تبلیغات
ماڵپه‌ری ئیسلام كورد
Rss
Logo
ADS
زاراوه‌كانی قیرائات

مه‌تنی تحفة الأطفال

ته‌فسیری قورئانی پیرۆز

شێوازی نوێژی پێغه‌مبه‌ر

ئامۆژگاری بۆ موسڵمانان

كاتی بانگه‌كان&بانكبێژان

24 كاتژمێر راسته‌وخۆ

ئاماری ماڵپه‌ر
میوانانی سه‌رهێل

ژماره‌ى سه‌ردانه‌كان

ڕاپرسی ماڵپه‌ر
ئایا تا ئێستا سوودت له‌ ماڵپه‌ری ئیسلام كورد بینیوه‌؟؟؟

ماڵپه‌ره‌ كۆنه‌كه‌مان
عه‌لمانیه‌ت بناسه‌
گێژاوی مه‌دخه‌لیزم
مێژووی انصار الاسلام
فیرعه‌ونی زه‌مان و قه‌یرانی...

 

 

 

ئه‌م بابه‌ته‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌
له‌ به‌شی : ئادابی ئیسلامی,

 

ئاداب و دروست و نادروستی سەردانی گۆڕستان

ئاماده‌كردنی: م،مالك ره‌فعت

بسم الله الرحمن الرحیم

الحمد لله رب العالمین والصلاة والسلام على نبینا محمد وعلى آله وصحبه أجمعین،وبعد:


ده‌بێت بزانرێت بۆ چى سه‌ردانى گۆڕستان ده‌كرێت؟

له‌ ڕاستیدا سه‌ردانى گۆڕستان سودێكى زۆرى هه‌یه‌ بۆ كه‌سێك باوه‌ڕى به‌ ڕۆژى دوایى هه‌بێت، مه‌به‌ست له‌ سه‌ردانى گۆڕستان ئه‌وه‌یه‌ كه‌وا مرۆڤـ به‌گشتى و موسڵمان به‌ تایبه‌تى یادى ئه‌وه‌ بكاته‌وه‌ كه‌وا له‌پاش مردن زیندوو بونه‌وه‌ و لێپرسینه‌وه‌ و پاداشت وسزا هه‌یه‌ له‌سه‌ر كردارى چاك و خراپ ، وه‌ بیربكاته‌وه‌ ئه‌و مردووانه‌ى كه‌وا تۆ ئێستا سه‌ردانى گۆڕه‌كانیان ده‌كه‌یت وه‌كو تۆ زیندوو بوون له‌ دونیادا به‌ڵام ژیانیان كۆتایى هات و جارێكى تر ناگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ژیانى ئه‌م دونیایه‌، 

وه‌ په‌شیمان بوونه‌وه‌یش دادى هیچ كه‌سێك نادات، وه‌ كاتێك بیر له‌م باسانه‌ ده‌كه‌یته‌وه‌ ده‌بێت به‌هانده‌رێك بۆت بۆ ئه‌وه‌ى زیاتر سوور بیت له‌سه‌ر كردارى چاك و خۆت به‌ دوور بگرى له‌ كردارى خراپ، ئه‌مه‌ مه‌به‌سته‌ له‌ سه‌ردانى گۆڕستان، بۆ په‌ند و (عیبره‌ت) وه‌رگرتن وه‌ك پێغه‌مبه‌رى خوا (صلی اللە علیە وسلم) فه‌رموویه‌تى:( إنـی نهیتكم عن زیارة القبور فزوروها ، فإنَّ فیها عبرة ، ولا تقولوا ما یُسخط الرب)(صحیح الجامع الصغیر) رقم : (6789). واته‌: من له‌ سه‌ره‌تادا قه‌ده‌غه‌م كردبوو كه‌وا سه‌ردانى گۆڕستان بكه‌ن، به‌ڵام سه‌ردانى بكه‌ن، چونكه‌ به‌ڕاستى په‌ندو ئامۆژگارى زۆرى تێدایه‌، وه‌ ووته‌یه‌ك نه‌ڵێـن كه‌وا په‌روه‌ردگارى پـێ توڕه‌ بێت.



وه‌ هه‌روه‌ها له‌ فه‌رمووده‌یه‌كى تردا پێغه‌مبه‌رى خوا(صلی اللە علیە وسلم)  فه‌رموویه‌تى:( كنت نهیتكم عن زیارة القبور ، ألا فزوروها فإنَّها ترق القلب، وتدمع العین و تذكر الآخرة، ولا تقولوا هجرا)(صحیح الجامع الصغیر) رقم : (4584). واته‌: من له‌سه‌ره‌تادا قه‌ده‌غه‌م كردبوو كه‌وا سه‌ردانى گۆڕستان بكه‌ن، به‌ڵام سه‌ردانى گۆڕستان بكه‌ن، چونكه‌ به‌ڕاستى دڵتان نه‌رم ده‌كات، و فرمێسك له‌ چاوتان ده‌رده‌هێنێ، و پاشه‌ ڕۆژتان بیرده‌خاته‌وه‌، وه‌ كاتێك كه‌ سه‌ردانى گۆڕستان ده‌كه‌ن ووته‌ى خراپ و نابه‌جێ مه‌ڵـێـن.



