ماڵپه‌ری ئیسلام كورد
Rss
Logo
ADS
زاراوه‌كانی قیرائات

مه‌تنی تحفة الأطفال

ته‌فسیری قورئانی پیرۆز

شێوازی نوێژی پێغه‌مبه‌ر

ئامۆژگاری بۆ موسڵمانان

كاتی بانگه‌كان&بانكبێژان

24 كاتژمێر راسته‌وخۆ

ئاماری ماڵپه‌ر
میوانانی سه‌رهێل

ژماره‌ى سه‌ردانه‌كان

ڕاپرسی ماڵپه‌ر
ئایا تا ئێستا سوودت له‌ ماڵپه‌ری ئیسلام كورد بینیوه‌؟؟؟

ماڵپه‌ره‌ كۆنه‌كه‌مان
عه‌لمانیه‌ت بناسه‌
گێژاوی مه‌دخه‌لیزم
مێژووی انصار الاسلام
فیرعه‌ونی زه‌مان و قه‌یرانی...

 

 

 

ئه‌م بابه‌ته‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌
له‌ به‌شی : زانسـت و ئیعجاز,

 

چەند سەرنجێك لە ئاماژە گەردوونییەكانی قورئانی پیرۆز 


نوسینی: عبد الدائم الكحیل

ئەم هەواڵەش بەناوبانگترین پێگەی جیهانیی لەمەڕ بۆشایی (www.space.com) بڵاوی كردووەتەوە و خاوەنی ئەم دۆزینەوەیەش یەكێكە لە زانایانی بۆشایی كە ناسراوە بە پرۆفیسۆر (مارك ویتڵ) لە زانكۆی ڤێرجینیا.


گەردوون لە قۆناغی سەرەتادا كە گاز بووە و بڵاو بووەتەوە تاكو دواتر ئەستێرەكان پێكبهێنێت. ئەنجامەكەشی دەركردنی چەند شەپۆلێكی دەنگیی ئارام و لەسەرخۆ بووە!

ئەم زانایە لە توێژینەوەكەیدا سەلماندوویەتی كە كاتێك‌ گەردوون لە قۆناغەكانی سەرەتادا بووە، واتە لە قۆناغی گاز و تەپوتۆز و پلەی گەرمیی بەرزدا، چەند شەپۆلێكی دەنگیی دەركردووە! بوونی ئەو 

گازە چڕەی كە گەردوونی لـێ‌ پڕ بووە یارمەتیی بڵاوبوونەوەی ئەو شەپۆلە دەنگییانەی داوە، چونكە وەكو ناوەندێكی گونجاو كاری كردووە بۆ بڵاوبوونەوەی ئەو دەنگانە. ئەم دۆزینەوە زانستییە ئەنجامی لێكۆڵینەوەی ئەو زانایە بووە لە تیشكی مایكرۆوەیڤی باگراوندی گەردوون، لە قۆناغەكانی یەكەمی دوای تەقینەوە مەزنەكەدا.

ئەم هەواڵە زانستییەش بۆ یەكەم جار جێی سەرسووڕمانە! چونكە ئایا گەردوون قوڕگ و زمانی هەیە تاكو دەنگیان پێ‌ دەربكات؟

بەڵام كاتێك‌ كە دەگەڕێینەوە خزمەت قورئانی پیرۆز دەبینین قورئان بە ڕاشكاوی قسەی لەسەر دیاردەیەكی لەم جۆرە كردووە. تەنانەت لەمەولا زیاتر لەوەش دەبینین، چونكە قورئان لە چەند شتێكی زۆر لەوە وردتر ، بە چەند ڕستە و دەستەواژەیەكی ڕوون و ڕاشكاو دواوە، كە پێویستیان بە تەئویل نییە.

وا لە پێشدا وتەی زانا ماددییەكان لە زاری خۆیان وەردەگرین، پاشان دەبینین كە لە قورئانی  كتێبی خوای گەوەردا لەبارەی ئەم دۆزینەوە زانستییە لێدوانێك هەیە.

لە سەرەتاكانی دروستبوونی گەردووندا چەند شەپۆلێكی دەنگی بیستراوە:

لەم هەواڵە زانستییەدا كە چەندین گۆڤاری پسپۆڕ و پێگەی زانستی لەسەر زمانی نووسەری وتارەكە بڵاویان كردووەتەوە، دەقاودەق ئەمەی خوارەوە هاتووە( 1):

(The universe expanded rapidly after the Big Bang, during a period called inflation. Later, it continued to expand at a slower rate as it cooled enough for gas to condense and form stars. All this time, density variations contributed characteristics to the sound that Whittle's team has determined)

واتە: (دوای تەقینەوە مەزنەكە، گەردوون بە خێرایی فراوان بووە لەو ماوەیەدا كە پێی دەوترێت‌: هەڵایسان. دوای ئەوە گەردوون بە شێوەیەكی خاوتر بڵاوبووەتەوە، كە ئەمەش بووە بەهۆی ساردبوونەوەی گازەكە‌و چڕبوونه‌وه‌ی‌و پێكهاتنی ئەستێرەكان. هەموو ئەم ماوەیە گۆڕانكارییەكانی "چڕی" بەشدارییان لە پێكهێنانی تایبەتمەندییەكانی ئەو دەنگەدا كرد كە لە لایەن تیمی (ویتڵ Whittle)ەوە دەستنیشانكراوە).

