ماڵپه‌ری ئیسلام كورد
Rss
Logo
ADS
زاراوه‌كانی قیرائات

مه‌تنی تحفة الأطفال

ته‌فسیری قورئانی پیرۆز

شێوازی نوێژی پێغه‌مبه‌ر

ئامۆژگاری بۆ موسڵمانان

كاتی بانگه‌كان&بانكبێژان

24 كاتژمێر راسته‌وخۆ

ئاماری ماڵپه‌ر
میوانانی سه‌رهێل

ژماره‌ى سه‌ردانه‌كان

ڕاپرسی ماڵپه‌ر
ئایا تا ئێستا سوودت له‌ ماڵپه‌ری ئیسلام كورد بینیوه‌؟؟؟

ماڵپه‌ره‌ كۆنه‌كه‌مان
عه‌لمانیه‌ت بناسه‌
گێژاوی مه‌دخه‌لیزم
مێژووی انصار الاسلام
فیرعه‌ونی زه‌مان و قه‌یرانی...

 

 

 

ئه‌م بابه‌ته‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌
له‌ به‌شی : پێغه‌مبه‌ری خوا,

 

٢٧- چه‌ند تێڕامانێك له‌ واقعی مه‌دینه‌ پێش كۆچ

ئاماده‌كراوه‌ له‌لایه‌ن: ده‌نگی ئیسلام

پاش ئه‌وه‌ی قوره‌یش به‌ هه‌موو هێزێكییه‌وه‌ موسڵمانه‌كانی له‌ مه‌ككه‌ ده‌چه‌وسانده‌وه‌، ئیتر كۆچ ببووه‌ كارێكی پێویست و هه‌ر ده‌بوو مه‌ككه‌یان به‌جێ بهێشتایه.‌ شاری مه‌دینه‌ بووه‌ جێگه‌ی هه‌ڵبژارده‌ی داهاتوو بۆ پێگه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی، تا ببێته‌ بنكه‌یه‌كی به‌هێز و له‌وێوه‌ كاروانی بانگه‌واز به‌ره‌و ئه‌ملاولای جه‌زیره‌ی عه‌ره‌بی په‌ل بهاوێژێت. 

بۆ زانینی ئه‌و هۆكارانه‌ی بوونه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی‌ كه‌ مه‌دینه‌ ببێته‌ پێگه ‌و شوێنێكی گونجاو و له‌بار بۆ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی داهاتوو، گرنگه‌ كه‌ چه‌ند ئاماژه‌یه‌كی خێرا به‌ پێگه ‌و شوێنی ئه‌و شاره‌ بكه‌ین و واقعی مه‌دینه ‌و ڕیشه‌ی مێژووییی پێش كۆچ بخه‌ینه‌ به‌ر باس: ئه‌و بیرباوه‌ڕانه‌ی له‌و كاته‌دا هه‌بوون، سروشتی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ی فه‌رمانڕه‌وا بوون به‌سه‌ر تیره ‌و هۆزه‌كانی ئه‌و كاته‌دا. 

واقعی مێژوویی و كۆمه‌ڵایه‌تی 

به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌دینه‌ ده‌كرا به‌ سێ به‌شه‌وه‌: ئه‌وس، خه‌زره‌ج، جووله‌كه. ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌و ده‌شته‌كیانه‌‌ی هاتبوونه‌ ناو مه‌دینه‌ و‌ به‌ مه‌به‌ستی بازرگانی یان كۆمه‌ڵایه‌تی نیشته‌جێ ببوون. 

جووله‌كه‌ له‌ پێش هه‌موو ئه‌وانه‌دا بوون كه‌ هاتبوونه‌ مه‌دینه ‌و تێیدا نیشته‌جێ ببوون، مێژوویان له‌ نیوه‌دوورگه‌ی عه‌ره‌بیدا پاش چه‌وسانه‌وه‌ی ڕۆمان بۆیان و ده‌ركردنیان له‌ شوێنی خۆیان ده‌ستپێ ده‌كات. به‌رده‌وام له‌ شوێنێكی گونجاو ده‌گه‌ڕان تا له‌ (یثرب) گیرسانه‌وه ‌و تێیدا نیشته‌جێ بوون. ئیتر له‌وێدا توانییان له‌ بواری كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و بیریدا خۆیان دامه‌زرێنن و پێگه‌ی خۆیان بكه‌نه‌وه‌. 

