تبلیغات
ماڵپه‌ری ئیسلام كورد
Rss
Logo
ADS
زاراوه‌كانی قیرائات

مه‌تنی تحفة الأطفال

ته‌فسیری قورئانی پیرۆز

شێوازی نوێژی پێغه‌مبه‌ر

ئامۆژگاری بۆ موسڵمانان

كاتی بانگه‌كان&بانكبێژان

24 كاتژمێر راسته‌وخۆ

ئاماری ماڵپه‌ر
میوانانی سه‌رهێل

ژماره‌ى سه‌ردانه‌كان

ڕاپرسی ماڵپه‌ر
ئایا تا ئێستا سوودت له‌ ماڵپه‌ری ئیسلام كورد بینیوه‌؟؟؟

ماڵپه‌ره‌ كۆنه‌كه‌مان
عه‌لمانیه‌ت بناسه‌
گێژاوی مه‌دخه‌لیزم
مێژووی انصار الاسلام
فیرعه‌ونی زه‌مان و قه‌یرانی...

 

 

 

ئه‌م بابه‌ته‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌
له‌ به‌شی : قورئان و ته‌فسیر,

 

ته‌فسیرى سوره‌تى (العصر) و په‌ندو ئامۆژگارى وه‌رگرتن لێى


وه‌رگێڕانی: م،عبدالغفور

بسم الله الرحمن الرحیم

الحمد لله والصلاة والسلام على رسول الله وعلى آله وصحبه ومن والاه، وبعد:

سه‌ره‌تا: به‌ڕاستى خواى په‌روه‌ردگار قورئانى دابه‌زاندووه‌ بۆ سود و په‌ندو ئامۆژگارى وه‌رگرتن لێ ى، وه‌ك ده‌فه‌رموێت:( فَاعْتَبِرُوا یَا أُولِی الْأَبْصَارِ )[ الحشر: 2]. واته‌: په‌ندو ئامۆژگارى وه‌ربگرن ئه‌ى خاوه‌ن بیرو هۆشه‌كان، وه‌ فه‌رمانى كردوه‌ به‌لێ وردبوونه‌وه‌و بیركردنه‌وه‌ له‌ماناو واتاكانى، وه‌ك ده‌فه‌رموێت: ( أَفَلَا یَتَدَبَّرُونَ الْقُرْآنَ أَمْ عَلَى قُلُوبٍ أَقْفَالُهَا)[ محمد: 24]. واته‌: ئه‌وه‌ بۆچى له‌قورئان ورد نابنه‌وه‌؟ یان دڵه‌كان قوفڵیان لێ دراوه‌؟!. وه‌ هه‌ر كاتێك قورئان به‌لێوردبونه‌وه‌و بیرلێكرنه‌وه‌وه‌ خوێندرا، كاریگه‌رى و شوێنه‌وارێكى گه‌وره‌ى ده‌بێت له‌سه‌ر ده‌رون و هه‌ڵس وكه‌وت و ڕه‌وشتى ئاده‌میزاد، وه‌ كاتێك پرسیار له‌ عائیشه‌ كرا (خواى لێ ڕازاى بێت) ده‌رباره‌ى ڕه‌وشتى پێغه‌مبه‌ر(صلی اللە علیە وسلم)، فه‌رموى:  (كان خُلُقُهُ القرآن) ( صحیح الجامع الصغیر: 2/ 4811). واته‌: ڕه‌وشتى بریتى بوو له‌قورئان، 

ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ى قورئانى كردبوو به‌مه‌نهه‌ج و ڕێبازى ژیانى له‌خوێندنه‌وه‌و بیرلێكرنه‌وه‌و جێ به‌جێ كردنیدا .  بۆیه‌ هه‌ر له‌به‌ر گرنگى ئه‌م بابه‌ته‌، ئه‌م گۆشه‌یه‌مان ته‌رخان كرد بۆته‌فسیرى سوره‌تى (العصر) به‌م ناونیشانه‌:


 (سوره‌تى العصر و په‌ندو ئامۆژگارى وه‌رگرتن لێ ى)، وه‌هۆكارى هه‌ڵبژاردنى ئه‌م سوره‌ته‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌: ڕێبازێكى ته‌واوى ژیانى موسڵمانانه‌ به‌تاك و كۆمه‌ڵگاوه‌، وه‌هه‌ر كه‌سێ له‌م سوره‌ته‌ وورد بێته‌وه‌، ئه‌وا پێك هێنه‌ره‌ به‌رزو نمونه‌یى یه‌كانى كۆمه‌ڵگاى كامڵ و سه‌ركه‌وتوى تێدا ده‌دۆزێته‌وه‌ . خواى گه‌وره‌ سه‌ره‌تاى سوره‌ته‌كه‌ به‌ (ۆالْعَصْڕ) ده‌ست پێده‌كات، كه‌ئه‌ویش هه‌موو ڕۆژگار ده‌گرێته‌وه‌ كه‌خواى گه‌وره‌ سوێندى پێ خواردووه‌، وه‌لێره‌وه‌ گرنگى كاتمان بۆده‌رده‌كه‌وێت، چونكه‌ خواى پاك و بێ هاوتا گه‌وره‌یه‌و سوێند ناخوات ته‌نها به‌شتى گه‌وره‌ نه‌بێت .  وه‌ وتراوه‌: خواى گه‌وره‌ سوێندى به‌نوێژى عه‌صر خواردووه‌ له‌به‌ر گه‌وره‌یى یه‌كه‌ى، وه‌ك له‌فه‌رموده‌ى پێغه‌مبه‌ردا هاتووه‌ (صلی اللە علیە وسلم) كه‌فه‌رمویه‌تى:  ( من فاتته فكأنما وُتِرَ أهله وماله) (البخاری: 55). واته‌: هه‌ر كه‌سێ نوێژى عه‌صر له‌ده‌ست بدات، وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ كه‌ ماڵ و سامانى له‌ده‌ست دابێت، وه‌تایبه‌ت كراوه‌ به‌و گه‌وره‌یى یه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌نجام دانى ئه‌م عیباده‌ته‌ (نوێژى عه‌صر) گرانتره‌، له‌به‌ر سه‌رگه‌رمى خه‌ڵكى به‌بازرگانى وكاسبى كردنیان له‌كۆتایى یه‌كانى ئه‌و ڕۆژه‌داو خه‌ریك بوون به‌ده‌ستخستنى   بژێوى یانه‌وه‌) (روح المعانی: 3/227-228) .


 ابن الجریر الطبری ده‌فه‌رموێ: پێكان  (صواب) ئه‌وه‌یه‌ كه‌بوترێت:


( په‌روه‌ردگارمان سوێندى به‌ (العصر) خواردووه‌، وه‌ (عصر) یش ناوى ڕۆژگاره‌، كه‌شه‌وو ڕۆژو كاته‌كانى تر ده‌گرێته‌وه‌، واته‌: هه‌ر شتێك ئه‌و ناوه‌ بیگرێته‌وه‌، ده‌چێته‌ ناو ئه‌وه‌ى كه‌خواى گه‌وره‌ سوێندى پێ خواردووه‌) (جامع البیان: 15/289-290) .


 (إِنَّ الْإِنسَانَ لَفِی خُسْرٍ)[العصر: 2].  واته‌: به‌ڕاستى مرۆڤـ له‌خه‌ساره‌ت مه‌ندى دایه‌، ووشه‌ى (انسان) ئه‌گه‌رچى تاكه‌  (مفرد)ه‌ به‌ڵام ئه‌و (ال)ه‌ كردوویه‌تى به‌  (جنس)، وه‌ (انسان) كه‌وتۆته‌ ناو خه‌ساره‌ت و زیانه‌وه‌و له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ چوار ده‌ورى داوه‌ .   وه‌ (الخسر و الخسران) واته‌: (كه‌م بوون و نه‌مانى سه‌رمایه‌)، شیخ (عبدالرحمن بن ناصر السعدى) له‌ته‌فسیرى ئه‌م ئایه‌ته‌دا ده‌فه‌رموێت: (خه‌ساره‌ت مه‌ندبوون چه‌ند به‌شێكى هه‌یه‌: جارى واهه‌یه‌ خه‌ساره‌ت مه‌ندبوونێكى ته‌واوه‌تى یه‌، وه‌ك ئه‌و كه‌سه‌ى كه‌ خه‌ساره‌ت مه‌ندى دونیاو دواڕۆژه‌، كه‌ نیعمه‌تى به‌هه‌شت له‌ده‌ست ده‌داو شایانى دۆزه‌خه‌، وه‌ زۆر جار له‌چه‌ند ڕوویه‌كه‌وه‌ خه‌ساره‌ت مه‌ند بووه‌؛ بۆیه‌ خه‌ساره‌ت مه‌ندبوون گشتى یه‌ بۆ هه‌موو مرۆڤێك ته‌نها ئه‌وانه‌ نه‌بن كه‌ خاوه‌نى چوار سیفاتن) كه‌دواتر باسیان ده‌كه‌ین .