ئیمامى (النووى) ( ڕه‌حمه‌تى خواى لـێ بێت) فه‌رموویه‌تى : ( له‌ فه‌رموده‌كه‌ى پێغه‌مبه‌ردا(صلی اللە علیە وسلم)   كه‌ فه‌رموویه‌تى : " لا تقولوا هجراً "  والـهجرُ : واته‌ قسه‌ى به‌تاڵ و ناته‌واو وناڕێك ، هه‌روه‌ها ده‌فه‌رمێت: بۆیه‌ له‌سه‌ره‌تاى ئیسلامه‌وه‌ سه‌ردانى گۆڕستان قه‌ده‌غه‌ كرابوو چونكه‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ى كه‌وا پێغه‌مبه‌ر(صلی اللە علیە وسلم)  له‌ گه‌ڵیاندا ده‌ژیا تازه‌ موسڵمان ببوون و تازه‌ له‌ كوفر ڕزگاریان ببوو، به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ى كه‌وا ئاینى ئیسلام به‌رپا بوو،و به‌جوانى ڕوون كرایه‌وه‌،پاشان ڕێگه‌درا به‌ سه‌ردانى گۆڕستان ، بۆ ئه‌و مه‌به‌ستانه‌ى كه‌ باسمان كرد)بڕوانه‌ كتێبى : (الـمجموع) : (5 /310)).



به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌ردانى گۆڕستان بۆ ئه‌م مه‌به‌ستانه‌ نه‌بوو به‌ڵكو بۆ مه‌به‌ستى خراپ و نابه‌جـێ بوو وه‌ك : پاڕانه‌وه‌ له‌ مردووه‌كان ، و ته‌واف كردن به‌ده‌ورى گۆڕه‌كان ، و ئاژه‌ڵ سه‌ربڕین له‌ سه‌ریان، و نه‌زر كردن بۆیان كه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌دا باوه‌ وده‌كرێن، ئه‌مانه‌ هه‌مووى حه‌رامه‌و به‌ڵكو هاوه‌ڵ بڕیاردان و شیركن (واته‌: هه‌ركه‌سێك هاوار بكاته‌ مردوو یان بپاڕێته‌وه‌ له‌ گۆڕِو مه‌رقه‌د و شه‌خص ونه‌زرگاودارو به‌رد ئه‌وا شیرك و هاوه‌ڵى بڕیاڕ داوه‌ بۆخواى تاك و ته‌نها له‌ په‌رستندا، با هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و مردووه‌یش یان خاوه‌ن گۆره‌كه‌یش پیاو چاك بوو بێت،چونكه‌ ئێمه‌ى موسڵمان فه‌رمانمان پـێكراوه‌ ته‌نها خوا بپه‌رستین و ته‌نها هاوار بكه‌ینه‌ خوا و ته‌نها له‌و بپاڕێینه‌وه‌ ئه‌مه‌ ماناى ئیسلامى ڕاسته‌قینه‌یه‌، نه‌ك وه‌ك ئه‌و كارانه‌ى كه‌وا ئه‌مڕۆ ده‌كرێن له‌ سه‌ر گۆڕستان و گۆڕى پیاو چاكان، به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێ كه‌س هه‌یه‌ كاتێ ئامۆژگارى ده‌كه‌یت و پێى ده‌ڵێت هاوار مه‌كه‌ره‌ مردوو و نه‌زر مه‌كه‌ بۆیان و مه‌پاڕێره‌وه‌ لێیان له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێت: من نایان په‌رستم، ئه‌م پیاو چاكانه‌ ڕێز و پایه‌یان به‌رزه‌ لاى خوا بۆیه‌ داوایان لـێ ده‌كه‌م و هانایان بۆدێنم !



به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ جوانى له‌ قورئانى پیرۆز و فه‌رمووده‌كانى پێغه‌مبه‌ر(صلی اللە علیە وسلم)   وورد ببینه‌وه‌ ده‌بینین ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌وا خواى گه‌وره‌ له‌ قورئاندا باسیان ده‌كات كه‌وا بـێ باوه‌ڕ بوون هه‌ر ئه‌م كارانه‌یان ده‌كرد كه‌وا هه‌ندێك له‌ خه‌ڵكانى ئه‌مڕۆ ده‌یكه‌ن، وه‌ك: پاڕانه‌وه‌ و هاوار كردن و نه‌زركردن بۆ گۆڕى مردووان و ته‌واف كردن و ئاژه‌ڵ سه‌ربڕین له‌ سه‌ر گۆڕه‌كانیان ئه‌م كارانه‌ هه‌مووى په‌رستنن (عیباده‌تن) نابـێ بۆ كه‌س ئه‌نجام بدرێت جگه‌ له‌ خواى باڵاده‌ست ، چونكه‌ هه‌ركه‌سێك عیباده‌ت بۆ دروست كراوێكى خوائه‌نجام بدات- جا ئه‌و دروست كراوه‌ مردوو بێت یان قه‌بر بێت یان دار بێت یان شه‌خص بێت- ئه‌وا ئه‌و كه‌سه‌ هاوه‌ڵ په‌یداكار و (مُشْڕك)ـه‌ چونكه‌ په‌رستنى (عیباده‌تى) بۆ غه‌یرى خواجێبه‌جێ كردووه‌،وه‌ ئه‌م كارانه‌یش وه‌ك زانیت عیباده‌تن و ئه‌نجام دانى بۆ هه‌ركه‌سـێك و هه‌ر شتێك بێت جگه‌له‌خواى گه‌وره‌ ئه‌وا هاوه‌ڵ بڕیار دانه‌ بۆ خواى تاك و ته‌نها.