لە ناوەندی قسەكانی زانایان و دۆزینەوەكانیانەوە دەبینین كە گەردوون لە قۆناغەكانی سەرەتادا، واتە كاتێك‌ لە قۆناغی گازی گەرمدا بووە و لەو كاتەشدا كە ئەستێرەكان وردە وردە لەم گازە گەردوونییە پێكهاتوون، گەردوون دەنگێكی دەركردووە و ئەو دەنگەش درێژەی كێشاوە هەتا تەمەنی گەردوون گەشتووەتە یەك ملیۆن ساڵ. توانراویشە چۆنێتییەكانی ئەم دەنگە دەستنیشان بكرێت و دەركەوتووە كە دەنگێكی هێدی بووە. ئنجا دوای ئەوە ئەستێرەكان دەستیان بە پێكهاتن كردووە.

كاتێك‌ كە دەگەڕێینەوە خزمەت قورئانی پیرۆز، ئەم ئایەتەی لەمەڕ سەرەتای بەدیهاتنی گەردوون دەبینین كە دەفەرموێت‌:

(ثُمَّ اسْتَوَى إِلَى السَّمَاءِ وَهِیَ دُخَانٌ فَقَالَ لَهَا وَلِلْأَرْضِ اِئْتِیَا طَوْعًا أَوْ كَرْهًا قَالَتَا أَتَیْنَا طَائِعِینَ) [فصلت: 11].

ئیمامی قورتوبی – ڕەحمەتی خوای لـێ‌ بێت – لە تەفسیری ئەم ئایەتەدا: (قَالَتَا أَتَیْنَا طَائِعِینَ) دەفەرموێت‌:

(زۆربەی زانایان وتوویانە: خوای گەورە گوفتاری لە زەوی و ئاسمانەكاندا دروستكردووە و، ئەوانیش بەو شێوەیەی كە خوای گەورە ویستوویەتی دواون و قسەیان كردووە)( 2).

ئێمە تا ئێستا بەڵگەی تەواومان بە دەستەوە نییە كە بڵێین: ئەو دەنگەی گەردوونی سەرەتا دەری كردووە و زانایان توانیویانە بیسەلمێنن، هەمان دەنگی ئەو قسە و گوفتارەیە كە قورئانی پیرۆز لێی داوە. بەڵام ئەو شتەی لێرەدا جێی متمانە و باوەڕە ئەوەیە كە زانست سەلماندوویەتی گەردوون لە هەنگاوەكانی دروستبوونیدا دەنگێكی دەركردووە، ئیتر ئەو دەنگە هەرچەندەش تا ئەمڕۆ بە دڵنیایی دەرنەكەوتبێت چییه‌ و چۆن بووە و گریمانی ئەوەش هەبێت كە داهاتوو زیاتر تیشك بخاتە سەری و پتر ڕوونی بكاتەوە، گرنگییەكی ئەوتۆی سەبارەت بە واتای ئایەتەكە نییە، بەڵام گرنگ ئەوەیە كە ئێمە بەم دۆزینەوە زانستییە تێگەیشتمان بۆ قورئان فراوانتر دەبێت و زانیمان كە زانستی نوێ‌ بە پێوەرەكانی خۆی ئەوەی پێ‌ قبووڵە كە گەردوون لەو قۆناغە دێرینەیەدا دەنگی دەركردبێت! خۆ ئێمەش هێندەمان سەروزیادە.

چەند لەرینەوەیەكی گەردوونیی لەسەرخۆ:

لە بەدواداچوونی ئەم هەواڵە زانستییەدا بۆمان دەركەوت كە هەموو هۆكارەكانی ڕاگەیاندن لە خۆرئاوا لەم هەواڵە دواون، لە هەمان كاتیشدا هیچ كەسێك بەرپەرچی نەداوەتەوە، چونكە پشتی بە لۆژیك و بەڵگەی زانستی و كاره‌كی بەستووە.

خۆ ئەكەر بمانەوێت‌ زانستییانە ئەم هەواڵە لێكبدەینەوە دەتوانین بڵێین:

ئەو كەسەی لەو یاسا بیركارییانە ڕادەمێنێت كە خوای گەورە لە دووكەڵ یان گازدا دایناون، لە ناوەندی ئەوەی كە پێی دەوترێت‌: (ئەندازیاریی میكانیزمی شلەمەنییەكان) دەبینێت‌ كە هەر گازێك كاتێك‌ بڵاو دەبێتەوە و قەبارەكەی گەورە دەبێت، لەم گەورە بوون و فراوانبوونەدا چەند شەپۆلێك دەردەكات كە دەگونجێت‌ شەپۆلی دەنگی بن، كە بە هۆی گۆڕان لە چڕیی گازەكەدا و جووڵەی بەشەكانی و لە یەككەوتنی گەردیلەكانی ئەو شەپۆلانە پەیدا دەبن.

خۆ هەر ئەمەش بووە كە لە سەرەتای پەیدا بوونی گەردووندا – كاتێك‌ كە دووكەڵ بووە – ڕووی داوە. چونكە فراوان بوونەكە بووەتە هۆی لێكدان و بەریەككەوتنی پێكهێنەرەكانی ئەم شلەمەنییە گەردوونییە گەرمە و دەركردنی ئەو دەنگانە.

سەرنجێكی گرنگی تر ئەوەیە كە: ئەم ئایەتە زۆر بە ڕوونی لە "گوفتار"ی گەردوون دەدوێت كاتێك‌ كە لە قۆناغی (دووكەڵ)دا بووە. بەڵام ئایا بۆچی قورئان ئەو قۆناغە سەرەتاییەی تەمەنی گەردوونی ناوناوە بە (دووكەڵ)؟

لە وەڵامدا دەڵێین: ئەم وشەیە لە هەموو وشەیەكی دی باشتر و ڕوونتر گوزارشت لە ڕاستی و واقیعی گەردوون دەكات لەو قۆناغەدا، چونكە گەردوون ئەو دەمە پڕ بووە لە گازی یەكجار گەرم و تەپوتۆزی گەردوونی، ئەو گازەش شێوەی لە پەڵە هەور چووە.

