ماڵپه‌ری ئیسلام كورد
Rss
Logo
ADS
زاراوه‌كانی قیرائات

مه‌تنی تحفة الأطفال

ته‌فسیری قورئانی پیرۆز

شێوازی نوێژی پێغه‌مبه‌ر

ئامۆژگاری بۆ موسڵمانان

كاتی بانگه‌كان&بانكبێژان

24 كاتژمێر راسته‌وخۆ

ئاماری ماڵپه‌ر
میوانانی سه‌رهێل

ژماره‌ى سه‌ردانه‌كان

ڕاپرسی ماڵپه‌ر
ئایا تا ئێستا سوودت له‌ ماڵپه‌ری ئیسلام كورد بینیوه‌؟؟؟

ماڵپه‌ره‌ كۆنه‌كه‌مان
عه‌لمانیه‌ت بناسه‌
گێژاوی مه‌دخه‌لیزم
مێژووی انصار الاسلام
فیرعه‌ونی زه‌مان و قه‌یرانی...

 

 

 

ئه‌م بابه‌ته‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌
له‌ به‌شی : وێــرد و پارانــه‌وه‌,

 

ئیلاهی‌! له‌وه‌ كه‌مترم بمخه‌یته‌ به‌ر سنگی‌ دۆزه‌خته‌وه‌


ئاماده‌كردنی: مودریك على عارف

پێشكه‌شه‌ به‌و ئازیزانه‌ی‌ كه‌ له‌ (میحنه‌ت)دا ئارامگر و له‌ (مینحه‌)شدا سوپاسگوزارن.

خوایه‌گیان! ئه‌ی‌ میهره‌بانێك كه‌ تروسكه‌ی‌ میهره‌بانیت به‌خشیوه‌ته‌ میهره‌بانان! میهرت ببه‌خشه‌ به‌و به‌ندانه‌شت كه‌ تینووی‌ قومێك له‌ میهری‌ گیانبه‌خشتن، ده‌رفه‌تمان بده‌ له‌ خه‌ڵوه‌تێكی‌ عاریفانه‌دا بێینه‌ دیوانت و چه‌ند هه‌ناسه‌ نزا و تكایه‌كمانت پێشكه‌ش بكه‌ین، مۆڵه‌تمان بده‌ ڕاز و نیازه‌كانمانت بۆ باس بكه‌ین و تۆش به‌ لوتف و میهری‌ فراوانت ڕازه‌كانمان ببیسته‌ و نیازه‌كانمان به‌راورده‌ بكه‌.
ئه‌ی‌ به‌راورده‌كاری‌ نیازه‌كان! گه‌وره‌ترین نیازمان ناز و نه‌وازشی‌ تۆیه‌، مه‌زنترین ڕازمان دڵداری‌ و دڵنه‌وایی‌ كردنی‌ تۆیه‌ بۆمان، جوانترین خه‌لاَتێك كه‌ پێمان ببه‌خشی‌ نیگایه‌كی‌ ڕه‌حمه‌ت و ڕه‌زا و ڕیزوان و لیقای‌ ڕۆژانی‌ هه‌ینییه‌ له‌ په‌نای‌ عه‌رشی‌ بڵند و فراوانتدا، ده‌سا خوایه‌گیان! به‌و میهره‌ بێ‌ ئه‌ندازه‌ی‌ خۆت لوتف بفه‌رموو و شایسته‌ی‌ ئه‌و نیاز و داوایانه‌مان بكه‌، ڕوخسارمان نورانی‌ بكه‌ به‌لیقات، تینوویه‌تیمان بشكێنه‌ به‌ مه‌حه‌ببه‌تت، گیانمان پێ‌ ببه‌خشه‌وه‌ به‌ ڕه‌زا و ڕیزوانت.

