزین

كرد و پیاوه‌كانی (پاشا) هه‌موویان كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ كوڕه‌كه‌ هاته‌وه‌ لای (پاشا) لێی پرسی ئه‌ی كوا پیاوه‌كان چیان به‌سه‌ر هات ؟ كوڕه‌ ووتی خوا له‌ناوی بردن . ئینجا كوڕه‌كه‌ی دایه‌ ده‌ست چه‌ند كه‌سێكی ترو ڕای سپاردن سواری كه‌شتی بكه‌ن و له‌ناوه‌ڕاستی ده‌ریادا ڕای بگرن ئه‌گه‌ر پاشگه‌ز نه‌بۆوه‌ به‌كه‌شتیه‌كه‌وه‌ نوقمی بكه‌ن پاش ئه‌وه‌ی بردیانه‌ ناوه‌ڕاستی ده‌ریا كوڕه‌كه‌ له‌خوا پاڕایه‌وه‌ ئه‌وانیش نقوم بوون و خۆی به‌سه‌لامه‌تی گه‌ڕایه‌وه‌ لای پاشا , ئینجا ڕووی كرده‌ پاشاو پێی ووت تۆ ناتوانیت من له‌ ناوبه‌ری مه‌گه‌ر ئه‌وكاره‌ بكه‌یت كه‌ من خۆم بۆت ده‌ست نیشان ده‌كه‌م ئه‌ویش ووتی ئه‌وه‌ چی یه‌ ؟ كوڕه‌ ووتی هه‌موو دانیشتوان له‌ده‌شتێكی فراوان دا كۆبكه‌ره‌وه‌ و به‌دارێكمه‌وه‌ هه‌ڵبواسه‌ ئینجا تیرێك له‌تیردانه‌كه‌م ده‌ربهێنه‌ و بیخه‌ره‌ كه‌وانه‌وه‌ و بڵێ (به‌ناوی خوای ئه‌م كوڕه‌) هه‌ر كاتێك ئه‌وه‌ت كرد ده‌توانیت من بكووژیت پاشا چی كوڕه‌ وتبووی وای كرد ,كاتێك تیره‌كه‌ی بۆ هاوێشت به‌ر سه‌ری كه‌وت و مرد خه‌ڵكه‌كه‌ هه‌موویان به‌یه‌ك ده‌نگ هاواریان كرد ئێمه‌ هه‌موومان بڕوامان به‌خوای كوڕه‌كه‌ كرد و ئیمان یان هێنا. كاتێك (پاشا) ئه‌وه‌ی دی زۆر ڕقی هه‌ستاو بڕیاری دا چاڵی گه‌وره‌ گه‌وره‌ هه‌ڵبكه‌نن و پڕیان بكه‌ن له‌ئاگر و هه‌ر كه‌س په‌شیمان نه‌بۆوه‌ بیخه‌نه‌ ناوی هه‌ر خه‌ڵك بوو خۆی فڕێ ده‌دایه‌ ناو ئاگره‌كه‌ تا سه‌ره‌ هاته‌ سه‌ر ئافره‌تێك كه‌مناڵێكی به‌باوه‌شه‌وه‌ بوو ویستی پاشه‌و پاش بگه‌ڕێته‌وه‌ مناڵه‌كه‌ی تێی خوڕی پێی ووت دایكه‌! ئارام بگره‌ به‌خوا تۆ له‌سه‌ر ڕێگه‌ی ڕاستی ئیتر بۆچی ئه‌ترسیت.