هەر لە ڕاستیشدا زانایان توانییان چەند پەڵە هەورێكی گازی لە دەوری ئەستێرەیەكی یەكجار دووری كەناری گەردوونی بینراودا ببینن‌و جەخت لەوە دەكەنه‌وه‌، كە ئەستێرەكان لەم پەڵە هەورە گازییانە پێكهاتوون(3 ).

وردیی وشەكانی قورئانی پیرۆز:

قورئانی پیرۆز ئەم هەموو زاراوانەی: (چەند پەڵە هەورێكی گازی.. گازی گەرم.. تەپوتۆز.. چەند گەردیلەیەكی بە ئایۆنبوو) لە یەك دانە وشەی واتابەخشدا چڕكردووەتەوە، كە وشەی (دخان)ە، واتە: (دووكەڵ)! ئایا هەر ئەم وشەیە واتای گازء واتای گەرمیء تەنانەت ئاماژەشی تێدا نییە بۆ شتێكی وەك هەورەكان؟

خۆزگا ئەو زانایانە قورئانی پیرۆزیان بخوێندایەتەوە و خۆیان لەو ئەرك ماندووبوونە بحەساندایەتەوە كە بۆ هەڵبژاردنی زاراوە زانستییەكان دەیكێشن! چونكە قورئان زاراوەء وشەی وردء ڕاستەوخۆی پێبەخشیوین، لەبەر ئەوەی گوفتاری بەدیهێنەری گەردوونەء هەر خۆیشی لە هەموو كەس زیاتر شارەزای نهێنییەكانیەتی!




وێنەی (2) دووكەڵی سەرەتای بەدیهاتنی گەردوون. لەم وێنەیەدا ئەو گازە بەدیدەكەین كە پێش ملیۆنەها ساڵ سەرانسەری گەردوونی گرتووەتەوە، ئەندازەیەكی زۆریش لە تەپوتۆزی گەردوونی‌و شلەمەنیی  لەگەڵدایە. ئایا هەر ئەمانە پێكهێنەرەكانی "دووكەڵ" نین؟ خۆ قورئانیش هەر ئەوەی فەرمووە لەم ئایەتەدا: (ثُمَّ اسْتَوَى إِلَى السَّمَاءِ وَهِیَ دُخَانٌ فَقَالَ لَهَا وَلِلْأَرْضِ اِئْتِیَا طَوْعًا أَوْ كَرْهًا قَالَتَا أَتَیْنَا طَائِعِینَ) [فصلت: 11].

یەكێك‌ لە شتە نامۆ‌و سەرنجڕاكێشەكان كە زانایانی ئەمڕۆ باسی دەكەن، ئەوەیە كە پرۆفیسۆر ویتڵ لە هەواڵێكی زانستیدا ڕایگەیاندووە( 4):

(The cry from the birth of the cosmos can be heard).

واتە: (دەتوانین دەنگی ئەو گریانە ببیستین كە ئەنجامی لەدایكبوونی گەردوونە)!

دەسافەرموو تۆش گوێ‌ لەم ئایەتە پیرۆزە بگرە كە خوای گەورە لەبارەی گریانی ئاسمان و زەوییەوە فەرموویەتی: (فَمَا بَكَتْ عَلَیْهِمُ السَّمَاءُ وَالْأَرْضُ وَمَا كَانُوا مُنْظَرِینَ) [الدخان: 29] ! بەڵام لەمەش سەیرتر ئەوەیە كە ئەم ئایەتەی لە گریانی ئاسمان و زەوی دەدوێت، لە سوورەتی (دُخان) دایە!!

ئەمەش جارێكی تر دەیسەلمێنێت كە (دەنگی گەردوونی سەرەتا) ڕاستییەكی زانستییە، بەڵام دووپاتی دەكەینەوە كە پەروەردگار خۆی دەزانێت ئەو دەنگە بە چ شێوەیەك بووە‌و هێشتا زانست نەیتوانیوە بە تەواوی شێوەكەی ڕوونبكاتەوە.

ئەم هەواڵە زانستییە، ئەوە دەردەخات كە دەكرێت‌ دەنگ‌و گریان‌و شتی تر ڕووبدات كە پێشتر لێی تێنەدەگەشتین. ئەمەش جەختە لەسەر ئەوەی كە گشت وشەیەكی قورئان حەق‌و ڕەوایە. تەنانەت چی ڕێ‌ لەوە دەگرێت‌ كە ئەو دەنگە گەردوونییە گوێڕایەڵیی گەردوون بێت بۆ فەرمانەكانی خوای گەورە؟! خۆ هەموو زانایان ئەوە دووپاتدەكەنەوە كە فراوانبوونی گەردوون‌و بڵاوبوونەوەی گازەكانی، ئەو دەنگانەی دروستكردووە‌و له‌ئەنجامی ئەم بڵاوبوونەوەی گازەشدا هەموو ئەو ئەستێرانە پێكهاتن كە دەیانبینین. كەواتە قۆناغی دووهەمی دوای قۆناغی "گاز" یان "دووكەڵ" قۆناغی پێكهاتنی ئەستێرەكانە، كە ئەمەش زانایان بە دڵنیاییەوە دەیبینن.