( إِلَّا الَّذِینَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ ) واته‌: ته‌نها ئه‌وانه‌ نه‌بن كه‌ ئیمانیان هێناوه‌و كرده‌وه‌ى چاك ئه‌نجام ده‌ده‌ن، ئه‌وانه‌ى كه‌ له‌بازرگانى یه‌كى به‌نرخ دان، كه‌ دونیاى كه‌م وبێ نرخیان فرۆشتوه‌و به‌هه‌شتى نه‌بڕاوه‌و بێ كۆتایى یان كڕیوه‌.   وه‌ له‌و ئایه‌ته‌ پیرۆزه‌دا چه‌ند هۆكارو سیفه‌تێك هاتوون بۆ ڕزگاربوون له‌ خه‌ساره‌ت مه‌ندبوون، له‌وانه‌:


1- بڕوا بوون به‌و شتانه‌ى كه‌خواى گه‌وره‌ فه‌رمانى پێ كردوون، وه‌ ئیمان وباوه‌ڕیش ته‌واو نابێت به‌بێ عیلم و زانیارى بوون .


2- كرده‌وه‌ى چاك: ئه‌مه‌ش هه‌موو كرده‌وه‌یه‌كى چاك ده‌گرێته‌وه‌، جا په‌یوه‌ندى به‌حه‌قى په‌روه‌ردگاره‌وه‌ هه‌بێت یان به‌نده‌كانى خواى په‌روه‌ردگار، واجب بن یان سوننه‌ت . 


3-  ئامۆژگارى یه‌كترى كردن له‌سه‌رحه‌ق و ڕاستى، كه‌ئه‌وه‌ش ئیمان وكرده‌وه‌ى چاكه‌؛ یان هه‌ندێكیان ئامۆژگارى هه‌ندێكیان بكه‌ن به‌وانه‌ .


4- ئامۆژگارى یه‌كترى كردن به‌ئارام گرتن له‌سه‌ر گوێ ڕایه‌ڵى كردنى خواى په‌روه‌ردگارو دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌سه‌ر پێچى كردن و لادان له‌سنوره‌كانى .


به‌دوو خاڵى یه‌كه‌م و دووه‌م (عبد) خۆى دامه‌زراو ده‌كات، وه‌ به‌خاڵى سێیه‌م و چواره‌م كۆمه‌ڵگا دامه‌زراو و ته‌واو ده‌كات، وه‌به‌ته‌واو كردنى هه‌ر چوار خاڵه‌كه‌ به‌نده‌ سه‌لامه‌ت ده‌بێت له‌ خه‌ساره‌ت مه‌ندبوون، وه‌سودو قازانجێكى گه‌وره‌ى ده‌ست ده‌كه‌وێ . وه‌ (مجاهد) ده‌فه‌رموێت: ( إِلَّا الَّذِینَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ ). (واته‌: به‌ته‌نها ئه‌وانه‌ى كه‌ خواى گه‌وره‌ به‌ڕاست و ته‌نها داده‌نێن له‌ به‌ته‌نها په‌رستن و گوێ ڕایه‌ڵى كردنیدا، وه‌ كرده‌وه‌ى چاك ئه‌نجام ده‌ده‌ن و فه‌رمانه‌كانى جێ به‌جێ ده‌كه‌ن و خۆیان ده‌پارێزن و دور ده‌كه‌ونه‌وه‌ له‌ سه‌رپێچى یه‌كانى، وه‌ ئه‌وانه‌ى ئیمانیان هێناوه‌ جیاكراونه‌وه‌، چونكه‌ وشه‌ى  (الإنسان) به‌ماناى (كۆیه‌) نه‌ك (تاك) ( إبن جریر الطبری: 15/290).