(حدیث صحیح متفق علیه)


-------------------------------------------------------


چیرۆكی پێنجه‌م: دزی و فێڵ كردن


ئه‌بو هوریره‌ (خوای لێ ڕازیبێت ) ده‌گێڕێته‌وه‌ له‌ پێغه‌مبه‌ری خواوه‌ (دروود وسه‌لامی خوای له‌سه‌ر بێت)كه‌ فه‌رموویه‌تی یه‌كێك له‌ پێغه‌مبه‌رانی پێشوو كاتێك كه‌ ده‌چوو بۆ غه‌زاو جیهاد به‌خه‌ڵكه‌كه‌ی ووت هه‌ركه‌سێك له‌م سێ گروپه‌ بێت نابێت له‌گه‌ڵما بێت هه‌ركه‌سێك ژنی خواستبێ و نه‌ی گواستبێته‌وه‌ ، یان خانووی دروست كردبێت سه‌ره‌كه‌ی نه‌گرتبێ و ته‌واوی نه‌كردبێت ، یان مه‌ڕو مالاَتێكی زۆری هه‌بێت وچاوه‌ڕوان بێت بێچوویان ببێت . پاش جیاكردنه‌وه‌ی ئه‌وان به‌ره‌و شوێنی دیاریكراو كه‌وته‌ ڕێ .كاتێك گه‌یشتنه‌ شوێنه‌كه‌ ، كات دره‌نگ بوو له‌خوا پاڕایه‌وه‌ كه‌ ڕۆژه‌كه‌ی بۆ درێژ بكاته‌وه‌ تا پێش تاریكی شه‌ڕه‌كه‌ ته‌واو بكات . ئیتر خواش نزاكه‌ی بۆ گیرا كرد و به‌سه‌ر دوژمنه‌كانیدا زاڵ بوو. پاش كۆكردنه‌وه‌ی غه‌نیمه‌كان له‌شوێنێكدا كۆی كردنه‌وه‌ ، تا ئاگرێك له‌ خوایی یه‌وه‌ بێت و بیان سوتێنێت ئه‌و كاته‌ كه‌ غه‌نیمه‌ ده‌گیرا ده‌بوو بسوتێنرێت به‌لاَم كه‌ ئاگره‌كه‌ هات نه‌ی سوتاند پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ ووتی وادیاره‌ له‌ناو ئیوه‌دا ده‌ست پیس هه‌یه‌ و ده‌ست پیسی له‌م غه‌نیمه‌یه‌ كردووه‌ . 

 ئه‌بێت له‌هه‌ر تیره‌یه‌ك یه‌كێك ده‌ست بخاته‌ ناو ده‌ستمه‌وه‌ ، ئه‌وه‌بوو ده‌ستی پیاوێك له‌سه‌رۆك تیره‌كان نووسا به‌ده‌ستییه‌وه‌ ئینجا ووتی ده‌ست پیسه‌كه‌ له‌ ناو ئێوه‌دایه‌ . ئه‌بێت یه‌كه‌یه‌كه‌ ده‌ست بخه‌نه‌ ناو ده‌ستمه‌وه‌.یه‌ك دوانێك ده‌ستیان نووسا به‌ده‌ستیه‌وه‌ ئینجا ووتی ئێوه‌ دزن، چیتان بردووه‌ بیهێننه‌وه‌ ، كه‌هێنایانه‌وه‌ بارستای سه‌ر مانگایه‌ك ئاڵتونیان دزی بوو . ئه‌ویش خستیه‌ سه‌ر شته‌كانی تر.ئیتر ئاگره‌كه‌ هات و سوتاندی . ئه‌وانه‌ی پێش ئێوه‌ غه‌نیمه‌یان بۆ حه‌لاَڵ نه‌بووه‌ ، به‌لاَم كاتێك خوای مه‌زن هه‌ژاری و بێ ده‌سته‌لاَتی ئێمه‌ی بینی بۆی حه‌لاَڵ كردین.