وێنەی (3) وێنەی ئەستێرەیەكە دەوری بە چەند پەڵە هەورە دووكەڵێك گیراوە، خۆشی وەكو چرایەكی ڕووناكیبەخش دەردەكەوێت. خۆ ئەگەر ئەو چرا گەردوونییە نەبوایە نەماندەتوانی گاز و تەپوتۆزی دەوری ببینین. خوای گەورە چەندە جوانی فەرمووە كاتێ‌ ئەم تەنە بریسكەدارانەی ناو بردووە بە (چراكان = مصابیح): [ۆزَینَّا السَّما‌ء الدُّنیا بِمَصابیحَ]!

لە "دووكەڵ"ەوە بۆ "چراكان":

ئایا لە قورئاندا چی سەبارەت بە قۆناغی دوای (دووكەڵ) وتراوە و ئەم كتێبەی خوای گەورە لەو بارەیەوە چ هەواڵێكمان پێدەدات؟

گەر سەرنج لەو ئایەتە بدەین كە ڕاستەوخۆ دوای ئایەتی (دووكەڵ) هاتووە، بۆمان دەردەكەوێ‌ كە خوای گەورە دەفەرموێ‌:(فَقَضَاهُنَّ سَبْعَ سَمَوَاتٍ فِی یَوْمَیْنِ وَأَوْحَى فِی كُلِّ سَمَاءٍ أَمْرَهَا وَزَیَّنَّا السَّمَاءَ الدُّنْیَا بِمَصَابِیحَ وَحِفْظًا ذَلِكَ تَقْدِیرُ الْعَزِیزِ الْعَلِیمِ) [فصلت: 12]. دەبینین ئایەتەكە لە ڕازاندنەوەی ئاسمان دەدوێت بە ئەستێرەكان. خۆ زانایانی ئەمڕۆش دەقاودەق هەمان شت دەڵێن!




وێنەی (4) ئەو قۆناغانەی كە تازەكی زانایان بۆ پەیدا بوون و پێكهاتنی ئەستێرەكان لە دووكەڵ بۆیان دەركەوتووە. هەموو زانایان جەخت لەوە دەكەنەوە كە قۆناغی دوای دووكەڵ قۆناغی پێكهاتنی چراكان، یاخود ئەستێرە یەكجار بریسكەدارەكان بووە. خۆ هەر ئەمەشە كە قورئان پێی ڕاگەیاندووین كاتێ‌ یەكەم جار‌و له‌ پێشدا لە "دووكەڵ" دواوە، ئنجا ڕاستەوخۆ لە ئایەتەكەی دوای ئەوەدا باسی لە ئەستێرە بریسكەدارەكان كردووە: (وزینا السماء الدنیا بمصابیح)جا ئایا ئەم بەدوای یەكدا هاتنە كاری ڕێكەوتە، یان دەستنیشانكردنی ئەو خواوەندەیە كە دەفەرموێت‌: (ذلك تقدیر العزیز العلیم)؟؟

چرا گەردوونییەكان:

سەرجەم زانایان بڕیاردەدەن كە گەردوون پڕ بووە لە گازێكی گەرم،. پاشان سارد بووەتەوە و یەكەم شت ئەستێرەكان پێكهاتوون.

قورئانی پیرۆزیش بڕیار دەدات كە گەردوون لە پێشدا دووكەڵێك بووە، پاشان خوای گەورە ئاسمانی بە ئەستێرەكان ڕازاندووەتەوە وناوی (مصابیح = چراكان)ی لـێناون!

لێرەدا پرسیارێك دێتە پێش كە:

ئایا بۆچی خوای گەورە بە تایبەتی نەیفەرموو: (زینا السما‌ء بنجوم) یان (بكواكب) یان (بمجرات)؟ بۆچی لە باسی ئەم قۆناغەی تەمەنی گەردووندا ناوی (مصابیح = چراكان) دەبات؟ خۆ ئێمە لە ڕێی فەرهەنگەكانی زمانەوە دەزانین كە "چراكان" بۆ ڕووناككردنەوەی ڕێگا و بانەكان بەكاردەهێنرێن و دەشزانین كە ئەم ئەستێرانە وەختە نەبینرێن. كەواتە بۆچی قورئان ئەم ئەستێرانەی ناوبردووە بە (مصابیح = چراكان)؟ ئایا ئەم چرایانە چی ڕووناك دەكەنەوە؟

هەوڵی دۆزینەوەی وەڵام بۆ ئەم پرسیارە تووشی گەشتێكی سەخت و ئاڵۆزی كردم لە جیهانی دۆزینەوە گەردوونییەكانی لەمەڕ: (گەردوونی سەرەتا و پێكهاتنی ئەستێرەكان و دووكەڵی گەردوونی). بەڵام ئەو شتەی دووچاری سەرسووڕمانی كردم ئەوەبوو كە زانایان بۆیان دەركەوتووە ئەستێرە هەرە دێرینەكانی گەردوون ڕێگای نێوان ئێمە و خۆیان ڕووناك دەكەنەوە! تەنانەت ئەو زانایانە بە هۆی ئەو رووناكییەوە دەتوانن لە دەوروبەری ئەستێرەكان بكۆڵنەوە و سوودیان لە ڕووناكی بەخشینی یەكجار گەورە و مەزنی ئەو ئەستێرانە وەرگرت كە دەگاتە هێندەی هەزار خۆری وەكو خۆری خۆمان!! لەبەر ئەوە، ناوێكی تازە و نامۆیان لەو ئەستێرانە نا كە بریتییە لە (چرا دەرخەرەكان  Flashlights)! دەسا پاكی و بێگەردی بۆ ئەو خوایەی كە پێش ئەوان ئەو ناوەی لەو ئەستێرانە ناوە كە ئاسمانیان ڕازاندووەتەوە و، فەرموویەتی:

(وَزَیَّنَّا السَّمَاءَ الدُّنْیَا بِمَصَابِیحَ وَحِفْظًا ذَلِكَ تَقْدِیرُ الْعَزِیزِ الْعَلِیمِ) [فصلت: 12] .