كۆمه‌ڵگه‌ی جووله‌كه‌ش له‌ سێ تیره‌ پێك هاتبوون: نه‌وه‌ی قه‌ینوقاع، ئه‌مانه پاش جیاوازییه‌ك كه‌ كه‌وته‌ نێوان ئه‌مان و جووله‌كه‌كانی تر ‌ له‌ناو مه‌دینه‌دا نیشته‌جێ بوون، نه‌وه‌ی نه‌زیر كه‌ له‌ شیوێكی ده‌ره‌وه‌ی مه‌دینه‌دا نیشته‌جێ بوون، نه‌وه‌ی قوره‌یزه‌ كه‌ له‌ دووری چه‌ند میلێك له‌ خوارووی مه‌دینه‌ نیشته‌جێ ببوون. 

قورئانی پیرۆز ئاماژه‌ به‌ دوژمنایه‌تی و ڕكه‌به‌رایه‌تی نێوان ئه‌م تیره‌ جووله‌كانه‌ ده‌كات، كه‌ هه‌ر به‌ هۆی ئه‌م ڕكه‌به‌رایه‌تییه‌ی نێوانیان بووه‌ نه‌یانتوانیوه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ بژین و بۆته‌ هۆی په‌رتبوونیان به‌ چوارده‌وری مه‌دینه‌دا و هه‌ریه‌كه‌یان دۆستایه‌تی و هاوپه‌یمانێتییان له‌گه‌ڵ دراوسێ عه‌ره‌به‌كانیان كردووه‌ بۆ به‌رگری و یارمه‌تیدان. 

ئه‌وه‌نده‌‌ش كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئه‌وس و خه‌زره‌جه‌وه‌ هه‌یه‌، ڕیشه‌ی ئه‌مانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ تیره‌كانی (الأزد) له‌ دوای ڕووخانی پردی (مئرب) له‌ یه‌مه‌ن به‌ره‌و نیوه‌دوورگه‌ی عه‌ره‌بی كه‌وتوونه‌ ڕێ و له‌ مه‌دینه‌ نیشته‌جێ بوون. ئه‌وس ڕۆژهه‌ڵات و خوارووی مه‌دینه‌یان هه‌ڵبژارد و خه‌زره‌جیش له‌ ناوه‌ڕاستی شاره‌كه‌دا مانه‌وه‌. 

له‌نێوان نه‌وه‌ی هاشم و نه‌وه‌ی عه‌دی كوڕی نه‌جار –له‌ خه‌زره‌جییه‌كان- په‌یوه‌ندی خزمایه‌تی دروست بوو؛ هاشم یه‌كێك له‌ كچانی ئه‌وانی هێنا و (عبدالمطلب)ی لێ بوو. به‌مه‌ش نه‌وه‌ی عه‌دی ده‌بنه‌ خاڵوانی پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم). ئه‌م خزمایه‌تییه‌ش جۆرێك له‌خۆشه‌ویستی و نزیكی له‌نێوان خه‌ڵكی مه‌دینه ‌و پێغه‌مبه‌ردا (صلی الله علیه وسلم) دروست كرد. 

مێژووی هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌وس و خه‌زره‌ج پڕێتی له‌ شه‌ڕ و پێكدادان و ماوه‌یه‌كی زۆر به‌و حاڵه‌وه‌ مانه‌وه‌ تا پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) هات و ڕیشه‌كێشی كرد. هه‌ر تۆزێك هێور نه‌ده‌بۆوه‌ یه‌كسه‌ر دووباره‌ پێكدا هه‌ڵده‌پژانه‌وه ‌و شه‌ڕی نێوانیان ده‌ستی پێ ده‌كرده‌وه. جووله‌كه‌ش لێره‌دا ڕۆڵی دیاریان هه‌بوو له‌ خۆشكردنی ئاگری نێوان ئه‌و دوو تیره‌یه، ئه‌ویش له‌پێناوی زه‌مانه‌تی باڵاداستبوونیان به‌سه‌ر كاروباری مه‌دینه‌دا. 