( حدیث صحیح متفق علیه)


-------------------------------------------------------


چیرۆكی شه‌شه‌م: به‌ڵه‌ك و كه‌چه‌ڵ و كوێر و ئه‌نجامی له‌ خۆبایی بوون


ئه‌بو هوریره‌ (خوای لێ ڕازیبێت ) ده‌گێڕیته‌وه‌ له‌ پێغه‌مبه‌ری خواوه‌ (دروود وسه‌لامی خوای له‌سه‌ر بێت(كه‌ فه‌رموویه‌تی سێ پیاوی به‌نی ئیسرائیلی هه‌بوون یه‌كێكیان به‌ڵه‌ك و گول ، دووه‌میان كه‌چه‌ڵ وسێ یه‌میان كوێر بوو , خوا وویستی تاقییان بكاته‌وه‌ فریشته‌یه‌كی له‌شێوه‌ی مرۆڤ دا نارده‌ لایان یه‌كه‌م جار چووه‌ لای به‌ڵه‌ك وگوله‌كه‌و لێی پرسی تۆ له‌م جیهانه‌دا چ شتێك هه‌یه‌ له‌هه‌موو شت لات خۆشتربێت ؟ ئه‌ویش ووتی حه‌ز ده‌كه‌م ڕه‌نگم جوان بێت و پێستم چاك بێته‌وه‌ و ئه‌وشتانه‌ی كه‌به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ خه‌ڵكی بێزم لێ ده‌كه‌نه‌وه‌ نه‌مێنن و منیش وه‌ك مرۆڤێكی جوانم لێ بێت . فریشته‌كه‌ ده‌ستێكی هێنا به‌سه‌ریا چی نه‌خۆشی پێوه‌ بوو هیچی نه‌ما بوو به‌مرۆڤێكی جوان ئینجا فریشته‌كه‌ لێی پرسی ئه‌ی له‌ماڵی دنیا حه‌زت له‌ چ شتێكه‌ ؟ ووتی حوشتر به‌فه‌رمانی خوا حوشترێكی سكپڕی پێ به‌خشی و دوعای بۆكرد به‌ره‌كه‌تی تێ بكه‌وێت.

دووای ئه‌و چووه‌ لای كه‌چه‌ڵه‌كه‌ و لێی پرسی كام شتت له‌ هه‌موو شتێك له‌ لا خۆشه‌ویستتره‌ ؟ ئه‌ویش ووتی قژێكی پڕو جوان و ئه‌و برینانه‌ی سه‌رم چاك ببێته‌وه‌و ئیتر خه‌ڵكی قێزم لێ نه‌كه‌نه‌وه‌ . به‌فه‌رمانی خوا چاك بۆوه‌و قژێكی پڕو جوانی لێ ڕووا ئینجا لێی پرسی ئه‌ی له‌ماڵ و سه‌روه‌تی دنیا حه‌ز له‌چی ده‌كه‌یت ؟ ووتی حه‌ز له‌ مانگا ده‌كه‌م به‌ فه‌رمانی خوا مانگایه‌كی ئاوسی پێ به‌خشی و دۆعای بۆ كرد به‌ره‌كه‌تی تێ بكه‌وێت .

دوواجار چووه‌ لای كوێره‌و پێ ی ووت چ شتێكت له‌ هه‌موو شت له‌لا خۆشتره‌ ؟ ئه‌ویش ووتی حه‌ز ده‌كه‌م چاوه‌كانم چاك ببنه‌وه‌ و منیش وه‌ك ئه‌و خه‌ڵكه‌ هه‌موو شتێك ببینم به‌ فه‌رمانی خوا چاوه‌كانی چاك بوونه‌وه‌ ئینجا لێی پرسی له‌سه‌روه‌تی دنیا چ شتێكت له‌ هه‌مووان لا خۆشه‌ویستتره‌ ؟ ووتی مه‌ڕ ئیتر به‌فه‌رمانی خوا دوو مه‌ڕی نێر و مێی پێ به‌خشی و خوا به‌ره‌كه‌تی خسته‌ سه‌روه‌تی هه‌موویان و بوونه‌ خاوه‌ن ئاژه‌ڵێكی زۆر .