وێنەی (5) لەم وێنەیەدا ئەستێرە دوورەكان دەبینین كە وەكو چرای درەخشان لە ئاسماندا دەردەكەون. زانایانی ئەمڕۆ بەم ئەستێرانە دەڵێن: (چراكان) كەچی قورئان هەزار و چوار سەد ساڵ پێش ئەوان ئەم ناوەی لـێ‌ ناون. ئەوەتا فەرموویەتی: (وزینّا السماء الدنیا بمصابیح)

ئایا لە بەكارهێنانی ئەم ناوەدا یەكاویەك دەرچوونی تەواوەتی نابینین لە نێوان ئەو ڕاستییە گەردوونییە یەقین بەخشەی كە زانست پەیی پێ‌ بردووە و، وشەكانی قورئانی پیرۆزدا؟

جا بۆ ئەوەی قسەكەمان لە ڕووی زانستییەوە بەڵگە پشتی بگرێت و، گوفتارێكی زانستی بێت و، وەڵامێكیش بێت بۆ ئەو كەسانەی كە گومان دەخەنە سەر بوونی ئیعجازی زانستی و گەردوونی لە قورئانی پیرۆزدا، وا دەقی وتەی زانایان لە سەرچاوەكانیانەوە دەهێنین:

لە وتارێكدا بە ناونیشانی: (یەكەم تەلارە گەردوونییەكان كەی پێكهات)؟ دەقاودەق زانایان دەڵێن(5):

(Since light from a quasar illuminates all of the material along its path to us, quasars serve as distant flashlights revealing the properties of the early universe).

واتە: (لەبەر ئەوەی ئەستێرە بریسكەدارەكان سەرجەم ماددەكان ڕووناك دەكەنەوە، لە درێژایی ڕێگایاندا هەتا دەگەنە لای ئێمە، ئەوا ئەو ئەستێرانە وەكو چەند (چرایەكی دەرخەر)ی دوور لە ئێمە تایبەتمەندییەكانی گەردوونی سەرەتامان بۆ دەردەخەن).

هەروەها بینیم هەموو زانایان كاتێ‌ لەم ئەستێرە بریسكەدارانەی سەرەتای گەردوون دەدوێن، دەیانشوبهێنن بە (چراكان). تەنانەت یەكێك لەو زانایانە دەڵێت( 6):

(They act as the brightest flashlights).

واتە: (ئەم ئەستێرانە بە وێنەی چەند چرایەكی یەكجار بریسكەدار كار دەكەن)(7 )!

زانایان كاتێ‌ ئەم ئەستێرە دوورانەیان بینی، هەستیان بە لەیەكچوونێكی تەواوەتی كرد لە نێوان ئەو ئەستێرانە و ئەو چرایانەشدا كە ڕێگایان بۆ ڕووناك دەكاتەوە. بۆیە خێرا ئەو ناوەیان لـێ‌ نا!

دەسا پاكی و بێگەردی بۆ ئەو كەسەی كە پێش ئەوان هەمان ناوی لـێ‌ نان! ئایا چۆن پێشیان ناكەوێ‌ كە هەر خۆی بەدیهێنەری ئەو چرایانە و هەموو گەردوونیشە؟!

ئێمەش دەپرسین:

ئایا ئەم لەیەكچوونە چی دەگەیەنێت و چ واتایەك بە دەستەوە دەدات كە لە نێوان دۆزینەوەكانی زانایانی سەدەی بیست و یەكەم و ئەو كتێبەشدا دەبینرێت كە چواردە سەدە پێش ئێستا هاتووەتە خوارەوە؟ ئایا بە چی ئەوە لێك دەدرێتەوە كە زانایانی ئەمڕۆ كاتێ‌ ناوێكی زانستی بۆ دۆزینەوەیەكیان هەڵدەبژێرن دەبینین هەمان ناوە كە لە قورئاندا هاتووە، بێ‌ ئەوەی قورئانیان خوێندبێتەوە؟!

دیارە ئەم دیاردەیە تەنها یەك واتای هەیە.. كە بانگ و هاوارێكی وەك ئەمەیە:

ئەی ئەو بێ‌ ئایینانەی كە ئینكاریی كتێب و گوفتارەكەی خوای گەورە دەكەن!

ئێوە هەرچەندەش توێژینەوە ئەنجام بدەن و، پێش بكەون و، دۆزینەوەی نوێ‌ بهێننە كایەوە، هەر لە دوا هەنگاوەكانی ڕێگاتاندا دەگەڕێنەوە بۆ لای ئەم قورئانە و، دەڕۆنەوە خزمەت بەدیهێنەر و ڕۆزیدەری خۆتان كە ئەم هەموو ئامێرانەی بۆ ژێربار و گوێڕایەڵ كردوون، تاكو بەدیهێنراوان‌و نیشانەكان‌و موعجیزاتی خوای گەورەیان پێببینن، ئەو خوایەی كە لە قورئانەكەیدا بەڵێنی ئەوەی لە ئەستۆ گرتووە كە:

(لەمەولا نیشانەكانی خۆیتان لە ئێوە و ئاسۆكاندا پیشان دەدات، تاكو دڵنیا ببنەوە لەوەی كە ئەم قورئانە گوفتاری حەق و ڕەوای خوای گەورەیە).