كۆتایین شه‌ڕ و كوشتاری نێوان ئه‌وس و خه‌زره‌ج ڕۆژی (بعاث) بوو، كه‌ ئه‌وس به‌سه‌ر خه‌زره‌جدا سه‌ركه‌وتن و زۆرێك له‌ سه‌رانی هه‌ردوو هۆزه‌كه‌ كوژران. ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر ملهوڕی و خۆبه‌گه‌وره‌زانین و ملنه‌دان گه‌وره‌ ببوون، پاش ئه‌م شه‌ڕه،‌ كۆمه‌ڵه‌ سه‌ركرده‌ی گه‌نج و لاو له‌ هه‌ردوولا مانه‌وه‌ كه‌ ئاماده‌ییی دانووسان و ئاشته‌وایییان تێدا بوو له‌پێناو وه‌رگرتنی ڕاستی و وازهێنان له‌ خوێنڕشتنی نێوانیان. جا لێره‌وه‌ ڕۆژی (بعاث) ڕێخۆشكه‌ر بوو بۆ هاتنی پێغه‌مبه‌ر و وه‌رگرتنی ئایینی نوێ. 

واقعی ئایینی 
له‌وه‌ی باسمان كرد ڕوون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ مه‌دینه‌ له‌ سه‌رێكه‌وه‌ بتپه‌رستی زاڵ بوو به‌سه‌ریدا و له‌ سه‌رێكی دیكه‌شه‌وه‌ جووله‌كایه‌تی، هه‌رچه‌ند دیارده‌ی بتپه‌رستی زاڵ و به‌رچاوتر بوو له‌ هه‌ر شتێكی دیكه له‌ كۆمه‌ڵگادا. ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سروشتی ڕه‌گه‌زپه‌رستێتی جووله‌كه‌، كه‌ هیچكه‌س هه‌ڵنانێت تاكه‌و بچێته‌ ناو ئایینه‌كه‌یه‌وه‌ جگه‌ له‌ خۆی نه‌بێت و به‌ چاوێكی زۆر سووك و بێئه‌رزشه‌وه‌ ئه‌ڕوانێته‌ گه‌لانی تر. خۆیان وا داده‌نێن كه‌ گه‌لێكی هه‌ڵبژارده‌ن و خوا له‌ناو هه‌موو گه‌لانی دنیادا هه‌ڵیبژاردوون و وه‌كوو خه‌ڵكی نین. 
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جووله‌كه په‌یوه‌ندییان‌ به‌ كتێبه‌ ئاسمانییه‌كانه‌وه‌ هه‌بوو، قوتابخانه‌ی خۆیان هه‌بوو تاكوو هه‌واڵ و ته‌عالیم و فه‌رمانی ئایینه‌كه‌یان لێ وه‌ربگرن، هه‌رچه‌نده‌ زۆرێك له‌ ته‌عالیمی ئایینه‌كه‌یان به‌هۆی شێواندن و لادانی له‌ شوێنی خۆی له‌ ڕێی شاره‌زا و ئه‌حباره‌كانیانه‌وه‌ گۆڕابوو وله‌ شوێنی خۆی نه‌مابوو. 