وه‌ هه‌ر كه‌سێك هاوه‌ڵ بڕیار بدات بۆ خواى گه‌وره‌ ئه‌وا خواى گه‌وره‌ هه‌ڕه‌شه‌ى كردووه‌ كه‌وا به‌هه‌میشه‌ى و هه‌تا هه‌تایى له‌ دۆزه‌خدا ده‌یهـێڵـێته‌وه‌ و لێى خۆش نابێت وه‌ك له‌ قورئان دا فه‌رموویه‌تى :( إِنَّ اللّهَ لاَ یَغْفِرُ أَن یُشْرَكَ بِهِ وَیَغْفِرُ مَا دُونَ ذَلِكَ لِمَن یَشَاء وَمَن یُشْرِكْ بِاللّهِ فَقَدْ ضَلَّ ضَلاَلاً بَعِیدًا) [سورة النساء : 116]. واته‌: به‌دڵ نیایى خواى گه‌وره‌ نابورێ و خۆش نابـێ له‌ كه‌سێك كه‌وا هاوه‌ڵى بۆ بڕیار دابێت، وه‌ خۆش ده‌بێت له‌ هه‌موو تاوانێكى تر جگه‌ له‌ شیرك و هاوه‌ڵ بڕیاردان ئه‌ویش بۆ كه‌سێك كه‌وا خوا ویستى لـێ بێت،وه‌ هه‌ركه‌سێك هاوه‌ڵ بۆ خوا بڕیار بدات ئه‌وا زۆر زۆر گومڕا بووه‌ . وه‌ ئه‌وه ش بزانه‌ كه‌وا هاوه‌ڵ بڕیاردان بۆ خواى تاكو ته‌نها ده‌بێته‌ هۆى به‌تاڵ بوونه‌وه‌ وپوچه‌ڵ كردنه‌وه‌ى كاره‌ چاكه‌كانى مرۆڤـ وه‌ك خواى گه‌وره‌ ده‌فه‌رمێت:( لَئِنْ أَشْرَكْتَ لَیَحْبَطَنَّ عَمَلُكَ وَلَتَكُونَنَّ مِنَ الْخَاسِرِینَ( [سورة الزمر : 65] . واته‌: ئه‌گه‌ر هاوه‌ڵ بڕیار بده‌یت بۆ خواى تاك و ته‌نها ئه‌وا كرده‌وه‌كانت پوچه‌ڵ ده‌بێـته‌وه‌، وله‌ پاشه‌ ڕۆژیشدا ره‌نجه‌ڕۆ و زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بیت . وه‌باش بزانه‌ كه‌وا هاوار كردنه‌ گۆڕى پیاوچاكان و شه‌خص و دار وبه‌رد هیچ سودێكى نىیه‌ و وه‌ڵامت ناده‌نه‌وه‌ وه‌ك خواى گه‌وره‌ ده‌فه‌رمێت: ( وَلا تَدْعُ مِنْ دُونِ اللَّهِ مَا لا یَنْفَعُكَ وَلا یَضُرُّكَ فَإِنْ فَعَلْتَ فَإِنَّكَ إِذاً مِنَ الظَّالِمِین)[یونس : 106]. واته‌: داوا مه‌كه‌ و مه‌پاڕێره‌وه‌ جگه‌ له‌ خوا له‌ شتانێك كه‌وا سودت پـێ ناگه‌یه‌نێ و زیانیشت لـێ لانادات، وه‌ ئه‌گه‌ر وات كرد ئه‌وا تۆ له‌ موشریك و هاوه‌ڵ بڕیارده‌ران ده‌بیت، هه‌روه‌ها ده‌فه‌رمێت: ( وَمَنْ أَضَلُّ مِمَّنْ یَدْعُو مِنْ دُونِ اللَّهِ مَنْ لا یَسْتَجِیبُ لَهُ إِلَى یَوْمِ الْقِیَامَةِ وَهُمْ عَنْ دُعَائِهِمْ غَافِلُونَ وَإِذَا حُشِرَ النَّاسُ كَانُوا لَهُمْ أَعْدَاءً وَكَانُوا بِعِبَادَتِهِمْ كَافِرِینَ( [الأحقاف : 5 ـ 6]. واته‌: كێ هه‌یه‌ گومڕا تر بێت له‌و كه‌سه‌ى كه‌وا ده‌پاڕێته‌وه‌ و هاوار ده‌كات له‌ غه‌یرى خوا، هاوار ده‌كاته‌ كه‌سانێك كه‌وا گوێ یان له‌ هاوارى ئه‌و نى یه‌، وه‌ تا ڕۆژى دوایش وه‌ڵامى هاوار و پاڕانه‌وه‌كه‌ى ناده‌نه‌وه‌ و ئه‌وان بێ ئاگان له‌هاوار كردنى ئه‌م هاوه‌ڵ  بڕیارده‌رانه‌ ، وه‌ كاتێكیش خه‌ڵكى كۆده‌كرێـته‌وه‌ بۆ لێپرسینه‌وه‌ ئه‌وانه‌ى كه‌وا په‌رستراون ده‌بن به‌ دوژمنى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌وا له‌ دونیادا په‌رستوویانن . چونكه‌ پاڕانه‌وه‌ په‌رستنه‌ (عیباده‌ته‌) و خواى گه‌وره‌ به‌ په‌رستن باسى كردوه‌ و پێغه‌مبه‌رى خوایش(صلی اللە علیە وسلم)  فه‌رموویه‌تى : ( الدعاء هو العبادة )(صحیح سنن الترمذی) رقم : (2969) ، و(صحیح الجامع الصغیر) رقم : (3407).واته‌: پاڕانه‌وه‌ په‌رستنه‌ (عیباده‌ته‌). وه‌ هه‌ر كه‌سێك بڵـێت من نایان په‌رستم به‌ڵكو وه‌ك واسیته‌یه‌ك داواى لـێ ده‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ى له‌ خوا نزیكم بكه‌نه‌وه‌، ئه‌وا ئه‌م واسیته‌ دانانه‌ خۆى له‌ خۆیدا دروست نى یه‌ و به‌ڵكو كوفره‌،وه‌ك خواى گه‌وره‌ له‌ قورئانى پیرۆزدا ده‌فه‌رمێت: ( أَلا لِلَّهِ الدِّینُ الْخَالِصُ وَالَّذِینَ اتَّخَذُوا مِنْ دُونِهِ أَوْلِیَاءَ مَا نَعْبُدُهُمْ إِلَّا لِیُقَرِّبُونَا إِلَى اللَّهِ زُلْفَى إِنَّ اللَّهَ یَحْكُمُ بَیْنَهُمْ فِی مَا هُمْ فِیهِ یَخْتَلِفُونَ إِنَّ اللَّهَ لا یَهْدِی مَنْ هُوَ كَاذِبٌ كَفَّار ) [سورة الزمر : 3] . واته‌: ته‌نها بۆ خوایه‌ دیندارى و خوا په‌رستى پاك و پوخت به‌دڵسۆزى ونیه‌ت پاكىیه‌وه‌،وه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌وا جگه‌ له‌ خواى گه‌وره‌ كه‌سانێكى تریان كردووه‌ به‌ په‌رستراوى خۆیان له‌ ئه‌ولیاو پیاو چاكان و عیباده‌تیان بۆ ئه‌نجام ده‌ده‌ن، كاتێك لێیان بپرسى بۆچى په‌رستن ئه‌نجام ده‌ده‌ن بۆ ئه‌و گۆڕ ودار وبه‌رد وپیاوچاكانه‌ ؟! له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێن: ئێمه‌ نایان په‌رستین، به‌ڵكو داوایان لـێ ده‌كه‌ین تاوه‌كو ئه‌و پیاوچاكانه‌ و ئه‌و مردوانه‌ له‌ خوا نزیكمان بكه‌نه‌وه‌،چونكه‌ ئه‌مانه‌ خاتریان لاى خوا زۆره‌ به‌ڵكو خوا له‌ به‌رخاترى ئه‌م مردوانه‌ و له‌به‌ر ئه‌م دار و به‌ردانه‌ لێمان خۆش ببـێ، به‌ڵام خواى گه‌وره‌ و میهره‌بان ده‌فه‌رمێت: به‌دڵنیایىیه‌وه‌ خواى گه‌وره‌ بڕیار ده‌دات له‌ نێوانیاندا له‌سه‌ر ئه‌و جیاوازى یه‌ى كه‌وا بویانه‌ له‌سه‌ر ئایین،وه‌ خواى گه‌وره‌ ڕێنمایى كه‌سێك ناكات كه‌وا بـێ باوه‌ڕ و كافر و درۆزن بێت، ئه‌وه‌ى كه‌وا ئامۆژگارى چاك ده‌كرێ و ڕێگاى ڕاستى بۆ ڕوون ده‌كرێـته‌وه‌ به‌ڵام  واز ناهێنێت له‌ ڕێگاى كوفر و گومڕایى، چونكه‌ هه‌رچه‌ند باسى ڕێگاى ڕاستى بۆ بكه‌ى ئه‌و به‌ درۆى ده‌خاته‌وه‌.