ئه‌ی‌ مه‌عشوقی‌ ئه‌زه‌لی‌ و وه‌ی‌ مه‌حبوبی‌ ئه‌به‌دی‌! ئێمه‌ به‌نده‌ین و تۆ خوایت، ئێمه‌ نیازمه‌ندین و تۆ به‌راورده‌كاری‌ نیاز، ئێمه‌ ئاتاج و بێ‌ ده‌سه‌لاَتین و تۆ ده‌وڵه‌مه‌ند و ده‌سه‌لاَتدار، ئێمه‌ گوناهبارین و تۆ گوناهبه‌خش و لێبورده‌ و پۆشنده‌ی‌ خه‌تا، ئێمه‌ سته‌مكارین و تۆ عادل و دادپه‌روه‌ر، ئێمه‌ ده‌رده‌دارین و تۆ شیفابه‌خش، ئێمه‌ نه‌دار و هه‌ژارین و تۆ ده‌هه‌نده‌ی‌ دلاَوا، ئێمه‌ بێ‌ نازین و تۆ نازبه‌خش، ئێمه‌ دڵشكسته‌ین و تۆ دڵنه‌وایی‌ كار، ئێمه‌ ده‌رده‌دارێكی‌ دڵكزین و تۆ باشترین دڵنه‌وایی‌ ده‌ر و دڵدار، ده‌سا به‌ میهری‌ خۆت دڵداری‌ و دڵنه‌واییمان بكه‌ ئه‌ی‌ ئه‌و كه‌سه‌ی‌ كه‌ دڵمان له‌ نێوان دوو ئه‌نگوستی‌ ڕه‌حمه‌ت و به‌زه‌ییتدایه‌.
ئه‌ی‌ زاتێك كه‌ دڵمان بچووكترین مه‌نزڵی‌ قابیل به‌ تۆیه‌! دڵمان بكه‌ره‌ مه‌سكه‌ن و عه‌رشی‌ عیشق و مه‌حه‌ببه‌تت، ئه‌م دڵه‌ بێ‌ دڵه‌مان ئاوه‌دان بكه‌ به‌ نووری‌ (ودّ) و خۆشه‌ویستی‌ و لوتف و كه‌ره‌مت، به‌ دڵداری‌ و دڵنه‌واییت دڵمان بده‌ره‌وه‌ و نازمان بكێشه‌ ئه‌ی‌ بێ‌ نیازی‌ به‌راورده‌كاری‌ ناز و نیاز.
ئه‌ی‌ ئه‌و زاته‌ی‌ به‌نده‌ یاخی‌ و گوناهباره‌كانیشت له‌ دڵسۆزی‌ و عیشقت بێ‌ به‌ش ناكه‌یت! تۆ هه‌میشه‌ و به‌رده‌وام به‌ گه‌وره‌یی‌ خۆت نیعمه‌ت و سۆز و دڵسۆزیت ـ وه‌ك وه‌شت و نمه‌ی‌ ڕه‌حمه‌ت ـ ده‌بارێنی‌ به‌سه‌ر ئێمه‌دا و چ شتێكمان لێ‌ داوا ناكه‌یت كه‌ سود به‌ خۆت بگه‌یه‌نێ‌ یاخود زیان به‌ ئێمه‌ بگه‌یه‌نێ‌.
ئیلاهی‌! ده‌روازه‌ی‌ ڕه‌حمه‌ت و سۆز و میهره‌بانیت له‌و كه‌س و ئازیزانه‌ بكه‌ره‌وه‌ كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ به‌ (میحنه‌ت)ی‌ نه‌خۆشی‌ و ناساغی‌ جه‌سته‌یی‌ ئازیز و خۆشه‌ویسته‌كانیان و به‌ (صه‌بر) و ئارامگرتنی‌ كه‌م وێنه‌یان، تاقییان ده‌كه‌یته‌وه‌.
په‌روه‌ردگارا! خۆت ئاگاداریت كه‌ ئه‌م به‌نده‌ خواپه‌رستانه‌ت (صابر)انه‌ش له‌م (میحنه‌)تانه‌دا ملكه‌چت بوون و عابیدانه‌ به‌ندایه‌تیان كردیت و ڕازین به‌ قه‌زا و ڕه‌زات، ئه‌وان له‌ ژێر باری‌ نه‌خۆشی‌ و ده‌رد و ئازاره‌ تاقه‌تپڕوكێنه‌كاندا هه‌ر ئارامگر و خۆڕاگرن و قه‌ت ناشوكری‌ و ناسوپاسیت ناكه‌ن، به‌ڵكو گاهێ‌ وه‌خت نه‌خۆشی‌ و ئازاره‌كانیش به‌ نیعمه‌ت و خه‌لاَتێكی‌ مه‌زن ده‌زانن، گه‌هگاهێكیش ئه‌و ده‌رد و ئازارانه‌ به‌ فه‌ڕ و به‌ره‌كه‌تی‌ ژیانیان ده‌زانن.
