ماڵپه‌ری ئیسلام كورد
Rss
Logo
ADS
زاراوه‌كانی قیرائات

مه‌تنی تحفة الأطفال

ته‌فسیری قورئانی پیرۆز

شێوازی نوێژی پێغه‌مبه‌ر

ئامۆژگاری بۆ موسڵمانان

كاتی بانگه‌كان&بانكبێژان

24 كاتژمێر راسته‌وخۆ

ئاماری ماڵپه‌ر
میوانانی سه‌رهێل

ژماره‌ى سه‌ردانه‌كان

ڕاپرسی ماڵپه‌ر
ئایا تا ئێستا سوودت له‌ ماڵپه‌ری ئیسلام كورد بینیوه‌؟؟؟

ماڵپه‌ره‌ كۆنه‌كه‌مان
عه‌لمانیه‌ت بناسه‌
گێژاوی مه‌دخه‌لیزم
مێژووی انصار الاسلام
فیرعه‌ونی زه‌مان و قه‌یرانی...

 

 

 

ئه‌م بابه‌ته‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌
له‌ به‌شی : مانگی ڕه‌مه‌زان-ڕۆژوو,

 

شه‌شه‌ی شه‌شه‌ڵان و نۆمینه‌ی حاجیان

ئاماده‌كردنی: حه‌سه‌ن پێنجوێنی

خوای میهره‌بان پاداشتێكی زۆری بۆ خاوه‌ن باوه‌ران و ئه‌ویندارانی رێی راستی داناوه‌، و خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی بۆ ئاماده‌ كردوون، نموونه‌یه‌ك له‌و خه‌ڵاتانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌م فه‌رموودیه‌یه‌ی پێغه‌ممه‌ردا دروودی خوای لێ بێ به‌دی ده‌كه‌ین: خه‌ڵاتی نه‌ك ته‌نیا لێخۆشبوون! به‌ڵكو دورخستنه‌وه‌یه‌كی وا له‌دۆزه‌خ تا به‌دیتنی ئازاری پێ نه‌گا، ئه‌وه‌ته‌ بوخاری و موسلیم و خاوه‌ن سونه‌نه‌كان بۆمان باس ئه‌كه‌ن كه‌ ئه‌بو سه‌عیدی خودری خوا لێی رازی بێ فه‌رموویه‌تی: سَمعْت النَّبیَّ صلى اللـه‌ علیه‌ واله‌ وسلم یَقول: مَنْ صَامَ یَوْمًا فی سَبیل اللَّه بَعَّدَ اللَّه وَجْهَه عَنْ النَّار سَبْعینَ خَریفًا (1). واته‌: له‌پێغه‌ممه‌ری خوام دروودی خوای لێ بێ بیست فه‌رمووی: ئه‌وه‌ی له‌رێی خوادا ته‌نیا رۆژێ به‌رۆژووبێت خوا حه‌فتاساڵ رووی له‌ئاگری دۆزه‌خ دوور ده‌خاته‌وه‌..

به‌ مه‌رجێ ئه‌و رۆژووه‌ نه‌بێته‌ هۆی تیاچوونی مافێكی، وزیانێكی پێ نه‌گه‌یه‌نێ، ئه‌گه‌ر كارگه‌ر بوو 

له‌كاره‌كه‌ی دوای نه‌خات، و ئه‌گه‌ر جووتیار بوو له‌جووته‌كه‌ی دوای نه‌خات، وئه‌گه‌ر قوتابی بوو زیان له‌ده‌رسه‌كه‌ی نه‌دا، و له‌ئه‌ركه‌كانی دوای نه‌خات. هه‌روه‌ك ئیمامی نه‌وه‌وی له‌شه‌رحه‌كه‌یا ده‌فه‌رموێ: رێزی به‌رۆژووبوون له‌پێناوی خوادا گه‌وره‌یه‌، ئه‌م خێره‌ بۆ ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ به‌رۆژووبوونه‌كه‌ زیانیان پێ نه‌گه‌یه‌نێ، و به‌بۆنه‌ی ئه‌و رۆژووه‌وه‌ مافێك له‌ناو نه‌چێت. 

جا ئه‌مه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، و به‌تایبه‌تیش، شه‌شه‌ی شه‌شه‌لان ونۆمینه‌ی حاجیان و ئه‌وانه‌ی تریش كه‌له‌م بابه‌ته‌ن خه‌ڵاتن و بۆ باوه‌رداران ئاماده‌ كراوون. 