جا خوێنه‌رى به‌ڕێز ئێستایش له‌و خه‌ڵكانه‌ زۆر زۆرن ! وه‌ كاتێك بانگیان ده‌كه‌یت بۆ سه‌ر ڕێگاى ڕاست بۆ سه‌ر ئیسلامى پیرۆز به‌لایانه‌وه‌ سه‌یره‌ !  وه‌ كاتێك ئامۆژگاریان ده‌كه‌یت كه‌ پاڕانه‌وه‌ و ته‌واف كردن و نه‌زر كردن عیباده‌تن و نابێت بۆ هیچ كه‌سیك و هیچ شتێك ئه‌نجام بدرێت ته‌نها بۆ خوا نه‌بێت، ده‌ڵێن ئه‌م قسانه‌ سه‌یره‌، به‌ڵام نازانن سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ كه‌وا ئه‌وان هاوه‌ڵیان بۆ خوا بڕیار داوه‌ به‌خۆیان بزانن یاخود نه‌زانن. خوێنه‌رى به‌ڕێز وه‌ك بۆمان ده‌ركه‌وت سه‌ردانى گۆڕستان بۆ سوود وه‌رگرتنه‌ ، بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌وا زیاتر باوه‌ڕمان پته‌وبێت و زیاتر ترسى خواى گه‌وره‌ له‌ دڵه‌كانماندا بچه‌سپێنێت، و زیاتر یادى خواى گه‌وره‌ بكه‌ینه‌وه‌ و به‌رده‌وام له‌ چاكه‌كارى دا بین و به‌ دوور بین له‌ كردارى خراپ و ناپه‌سه‌ند، ئه‌مه‌ بوو مه‌به‌ست له‌ سه‌ردانى گۆڕستان.