جا ئایا ئێستا (حەق)تان بۆ ڕوونبووەوە؟

كەواتە لەگەڵ مندا گوێ‌ لەم ڕوونكردنەوە توندوتۆڵە خواییە ڕابگرن كە دەفەرموێت‌:

(سَنُرِیهِمْ آَیَاتِنَا فِی الْآَفَاقِ وَفِی أَنْفُسِهِمْ حَتَّى یَتَبَیَّنَ لَهُمْ أَنَّهُ الْحَقُّ أَوَلَمْ یَكْفِ بِرَبِّكَ أَنَّهُ عَلَى كُلِّ شَیْءٍ شَهِیدٌ * أَلَا إِنَّهُمْ فِی مِرْیَةٍ مِنْ لِقَاءِ رَبِّهِمْ أَلَا إِنَّهُ بِكُلِّ شَیْءٍ مُحِیطٌ) [فصلت: 53-54].

چەند ڕوویەكی جیاجیای ئیعجاز لەم ئایەتانەدا:

ئەم دوو ئایەتەی كە لێیان دواین چەندین موعجیزەی ئەوتۆیان تێدایە كە ناگونجێ‌ ئینكاری بكرێن. وا بە بێ‌ هیچ تەئویلێك و لە ناوەندی واتای ڕاستەوخۆ و ڕوونی ئایەتەكاندا ئەو موعجیزانە دەخەینە ڕوو. دەشبینین كە ئەو واتایانە گەلـێ‌ ڕوونن و، لەگەڵ دۆزینەوە زانستییە نوێكاندا یەكجار تەبا و گونجاون:

1 – ئایەتە پیرۆزەكە لە قۆناغێكی یەكجار زووی تەمەنی گەردوون دەدوێت لە سەرەتای بەدیهاتنیدا كاتێ‌ گازی گەرم هەموو گەردوونی پڕ كردبوو. ئەمەش لەم ئایەتەدا دەیبینین كە دەفەرموێ‌:

(ثُمَّ اسْتَوَى إِلَى السَّمَاءِ وَهِیَ دُخَانٌ).

2 – ئایەتەكە تەنها بە یەك وشە گوزارشتی لە حەقیقەتی ئەو كاتەی گەردوون كردووە، كە وشەی: (دُخَانٌ)ە. ئەم وشەیە زۆر بە وردی ڕاستیی ئەو قۆناغەی تەمەنی گەردوون دەردەبڕێت و، بەو تەنیا وشەیەش هەموو ئەو ڕستە زۆرانەی كورت كردووەتەوە كە زانایان بۆ گوزارشت لەو قۆناغە بەكاریان هێناوە. ئەمەش ئیعجازێكی سەرسووڕهێنەری قورئانی پیرۆزە لە وردیی وشەكانیدا و یەكاویەك بوونی لەگەڵ زانستی نوێ‌ و ڕاستییە یەقینییەكاندا.

3 – قورئان باس لە قسە و ئاخاوتنی ئاسمان دەكات لەو كاتەدا و، گوێڕایەڵی كردنی بۆ بەدیهێنەری. لەوانەیە هەندێ‌ كەس ئەمەی بەلاوە نامۆ بێت و، بڵێت: ئاسمان چۆن قسە دەكات؟ كەچی توێژینەوە تازەكان سەلماندوویانە كە دەگونجێ‌ گەردوون لەو قۆناغەدا كە "دووكەڵ" یان "گاز" بووە شەپۆلی دەنگیی دەركردبێت.

4 – ئایەتەكە ئەو قۆناغەی دیاری كردووە كە ئاسمان تیایدا دواوە، كە قۆناغی "دووكەڵ"ە. هەر هەمان شتیشە كە ئەمڕۆ زانایان دۆزیویانەتەوە، ئەوەتا بۆیان دەركەوتووە كە گەردوون لە قۆناغی گازی گەرم و تەپوتۆزدا و لە ئەنجامی كشان و فراوان بوونیدا چەند شەپۆلێكی دەنگیی دەركردووە.

5 – زانایان دەڵێن: لە قۆناغی دوای "دووكەڵ" (یان گازی گەرم و تەپوتۆز)دا ئەستێرە بریسكەدارەكان یاخود كوازارەكان پێكهاتوون. كاتێكیش كە لەم ئەستێرانە كۆڵیونەتەوە بۆیان دەركەوتووە كە بە وێنەی چرا كار دەكەن و، درێژایی ئەو ڕێگایەش هەر لە لای خۆیانەوە تا دەگاتە لای ئێمە ڕووناك دەكەنەوە و، بەهۆی ڕووناكیی ئەوانەوە دەتوانین تەنەكانی دەوروبەریان ببینین.

یەكەم ئیعجازی ئەمە لە دەست پێشخەریی قورئاندا دەردەكەوێت كە ئەم ئەستێرانەی ناو ناوە (مصابیح = چراكان) بە جۆرێ‌ كە لە سەدا سەد لەگەڵ ئەوەدا یەك دەگرێتەوە كە زانایانی ئەمڕۆ دەیبینن. ئیعجازی دووهەمیش لەوەدا خۆی دەنوێنێت كە قورئان قۆناغی زەمەنیی پێكهاتنی ئەو ئەستێرانەی دەستنیشان كردووە، كە قۆناغەكەی دوای قۆناغی "دووكەڵ"ە.