شه‌شه‌ی شه‌شه‌ڵان:

پێغه‌مبه‌ر دروودی خوای لێ بێ رۆژانێكی له‌ناو مانگه‌كاندا هه‌ڵبژاردووه‌، و گه‌وره‌یی خێری به‌رۆژووبوونی له‌و رۆژانه‌دا باسكردووه‌، یه‌كێ له‌وانه‌ رۆژووی شه‌شه‌ڵانه‌، شه‌شه‌ڵان بریتییه‌ له‌ شه‌ش رۆژه‌ی دوای جه‌ژنی ره‌مه‌زان..له‌و باره‌وه‌ چه‌ند فه‌رمووده‌یه‌كمان له‌ كتێبه‌ ساغ و دروسته‌كانی فه‌رمووده‌وه‌ پێگه‌یشتووه‌.



وه‌ك ئه‌و فه‌رمووده‌ی كه‌ ئیمامی موسلیم له‌ئه‌بو ئه‌ییوبی ئه‌نسارییه‌وه‌ خوا لێی رازی بێت بۆمان ده‌گێرێته‌وه‌ كه‌: پێغه‌مبه‌ر دروودی خوای لێ بێ فه‌رموویه‌تی: ئه‌وه‌ی ره‌مه‌زان به‌رۆژووبێ، و پاش ئه‌وه‌ شه‌ش رۆژ له‌شه‌شه‌ڵان به‌شوێنیا به‌ رۆژووبێ، وه‌ك به‌رۆژووبوونی ته‌واوی ساڵ وایه‌.. عَنْ أَبی أَیّوبَ اڵانْصَاریّ رَضیَ اللَّه عَنْه: أَنَّ رَسولَ اللَّه صلی اللـه‌ علیه‌ واله‌ وسلم قَالَ: مَنْ صَامَ رَمَضَانَ ثمَّ أَتْبَعَه ستًّا منْ شَوَّال كَانَ كَصیَام الدَّهْر (2). ترمزی و ئه‌بوداودیش هه‌مان فه‌رمووده‌یان ریوایه‌ت كردووه‌.



ئیمامی نه‌وه‌وی له‌شه‌رحی ئه‌م فه‌رمووده‌یه‌دا ده‌فه‌رموێ: ئه‌مه‌ به‌ڵگه‌یه‌كی ئاشكرایه‌ بۆ مه‌زه‌بی شافیعی و ئه‌حمه‌د و داودی زاهیری و هاورفاكانیان كه‌ رۆژووی ئه‌م شه‌ش رۆژه‌ سوننه‌ته‌. به‌ڵگه‌ش له‌سه‌ر سوننه‌تبوونیان ئه‌م فه‌رمووده‌ ئاشكراو دروسته‌یه‌، خۆ ئه‌گه‌ر سه‌لمێنرا كه‌ فه‌رمووده‌كه‌ دروسته‌، به‌ واز لێهێنانی هه‌ندێ كه‌س، یا ژماره‌یه‌كی زۆر، وازی لێناهێنرێ. ئه‌و بۆچوونه‌شیان كه‌ئه‌ڵێن: تا خه‌ڵكی به‌ واجبی نه‌زانێ، به‌ رۆژووه‌ سوننه‌ته‌كانی تری وه‌ك رۆژی عه‌ره‌فه‌ و عاشوورا په‌رچ ئه‌درێته‌وه‌.(3)



ئه‌وه‌ی ئه‌یه‌وێ به‌رۆژوو بێ، به‌لای شافیعییه‌كانه‌وه‌ باشتر وایه‌ یه‌كسه‌ر پاش جه‌ژنی ره‌مه‌زان شه‌ش رۆژه‌كه‌ به‌رۆژوو بێ. به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ینی خست، یا له‌سه‌ره‌تای شه‌وواله‌وه‌ دوای خست بۆ كۆتایی مانگه‌كه‌، خێری ئه‌وه‌ی ده‌ست ئه‌كه‌وێ كه‌له‌دوای ره‌مه‌زانه‌وه‌ ئه‌وشه‌ش رۆژه‌ی گرتووه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ی تیا هاتۆته‌دی كه‌ له‌پاش ره‌مه‌زانه‌وه‌ شه‌ش رۆژی له‌ شه‌شه‌ڵان گرتووه‌.. 

له‌ناو حه‌نه‌فییه‌كانا (ته‌حاوی- طحاوی)ش پێی وایه‌ كه‌ رۆژووی شه‌ش رۆژه‌ی شه‌شه‌ڵان سوننه‌ته‌، و ئه‌وه‌ته‌ له‌ موشكیلول ئاساردا ئه‌فه‌روێ: پێغه‌مبه‌ر دروودی خوای لێ بێ خه‌ڵكی هانداوه‌ بۆ رۆژووی شه‌ش رۆژ له‌ شه‌وال، و كرده‌وه‌ی چاكه‌ش یه‌ك به‌ده‌ پاداشتی هه‌یه‌، هه‌روه‌ك خوا ده‌فه‌رموێ: مَن جَاء بالْحَسَنَة فَلَه عَشْر أَمْثَالهَا (4) ئه‌وه‌ی چاكه‌یه‌ك بكات ده‌ به‌رامبه‌ر پاداشتی هه‌یه‌.. له‌گه‌ڵ رۆژووی ره‌مه‌زاندا په‌روه‌ردگار كردوویه‌تی به‌ كه‌فاره‌تی گوناهی ته‌واوی ساڵه‌كه‌.(5)