بۆیه‌ دروسته‌ و ڕه‌وایه‌ سه‌ردانى گۆرى بـێ باوه‌ڕیش بكه‌یت بۆ ئه‌وه‌ى په‌ندى لـێ وه‌ربگریت و زیاتر بگه‌ڕێیته‌وه‌ بۆ لاى خوا، له‌ فه‌رموده‌یه‌كى (صحیح) دا هاتووه‌ جارێكیان پێغه‌مبه‌رى خوا(صلی اللە علیە وسلم)  (زار قبر أمه فبكی، وأبكی من حوله، فقال استأذنت ربی فی أن أستغفر لها، فلم یؤذن لـی ، واستأذنته فی أن أزور قبرها فأذن لـی، فزوروا القبور فإنها تذكر الموت)(صحیح مسلم) رقم : (976) .واته‌: پێغه‌مبه‌رى خوا(صلی اللە علیە وسلم)  سه‌ردانى گۆڕى دایكى كرد، له‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌ى ده‌ستى كرد به‌ گریان و ده‌گریا، ئه‌وه‌نده‌ گریا تاوه‌كو ئه‌وانه‌ى ده‌وروبه‌ریشى هێنایه‌ گریان و ئه‌وانیش ده‌ستیان كرد به‌ گریان، وه‌ فه‌رمووى: داوام كرد له‌ په‌روه‌ردگارم ڕێگه‌م بدات داواى لـێ خۆشبوون بكه‌م بۆ دایكم، ڕێگه‌ى نه‌دام، وه‌ داوام كرد كه‌وا رێگه‌م بدات سه‌ردانى گۆره‌كه‌ى بكه‌م ڕێگه‌ى دام، وه‌ ئێوه‌ش سه‌ردانى گۆڕستان بكه‌ن چونكه‌ سه‌ردانى گۆڕستان مردنتان دێنێته‌وه‌ یاد.



سوننه‌ته‌كانى سه‌ردانى كردنى گۆڕستان :



1 ـ  كاتێك ده‌چیت بۆ گۆڕستانى موسڵمانان به‌ مه‌به‌ست په‌ند و ئامۆژگارى وه‌رگرتن سوننه‌ته‌ سه‌لامیان لـێ بكه‌یت : وه‌ك پێغه‌مبه‌رى خۆشه‌ویستمان(صلی اللە علیە وسلم)   هاوه‌ڵانى خۆى فێرده‌كرد كه‌وا ئه‌گه‌ر چوونه‌ سه‌ر گۆڕستانى موسوڵمانان بڵێن:(السلام علیكم أهل الدیار من المؤمنین والمسلمین، وإنا إن شاء الله بكم لاحقون (أنتم لنا فرط، ونحن لكم تبع) أسالُ الله لنا ولكم العافیة)(صحیح مسلم) رقم : (975) . واته‌: سڵاوى خواتان لـێ بێت ئه‌ى ئه‌هلى ئه‌م گۆڕستانه‌ له‌ باوڕداران و موسڵمانان، ئێمه‌یش (إن شاء الله) پێتان ده‌گه‌ین ، ئێوه‌ پێشمان كه‌وتن، و ئێمه‌یش به‌شوێنتان دێین، وه‌ داواده‌كه‌م له‌ خواى گه‌وره‌ له‌ ئێوه‌ و ئێمه‌یش خۆش بێت.



2 ـ وه‌ سوننه‌ته‌ دوعاى خێریان بۆ بكه‌یت و داوا بكه‌یت له‌ خواى گه‌وره‌ له‌ تاوانه‌كانیان خۆش بێت: وه‌ك عائیشه‌ى دایكمان(خوایان لێ ڕازى بێت) فه‌رموویه‌تى :(كان رسول الله(صلی اللە علیە وسلم)  یخرج إلـى البقیع، فیدعو لـهم ، فسأله عائشة عن ذلك ؟ فقال إنـی أمرت أن أدعو لـهم)(أخرجه أحمد) : (6 / 252) بسند صحیح على شرط الشیخین ، قالهُ الألبانـی فـی "أحكام الـجنائز" ص : (239) . واته‌: پێغه‌مبه‌ر(صلی اللە علیە وسلم)  ده‌رده‌چوو بۆ گۆڕستانى به‌قیع، دوعاى خێرى بۆ ده‌كردن، عائیشه‌(خوایان لێ ڕازى بێت)  پرسیارى لـێ كرد ئه‌ویش فه‌رمووى: من فه‌رمانم پـێ كراوه‌ له‌لایه‌ن خواوه‌ كه‌وا بۆیان بپاڕێمه‌وه‌. وه‌ سه‌لام كردن و دوعاى خێر بۆ كردن ته‌نها بۆ مسوڵمانان ده‌بێت، واته‌ ئه‌گه‌ر چوینه‌ سه‌ر گۆڕى بـێ باوه‌ڕێك یان گۆڕستانى بـێ باوه‌ڕان، نه‌سڵاویان لـێ ده‌كه‌ین، وه‌ نه‌دوعاى خێریان بۆ ده‌كه‌ین، چونكه‌ دروست نى یه‌ وه‌ك له‌ قورئاندا هاتووه‌ خواى گه‌وره‌ فه‌رموویه‌تى : ( مَا كَانَ لِلنَّبِیِّ وَالَّذِینَ آمَنُوا أَنْ یَسْتَغْفِرُوا لِلْمُشْرِكِینَ وَلَوْ كَانُوا أُولِی قُرْبَى مِنْ بَعْدِ مَا تَبَیَّنَ لَهُمْ أَنَّهُمْ أَصْحَابُ الْجَحِیمِ) [سورة التوبة : 113]. واته‌: بۆ پێغه‌مبه‌ر(صلی اللە علیە وسلم)  وبڕواداران نى یه‌ وه‌ نابـێ داواى لێبوردن و لێخۆشبوون بكه‌ن له‌ خوا بۆ بـێ باوه‌ڕان و هاوه‌ڵ په‌یداكه‌ران با هه‌ر چه‌نده‌ نزیكتان بن وه‌ك دایك و باوك، پاش ئه‌وه‌ى كه‌ بۆیان ڕوون بووه‌وه‌ كه‌ ئه‌وان دۆزه‌خین، واته‌ به‌بـێ باوه‌ڕى مردوون. به‌ڵكو مرۆڤى سه‌رسه‌خت و بـێ باوه‌ڕ ده‌بێت له‌ پاش مردنى موژده‌ى دۆزه‌خى پـێ بده‌یت وه‌ك پێغه‌مبه‌ر(صلی اللە علیە وسلم)   فه‌رموویه‌تى:( حیثما مررت بقبر كافرٍ فبشره بالنار)(صحیح الـجامع الصغیر) رقم : (3165) و(سلسلة الأحادیث الصحیحة) رقم : (18) . واته‌ : هه‌ر كاتێك تێپه‌ڕ بوویت به‌ لاى گۆڕى بێ باوه‌ڕێكدا ئه‌وا موژده‌ى ئاگرى پێ بده‌ .