له‌و كارانه‌ی كه‌ تا ئه‌و كاته‌ش له‌ ئایینه‌كه‌یاندا هه‌ر مابوو، مژده‌دان بوو به‌ هاتنی پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) به‌وه‌ی كه‌ له‌ كۆتایی دنیادا دێت. باسكردنی سیفه‌ت و حاڵ و ئه‌حواڵی، قورئانی پیرۆز ئاماژه‌ بۆ ئه‌مه‌ ده‌كات و ده‌فه‌رموێ: الذین یتبعون الرسول النبی الأمی الذی یجدونه مكتوبا عندهم فی التوراة والإنجیل یأمرهم بالمعروف وینهاهم عن المنكر ویحل لهم الطیبات ویحرم علیهم الخبائث ویضع عنهم إصرهم والأغلال التی كانت علیهم (الأعراف: ١٥٧) {ئه‌وانه‌ی كه‌ شوێن ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌ هه‌واڵده‌ر و نه‌خوێنده‌واره‌ -موحه‌ممه‌د‌ (صلی الله علیه وسلم)-ده‌كه‌ون ئه‌وه‌ی كه‌ (گاور و جوو، ناونیشانیان) ده‌ستیان ده‌كه‌وێت نووسراوه‌ لای ئه‌وان له‌ ته‌ورات و ئینجیلدا، فه‌رمانیان پێ ده‌دات به‌ چاكه ‌و قه‌ده‌غه‌ی گوناهـ و خراپه‌یان لێ ده‌كات و هه‌رچییه‌ك پاك و چاكه‌ بۆیان حه‌ڵاڵ ده‌كات و هه‌رچی پیس و باپوخته‌ لێیان حه‌رام ده‌كات و ئه‌ركه‌ قورس و سه‌نگینه‌كان له‌سه‌ریشیان لا ده‌بات، ئه‌و كۆت و زنجیرانه‌ش كه‌ له‌سه‌ریان بوو، لای ده‌بات (وه‌ك خۆكوشتن له‌ كاتی ته‌وبه‌دا) وهتد...} جا جووله‌كه‌ هه‌ڕه‌شه‌یان له‌ عه‌ره‌به‌كان ده‌كرد و ده‌یانترساندن كه‌ هاتنی ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌ زۆری نه‌ماوه ‌و پاشان ئێمه‌ شوێنی ده‌كه‌وین و له‌ناوتان ده‌به‌ین ئه‌گه‌ر بێگوێییمان بكه‌ن و ئه‌یانوت: "تقارب زمان نبی یبعث، الآن نتبعه فنقتلكم معه قتل عاد وإرم." (كاتی هاتنی پێغه‌مبه‌رێك نزیك بۆته‌وه‌، ئه‌وكاته‌ ئێمه‌ شوێنی ده‌كه‌وین و وه‌ك عاد و ئیره‌م له‌ناوتان ده‌به‌ین و ناتانهێڵین.) ئیتر باسی پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) بڵاو بووبۆوه ‌و هه‌مووكه‌س ده‌یزانی كه‌ پێغه‌مبه‌رێك له‌ڕێی ئه‌وه‌دایه‌ بێت. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش بوو كاتێ پشتیوانان چوونه‌ لای پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) له‌ مه‌ككه‌ و وتی من پێغه‌مبه‌ری خوام، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك دوودڵ نه‌بوون له‌ وه‌رگرتنی بانگه‌وازه‌كه‌ی و یه‌كسه‌ر باوه‌ڕیان پێی كرد. له‌وێدا هه‌ندێكیان به‌ یه‌كتریان وت: "تعلمون والله إنه للنبی الذی توعّدكم به یهود، فلا یسبقنكم إلیه." (ئه‌زانن، سوێند به‌ خوا ئه‌مه‌ ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌یه‌ كه‌ جووله‌كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی پێ له‌ ئێوه‌ ده‌كرد، ده‌ی با پێشمان نه‌كه‌ون -ئێمه‌ له‌ پێش ئه‌واندا باوه‌ڕی پێ بێنین.-) 

سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخی ئایینیی عه‌ره‌به‌كانیش له‌وكاته‌دا له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی بتپه‌رستیی ئه‌وكاته‌دا بوو. دیارده‌كانی شیرك و هاوه‌ڵگیری به‌ته‌واوی تێیاندا بڵاو بوو و هه‌موو لایه‌كی ژیانیانی داگرتبوو. 

عه‌ره‌به‌كانی مه‌دینه‌ش بتی تایبه‌ت به‌ خۆیان هه‌بوو -له‌ به‌ناوبانگترینیان بتی (منا‌ة) بوو-. ئیتر قوربانی و سه‌ربڕینیان بۆ ده‌كرد و به‌ ده‌وریان ده‌هاتن و ده‌چوون و زۆرێكی دیكه‌ش له‌و دیارده‌ شیركی و ناشه‌رعییانه‌. 

واقعی جوگرافی 
شاری مه‌دینه‌ به‌ شوێنێكی ستراتیژی و گرنگ له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت. كه‌وتۆته‌ نێوان ڕێگه‌ی بازرگانی كاروانی شام، ئه‌مه‌ش هه‌لی بۆ ئه‌ڕه‌خساندن كه‌ ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت ڕێ له‌و كاروانانه‌ بگرن و مه‌رجی خۆیان زاڵ بكه‌ن به‌سه‌ریاندا. ئه‌وه‌بوو موسڵمانه‌كانیش له‌ پاشاندا توانیان سوود له‌مه‌ ببینن و مه‌ترسی بخه‌نه‌ ڕێگه‌ی كاروانی قوره‌یشه‌وه‌. 