چاكه‌ یه‌ك به‌ ده‌یه‌:

بوخاری و موسلیم له‌فه‌رمووده‌یه‌كی دروستا بۆمان باس ئه‌كه‌ن كه‌ پێغه‌مبه‌ر دروودی خوای لێ بێ به‌ عه‌بدوڵڵای كوری عه‌مری فه‌رمووه‌: صمْ منَ الشَّهْر ثلاثَة أیَّام، إنَّ الحَسَنَةَ بعَشْر أمْثالهَا، وَذلكَ مثل صیام الدَّهْر (6) واته‌:له‌هه‌ر مانگێكا سێ رۆژ به‌رۆژووبه‌، چاكه‌ش پاداشتی یه‌ك به‌ده‌یه‌، ئه‌مه‌ش وه‌ك رۆژووی ته‌واوی ساڵ وایه‌..

زانایان فه‌رموویانه‌: بۆیه‌ وه‌ك رۆژووی ته‌واوی ساڵه‌كه‌ وایه‌، چونكه‌ چاكه‌ به‌ ده‌ به‌رامبه‌ری خۆیه‌تی، به‌و پێیه‌ ره‌مه‌زان خێری ده‌مانگی هه‌یه‌، و شه‌ش رۆژه‌كه‌شی دوو مانگ ، ئه‌وا بووبه‌ ساڵێك، جا ئه‌وه‌ی هه‌موو ساڵێك ئاوه‌ها بكات, وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ هه‌میشه‌ به‌رۆژوو بووبێت.. 



نۆمینه‌ی حاجیان:

له‌باره‌ی نۆمینه‌ی حاجیانیشه‌وه‌ كۆمه‌ڵێ فه‌رمووده‌ی ساغ و دروست هه‌ن كه‌ روونیان كردۆته‌وه‌ كرده‌وه‌ی چاكه‌ له‌و نۆ رۆژه‌ی زیلحیججه‌دا خێرێكی گه‌وره‌ی هه‌یه‌، و به‌تایبه‌ت رۆژووگرتن له‌ رۆژی عه‌ره‌فه‌دا، له‌باره‌ی كرده‌وه‌ی چاكه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ترمزی ئه‌م فه‌رمووده‌ ساغ ودروسته‌مان بۆ باس ئه‌كات:



" عَنْ ابْن عَبَّاس قَالَ: قَالَ رَسول اللَّه صل اللـه‌ علیه‌ واله‌ وسلم: مَا منْ أَیَّام الْعَمَل الصَّالح فیهنَّ أَحَبّ إلَى اللَّه منْ هَذه اڵایَّام الْعَشْر، فَقَالوا یَا رَسولَ اللَّه: وَلا الْجهَاد فی سَبیل اللَّه فَقَالَ رَسول اللَّه صل اللـه‌ علیه‌ واله‌ وسلم: وَلا الْجهَاد فی سَبیل اللَّه، إلا رَجلٌ خَرَجَ بنَفسه وَمَاله فَلَمْ یَرْجعْ منْ ذَلكَ بشَیْء(7). واته‌: ئیبنو ئیبنو عه‌بباس خوا لێیان رازی بێ ده‌فه‌رموێ: پێغه‌ممه‌ر دروودی خوای لێ بێ فه‌رمووی: له‌ هیچ رۆژێكدا هیچ كرده‌وه‌یه‌كی چاكه‌ نییه‌ لای خوا خۆشه‌ویستربێ له‌كرده‌وه‌ی چاكه‌ی ئه‌م ده‌رۆژه‌.. عه‌رزیان كرد ئه‌ی پێغه‌ممه‌ری خوا! جیهاد له‌رێی خوایشدا؟ فه‌رمووی: جیهاد له‌رێی خوایشدا، مه‌گه‌ر جیهادی پیاوێك به‌سه‌رو ماڵه‌وه‌ بروات و له‌رێی خوادا به‌ختیان بكات و نه‌گه‌رێته‌وه‌.



خوایش له‌قورئانا سوێندی به‌گه‌وره‌یی ئه‌م ده‌رۆژه‌ خواردووه‌ و فه‌رموویه‌تی: وَالْفَجْر وَلَیَال عَشْر (8) واته‌: سوێند به‌كاتی به‌ره‌به‌یان، و ده‌ شه‌وه‌كه‌. به‌شی زۆری زانایان ده‌فه‌رموون: مه‌به‌ست له‌م ده‌ شه‌وه‌، ده‌ شه‌وی سه‌ره‌تای مانگی زیلحیججه‌یه‌.. 