ئه‌و شتانه‌ى كه‌ حه‌رامه‌ له‌ گۆڕستاندا ئه‌نجام بدرێن :



پێویسته‌ بزانرێت كه‌وا هه‌ندێ كارى نابه‌جـێ هه‌یه‌ نابێ بكرێت، چونكه‌ ئه‌و كارانه‌ تاوانن ئه‌گه‌ر ئه‌نجام بدرێن :



یه‌كه‌م: گۆڕ (قبر) هه‌ڵبه‌ستن به‌ گه‌چ و چیمه‌نتۆ و ئه‌و شتانه‌.



دووه‌م: دانیشتن له‌سه‌ر گۆڕ.



سێهه‌م: خانوو دروستكردن له‌سه‌ر گۆڕستان یان مزگه‌وت دروستكردن له‌ سه‌رى.



چواره‌م : خۆڵ زیاده‌ كردنه‌ سه‌ر گۆڕ واته‌ نابـێ خۆڵـى سه‌ر گۆره‌كه‌ له‌یه‌ك بست (شبر) زیاتر به‌رز بكرێته‌وه‌.



پێنجه‌م : نووسینى ئایه‌ت و شیعر و ئه‌و شتانه‌، كه‌وا ئه‌مانه‌ هه‌مووى باوه‌ و ده‌كرێت له‌ ناو گۆڕستانى مسوڵمانان . به‌ڵگه‌یش له‌سه‌ر نادروستى ئه‌م كارانه‌ زۆرن له‌فه‌رمووده‌كانى پێغه‌مبه‌رى خۆشه‌ویستمان (صلی اللە علیە وسلم)  ،جابرى كوڕى عبدالله(خوایان لێ ڕازى بێت)  ده‌فه‌رمێت:( نهى رسول الله(صلی اللە علیە وسلم)  أن یُجصص القبر، وأنْ یُقعَد علیه ، وأن یُبنـى علیه (أو یُزاد علیه) ، وأن یُكتب علیه)(صحیح مسلم) رقم : (970) وانظر (أحكام الـجنائز) ص : (260) . واته‌: پێغه‌مبه‌رى خوا(صلی اللە علیە وسلم)  قه‌ده‌غه‌ى كردووه‌ گۆڕ هه‌ڵبه‌سترێت و گه‌چ كارى و چیمه‌نتۆ بكرێت، وه‌ یان له‌سه‌رى دابنیشرێت، وه‌ یان خانووى له‌سه‌ر بكرێت، وه‌ یان خۆڵـى زیاده‌ى له‌سه‌ر بكرێت وه‌ یان له‌ سه‌رى بنوسرێت). وه‌ له‌ فه‌رموده‌یه‌كى تردا هاتووه‌ كه‌وا (أبو سعید الـخدری) (ڕەزای خوای لێبێت) ده‌یگێڕێته‌وه‌ و فه‌رموویه‌تى :( أن النبی (صلی اللە علیە وسلم)  نـهى أن یُبنى على القبر)(صحیح سنن ابن ماجه) رقم : (1564) .



شه‌شه‌م: نوێژ كردن ڕووه‌و گۆر. چونكه‌ پێغه‌مبه‌ر(صلی اللە علیە وسلم)   فه‌رموویه‌تى:( لا تصلوا إلـى القبور ولا تجلسوا علیها)(صحیح مسلم) رقم : (972) . واته‌: نوێژ مه‌كه‌ن ڕووه‌و گۆڕستان، واته‌ نوێژ مه‌كه‌ن به‌ره‌و ڕووى گۆڕ، ودامه‌نیشن له‌سه‌ر گۆڕ .



حه‌وته‌م: نوێژ كردن له‌ناو گۆڕستان. چونكه‌ پێغه‌مبه‌ر(صلی اللە علیە وسلم)  ده‌فه‌رمێت: (الأرض كلّها مسجد إلاَّ الـحمام و الـمقبرة((صحیح سنن أبـی داود) رقم : (492) . واته‌: زه‌وى هه‌مووى مزگه‌وته‌ و شیاوه‌ بۆ نوێژ كردن ته‌نها حه‌مام و گۆڕستان نه‌بێت . وه‌ ئه‌نه‌سى كوڕى مالك (ڕەزای خوای لێبێت) فه‌رموویه‌تى:( نـهى النبی (صلی اللە علیە وسلم) عن الصلاة بین القبور)(رواهُ البزار) رقم : (441) وصححهُ الألبانـی فـی "أحكام الـجنائز" ص : (270) . واته‌: پێغه‌مبه‌ر(صلی اللە علیە وسلم)  نوێژ كردنى له‌ نێوان گۆڕستاندا قه‌ده‌غه‌ كردووه‌.