پاش ماوه‌یه‌كی زۆر هه‌مان فریشته‌ خۆی گۆڕی و خۆی وه‌ك ئه‌وان لێكرد پێش هه‌مووان چووه‌ لای گوله‌كه‌و ووتی پیاوێكی هه‌ژارم هیچ پاره‌م پێ نه‌ماوه‌ ناتوانم سه‌فه‌ره‌كه‌م ته‌واو بكه‌م پاش خوا هیوام به‌تۆیه‌ بۆ خاتری ئه‌و خوایه‌ی كه‌تۆی له‌ نه‌خۆشی چاككرده‌وه‌ و ئه‌م ڕه‌نگه‌ جوانه‌ی پێ به‌خشیت و ئه‌م هه‌موو سه‌روه‌ته‌ی پێ به‌خشیت ، حوشترێكم بده‌یه‌ تا سه‌فه‌ره‌كه‌می پێ ته‌واو بكه‌م . ئه‌ویش له‌ وه‌لاَمدا ووتی له‌م سه‌رده‌مه‌دا سواڵكه‌ر زۆر بوون من ناتوانم داواكه‌ت بێنمه‌ دی, فریشته‌كه‌ ووتی من وه‌ك له‌وه‌و پێش تۆم دیبێ وایه‌ تۆ گول بوویت و هه‌موو كه‌س قێزیان لێ ده‌كردیته‌وه‌ و هه‌ژار بووی خوا ئه‌م سه‌روه‌ته‌ی پێ دایت ؟ ووتی نه‌خێر ئه‌م سامانه‌م له‌ باو باپیرانه‌وه‌ بۆم به‌جێ ماوه‌. فریشته‌كه‌ش ووتی ئه‌گه‌ر درۆ بكه‌یت خوا وه‌ك خۆتت لێ بكاته‌وه‌,

دووایی چووه‌ لای كه‌چه‌ڵ و به‌هه‌مان شێوه‌ له‌گه‌ڵیدا دووا ئه‌ویش هه‌روه‌ك گوله‌كه‌ وه‌لاَمی دایه‌وه‌و هیچی نه‌دایه‌ به‌ویشی ووت ئه‌گه‌ر درۆ بكه‌یت خوا وه‌ك خۆتت لێ بكاته‌وه‌.

دوواجار چووه‌ لای كوێره‌كه‌ وهه‌مان داوای لێكرد و پێ ی ووت به‌ڵكو مه‌ڕێكم پێ ببه‌خشیت تا بتوانم سه‌فه‌ره‌كه‌م ته‌واو بكه‌م .كوێره‌كه‌ زۆر مه‌ردانه‌ و بێ له‌خۆ بایی بوون ووتی من كوێر بووم خوا چاومی چاككرده‌وه‌ ، هه‌ژار بووم خوا ئه‌م سه‌روه‌ته‌ی دامێ ئێستاش من ڕێگای هیچت لێ ناگرم من خاوه‌ن هیچ نیم , ئیتر فریشته‌كه‌ هاته‌وه‌ قسه‌و ووتی ماڵی خۆت بۆ خۆت ئه‌مه‌ تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی خوایی بوو خوا له‌ تۆ ڕازییه‌ و ڕق و غه‌زه‌بیشی داباری به‌سه‌ر دوو هاوڕێ كه‌تدا.

(حدیث صحیح متفق علیه)