به‌لاَم خوایه‌گیان! خۆ ئه‌م ئازیزانه‌ ئه‌گه‌ر شاگرد و ڕۆڵه‌ی‌ (ئه‌ییوب) و (یه‌عقوب)ی‌ خۆشه‌ویستانیشت بن، ئه‌وا هه‌ر ده‌بێ‌ ڕۆژێ‌ لێت بپاڕێنه‌وه‌ و تكاكارانه‌ بێنه‌ حزوورت و به‌ شه‌رم و ئه‌ده‌به‌وه‌ تكا و نزای‌ عابیدانه‌یان به‌رز بكه‌نه‌وه‌ و وه‌ك حه‌زره‌تی‌ (ئه‌ییوب) بڵێن: رَبِّى أنِّى مسَّنِىَ الضُّرُّ وَأنْتَ أرْحَمُ الرّاحِمِین.] یاخود وه‌ك حه‌زره‌تی‌ (یه‌عقوب) كزۆلاَنه‌ بپاڕێنه‌وه‌ و ده‌ستی‌ تكا و نزایان به‌رز بكه‌نه‌وه‌ و بڵێن: [اِنَّمَا أَشْكُواْ بَثِّى وَحُزْنِى اِلَى اْللهِ..]ده‌سا خوایه‌گیان! وا منی‌ به‌نده‌ی‌ زاتی‌ میهره‌بانت و دۆستی‌ ئه‌و ئازیزانه‌ش، به‌ كۆڵێك گوناهو خه‌رمانێك له‌ تفاقی‌ كڵۆلاَنه‌ و دوو ده‌ستی‌ كزۆڵه‌وه‌، دێمه‌ ئاستانه‌ی‌ میهر و ڕه‌حمه‌تت و لێت ده‌پاڕێمه‌وه‌ و ده‌ڵێم:
ئه‌ی‌ شیفاده‌هه‌نده‌ی‌ ده‌رده‌داران و ئامێزی‌ ڕه‌حمه‌تی‌ ته‌ڵه‌بكاران! ئه‌زموون و تاقی‌ كردنه‌وه‌ و قۆناغی‌ سه‌بر و ئارامگرتنی‌ ئه‌و ئازیزانه‌ ته‌واو بكه‌ و بڕوانامه‌ی‌ قبوڵبوونیان پێ‌ ببه‌خشه‌ و (میحنه‌ت)ه‌كانیان له‌سه‌ر هه‌ڵگره‌ و بیانگوازه‌ره‌وه‌ بۆ قۆناغی‌ شوكر و سوپاسگوزاری‌، ئیدی‌ ئه‌مجاره‌یان به‌ (مینحه‌) و خه‌لاَت و به‌خششی‌ چاكبوونه‌وه‌ و شیفا و شوكر و سوپاسی‌ زاتی‌ (شافی‌)ت، وه‌ره‌ به‌ هانایانه‌وه‌ و ده‌رووی‌ خێری‌ خۆتیان لێ‌ ئاوه‌لاَ بكه‌، ئیدی‌ ئه‌و به‌ندانه‌ت دڵخۆش و شادومان بكه‌، له‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌شدا (تاقیكردنه‌وه‌ی‌ قۆناغی‌ شوكر و سوپاسگوزاری‌) سه‌ركه‌وتوویان بكه‌ و ئاسوده‌یی‌ و فه‌ره‌ح و سرور بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناو ماڵه‌ خوادۆستانه‌ و عاریفانه‌ و عاشقانه‌كانیان. 
ئیلاهی‌! ده‌زانم كه‌ به‌نده‌یه‌كی‌ گوناهبارم و قسور و گوناهم به‌ (خه‌روار و خه‌رمان)ه‌ و چاكه‌م به‌ (مشت و مه‌كۆ)یه‌، جا خه‌روار له‌ كوێ‌ و مشت له‌ كوێ‌؟! خه‌رمان له‌ كوێ‌ و مه‌كۆ له‌ كوێ‌؟!
به‌لاَم خوایه‌گیان! تۆ به‌ كرده‌وه‌ی‌ خۆم مامه‌ڵه‌م له‌گه‌ڵ مه‌كه‌ و به‌ كه‌ره‌می‌ بێ‌ سنوورت چاوی‌ ڕه‌حمه‌تت له‌م به‌نده‌یه‌ت ببڕه‌، ته‌نها یه‌ك نیگای‌ تۆ بۆ ئه‌م به‌نده‌یه‌ت به‌سه‌ كه‌ به‌خته‌وه‌ری‌ هه‌ردوو دونیای‌ بكه‌ی‌، لوتف بكه‌ و ئه‌و نیگایه‌ت له‌م به‌نده‌یه‌ت درێغ مه‌كه‌ و ئه‌و ناز و نه‌وازشه‌ت له‌م به‌نده‌ موحتاج و شه‌یدا و تامه‌زرۆیه‌ت مه‌گره‌وه‌ ئه‌ی‌ كه‌ریمی‌ كارساز.