(وَتَوَاصَوْا بِالْحَقِّ وَتَوَاصَوْا بِالصَّبْرِ).   واته‌: وه‌ ئامۆژگارى یه‌كترى ده‌كه‌ن له‌سه‌ر حه‌ق و ئارام گرى، له‌ (قەتادة) وه‌ ئه‌ویش له‌ (حه‌سه‌ن)ه‌وه‌: (وَتَوَاصَوْا بِالْحَقِّ). واته‌: قورئانى پیرۆز، (وَتَوَاصَوْا بِالصَّبْرِ).  واته‌ گوێ ڕایه‌ڵى خواى گه‌وره‌) (جامع البیان: 15/290) .


وه‌ ئامۆژگارى به‌ حه‌ق و ڕاستى (وَتَوَاصَوْا بِالْحَقِّ) به‌تایبه‌ت هێنراوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌شێكه‌ له‌كرده‌وه‌ چاكه‌كان، وه‌ چه‌نده‌ها ئایه‌ت له‌قورئاندا هاتووه‌ كه‌ ئامۆژگارى له‌سه‌ر حه‌ق وچاكه‌ هه‌موو شه‌ریعه‌ت ده‌گرێته‌وه‌، خواى گه‌وره‌ ئامۆژگارى هه‌موو پێغه‌مبه‌رانى كردووه‌ له‌ نوح و ئیبراهیم و ئه‌وانه‌ى دواى ئه‌وانیش هاتوون(علیهم الصلاة والسلام)، وه‌ك ده‌فه‌رموێت:  (شَرَعَ لَكُم مِّنَ الدِّینِ مَا وَصَّى بِهِ نُوحاً وَالَّذِی أَوْحَیْنَا إِلَیْكَ وَمَا وَصَّیْنَا بِهِ إِبْرَاهِیمَ وَمُوسَى وَعِیسَى أَنْ أَقِیمُوا الدِّینَ وَلَا تَتَفَرَّقُوا فِیهِ)[الشورى: 13] .  واته‌: ئایین و به‌رنامه‌ى ژیانى بۆداناون، ئه‌وه‌ى كه‌فه‌رمانى پێكردووه‌ به‌ نوح هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ قورئانیشى بۆ تۆ ناردوه‌ ئه‌ى محمد (صلی اللە علیە وسلم)، وه‌ به‌ ئیبراهیم و موساو عیساشمان (علیهم الصلاة والسلام) ڕاگه‌یاندووه‌ كه‌ ڕێبازى ئایین و یه‌كخوا په‌رستى به‌رنه‌ده‌ن و لێى لانه‌ده‌ن)، وه‌ ئه‌و ئامۆژگارى یانه‌ كارو كرده‌وه‌ى هه‌موو پێغه‌مبه‌ران بووه‌ بۆ ئومه‌ته‌كانیان .وه‌ دواى ئه‌ویش ده‌فه‌رموێت: (وَتَوَاصَوْا بِالصَّبْرِ)؛ ئه‌ویش بۆجێگیر بوون له‌سه‌ر ئه‌م ڕێگا ڕاسته‌، چونكه‌ ئارام گرتن پێویسته‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامدانى كرده‌وه‌ى چاك، هه‌ر وه‌ك چۆن پێویسته‌ بۆ وازهێنان له‌سه‌ر كارى نادروست وخراپ . وه‌هێنانى ئامۆژگارى له‌سه‌ر ئارام گرتن وه‌ك هاوشان بۆ ئامۆژگارى له‌سه‌ر حه‌ق و ڕاستى، به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر گه‌وره‌یى ڕێزو پله‌ى ئارام گرتن و زۆرى پاداشتى ئارام گران له‌سه‌ر ئارام گرتنیان به‌بێ ئه‌ندازه‌و حساب، وه‌ك خواى گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: (إِنَّما یُوَفَّى الصَّابِرُونَ أجْرَهُمْ بِغَیرِ حِسَاب)[الزمر: 10]


گرنگترین په‌ندو ئامۆژگاریه‌كانى ئه‌م سوره‌ته‌:


1- پێویسته‌ له‌سه‌رمان كه‌ چوار بنه‌ما فێربین:


یه‌كه‌م: بوونى زانست و زانیارى، كه‌ ئه‌ویش ناسینى خواو پێغه‌مبه‌ر (صلی اللە علیە وسلم) و دینى ئیسلامه‌ به‌ به‌ڵگه‌وه‌ .