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ چه‌ند به‌ربه‌ستێكی سروشتی ئه‌ملاولای مه‌دینه‌یان داوه‌ كه‌ ده‌یپارێزن له‌ هه‌ر ده‌ستدرێژی و هێرشێك بكرێته‌ سه‌ری، له‌و ڕووه‌وه‌ نه‌بێت –ڕووی سه‌رووی- كه‌ پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) چاڵه‌كه‌ی لێ دا له‌دواییدا، هیچ ڕوویه‌كی دیكه‌ی به‌ره‌ڵڵا نییه. ئه‌م سیفه‌تانه‌ش له‌ شاره‌كانی دیكه‌دا نه‌بوون. 

واقعی ئابووری 
چالاكی كشوكاڵی له‌ پێشه‌وه‌ی ئه‌و چالاكییانه‌ بوو‌ كه‌ خه‌ڵكی ئه‌م شاره‌ پێی به‌ناوبانگ بوون. ئه‌ویش له‌به‌ر به‌پیتی و شێداری زه‌وییه‌كه‌ی، زۆریی شیو و دۆڵه‌كانی، بوونی ئاوێكی زۆر له‌ناو زه‌وییه‌كه‌یدا. 

له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا چالاكی پیشه‌سازی تێدا بووه‌ كه‌ جووله‌كه‌ خه‌ریكی بوون، ئه‌وه‌ش وه‌ك: پیشه‌سازیی جه‌نگیی جۆراوجۆر، كاری دارتاشی، داڕشتن و زه‌ڕنگه‌ریی خشڵ و زێڕ. 

سه‌ره‌ڕای زۆری ژماره‌ی عه‌ره‌ب له‌ مه‌دینه‌دا، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی ئابووری به‌ ده‌ستی جووله‌كه‌وه‌ بوو. پێویستیی عه‌ره‌به‌كانیان بۆ كڕینی ئامێری كشتوكاڵی و هه‌روه‌ها دابینكردنی پێویستیی جه‌نگی و مه‌سره‌فی شه‌ڕی نێوان ئه‌وس و خه‌زره‌ج قۆستبۆوه‌ بۆ مه‌به‌ستی خۆیان. جووله‌كه‌ پاره‌یان ده‌دانێ به‌ سوو، پاشان له‌ فائیده‌كه‌یدا چه‌نده‌ها پله‌ له‌سه‌ریان گران ئه‌كردنه‌وه. ‌له‌مه‌شدا كه‌مده‌رامه‌تی و نه‌بوونی كه‌ره‌سته‌ی پێویستی عه‌ره‌به‌كانیان به‌ هه‌ل ده‌گرت و ده‌یانقۆسته‌وه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان، تا زۆرێك له‌ عه‌ره‌به‌كان ببوونه‌ كۆیله‌ی ئه‌و قه‌رز و پاره‌ زۆره‌ی جووله‌كه‌ كه‌ له‌ ئه‌نجامی سووه‌وه‌ (ربا)‌ كه‌وتبووه‌ سه‌ریان؛ ببوونه‌ گیرۆده‌ی ده‌ستی خوێنمژان و بازرگانانی شه‌ڕی جووله‌كه‌. 

له‌به‌رده‌م ئه‌م زاڵبوونه‌ پته‌وه‌ی جووله‌كه‌ به‌سه‌ر ژیانی ئابووری مه‌دینه‌دا، عه‌ره‌به‌كان ده‌یانویست له‌م كێشه‌ خنكێنه‌ره‌ ده‌ربازیان ببێت، كه‌ جووله‌كه‌ خستوونییه‌ته‌ ناوی. ئیتر به‌رده‌وام له‌دووی ده‌رچه‌یه‌كدا ده‌گه‌ڕان له‌م بارودۆخه‌ قورسه‌ ڕزگاریان بكات، تا مه‌به‌ستیان له‌ مه‌ككه‌ی پیرۆزدا دۆزییه‌وه‌ و به‌ به‌رنامه‌ی خوایی ئاشنا بوون، كه‌ هه‌موو مرۆڤه‌كان به‌هێمنی و ئاسایشه‌وه‌ له‌ژێریدا حه‌وانه‌وه‌.
          

صفحات سایت

پیچک

شبکه اجتماعی فارسی کلوب | Buy Mobile Traffic | سایت سوالات