-------------------------------------------------------


چیرۆكی حه‌وته‌م: ئه‌وانه‌ی له‌ بێشكه‌دا هاتوونه‌ته‌ قسه‌كردن


له‌ئه‌بو هوره‌یره‌وه‌ (خوای لێ ڕازی له‌سه‌ر بێت) ده‌فه‌رمووێت پێغه‌مبه‌ری خوا (دروو وسه‌لامی خوای له‌سه‌ر بێت) بۆی گێڕاینه‌وه‌ و فه‌رمووی ته‌نها سێ كه‌س له‌بێشكه‌دا قسه‌یان كردووه‌.عیسای كوڕی مه‌ریه‌م (سه‌لامی خوایان له‌سه‌ر بێت) كه‌ چیرۆكه‌كه‌ی مه‌شهووره‌, یه‌كێكی تریان به‌ناوی هاوڕێكه‌ی (جوریج) ه‌, كه‌ ئه‌مه‌ چیرۆكه‌كه‌یه‌تی (جوڕه‌یج) پیاوێكی خوا په‌رست بوو ، شوێنێكی بۆ خۆی ته‌رخان كردبوو ، خوا په‌رستی تیا ده‌كرد .جارێكیان دایكی هاته‌ لای كه‌كاتێ نوێژی كوڕه‌كه‌ بوو بانگی كرد (جوڕه‌یج) (جوڕه‌یج)....ئه‌ویش وه‌لاَمی نه‌دایه‌وه‌ و له‌دڵی خۆیدا ووتی خوایه‌ له‌لایه‌كه‌وه‌ دایكم بانگم ده‌كات و له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ به‌نوێژه‌وه‌ خه‌ریكم ئیتر نوێژه‌كه‌ی نه‌بڕی و گوێی نه‌دایه‌ دایكی . تاسێ ڕۆژ ئه‌مه‌ دووباره‌ بۆوه‌ له‌سێ یه‌م ڕۆژدا دایكی له‌خوا پاڕایه‌وه‌ ووتی خوایه‌ كارێكی وا بكه‌ پێش مردنی تووشی ئافره‌تێكی ڕه‌وشت نزمی بكه‌یت .

ناوبانگی (جوڕه‌یج) له‌ناو به‌نی ئیسرایلی یه‌كاندا بلاَوبوبۆوه‌ , هه‌مووان باسی خوا په‌رستی و پیاو چاكی ئه‌ویان له‌سه‌ر زار بوو ئافره‌تێكی ڕه‌وشت نزمی زۆر جوان به‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی ووت من ئاره‌زوو بكه‌م تووشی كاری خراپه‌ی ده‌كه‌م . ئه‌وه‌ بوو چووه‌ لای و زۆر خه‌ریك بوو، به‌لاَم ئه‌و هیچ ڕووی تێنه‌كرد تا له‌ ئه‌نجامدا چووه‌ لای شوانێك كه‌ له‌و ناوه‌دا مه‌ڕی ده‌له‌وه‌ڕاند خۆی ته‌سلیم كرد و سكی پڕ بوو ,كه‌ منداڵه‌كه‌ بوو له‌ناو خه‌ڵكه‌كه‌دا وای بلاَوكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و مناڵه‌ هی جوڕه‌یجه‌ ، خه‌ڵكه‌كه‌ش بڕوایان پێ كردوو، به‌ره‌و لای چوون و خانووه‌كه‌یان به‌سه‌ردا ڕووخاندو كه‌وتنه‌ لێدانی ، ئه‌ویش به‌سه‌ر سوڕمانه‌وه‌ لێی پرسین بۆچی وا ده‌كه‌ن ؟ ووتیان تۆ كاری خراپه‌ت كردووه‌ و ئه‌م مناڵه‌ هی تۆیه‌ . ووتی كوا مناڵه‌كه‌م بۆ بهێنن ، بۆیان هێنا ئینجا ووتی مۆڵه‌تم بده‌ن با نوێژه‌كه‌م بكه‌م، پاش نوێژه‌كه‌ی ڕووی كرده‌ مناڵه‌كه‌و ده‌ستی خسته‌ سه‌ر سكی و پێی ووت ڕۆڵه‌ كێ باوكته‌ ؟ ئه‌ویش هاته‌ قسه‌و ووتی فلاَنه‌ شوان.....ئیتر خه‌ڵكه‌كه‌ كه‌وتن به‌سه‌ر ده‌ست و پێی داو پێیان ووت ئه‌م جاره‌ خانووه‌كه‌ت له‌ ئاڵتوون بۆ دروست ده‌كه‌ینه‌وه‌ , ئه‌ویش له‌ وه‌لاَمدا ووتی نه‌خێر ڕازی نیم ده‌بێت وه‌ك خۆی له‌ قوڕو گڵ بۆم دروست بكه‌نه‌وه‌ ئیتر ئه‌وانیش وه‌ك خۆی دروستیان كرده‌وه‌ .سێ یه‌م منداڵ ئه‌و منداڵه‌یه‌