له‌باره‌ی رۆژووی نۆ رۆژی سه‌ره‌تای زیلحیججه‌وه‌ هه‌ندێ فه‌رمووده‌ی دروست هاتوون، به‌تایبه‌ت ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ی كه‌ نه‌سائی و ئه‌حمه‌د له‌ حه‌زره‌تی حه‌فسه‌وه‌ ریوایه‌تیان كردووه‌، كه‌ فه‌رموویه‌تی: أَرْبَعٌ لَمْ یَكنْ یَدَعهنَّ رَسول اللَّه صل اللـه‌ علیه‌ واله‌ وسلم: صیَام عَاشورَاءَ ، وَالْعَشْر ، وَثَلاثَة أَیَّام منْ كلّ شَهْر، وَالرَّكْعَتَیْن قَبْلَ الْغَدَاة چوار شت هه‌ن كه‌ پێغه‌ممه‌ردروودی خوای لێ بێ وازی لێ نه‌هێناون: رۆژووی عاشوورا، و ده‌رۆژه‌كه‌ی زیلحیججه‌، و سێ رۆژ له‌هه‌ر مانگێكدا، و دووركاتی پێش نوێژی به‌یانی.(9). 



به‌ڵام ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ی كه‌ له‌وباره‌وه‌ له‌ ئه‌بو 

هوره‌یره‌وه‌ ریوایه‌ت كراوه‌: عَنْ أَبی هرَیْرَةَ عَنْ النَّبیّ صل اللـه‌ علیه‌ واله‌ وسلم قَالَ: مَا منْ أَیَّام أَحَبّ إلَى اللَّه أَنْ یتَعَبَّدَ لَه فیهَا منْ عَشْر ذی الْحجَّة، یَعْدل صیَام كلّ یَوْم منْهَا بصیَام سَنَة، وَقیَام كلّ لَیْلَة منْهَا بقیَام لَیْلَة الْقَدْر .(10) ترمزی له‌كوۆتاییه‌كه‌یا ده‌فه‌رموێ: فه‌رمووده‌یه‌كی لاوازه‌.



له‌ فه‌رمووده‌یه‌كدا ئه‌بوداود له‌ دایكی موسوڵمانان ئوممو سه‌له‌مه‌وه‌ ریوایه‌تی ئه‌كات كه‌ پێغه‌مبه‌ردروودی خوای لێ بێ له‌ نۆی زیلحیججه‌دا به‌رۆژوو بووه‌. وقالت أم سلمة رضی الله عنها: كَانَ رَسول اللَّه صل اللـه‌ علیه‌ واله‌ وسلم یَصوم تسْعَ ذی الْحجَّة وَیَوْمَ عَاشورَاءَ.(11) واته‌: ئوممو سه‌له‌مه‌ خوا لێی رازی بێ، فه‌رمووی: پێغه‌ممه‌ر دروودی خوای لێ بێ رۆژی نۆیه‌می زیلحیججه‌، و رۆژی عاشوورا به‌رۆژوو ئه‌بوو..



ئه‌م فه‌رموودانه‌ هه‌موو به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر سوونه‌ت بوونی رۆژووگرتن له‌ سه‌ره‌تای مانگی زیلحیججه‌دا.

له‌موسنه‌دی ئه‌حمه‌دا ئه‌م فه‌رمووده‌یه‌ له‌ئیبنو عومه‌ره‌وه‌ ریوایه‌ت ده‌كات كه‌ پێغه‌ممه‌ر دروودی خوای لێ بێ فه‌رموویه‌تی: مَا منْ أَیَّام أَعْظَم عنْد اللَّه, وَلا أَحَبّ إلَیْه الْعَمَل فیهنَّ, منْ هَذه اڵایَّام الْعَشْر, َفأَكْثروا یهنَّ منْ التَّهْلیل وَالتَّكْبیر وَالتَّحْمید (12). واته‌: هیچ رۆژێ نییه‌ كردوه‌ی چاكه‌ تیایا لای خوا خێرترو خۆشه‌ویستربێ له‌م ده‌رۆژه‌ی زیلحیججه‌، ئێوه‌ لائیلاهه‌ ئیلله‌ڵلا و ئه‌ڵلاهو ئه‌كبه‌ر، وئه‌لحمدو لیللای زۆری تیا بكه‌ن.(13)