ئه‌م فه‌رمودانه‌ كه‌وا نوێژ كردنیان له‌ ناو گۆڕستاندا قه ده‌غه‌ كردووه‌ بۆ هه‌موو نوێژێكه‌ فه‌رز بێت یان سوننه‌ت، وه‌ هه‌روه‌ها نوێژى مردویش ده‌گرێـته‌وه‌ (صلاة الجنازة) مه‌گه‌ر كه‌سێك مردبێت و نێژرابێت ئه‌و كاته‌ دروسته‌ نوێژى مردووى له‌ سه‌ر بكه‌یت له‌ناو گۆڕستان .



هه‌شته‌م: مزگه‌وت دروستكردن له‌سه‌ر گۆڕستان. پێغه‌مبه‌ر (صلی اللە علیە وسلم)  ده‌فه‌رمێت:( لعنة الله على الیهود والنصارى اتـخذوا قبور أنبیائهم مساجد)(صحیح البخاری) رقم : (5815) . واته‌: له‌عنه‌تى خوا له‌ گاورو جووله‌كه‌ بێت،چونكه‌ گۆڕى پێغه‌مبه‌ره‌كانیان كردووه‌ به‌ مزگه‌وت واته‌: نوێژیان تێدا ده‌كرد. وه‌ هه‌وره‌ها ده‌فه‌رموێت:( قاتل الله الیهود اتـخذوا قبور أنبیائهم مساجد)(صحیح البخاری) رقم : (437) و(صحیح مسلم) رقم : (530) . واته‌: له‌عنه‌تى خوا له‌جووله‌كه‌ بێت ، كه‌وا گۆڕى پێغه‌مبه‌ره‌كانیان ده‌كرد به‌ مزگه‌وت و نوێژیان له‌لاى گۆڕه‌كانیان ده‌كرد . له‌ به‌ر ئه‌مه‌ حه‌رامه‌ بۆمسوڵمانان كه‌ نوێژ بكه‌ن له‌لاى گۆڕستان یان مزگه‌وت بگه‌ن له‌سه‌ر گۆڕستان.



نۆیه‌م : ڕۆیشتن و تێپه‌ڕبون به‌ناو گۆڕستاندا به‌ پێڵاوه‌وه‌ له‌به‌ر فه‌رموده‌كه‌ى (بشیر الـخصاصیة) (ڕەزای خوای لێبێت) كه‌ فه‌رموویه‌تى :( بینما أماش رسول الله(صلی اللە علیە وسلم)  ... أتى على قبور المسلمین ... فبینما هو یـمشی إذ حانت منه نظرة فإذا هو برجل یـمشی بین القبور علیه نعلان فقال: یا صاحب السبتین ألق سبیتك ، فنظر فلما عرف الرجلُ رسولَ اللهِ(صلی اللە علیە وسلم)  خلع نعلیه فرمى بـهما)(صحیح سنن أبـی داود) رقم : (3230) وانظر (أحكام الـجنائز) ص : (252) . واته‌: جارێكیان له‌گه‌ڵ  پێغه‌مبه‌رى خوادا (صلی اللە علیە وسلم)  ڕێم ده‌كرد ... تاوه‌كو ڕۆیشته‌ سه‌ر گۆڕستانى موسڵمانان ... بینى پیاوێك  به‌ناو گۆڕستاندا ده‌ڕوات و جوتێ نه‌على له‌ پـێ كردووه‌ ، پێغه‌مبه‌ر (صلی اللە علیە وسلم)  پێى فه‌رموو : ئه‌ى كابراى نه‌عل له‌پـێ، نه‌عله‌كانت داكه‌نه‌، كابراش ته‌ماشاى كرد، كه‌ پێغه‌مبه‌رى(صلی اللە علیە وسلم)  ناسى، نه‌عله‌كانى داكه‌ند و فڕٍێى دایه‌ ده‌ره‌وه‌ى گۆڕستان.



ده‌یه‌م : شكاندنى ئێسكى مردووى موسڵمان، ئه‌ویش به‌چه‌ند هۆیه‌ك ده‌بێت. یه‌كه‌م به‌هه‌ڵ گێڕانه‌وه‌ى گۆڕه‌كه‌ به‌بـێ عوزر، یان تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر گۆڕه‌كاندا ، گۆڕى وا هه‌یه‌ كۆنه‌ و ته‌پیوه‌، تێپه‌ڕیون به‌سه‌ر گۆڕه‌كاندا زیانى هه‌یه‌ چونكه‌ مرۆڤى موسڵمان به‌ زیندوویى و مردوویى هه‌ر ڕێزى هه‌یه‌، له‌به‌ر ئه‌م فه‌رمووده‌یه‌ى  پێغه‌مبه‌ر(صلی اللە علیە وسلم)   كه‌ فه‌رموویه‌تى :( إنَّ كسر عظم الـمسلم میتاً مثل كسره حیاً)(صحیح الـجامع الصغیر) رقم : (2143) . واته‌: به‌ڕاستى شكاندنى ئێسكى مردوى موسڵمان وه‌ك شكاندنى وایه‌ به‌زیندوویى.