6 – ئێمە لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا كە دەفەرموێت: (وَزَیَّنَّا السَّمَاءَ الدُّنْیَا بِمَصَابِیحَ)قسەیەك دەبینین سەبارەت بە ڕازاندنەوەی ئاسمان بە ئەستێرە بریسكەدارەكان. خۆ زانایانی ئەمڕۆش هەر ئەوە دەڵێن. ئەوەتا ئەم ئەستێرە و گەلەستێرانەی كە تۆڕی گەردوونی لـێ‌ پێكهاتووە دەشوبهێنن بە چەندین مرواری كە ئاسمانیان ڕازاندبێتەوە!! ئەمەش دەست پێشخەرییەكی زانستییانەی تری قورئانە لە بەكارهێنانی دەستەواژە و گوزارشتە وردەكان، كە بە تەواوی لەگەڵ واقیعدا یەك دەگرێتەوە( 8).

7 – گەر سەرنج لە دەقەكەی قورئان بدەین دەبینین ڕووی گوفتاری ئاراستەی ئەو كافرانە كردووە كە باوەڕیان بە خوای بەدیهێنەر نییە، دەفەرموێ‌:

(قُلْ أَئِنَّكُمْ لَتَكْفُرُونَ بِالَّذِی خَلَقَ الْأَرْضَ فِی یَوْمَیْنِ وَتَجْعَلُونَ لَهُ أَنْدَادًا ذَلِكَ رَبُّ الْعَالَمِینَ * وَجَعَلَ فِیهَا رَوَاسِیَ مِنْ فَوْقِهَا وَبَارَكَ فِیهَا وَقَدَّرَ فِیهَا أَقْوَاتَهَا فِی أَرْبَعَةِ أَیَّامٍ سَوَاءً لِلسَّائِلِینَ * ثُمَّ اسْتَوَى إِلَى السَّمَاءِ وَهِیَ دُخَانٌ فَقَالَ لَهَا وَلِلْأَرْضِ اِئْتِیَا طَوْعًا أَوْ كَرْهًا قَالَتَا أَتَیْنَا طَائِعِینَ * فَقَضَاهُنَّ سَبْعَ سَمَوَاتٍ فِی یَوْمَیْنِ وَأَوْحَى فِی كُلِّ سَمَاءٍ أَمْرَهَا وَزَیَّنَّا السَّمَاءَ الدُّنْیَا بِمَصَابِیحَ وَحِفْظًا ذَلِكَ تَقْدِیرُ الْعَزِیزِ الْعَلِیم) [فصلت: 9-12].

ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە ئەو دوور لە ئایینانە خۆیان ئەم ڕاستییە گەردوونییانە دەدۆزنەوە و دەیبینن. ئەمەش – بە هەمان جۆر – دەست پێشخەرییەكی تری زانستییانەی قورئانە  لە دەستنیشان كردنی ئەوانەی كە یەكەم جار ئەو ڕاستییانە دەبینن، بۆیە ڕووی گوفتارەكەی لەوان كرد.

كۆتایی:

ئەم چەند ڕووەی ئیعجاز وەڵامدانەوەیە بۆ ئەوانەی ئیعجازی زانستی لە قورئاندا ناسەلمێنن وبۆ ئەوانەش كە لەو باوەڕەدان: مادەم موسڵمانان لە ڕووی زانست و تەكنۆلۆجیاوە دواكەوتوون ئەوا نابێ‌ لە ئیعجازی زانستی بكۆڵنەوە! هەروەها وەڵامێكیشە بۆ ئەو كەسەی كە دەڵێت: (هەمیشە موسڵمانان چاوەڕێی خۆرئاوان كە ڕاستییەكان و دۆزینەوەكان پێشكەش بكەن، ئنجا ئەمان بیدەنە پاڵ قورئان). بەڵكو ڕاستییەكە پێچەوانەی ئەمەیە. چونكە دۆزینەوەی ئەم ڕاستییانە لە لایەن خۆرئاواییەكان و لێدوانی قورئانیش لەبارەیانەوە بە وردییەكی سەرسووڕهێنەر و، ئاراستە كردنی ڕووی گوفتاری قورئان بۆ ئەو بێ‌ ئایینانە، گەورەترین بەڵگەیە لەسەر ڕاستیی ئەوەی كە كتێبی خوای گەورەیە و، لەسەر ئەوەش كە كتێبێكی ڕاست و ڕەوایە. خۆ ئەگەر ئەم قورئانە هی خوا نەبوایە و دانراوی حەزرەتی محەممەد – دروودی خوای لەسەر بێت – بووایە، بێ‌ گومان ئەو دۆزینەوەیەی دەدایە پاڵ خۆی. چونكە لە حاڵێكی وادا بۆچی دەیداتە پاڵ دوژمنانی و ڕووی گوفتاریشی لەوان دەكات؟

لە كۆتایی ئەم باسەدا ناتوانین سەری سوژدەی بەندایەتی بۆ خوای گەورە دانەنەوێنین سەبارەت بە مەزنیی كتێبەكەی و گەورەیی ئیعجازی ئەو كتێبەی. هەروەك ناتوانین ئەم فەرمایشتەی خوای گەورەش دووپاتنەكەینەوە كە دەفەرموێت:

(وَقُلِ الْحَمْدُ لِلَّهِ سَیُرِیكُمْ آَیَاتِهِ فَتَعْرِفُونَهَا وَمَا رَبُّكَ بِغَافِلٍ عَمَّا تَعْمَلُونَ) [النمل: 93].