له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌بینین كه‌ ئیبنو عومه‌ر له‌ زیلحیججه‌دا به‌رۆژوو نه‌ ئه‌بوو، هه‌روه‌ك ته‌حاوی به‌سه‌نه‌دی خۆی له‌(عبد الرحمن بن یزید)ه‌وه‌ ریوایه‌تی ده‌كات كه‌ عه‌بدوڵلای كوری عومه‌ر جگه‌ له‌ره‌مه‌زان له‌وانه‌یه‌ به‌رۆژوونه‌بووبێ، (ئه‌وه‌نده‌ كه‌م به‌رۆژوو بووه‌)و ئه‌گه‌ر به‌رۆژووبووبێ له‌هه‌ر مانگێكا سێ رۆژ به‌رۆژوو بووه‌ و فه‌رموویه‌تی: ئه‌گه‌ر من به‌رۆژووببم، بۆنوێژ لاوازئه‌بم، و نوێژیش به‌لامه‌وه‌ له‌ رۆژوو خۆشه‌ویستره‌.(14) له‌وانه‌یه‌ بۆیه‌ وای كردبێ چونكه‌ به‌پێی فه‌رمووده‌كه‌ی پێغه‌ممه‌ردروودی خوای لێ بێ ئه‌وه‌ی سێ رۆژ به‌رۆژووبێ له‌ هه‌رمانگێكا خێری ته‌واوی ساڵه‌كه‌ی هه‌یه‌،و وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ كه‌هه‌میشه‌ به‌رۆژوو بووبێ، بۆیه‌ رۆژووی تری نه‌گرتبێ. خوا ئاگادار تره‌.



ئه‌وه‌ش كه‌ له‌ حه‌زره‌تی عائیشه‌وه‌ ریوایه‌ت كراوه‌ كه‌ فه‌رموویه‌تی: مَا رَأَیْت رَسولَ اللَّه صل اللـه‌ علیه‌ واله‌ وسلم صَائمًا فی الْعَشْر قَطّ (15) وفی روایه‌: أَنَّ النَّبیَّ صل اللـه‌ علیه‌ واله‌ وسلم لَمْ یَصمْ الْعَشْرَ.(16) واته‌: هه‌رگیز نه‌م بینوه‌ پێغه‌مبه‌ر دروودی خوای لێ بێ به‌رۆژوو بووبێ له‌ ده‌رۆژه‌ی زیلحیجه‌دا. زانایان ده‌فه‌رموون: ئه‌مه‌ له‌كاتێكا حه‌جی كردبێ، به‌ڵام كاتێ حه‌جی نه‌كردبێ، له‌ نۆیه‌مین رۆژیا كه‌ پێی ده‌گوترێ عه‌ره‌فه‌، پێغه‌ممه‌ردروودی خوای لێ بێ به‌رۆژوو بووه‌.. هه‌روه‌ك له‌ فه‌رمووده‌كه‌ی ئوممو سه‌له‌مه‌دا باسكرا.



ته‌حاوی ده‌فه‌رموێ: به‌رۆژوو نه‌بوونی پێغه‌ممه‌ردروودی خوای لێ بێ له‌و رۆژانه‌دا كه‌عائیشه‌ باسی كردووه‌ به‌هۆی مه‌شغووڵبوونی بووه‌ به‌شتێك له‌وه‌ گه‌وره‌تر.. بێگومان رۆژوو له‌و رۆژانه‌دا گه‌وره‌یی و فه‌زڵێكی وای هه‌یه‌ ئه‌وه‌ی توانای رۆژووگرتنی هه‌بێ و ئاره‌زووی لێ بێ ئه‌توانێ به‌رۆژووبێ، و هه‌ر چاكه‌یه‌كی تریش كه‌ ئینسان له‌خوا نزیك بكاته‌وه‌ با بیكات.(17) 



هه‌روه‌ها فه‌رموویانه‌: هه‌ڵده‌گرێ له‌به‌ر شتێكی وه‌ك سه‌فه‌ر یا نه‌خۆشی و له‌وبابه‌تانه‌ بووبێ، كه‌ حه‌زره‌تی عائیشه‌ نه‌یبینیوه‌، ئه‌مه‌ش وا ناگه‌یه‌نێ كه‌ئه‌و نه‌یبینییوه‌ ئیتر پێغه‌ممه‌ردروودی خوای لێ بێ نه‌یگرتبێ، چونكه‌ وا ده‌ر ئه‌كه‌وێ نه‌یان زانیوه‌ كه‌ پێغه‌ممه‌ر دروودی خوای لێ بێ له‌ سه‌ره‌تای زیلحیججه‌دا به‌رۆژوو بووبێ، هه‌روه‌ك ئه‌حمه‌د و نه‌سائی له‌حه‌زره‌تی حه‌فسه‌وه‌ ریوایه‌تیان كردووه‌ كه‌ پێغه‌ممه‌ردروودی خوای لێ بێ خۆی به‌رۆژوو بووه‌، و فه‌رمووده‌كه‌ش فه‌رمووده‌یه‌كی ساغ و دروسته‌: أَرْبَعٌ لَمْ یَكنْ یَدَعهنَّ رَسول اللَّه صل اللـه‌ علیه‌ واله‌ وسلم: صیَام عَاشورَاءَ ، وَالْعَشْر، وَثَلاثَة أَیَّام منْ كلّ شَهْر، وَالرَّكْعَتَیْن قَبْلَ الْغَدَاة شه‌وكانیش ده‌فه‌رموێ: فه‌رمووده‌كه‌ به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر خێری به‌رۆژووبوون له‌و ده‌رۆژه‌دا.(18)