دووه‌م: ئه‌نجام دان و كارپێكردنى .


سێیه‌م: بانگه‌وازى بۆكردنى .


چواره‌م: ئارام گرتن له‌سه‌ر ئازارو ناڕه‌حه‌تى یه‌كانى .


وه‌ به‌ڵگه‌ش له‌سه‌ر ئه‌مه‌ ئه‌م سوره‌ته‌یه‌ كه‌خواى گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: (وَالْعَصْرِ إِنَّ الْإِنسَانَ لَفِی خُسْرٍ إِلَّا الَّذِینَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ وَتَوَاصَوْا بِالْحَقِّ وَتَوَاصَوْا بِالصَّبْرِ) [العصر: 1-3].


وه‌ ئیمامى شافیعی(ڕه‌حمه‌تى خواى لێ بێت) ده‌فه‌رموێت: ( ئه‌گه‌ر خواى گه‌وره‌ هیچ شتێكى دانه‌به‌زاندبایه‌ جگه‌ له‌م سوره‌ته‌، ئه‌وا به‌سیان بوو ) ( الأصول الثلاثة، لشیخ الإسلام: محمد بن عبدالوهاب: ص3 ).


2- (خواى گه‌وره‌ سوێند به‌ (العصر)، ده‌خوات كه‌ ئه‌ویش ڕۆژگاره‌، له‌به‌ر ئه‌و هه‌موو په‌ندو به‌ڵگه‌ زۆرانه‌ى كه‌ تێیدایه‌ له‌ ڕۆیشتن و هاتنى شه‌وو ڕۆژو ڕوناكى و تاریكى و ..... هتد، چونكه‌ ئه‌مانه‌ به‌ڵگه‌یه‌كى ڕوون و ئاشكران له‌سه‌ر ته‌نهایى و ده‌سه‌ڵاتى دروستكاریان كه‌خواى گه‌وره‌یه‌) (فتح القدیر: 5/ 579).


3- (كاتێك مرۆڤـ پیر ده‌بێت و بێ هێز ده‌بێت، پاداشتى ئه‌و كرده‌وه‌ چاكانه‌ى بۆ ده‌نوسرێت كه‌ له‌گه‌نجیدا ئه‌نجامى داون) (تفسیر القرطبی: 20/179).؛ پاڵپشتى ئه‌م قسه‌یه‌ش، ئه‌م فه‌رموده‌یه‌یه‌ كه‌ ئه‌بو موساى ئه‌شعه‌رى (ڕەزای خوای لێبێت) گێڕاویه‌تییه‌وه‌و ده‌فه‌رموێت:  سمعت رسول الله(صلی اللە علیە وسلم) غیر مرة ولا مرتین یقول: (إذا كان العبد یعمل عملاً صالحاً فشغله عنه مرض أو سفر كتب له كصالح ما كان یعمل وهو صحیح مقیم) (صحیح سنن أبی داود، كتاب الجنائز، باب الأمراض المكفرة للذنوب). واته‌: گوێم له‌پێغه‌مبه‌رى خوابوو (صلی اللە علیە وسلم) زیاد له‌جارێك و دووجار ده‌یفه‌رموو: ئه‌گه‌ر به‌نده‌یه‌ك كرده‌وه‌ى چاك ئه‌نجام بدات و دواتر به‌هۆى نه‌خۆشى یه‌وه‌ یان سه‌فه‌ره‌وه‌ نه‌توانێت ئه‌نجامى بدات، ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ چاكه‌كه‌ى بۆ ده‌نوسرێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كاتێك له‌ش ساغ و نیشته‌جێ ده‌بوو ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ى ئه‌نجام ده‌دا .