كه‌ له‌كاتی شیر مژیندا پیاوێكی پۆشته‌ و په‌رداخ به‌سواری ئه‌سپێكی ڕه‌سه‌نه‌وه‌ به‌لایاندا تێپه‌ڕی دایكی له‌ خوا پاڕایه‌وه‌ كه‌كوڕه‌كه‌ی وه‌ك ئه‌م پیاوه‌ ده‌ربچێت . مناڵه‌كه‌ ده‌می له‌ شیر مژینه‌كه‌ كرده‌وه‌ و ووتی خوایه‌ وه‌ك ئه‌مه‌م لێ مه‌كه‌. ئیتر ده‌ستی كرد به‌شیر خواردن پێغه‌مبه‌ر (دروودو سه‌لامی خوای له‌سه‌ر بێت) وای ده‌گێڕێته‌وه‌ وه‌ك ئه‌وكاته‌ ڕووی دابێت ، په‌نچه‌ی پیرۆزی ده‌مژی وه‌ك مناڵه‌كه‌ . پاشان فه‌رمووی دایكه‌و مناڵه‌كه‌ به‌لای ئافره‌تێك دا تێپه‌ڕین كه‌خه‌ڵكێكی زۆری لێ كۆببوونه‌وه‌ لێیان ئه‌داو ئه‌یان ووت كاری خراپه‌ت كردووه‌ , دزیت كردووه‌ , ئه‌ویش ده‌ی ووت خوا ئاگاداره‌ من هیچ كارێكم له‌وانه‌ نه‌كردووه‌ ئاگام لێ نییه‌. دایكه‌كه‌ له‌ خوا پاڕایه‌وه‌ ووتی خوایه‌ مناڵه‌كه‌م توشی كاره‌ساتی وه‌ها نه‌كه‌یت جارێكی تر مناڵه‌كه‌ هاته‌ قسه‌و ووتی خوایه‌ پێم خۆشه‌ منیش وه‌ك ئه‌م ئافره‌ته‌م لێ بێت.

ژنه‌ به‌سه‌ر سوڕمانێكه‌وه‌ ڕووی كرده‌ منداڵه‌كه‌ و پێی ووت زۆر سه‌یره‌ كاتێك كه‌ پاڕامه‌وه‌ وه‌ك پیاوێكی پۆشته‌و په‌رداخ ده‌ربچیت كه‌چی تۆ پاڕایته‌وه‌ كه‌وات لێ نه‌كات كاتێكیش پاڕامه‌وه‌ وه‌ك ئه‌و ژنه‌ خراپه‌ت لێ نه‌یه‌ت تۆ پاڕایته‌وه‌ وه‌ك ئه‌وت لێ بكات ؟!

مناڵه‌كه‌ هاته‌وه‌ قسه‌ و ووتی ئه‌و پیاوه‌ پیاوێكی زاڵم و له‌ خوا نه‌ترس بوو حه‌زم كرد وه‌ك ئه‌وم لێ نه‌كات ، ئه‌و ژنه‌ش ئافره‌تێكی داوێن پاك و ده‌ست پاك بوو ئه‌وان بوختانیان پێ ده‌كرد منیش حه‌زم كرد وه‌ك ئه‌وم لێ بێت.