---------------------
 
 
سەرچاوەكانی نووسەر:

1 – وتارێك بە ناونیشانی: "تەقینەوە مەزنەكە قسە دەكات" لەم لینكەدا:

http://www.newscientist.com/article.ns?id=dn4320

2 – وتارێك لەبارەی دەنگی تەقینەوە مەزنەكە، لەم لینكەدا:

http://www.npl.washington.edu/AV/BigBangSound_2.wav

3 – وتارێك لەسەر كونە ڕەشەكان و ئەو دەنگانەی كە ئەم تەنە قورسانە دەری دەكەن، لەم لینكەدا:

http://www.space.com/scienceastronomy/blackhole_note_030909.html

4 – وتارێك لەبارەی پێكهاتنی ئەستێرەكان، لەم لینكەدا:

http://www.space.com/scienceastronomy/map_discovery_030211.html

5 – چەند وتارێك لەسەر تەقینەەوە مەزنەكە، لەم پێگە زانستییە:

http://www.newscientist.com/article.ns?id=dn3963

http://www.newscientist.com/article.ns?id=dn4879

http://www.newscientist.com/article.ns?id=dn3821

6 – وتارێك لەبارەی ئەو دەنگانەی كە گەردوون دەری كردوون:

http://www.sfgate.com/cgi-bin/article.cgi?file=/c/a/2005/01/12/MNG9RAOR0B1.DTL

7 – وتارێك بە ناونیشانی: چەند دەنگێك لە بۆشاییدا، لە لینكی:

http://www.space.com/scienceastronomy/mystery_monday_030922.html

8 – وتارێك لەسەر یەكەم شەپۆلە دەنگییەكان، بە ناونیشانی:

)First Sound Waves Left Imprint on the Universe).

لە پێگەی (بۆشایی): www.space.com

9 – چەند وتارێك لەسەر ئەستێرە بریسكەدارەكان، یاخود كوازارەكان لەم پێگانە:

http://www.sdss.org/news/releases/20010803.darkage.html

http://map.gsfc.nasa.gov/m_uni/uni_101firstobj.html

http://www.nrao.edu/imagegallery/glossary.shtml#light_year

http://www.nrao.edu/imagegallery/glossary.shtml#quasa

ثةراویَزةكان:

([1])( ) لە وتارێكدا بە ناوی (گەردوونی سەرەتا دەدوێت) لەبارەی دۆزینەوەیەكی نوێی زانای گەردوونناس پرۆفیسۆر مارك ویتڵا لە زانكۆی ڤێرجینیا. ئەم زانایە دۆزەرەوەی دەنگە گەردوونییەكەیە و، باسی لەو شەپۆلە دەنگییانە كردووە كە كاتێ‌ گەردوون  تەمەنی 380 هەزار ساڵ بووە دەری كردووە و، ئەم دەنگەش كە ئەنجامی بڵاو بوونەوە و فراوانبوونی گەردوون بووە درێژەی كێشاوە هەتا گەردوون تەمەنی گەیشتووەتە یەك ملیۆن ساڵ. دوای ئەوە ئەستێرەكان دەستیان بە دروست بوون كردووە. ئەم وتارە لەم پێگە و لینكەدا بڵاو كراوەتەوە:

http://www.space.com/scienceastronomy/big_bang_sound_040601.html

(2) بڕوانە: تەفسیری قورتوبی لەسەر ئایەتی: [ثمَّ اسْتَوَى إلَى السَّمَاءِ وَهِیَ دُخَانٌ فَقَالَ لَهَا وَلِلأَرْضِ ائْتِیَا طَوْعًا أَوْ كَرْهًا قَالَتَا أَتَیْنَا طَائِعِینَ] (فصلت: 11).

 (3) بۆ نموونە بڕوانە:

http://abyss.uoregon.edu/~js/images/qhalo.mpg

http://abyss.uoregon.edu/~js/images/NGC604.gif

http://abyss.uoregon.edu/~js/glossary/globular_cluster.html

(4) بڕوانە:

http://news.bbc.co.uk/1/hi/sci/tech/3832711.stm

(5) ئەم وتارە لە پێگەی وەكالەتی بۆشایی (NASA)دا و لەم لینكەدا بڵاو كراوەتەوە:http://map.gsfc.nasa.gov/m_uni/uni_101firstobj.html

(6) لە وتارێكدا بە ناونیشانی: (دوورترین شوێنی گەردوون) لەسەر ئەم لینكە:

http://www.xs4all.nl/~carlkop/xquasar.html

(7) ئەمە وتەی زانا (كریستۆڤەر چەرچڵ)ە لە بەشی فیزیا و گەردوون لە ویلایەتی بۆن، ئەوەتا وەسفی كوازار بە وێنەی چرایەكی گەردوونی دەكات و، دەڵێ‌: (ڕووناكی بەخشینی ئەستێرەیەكی بریسكەدار یەكسانە بە ڕووناكیی 1018 دانە خۆری وەك خۆرەكەی خۆمان):

"A typical quasar's luminosity is somewhere in the order of 1018 suns," Churchill said, describing the quasar as a cosmic flashlight.

ئەو وتارەش لەم پێگەیەدا هەیە:

http://www.collegian.psu.edu/archive/2001/01/01-23-01tdc/01-23-01dnews-10.asp

(8) بۆ درێژەی زیاتر تكایە با سەیری ئەم لینكە بكرێت:

http://www.eso.org/outreach/press-rel/pr-2001/pr-11-01.html
          

صفحات سایت

پیچک