4- خه‌ساره‌ت مه‌ندى له‌م ئایه‌ته‌دا به‌شێوه‌یه‌كى گشتى هاتووه‌، به‌ڵام چه‌ند ئایه‌تێكى تر خه‌ساره‌ت مه‌ندیان ڕوون كردۆته‌وه‌:


*خه‌ساره‌ت مه‌ندى هه‌یه‌ به‌كافر بوون و شه‌ریك دانان بۆ خواى گه‌وره‌، وه‌ك خواى گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت:  (لَئِنْ أَشْرَكْتَ لَیَحْبَطَنَّ عَمَلُكَ وَلَتَكُونَنَّ مِنَ الْخَاسِرِینَ)[الزمر: 65 ]. واته‌: ئه‌گه‌ر هاوه‌ڵ (شه‌ریك) بۆخوا بڕیار بده‌یت، كارو كرده‌وه‌ چاكه‌كانیشت پوچه‌ڵ ده‌بنه‌وه‌و خه‌ساره‌ت مه‌ندو زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بیت.


* یان به‌وازهێنان له‌كرده‌وه‌و عیباده‌ت كردن، وه‌ك خواى گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت:  (وَمَنْ خَفَّتْ مَوَازِینُهُ فَأُوْلَئِكَ الَّذِینَ خَسِرُوا أَنفُسَهُمْ)[ المؤمنون: 103 ] . واته‌: ئه‌و كه‌سه‌ى ته‌رازوى كرده‌وه‌ چاكه‌كانى سوك بێت، ئه‌وه‌ نه‌فسى خۆیان له‌ده‌ست داوه‌و خه‌ساره‌ت مه‌ندبوون.


* یان خه‌ساره‌ت مه‌ندى به‌وازهێنانه‌ له‌ دینى ئیسلام و ئامۆژگارى كردن له‌سه‌ر حه‌ق و ڕاستى، وه‌ له‌دواى حه‌قیش جگه‌ له‌گومڕایى هیچى تر نى یه‌، وه‌ك خواى گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: (وَمَن یَبْتَغِ غَیْرَ الإِسْلاَمِ دِیناً فَلَن یُقْبَلَ مِنْهُ وَهُوَ فِی الآخِرَةِ مِنَ الْخَاسِرِینَ)[آل عمران: 85 ] . واته‌: هه‌ركه‌سێك جگه‌ له‌ ئیسلام په‌یڕه‌وى هه‌ر ئایینێكى تر بكات، ئه‌وه‌ لێى وه‌رناگیرێت و له‌قیامه‌تیشدا له‌خه‌ساره‌ت مه‌ندو زه‌ره‌رمه‌ندانه‌.


* یان به‌وازهێنان له‌ئامۆژگارى كردن له‌سه‌ر ئارام گرتن له‌كاتى كه‌وتنه‌ ناو ناڕه‌حه‌تى و ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌وه‌، وه‌ك خواى گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت:  (وَمِنَ النَّاسِ مَن یَعْبُدُ اللَّهَ عَلَى حَرْفٍ فَإِنْ أَصَابَهُ خَیْرٌ اطْمَأَنَّ بِهِ وَإِنْ أَصَابَتْهُ فِتْنَةٌ انقَلَبَ عَلَى وَجْهِهِ خَسِرَ الدُّنْیَا وَالْآخِرَةَ ذَلِكَ هُوَ الْخُسْرَانُ الْمُبِینُ) [ الحج: 11 ]. واته‌: هه‌ندێك له‌خه‌ڵكى ته‌نها له‌یه‌ك حاڵه‌تدا خواپه‌رستى ده‌كات، ئه‌گه‌رتوشى خێرو خۆشى بوو دڵى پێ خۆشه‌، وه‌ ئه‌گه‌ر توشى به‌ڵایه‌ك بوو، سوارى سه‌رى خۆى ده‌بێت و هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه‌و خه‌ساره‌ت مه‌ندى دنیاو قیامه‌ت ده‌بێت، هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ خه‌ساره‌ت مه‌ندو زه‌ره‌رمه‌ندى ڕوون و ئاشكرا ) (أضواء البیان: 9/496-497).


5- كرده‌وه‌ به‌چاك دانانرێت هه‌تا سێ مه‌رجى تێدا نه‌یه‌ته‌ دى:


أ- كۆك (موافق) بێت له‌گه‌ڵ قورئان و سوننه‌ت .