(حدیث صحیح متفق علیه)


-------------------------------------------------------


چیرۆكی هه‌شته‌م: مردن سه‌ر ئه‌نجامی هه‌مووانه‌ 


ئه‌بو هوره‌یره‌ (خوای لێ ڕازبێت) ده‌فه‌رمووێت پێغه‌مبه‌ری خوا (دروودو سه‌لامی خوای له‌سه‌ر بێت) بۆی گێڕاینه‌وه‌ و فه‌رمووی جارێكیان فریشته‌ی مردن چوو بۆ لای مووسا پێغه‌مبه‌ر(سه‌لامی خوای لێبێت) و پێی ووت كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ بچێته‌وه‌ بۆلای خوای خۆت و شه‌رابی مردن بچێژی ئه‌ویش زلله‌یه‌كی لێ داو چاوێكی ده‌رپه‌ڕاند ، فریشته‌كه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ خزمه‌ت خواو عه‌رزی كرد , تۆ فه‌رمانت پێ كردم كه‌ بچمه‌ لای به‌نده‌یه‌كت كه‌حه‌ز له‌ مردن ناكات و چاوێكی ده‌رپه‌ڕاندووم . به‌ئه‌مری خوا چاوه‌كه‌ی وه‌ك خۆی لێ هاته‌وه‌ ئینجا پێی فه‌رموو بچۆره‌وه‌ بۆلای و پێی بڵێ ئه‌گه‌ر حه‌ز له‌ ژیان ده‌كات باده‌ستی بخاته‌ سه‌رپشتی گایه‌ك چه‌ند موو كه‌وته‌ ژێر ده‌ستی ، ئه‌وا به‌قه‌ده‌ر ئه‌و مووانه‌ ته‌مه‌نی درێژ ده‌بێت . كاتێك فریشته‌كه‌ ئه‌وه‌ی به‌ مووسا ڕاگه‌یاند ، مووسا لێی پرسی ئه‌ی دووای ئه‌و سالاَنه‌ چی ده‌بێت ؟ ئه‌ویش پێی ووت ئه‌بێت بمریت مووساش ووتی جا كه‌وا بێت ئێستا گیانم بكێشه‌ , خوایه‌ به‌رد هاوێژێك له‌ ئه‌رزی پیرۆزه‌و (الارض المقدسه‌) له‌وێ بم مرێنه‌ .


پێغه‌مبه‌ری خوا (دروودو سه‌لامی خوای له‌سه‌ر بێت) فه‌رمووی سوێند به‌خوای گه‌وره‌ ئه‌گه‌ر له‌وێ بوومایه‌ گۆڕه‌كه‌یم نیشان ئه‌دان كه‌ له‌ ته‌نیشت ڕێگایه‌كه‌وه‌یه‌ به‌لای ته‌پۆڵكه‌ سووره‌كه‌وه‌.

(حدیث صحیح متفق علیه)


-------------------------------------------------------


چیرۆكی نۆیه‌م: به‌نی ئیسرائیلی و حه‌زره‌تی مووسا


ئه‌بو هوره‌یره‌ (خوای لێ ڕازبێت) ده‌فه‌رمووێت پێغه‌مبه‌ری خوا (دروودو سه‌لامی خوای له‌سه‌ر بێت) بۆی گێڕاینه‌وه‌ و فه‌رمووی عاده‌تی به‌نی ئیسرائیلی یه‌كان وابوو كاتی خۆشتن خۆیان ڕووت ده‌كرده‌وه‌و به‌كۆمه‌ڵ و به‌یه‌كه‌وه‌ خۆیان ده‌شوشت وه‌ سه‌یری عه‌وره‌تی یه‌كتریان ده‌كرد . به‌لاَم حه‌زره‌تی مووسا وه‌ك ئه‌وانی نه‌ده‌كرد به‌ته‌نها خۆی ده‌شوشت . خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌یان ووت دیاره‌ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ وا ده‌كات چونكه‌ عه‌یبداره‌و نایه‌وێت كه‌س بیبینێ . جارێكیان (مووسا) چووه‌ په‌نایه‌كه‌وه‌ خۆی بشوات ، جله‌كانی له‌سه‌ر به‌ردێكدا دانا، به‌رده‌كه‌ جله‌كانی فڕاند و ڕای كرد مووساش به‌ ڕووتی هاته‌ ده‌ره‌وه‌ و شوین به‌رده‌كه‌ كه‌وت هاواری ده‌كرد جله‌كانم! جله‌كانم! خه‌ڵكه‌كه‌ هه‌مووان مووسایان به‌ڕووتی بینی و ووتیان به‌خوا مووسا هیچ عه‌یبێكی نییه‌ ئیتر به‌رده‌كه‌ وه‌ستاو مووساش جله‌كانی له‌به‌ر كرده‌وه‌ . ئه‌بو هوڕه‌یره‌ ده‌ڵًێت: به‌خوا شوێن ده‌ستی مووسا به‌سه‌ر به‌رده‌كه‌وه‌ ماوه‌ له‌ شه‌ش حه‌وت شوێنه‌وه‌ و ئه‌م ئایه‌ته‌ش باس له‌وه‌ ده‌كات (یاایها الذین امنوا لاتكونوا كاالذین ءاذوا موسى فبراه‌ الله مما قالوا وكان عندالله وجیها)(الاحزاب:96).