په‌روه‌ردگارا! له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ده‌زانم ئه‌وه‌ وه‌زعی‌ حاڵی‌ شڕۆڵ و كۆڵی‌ كڵۆڵ و زمانی‌ (كۆته‌ڵ كۆ)مه‌، به‌لاَم ـ به‌ داوای‌ لێبوردنه‌وه‌ ـ ڕێگه‌ به‌ خۆم ده‌ده‌م بێمه‌ حزورت و لێت بپاڕێمه‌وه‌ و داوای‌ به‌ هاناوه‌ هاتن و ئاوڕدانه‌وه‌ی‌ ڕه‌حمه‌تت لێ‌ بكه‌م بۆ خۆم، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده‌، به‌ڵكو داوا و نیازی‌ به‌نده‌كانی‌ دیكه‌شت بهێنمه‌ دیوانت و له‌ بری‌ ئه‌وانیش بكڕوزێمه‌وه‌ و خۆم له‌به‌رده‌م ده‌سه‌لاَتی‌ خوایانه‌ و میهره‌بانانه‌تدا بده‌م به‌ زه‌ویدا و سه‌ری‌ سوجده‌ و كڕنوشت بۆ دانه‌وێنم.
خوایه‌گیان! ئه‌ی‌ خۆشه‌ویستر له‌ گیان و گیانبه‌خشی‌ به‌نده‌ی‌ بێ‌ گیان! سوێندت ده‌ده‌م به‌ زاتی‌ پاكت، به‌ ده‌سه‌لاَتت، به‌ میهر و مه‌حه‌ببه‌تت، به‌ لوتف و كه‌ره‌مت، ئه‌م تكا و نزا و پاڕانه‌وانه‌م قبوڵ بكه‌ و هه‌موو ئه‌و خۆشه‌ویستانه‌ی‌ كه‌ دڵم بۆیان هه‌ڵده‌قرچێ‌ و چاوم بۆیان ده‌بێته‌ هه‌وری‌ به‌هاری‌ و ده‌ستم بۆیان به‌رز ده‌بێته‌وه‌ و زمانم نزاگۆیانه‌ بۆیان دێته‌گۆ، وه‌ره‌ به‌ هانایانه‌وه‌ و نیازه‌كانیان به‌راورده‌ بكه‌ و ئاوڕی‌ ڕه‌حمه‌تی‌ خۆتیان لێ‌ بده‌ره‌وه‌، تكا ده‌كه‌م ده‌سه‌لاَت و میهر و سۆزی‌ خوایانه‌ی‌ خۆتیان زیاتر نیشان بده‌، نیشانیان بده‌ كه‌ به‌شێكی‌ كه‌م له‌ به‌راورده‌ بوونی‌ نیازه‌كان په‌یوه‌ستن به‌ ئه‌سباب و هۆكاره‌وه‌، هه‌مووی‌ هه‌ر په‌یوه‌سته‌ به‌ لوتف و كه‌ره‌می‌ تۆوه‌، ئه‌سبابه‌كانیش هه‌ر خۆت نیشانیان ده‌ده‌یت و بۆیان فه‌راهه‌م ده‌كه‌یت.
خوایه‌گیان! ئه‌ی‌ ئه‌و زاته‌ی‌ كه‌ به‌نده‌كانت بێ‌ هیوا ناكه‌یت و هه‌میشه‌ به‌ سۆز و به‌زه‌یی‌ خۆت به‌سه‌ریان ده‌كه‌یته‌وه‌! دواجار و له‌ كۆتاییدا نزا و تكای‌ كۆتاییم دێنمه‌ دیوانت و منیش (له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌نده‌یه‌ت كه‌ له‌سه‌ر سه‌كۆیه‌كی‌ شاعیرانه‌ و به‌ هه‌ستێكی‌ عابیدانه‌ و له‌به‌ربه‌ده‌م حه‌شاماتێكدا ده‌پاڕایه‌وه‌) به‌م كزۆڵییه‌ی‌ خۆمه‌وه‌ ـ وه‌ك دۆستێكی‌ هه‌موو ئه‌و ئازیزانه‌ی‌ كه‌ به‌ نه‌خۆشی‌ و ناساغی‌ ئازیزه‌كانیان تاقییان ده‌كه‌یته‌وه‌ ـ تكای‌ به‌نده‌گی‌ و ئاتاجی‌ و گوناهباری‌ و كه‌مته‌رخه‌مییه‌كانم ده‌هێنمه‌ دیوانت و ئاتاجانه‌ لێت ده‌پاڕێمه‌وه‌ و ده‌ڵێم:
(ئیلاهی‌! من له‌وه‌ كه‌مترم بمخه‌یته‌ به‌ر سنگی‌ دۆزه‌خته‌وه‌.*) تۆ زۆر له‌وه‌ به‌سۆزتر و میهره‌بانتری‌ كه‌ ئه‌م به‌نده‌یه‌ت بخه‌یته‌ به‌ر سنگی‌ قه‌هر و زویری‌ و دۆزه‌خی‌ تاودراوته‌وه‌، تكا ده‌كه‌م به‌ كه‌ره‌م و لوتف و میهری‌ بێ‌ چوونته‌وه‌، بمخه‌ره‌ به‌ر ڕه‌زامه‌ندی‌ و مه‌حه‌ببه‌تت و ناو دڵی‌ (جه‌ننه‌ت)ی‌ خلودی‌ و نه‌مرییته‌وه‌، له‌وه‌ش زیاتر به‌ مه‌حه‌ببه‌ت و عیشقی‌ بێ‌ چوونت، نه‌ك له‌ كه‌ناری‌ به‌هه‌شتدا، به‌ڵكو له‌ (فیرده‌وس) و (عیللیین) و له‌ په‌نا ماڵی‌ (پێغه‌مبه‌ران و شه‌هیدان و ڕاستگۆیان و پیاوچاكان)دا نیشته‌جێم بكه‌ و ـ نه‌ك كه‌پر و كه‌ژاوه‌یه‌ك ـ به‌ڵكو كۆشكێكم پێ‌ ببه‌خشه‌، كۆشكێك كه‌ له‌ نێو باخه‌ گه‌وره‌كانی‌ (جَنَّاتُ عَدْنٍ)دا بێت، به‌ شێوه‌یه‌كیش كه‌ (تَجْڕی‌ مِنْ تَحْتِهَا اڵ‌نْهَارُ) و خاك و خۆڵی‌ زه‌وییه‌كه‌شی‌ وه‌ك كۆشكه‌كه‌ی‌ حه‌زره‌تی‌ (سوله‌یمان)ی‌ خۆشه‌ویستت (صَرْحٌ مُمَرَّدٌ مِنْ قَوَاڕیر) بێت، ئه‌ڵبه‌ته‌ خوایه‌گیان هه‌موو ئه‌مانه‌ش نه‌ك به‌ ته‌نیا، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ هه‌موو دۆست و خۆشه‌ویست و ئازیزه‌كانم و به‌نده‌ خۆشه‌ویست و خواناسه‌كانت، به‌ تایبه‌ت هه‌ژار و ده‌رده‌دار و به‌ ئازار و بێ‌ نه‌واو دڵداره‌كانت، ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ ڕۆژێك نییه‌ بیر و هۆشم له‌ لایان نه‌بێت  و ساتێكی‌ خه‌ڵوه‌ت و ته‌نیاییم نییه‌ خه‌می‌ ئه‌وان دڵم نه‌سوتێنێ‌ و خۆشی‌ و شادی‌ و ئاسوده‌ییم لێ‌ نه‌تۆرێنێ‌، ئه‌ڵبه‌ت ئه‌و خه‌م و په‌رێشانییه‌شم بۆ ئه‌و ئازیزانه‌ به‌ یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین نیعمه‌ت و خه‌لاَته‌كان ده‌زانم كه‌ تۆی‌ به‌خشنده‌ كه‌ریمانه‌ پێت به‌خشیووم. 


* تێبینی‌: ئه‌م ناونیشانه‌، بڕگه‌یه‌كه‌ له‌ كۆپله‌ شیعرێكی‌ عاریفانه‌ی‌ (ڕۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی‌) كچه‌ شاعیر، كه‌ وه‌ك میوان له‌ شه‌شه‌مین ڤیستیڤاڵی‌ (كوڵعه‌نبه‌ر) له‌ ڕۆژی‌ (19/7/2010)دا له‌ شارۆچكه‌ی‌ (خورماڵ) پێشكه‌شی‌ كرد
          

صفحات سایت

پیچک

ساخت وبلاگ در میهن بلاگ

شبکه اجتماعی فارسی کلوب | اخبار کامپیوتر، فناوری اطلاعات و سلامتی مجله علم و فن | ساخت وبلاگ صوتی صدالاگ | سوال و جواب و پاسخ | رسانه فروردین، تبلیغات اینترنتی، رپرتاژ، بنر، سئو