ئه‌و خێره‌ گه‌وره‌و فراوانه‌ی كه‌ بۆ رۆژووی مانگی زیلحیججه‌ دانراوه‌ و له‌كورده‌واریدا به‌ نۆمینه‌ی حاجیان به‌ناوبانگه‌، رۆژووی نۆرۆژه‌ی سه‌ره‌تای ئه‌و مانگه‌یه‌، و له‌نێویشیا رۆژی عه‌ره‌فه‌، بۆ جگه‌ له‌و حاجیانه‌ی له‌كێوی عه‌ره‌فه‌دا ئه‌وه‌ستن، به‌ڵێ، رۆژوو بۆ هه‌مووكه‌س له‌هه‌شت رۆژه‌كه‌یا خێرێ گه‌وره‌ی هه‌یه‌، وله‌ رۆژی عه‌ره‌فه‌شدا بۆجگه‌ له‌حاجییه‌كان خێرێكی زۆر گه‌وره‌و فراوانی هه‌یه‌ هه‌روه‌ك پێغه‌ممه‌ر دروودی خوای لێ بێ مژده‌ی پێداوه‌ و له‌ كتێبه‌ دروسته‌كاندا ریوایه‌تكراوه‌.



رۆژووی عه‌ره‌فه‌: 

عَنْ أَبی قَتَادَةَ قَالَ: قَالَ رَسول اللَّه صل اللـه‌ علیه‌ واله‌ وسلم: ثَلاثٌ منْ كلّ شَهْر، وَرَمَضَان إلَى رَمَضَانَ فهَذَا صیَام الدَّهْر كلّه، صیَام یَوْم عَرََفةَ أَحْتَسب عَلَى اللَّه أَنْ یكَفرَ السَّنَةَ الَّتی قَبْلَه وَالسَّنَةَ الَّتی بَعْدَه، وَصیَام یَوْم عَاشورَاءَ أَحْتَسب عَلَى اللَّه أَنْ یكَفرَ السَّنَةَ الَّتی قَبْلَه.(19)

ئه‌بوقه‌تاده‌ خوا لێی رازی بێ، ده‌فه‌رموێ: پێغه‌مبه‌ر دروودی خوای لێ بێ فه‌رمووی: سێ رۆژ له‌هه‌ر مانگێكدا و رۆژووی ره‌مه‌زان، تا ره‌مه‌زانێكی تر، وه‌ك هه‌میشه‌ به‌رۆژووبوون وایه‌. تكام وایه‌(تكای ئه‌ویش لای خوا گیرایه‌) خوا به‌رۆژوو بوونی رۆژی عه‌ره‌فه‌ بكاته‌ كه‌فاره‌تی گوناهی ساڵی رابوردو و داهاتوو، و تكام وایه‌ خوا به‌رۆژووبوونی رۆژی عاشوورایش بكاته‌ كه‌فاره‌تی گوناهی ساڵی رابوردوو.



نه‌وه‌وی ده‌فه‌رموێ: مه‌به‌ست له‌گوناهی دووساڵه‌كه‌ گوناهی گچكه‌یه‌، و ئه‌و گوناهانه‌ش به‌ ئاوی ده‌ستنوێژ پاك ده‌بنه‌وه‌..ئه‌گه‌ر گچكه‌شی نه‌بێ، ئومێد وایه‌ گه‌وره‌ی پێ كه‌م ببێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی هیچ نه‌بوو، پله‌ی پێ به‌رز ده‌بێته‌وه‌.



له‌موسلیما به‌م شێوه‌یه‌ش هاتووه‌:له‌باره‌ی رۆژووی رۆژی عه‌ره‌فه‌وه‌ پرسیار له‌ پێغه‌مبه‌ردروودی خوای لێ بێ كرا ئه‌ویش فه‌رمووی: ئه‌بێته‌ كه‌فاره‌تی گوناهی ساڵی رابوردو داهاتوو. وَسئلَ عَنْ صَوْم یَوْم عَرَفَةَ فَقَالَ: یكَفر السَّنَةَ الْمَاضیَةَ وَالْبَاقیَةَ.(20)



3. ترمزیش به‌شێوه‌ی فه‌رمووده‌ی یه‌كه‌می موسلیم ریواه‌تی كردووه‌: عَنْ أَبی قَتَادَةَ:أَنَّ النَّبیَّ صل اللـه‌ علیه‌ واله‌ وسلم قَالَ: صیَام یَوْم عَرَفَةَ إنّی أَحْتَسب عَلَى اللَّه أَنْ یكَفرَ السَّنَةَ الَّتی قَبْلَه وَالسَّنَةَ الَّتی بَعْدَه قَالَ أَبو عیسَى: حَدیث أَبی قَتَادَةَ حَدیثٌ حَسَنٌ، وَقْد اسْتَحَبَّ أَهْل الْعلْم صیَامَ یَوْم عَرَفَةَ إلا بعَرَفَة.(21)