ب- نیه‌ت پاكى (الإخلاص) بۆ خواى گه‌وره‌ .


ج- وه‌ ئه‌و كه‌سه‌ى كه‌ ئه‌نجامى ده‌دات، ده‌بێت بڕوادار بێت) (أضواء البیان: 9/502).


6- وه‌ هه‌روه‌ها (وَتَوَاصَوْا بِالصَّبْرِ) هاتووه‌ له‌گه‌ڵ ئامۆژگارى كردن له‌سه‌ر سۆزو به‌زه‌یى هاتنه‌وه‌ له‌نێوان یه‌كتریدا، وه‌ك خواى گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: (ثُمَّ كَانَ مِنَ الَّذِینَ آمَنُوا وَتَوَاصَوْا بِالصَّبْرِ وَتَوَاصَوْا بِالْمَرْحَمَةِ) [البلد: 17]. واته‌: وه‌ ئاده‌میزاد ده‌بێت له‌وانه‌ بێت كه‌باوه‌ڕیان هێناوه‌و ئامۆژگارى یه‌كتریان كردوه‌ له‌سه‌ر ئارام گرتن، وه‌ هه‌روه‌ها ئامۆژگارى یه‌كتریان كردوه‌ له‌سه‌ر ره‌حم و به‌زه‌یى و میهره‌بانى .


وه‌ به‌و سێ ئامۆژگارى یانه‌: (ئامۆژگارى له‌سه‌ر حه‌ق و ئارام گرتن و سۆزو به‌زه‌یى)، پێك هێنه‌ره‌كانى كۆمه‌ڵگاى نمونه‌یى و سه‌رفرازو به‌خته‌وه‌ر ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئامۆژگارى له‌سه‌ر حه‌ق، بریتى یه‌ له‌ڕاگرتنى حه‌ق و به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر ڕێگاى ڕاست، وه‌ به‌ ئامۆژگارى له‌سه‌ر ئارامگرتن ده‌توانن به‌رده‌وام بن له‌ ڕۆیشتن له‌سه‌ر ئه‌م ڕێگا ڕاسته‌، وه‌ به‌ئامۆژگارى له‌سه‌ر سۆزو به‌زه‌یى هاتنه‌وه‌ به‌یه‌كتریدا، كۆمه‌ڵگا ده‌بێت به‌یه‌ك پارچه‌و وه‌ك یه‌ك لاشه‌یان لێ دێت، وه‌ئه‌م به‌خششانه‌ ته‌نها قورئان به‌خشیونى و له‌ناو قورئانیشدا ئه‌م سوره‌ته‌ كورته‌) (أضواء البیان: 30/507-508).


7- ئه‌م سوره‌ته‌ ئاماژه‌ ده‌كات به‌گرنگى فه‌رمان كردن به‌چاكه‌و ڕێگرتن له‌خراپه‌، چونكه‌ هه‌ركه‌سێك به‌و كاره‌ هه‌ڵسێت توشى ئه‌زیه‌ت و ئازار ده‌بێت، كه‌ ئه‌مه‌ش پێویستى به‌ئارام گرتنه‌، هه‌روه‌ك چۆن لوقمان علیه السلام ئامۆژگارى كوڕه‌كه‌ى ده‌كات و ده‌فه‌رموێت: (یَا بُنَیَّ أَقِمِ الصَّلَاةَ وَأْمُرْ بِالْمَعْرُوفِ وَانْهَ عَنِ الْمُنكَرِ وَاصْبِرْ عَلَى مَا أَصَابَكَ) [ لقمان: 17]. واته‌: كوڕه‌ شیرینه‌كه‌م نوێژه‌كانت به‌چاكى ئه‌نجام بده‌و فه‌رمان به‌چاكه‌ بكه‌و ڕێگرى له‌گوناه و خراپه‌ بكه‌، وه‌ ئارام گربه‌ له‌سه‌ر ئه‌و ناخۆشى یانه‌ى كه‌توشت ده‌بن  .


وصلى الله على نبینا محمد وعلى آله وصحبه وسلم.
          

صفحات سایت

پیچک