(حدیث صحیح متفق علیه)


-------------------------------------------------------


چیرۆكی ده‌یه‌م: مرۆڤ په‌یمان شكێنه‌)


ئه‌بو هوره‌یره‌ (خوای لێ ڕازبێت) ده‌فه‌رمووێت پێغه‌مبه‌ری خوا (دروودو سه‌لامی خوای له‌سه‌ر بێت) بۆی گێڕاینه‌وه‌ و فه‌رمووی كاتێك خوای گه‌وره‌ ئاده‌می دروست كرد ده‌ستی قودره‌تی به‌پشتیا هێنا ، چی مرۆڤ له‌ پشتی ئه‌و ده‌بنه‌وه‌ تا ڕۆژی قیامه‌ت ، هاتنه‌ به‌ر چاوی هه‌ر یه‌كه‌یان شه‌وق وڕوناكی ، له‌ناو چاوانیاندا دیار بوو. عه‌رزی خوای كرد ئه‌وانه‌ كێن ؟ فه‌رمووی ئه‌وانه‌ نه‌وه‌ی تۆن . ئاده‌م سه‌یری ده‌كردن له‌ناویاندا شه‌وق و ڕوناكی ناو چاوانی یه‌كێكیان سه‌رنجی ڕاكێشاو ووتی خوایه‌ ئه‌وه‌ كێ یه‌ ؟ فه‌رمووی ئه‌وه‌ پیاوێكه‌ له‌ نه‌وه‌ی تۆیه‌ ناوی (داود)ه‌. عه‌رزی كرد خوایه‌ ئه‌وه‌ ته‌مه‌نی چه‌نده‌ ؟ فه‌رمووی ته‌نها شه‌ست ساڵ ده‌ژی . فه‌رمووی خوایه‌ چل ساڵ له‌ته‌مه‌نی من هه‌ڵبگره‌ و بیخه‌ره‌ سه‌ر ته‌مه‌نی ئه‌و. كه‌ ته‌مه‌نی ئاده‌م ته‌واو بوو ، فریشته‌ی مه‌رگ هاته‌ لای و وویستی گیانی بكێشێت ، ئه‌ویش پێی ووت ئێستا چل ساڵ ته‌مه‌نم ماوه‌. فریشته‌كه‌ش پێی ووت ئه‌ی تۆ ئه‌و چل ساڵه‌ت نه‌دا به‌ (داود) ی كوڕت ؟ به‌لاَم ئاده‌م ئینكاری كرد ئیتر ئه‌وه‌ی ئێستاش نه‌وه‌كانی وا ده‌كه‌ن . 

 هه‌روه‌ها وه‌عده‌كه‌ی له‌بیرچۆوه‌ ئێستاش نه‌وه‌كانی شتیان زوو له‌بیر ده‌چێته‌وه‌ (ئاده‌م) هه‌ڵه‌ی كرد ئێستاش نه‌وه‌كانی هه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن.

(حدیث صحیح رواه الترمذى وابن سعد فی الطبقان والحاكم والذهبی)

          

صفحات سایت

پیچک