واته‌: ئه‌بو قه‌تاده‌ له‌پێغه‌مبه‌ره‌وه‌ دروودی خوای لێ بێ ریوایه‌تی كردووه‌ كه‌فه‌رموویه‌تی: تكام وایه‌(تكای ئه‌ویش لای خوا گیرایه‌) خوا رۆژووی رۆژی عه‌ره‌فه‌ بكاته‌ كه‌فاره‌تی گوناهی ساڵی رابودو وساڵی داهاتوو. هه‌روه‌ها ترمزی فه‌رموویه‌تی: ئه‌م فه‌رمووده‌یه‌ی ئه‌بوقه‌تاده‌ ریوایه‌تی كردووه‌ فه‌رمووده‌یه‌كی حه‌سه‌ن، واته‌: جوان و شیرینه‌، و زانایان رۆژووی رۆژی عه‌ره‌فه‌یان پێ خێره‌، بۆ ئه‌وانه‌ نه‌بێ كه‌ له‌عه‌ره‌فه‌دان، واته‌له‌حه‌جدان..



خاوه‌نی توحفه‌تول ئه‌حوزی ده‌فه‌رموێ: ئه‌گه‌ر بڵێن: هۆی چییه‌ رۆژووی عه‌ره‌فه‌ گوناهی دووساڵ پاك ئه‌كاته‌وه‌، و رۆژووی عاشوورا گوناهی ساڵێك؟ ئه‌ڵێن: هۆی ئه‌وه‌یه‌ عاشوورا له‌ شه‌ریعه‌تی مووسادا بووه‌، و رۆژووی عه‌ره‌فه‌ له‌شه‌ریعه‌تی موحه‌ممه‌دایه‌ سڵاوی خوایان لێ بێ. شێخی ئیبنو حه‌جه‌ر له‌ فه‌تحدا ده‌فه‌رموێ: موسلیم له‌ فه‌رمووده‌ی ئه‌بو قه‌تاده‌وه‌ ریوایه‌تی كردووه‌ كه‌ رۆژووی عاشوورا گوناهی ساڵێك ئه‌بات، و رۆژووی عه‌ره‌فه‌ش گوناهی دووساڵ، دیاره‌ كه‌رۆژووی عه‌ره‌فه‌ گه‌وره‌ترو خێرتره‌ له‌رۆژووی عاشورا..له‌حیكمه‌تی ئه‌وه‌دا فه‌رموویانه‌: عاشوورا ئه‌درێته‌ پاڵ موسا، و عه‌ره‌فه‌ش ئه‌درێته‌ پاڵ موحه‌ممه‌د دروودی خوای لێ بێ، بۆیه‌ ئه‌م له‌و گه‌وره‌تره‌. و خواش زانا تره‌..



كه‌وابوو



1. رۆژووی شه‌ش رۆژه‌ی شه‌شه‌ڵان، خێرێكی گه‌وره‌یه‌و هه‌ركه‌س به‌رۆژووبێ، وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ ته‌واوی ساڵه‌كه‌ به‌رۆژووبووبێ، و ئه‌وه‌ی بیكاته‌ عاده‌تی ساڵانه‌ی خۆی، خێره‌كه‌ی وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ هه‌میشه‌ به‌رۆژوو بووبێ..



2. له‌باره‌ی نۆ رۆژه‌ی پێش جه‌ژنی قوربانه‌وه‌ ئه‌و فه‌رمووده‌ ساغ و دروسته‌ هه‌یه‌ كه‌ ده‌فه‌رموێ: هیچ كرده‌وه‌یه‌كی چاكه‌ له‌هیچ رۆژێكدا لای خوا خۆشه‌ویستر نییه‌ له‌كرده‌وه‌ی چاكه‌ی ئه‌و ده‌رۆژه‌.



3. به‌رۆژووبوونی نۆ رۆژه‌ی پێش جه‌ژنی قوربان كه‌ نۆمینه‌ی حاجیانی پێ ئه‌وترێ، سوننه‌ته‌و له‌حه‌زره‌تی حه‌فسه‌وه‌ ریوایه‌ت كراوه‌، و فه‌رمووده‌كه‌ش ساغ و دروسته‌.. 



4. به‌رۆژووبوون له‌ نۆیه‌م رۆژی زیلحیججه‌دا كه‌رۆژی عه‌ره‌فه‌یه‌ به‌پێی فه‌رمووده‌ی ساغ و دروست، ده‌بێته‌ هۆی پاككردنه‌وه‌ی گوناهی ساڵی رابوردو و داهاتوو. من له‌و بروایه‌دام ئه‌و گوناهانه‌ی په‌یوه‌ندیان به‌مافی خه‌ڵكییه‌وه‌ نه‌بێ، به‌و رۆژووه‌ خوا لێی خۆش ئه‌بێ..(خواش زاناتره‌).