یانزه‌یه‌م : قورئان خوێندن له‌سه‌ر گۆڕستان. له‌به‌ر فه‌رموده‌كه‌ى (أبو هریرة) (ڕەزای خوای لێبێت) كه‌ فه‌رموویه‌تى : پێغه‌مبه‌ر (صلی اللە علیە وسلم)  فه‌رمووى:(لا تجعلوا بیوتكم مقابر، إنَّ الشیطان ینفر من البیت الذی تقرأ فیه سورة البقرة)(صحیح مسلم) رقم : (780) . واته‌: ماڵه‌كانتان مه‌كه‌ن به‌ گۆڕستان، كه‌ قورئانى تێدا نه‌خوێنن چونكه‌ به‌ڕاستى شه‌یتان دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ له‌و ماڵه‌ى كه‌وا سوره‌تى (البقرة)ى تێدا ده‌خوێنرێت. كه‌وا بوو ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌وا له‌سه‌ر گۆڕستان قورئان ده‌خوێنن بۆ مردووه‌كان كارێكه‌ پێچه‌وانه‌ى ئاینى ئیسلامه‌، و خراپیان كردوه‌ نه‌ك خێر وچاكه‌.



دوانزه‌یه‌م : نابێت له‌ كاتێكدا كه‌ دوعاى خێر ده‌كه‌ى بۆ مردووه‌كان و داواى لـێ خۆش بوونیان بۆ ده‌كه‌ى ڕوو بكه‌یته‌ گۆڕه‌كان، چونكه‌ كارێكى ناشه‌رعىیه‌ ، به‌ڵكو ده‌بێت ڕوو بكرێته‌ قیبله‌ . ئیمامى (النووى) فه‌رموویه‌تى :( قال الإمام أبو الـحسن محمد مرزوق فـی "الـجنائز" : فمن قصد السلام على المیتٍ سلم علیه من قبل وجهه، و إذا أراد الدعاء تـحول عن موضعه وأستقبل القبلة)(الـمجموع للنووی) : (5 / 311) . واته‌: هه‌ركه‌سێك ویستى سڵاو بكات له‌ مردوویه‌ك ئه‌وا له‌لاى ڕووى گۆڕه‌كه‌ى سڵاوى لـێ ده‌كات ، وه‌ ئه‌گه‌ر ویستى دوعا بكات له‌و جێگه‌یه‌ لاده‌چێت و ڕوو له‌ قیبله‌ ده‌كات. وه‌ زۆربه‌ى زانایانى ئیسلام وایان فه‌رمووه‌ .



سیانزه‌یه‌م : سه‌فه‌ر كردن و خۆ ئاماده‌كردن بۆ گۆڕستان به‌ نیازى مانه‌وه‌ و پاداشت وه‌رگرتن. له‌به‌ر فه‌رموده‌كه‌ى (أبو هریرة) (ڕەزای خوای لێبێت) كه‌ فه‌رموویه‌تى: پێغه‌مبه‌ر (صلی اللە علیە وسلم)  فه‌رمووى:( لا تشدُّ الرحال إلاَّ إلى ثلاثة مساجد: مسجدی هذا ، ومسجد الـحرام، ومسجد الأقصى((صحیح البخاری) رقم : (1189) و(صحیح مسلم) رقم : (1397) .واته‌ : خۆتان مه‌پێچنه‌وه‌ و سه‌فه‌ر مه‌كه‌ن به‌نیه‌تى خێر و پاداشت ته‌نها بۆ سـێ مزگه‌وت نه‌بێت، مزگه‌وتى حه‌رام (كه‌عبه‌ى پیرۆزه‌)، وه‌ مزگه‌وتى پێغه‌مبه‌ر(صلی اللە علیە وسلم)  كه‌ له‌شارى مه‌دینه‌دایه‌، وه‌ مزگه‌وتى ئه‌قصى كه‌ له‌وڵاتى فه‌له‌ستین دایه‌. ته‌نها بۆ ئه‌م سـێ مزگه‌وته‌ ڕه‌وایه‌ خۆت ئاماده‌بكه‌ى به‌نیه‌تى مانه‌وه‌ بۆ خوا په‌رستى كه‌وا ڕێگه‌ى دوورى بۆ بگریته‌ به‌ر.



كه‌وابو زانیمان مه‌به‌ست له‌ سه‌ردانى گۆڕستان بۆچىیه‌، وه‌ هه‌روه‌ها زانیمان هاواركردنه‌ مردوو یان ته‌واف كردن به‌ ده‌ور گۆڕدا كوفره‌، وه‌ زانیمان چ شتێك سوننه‌ت و چاكه‌ له‌ گۆڕستاندا بكرێت، وه‌چ شتێك تاوان و سه‌رپێچىیه‌ ئه‌گه‌ر له‌ گۆڕستاندا بكرێت، هه‌روه‌ها شتى تریش ماوه‌ به‌ڵام له‌به‌ر نه‌بوونى كات ده‌رفه‌تمان نه‌بوو باسیان بكه‌ین ، به‌ڵام سوپاس بۆ خواى گه‌وره‌ زۆر شتى گرنگ ڕوون كرایه‌وه‌ بۆ خوێنه‌ران. وه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر هه‌موومان به‌جوانى ئامۆژگارى خوشكان و برایانمان بكه‌ین كه‌وا ئه‌گه‌ر چوونه‌ سه‌ر گۆڕستان بۆ په‌ند (عیبره‌ت) وه‌رگرتن بزانن كارى چاك كامه‌یه‌ و كارى خراپ كامه‌یه‌، به‌ڵكو توشى كوفر و بیدعه‌ و تاوان نه‌بن.



وصلى الله وسلم على رسولنا محمد وعلى آله وصحبه أجمعین .

          

صفحات سایت

پیچک