خوا یارمه‌تیده‌رمان بێ بتوانین ئه‌و كاره‌ ئاسانانه‌ ئه‌نجام بده‌ین، تا ئه‌وخێره‌ گه‌ورانه‌ به‌ده‌ست بێنین..


.................................

1- أخرجه البخاری فی كتاب الجهاد والسیر/باب فضل الصوم فی سبیل الله، ص:577، برقم:2628. و مسلم فی الصیام/باب فضل الصیام فی سبیل الله لمن یطیقه بلا ضرر، ص: 486، برقم: 1949.

2- أخرجه مسلم فی كتاب الصیام/باب استحباب صوم ستة أیام من شوال، ص: 494، برقم:1984. و أخرجه الترمذی فی كتاب الصوم/باب ماجاء فی صیام ستة أیام من شوال، برقم:690. و أخرجه أبوداود فی كتاب الصوم / باب صوم ستة أیام من شوال.برقم: 2078. 

3- مه‌به‌ست له‌وانه‌ مالیك وحه‌نه‌فییه‌كانه‌، كه‌ پێیان وایه‌ رۆژووی شه‌شه‌لاَن كه‌راهه‌تی هه‌یه‌..تا خه‌ڵكی به‌واجبی نه‌زانن. مالیك له‌مووه‌تته‌ئا فه‌رموویه‌تی: نه‌مدیوه‌ یه‌كێ له‌ زانایان له‌ شه‌شه‌لاَندا به‌رۆژووبووبێت ، أخرجه مالك فی كتاب الصیام / باب جامع الصیام، قبل كتاب الإعتكاف. 

4- سورة الأنعام/ 160.

5- راجع الطحاوی فی مشكل الآثار/ باب بیان ما روی "من صام شهر رمضان ثم أتبعه... ".

6- أخرجه البخاری فی الصوم/باب صوم الدهر،ص:390، برقم:1840. ومسلم فی كتاب الصیام/باب النهی عن صوم الدهر برقم: 1962.

7- أخرجه الترمذی أخرجه فی كتاب الصوم/باب ماجاء فی العمل فی الأیام العشر، برقم: 688. و أبوداود فی كتاب الصوم/باب فی صوم العشر تطوعا ، برقم: 2082.

8- سورة الفجر/1، 2 . هه‌ندێكیش فه‌رموویانه‌: مه‌به‌ست ده‌ شه‌وی كۆتایی مانگی ره‌مه‌زانه‌. 

9- أخرجه النسائی فی الصیام/باب كیف یصوم ثلاثة أیام من كل شهر، برقم: 2373، وأحمد فی باقی مسند الأنصار/مسند حفصة. 

10- أخرجه الترمذی فی كتاب الصوم/باب ماجاء فی العمل فی الأیام العشر.برقم: 689. وهذا حدیث ضعیف ، لأن فی سنده مسعود بن واصل , وهو لین الحدیث , وفیه نهاس بن قهم، وهو ضعیف أیضا.

11- أخرجه أبوداود فی كتاب الصوم/باب فی صوم العشر تطوعا. برقم:2081. و أخرجه النسائی وأحمد أیضا. 

12- أخرجه أحمد فی مسند المكثرین من الصحابة/ مسند عبد الله بن عمر، برقم: 5189 و 5879.

13- عون المعبود شرح سنن أبی داود/ كتاب الصیام/باب صوم یوم العشر.

14- راجع الطحاوی فی مشكل الآثار/ باب بیان ما روی فی صیام العشر الأول من ذی الحجة.

15- أخرجه مسلم فی الاعتكاف/باب صوم عشر ذی الحجة، ص:500، برقم:2010، والترمذی فی الصوم/باب ماجاء فی صیام العشر برقم: 687. 

16- أخرجه مسلم فی كتاب الاعتكاف/باب صوم عشر ذی الحجة، ص:500، برقم: 2011. 

17- راجع مشكل الآثار للطحاوی /باب بیان ما روی فی صیام العشر الأول من ذی الحجة.

18- راجع نیل الأوطار للشوكانی كتاب الصیام/أبواب صوم التطوع/ باب صوم عشر ذی الحجة.

19- أخرجه مسلم فی كتاب الصیام/باب استحباب صیام ثلاثة أیام من كل شهر.ص:492، برقم: 1976. و أبوداود فی كتاب الصوم/باب فی صوم الدهر تطوعا. برقم: 2071.

20- أخرجه مسلم فی كتاب الصیام/باب استحباب صیام ثلاثة أیام من كل شهر.ص: 492، برقم: 1977.

21- أخرجه الترمذی فی كتاب الصوم/باب ماجاء فی فضل صوم یوم عرفة. برقم:680.
          

صفحات سایت

پیچک