تبلیغات
ماڵپه‌ری ئیسلام كورد
Rss
Logo
ADS
زاراوه‌كانی قیرائات

مه‌تنی تحفة الأطفال

ته‌فسیری قورئانی پیرۆز

شێوازی نوێژی پێغه‌مبه‌ر

ئامۆژگاری بۆ موسڵمانان

كاتی بانگه‌كان&بانكبێژان

24 كاتژمێر راسته‌وخۆ

ئاماری ماڵپه‌ر
میوانانی سه‌رهێل

ژماره‌ى سه‌ردانه‌كان

ڕاپرسی ماڵپه‌ر
ئایا تا ئێستا سوودت له‌ ماڵپه‌ری ئیسلام كورد بینیوه‌؟؟؟

ماڵپه‌ره‌ كۆنه‌كه‌مان
عه‌لمانیه‌ت بناسه‌
گێژاوی مه‌دخه‌لیزم
مێژووی انصار الاسلام
فیرعه‌ونی زه‌مان و قه‌یرانی...

 

 

 

ئه‌م بابه‌ته‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌
له‌ به‌شی : وێــرد و پارانــه‌وه‌,

 

گرنگی نزا وپاڕانه‌وه‌ له‌ژیانی باوه‌ڕداراندا

ئاماده‌كردنی: سومه‌یه‌ عبدالله‌ (دایكی خالید)

سوپاس و ستایش بۆ خوای گه‌وره‌ و میهره‌بان و درود و ڕه‌حمه‌تی نه‌بڕاوه‌ش بۆ سه‌رگیانی پاكی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام و سه‌رجه‌م هاوه‌ڵان و شوێنكه‌وتوانی هه‌تا هه‌تایه‌ .

ئازیزان و خۆشه‌ویستان دروستكراوه‌كانی خوای گه‌وره‌ هه‌موویان موحتاجی ڕه‌حمه‌تى خودان وپێویستیان به‌ئه‌وه‌، خواى گه‌وره‌ش بێ نیازه‌ له‌ئه‌وان و پێویستى پێیان نییه‌، په‌روه‌ردگار پێویستى كردووه‌ له‌سه‌ر به‌نده‌كانى كه‌ لێى بپارِێنه‌وه‌و فه‌رموویــــه‌تى : ( ادْعُونِی أَسْتَجِبْ لَكُـــمْ إِنَّ الَّذِینَ یَسْتَـــكْبِرُونَ عَــنْ عِبَادَتِی سَیَدْخُلُونَ جَهَنَّمَ دَاخِرِینَ  ) { غافر:60 } واته‌: له‌من بپارِێنه‌وه‌ دوعاكانتان گیرا ئه‌كه‌م، ئه‌و كه‌سانه‌ى خۆیان به‌گه‌وره‌ ئه‌گرن له‌ به‌ندایه‌تیكردنم ئه‌وا به‌سه‌ر شۆرِیه‌وه‌ ئه‌چنه‌ دۆزه‌خه‌وه‌, له‌ فه‌رمووده‌دا هاتووه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ری خودا ( صلی الله علیه وسلم ) فه‌رموویه‌تی : « مَنْ لَمْ یَسْأَلِ اللَّهَ یَغْضَبْ عَلَیْهِ » {رواه ابن ماجه } واته‌: هه‌ركه‌س له‌ خودا نه‌پارِێته‌وه‌ ئه‌وا خوا لێى تورِه‌ 

ئه‌بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خواى گه‌وره‌ داواكردنى به‌نده‌كاى پێ خۆشه‌ و ئه‌و كه‌سانه‌شى خۆش ئه‌وێت كه‌ پێداگرى ده‌كــه‌ن له‌ پارِانه‌وه‌ و له‌ خۆیان نزیك ده‌كاته‌وه‌.

  به‌راستى هاوه‌ڵانى پێغه‌مبه‌ر ( صلى الله علیه وسلم ) هه‌ستیان به‌م راستییه‌ كردبوو، بۆیه‌ هه‌ریه‌كێكیان به‌كه‌مى نه‌ده‌زانى كه‌ بۆ شتى كه‌میش داوا له‌ خودا بكات، بۆ جێبه‌جێبوونى خواست وداواكانیان هانایان بۆ دروستكراوه‌كان نه‌ده‌برد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى زۆر په‌یوه‌ست بوون به‌ په‌روه‌ردگاریانه‌وه‌ و نزیك بوون له‌خواى گه‌وره‌ وخوداش نزیك بوو له‌ ئه‌مانه‌وه‌، ئه‌وان جێبه‌جێكـــارى ئـه‌م ئایه‌ته‌ بوون: ( وَإِذَا سَأَلَكَ عِبَادِی عَنِّی فَإِنِّی قَرِیبٌ ) { البقره‌:186 } واته‌: ئه‌گه‌ر به‌نده‌كان پرسیارى من بكه‌ن و داوا له‌ من بكه‌ن به‌راستى من لێیانه‌وه‌ نزیكم.

  پارِانه‌وه‌ پله‌یه‌كى گه‌وره‌ى هه‌یه‌ لاى په‌روه‌ردگار و رێزى تایبه‌تى هه‌یه‌ و قه‌زاو قه‌ده‌ر ده‌گێرِێته‌وه‌، هه‌ر كه‌سێك له‌ خودا بپارِێته‌وه‌ به‌مه‌رجێك هۆكاره‌كانى قبوڵ بوون و رێگره‌كانى ره‌تكردنه‌وه‌ نه‌بن ئه‌وا دوعاكه‌ى قبوڵ ئه‌بێت، مرۆڤى دوعاكار یه‌كێك له‌م سێ شته‌ى چنگ ده‌كه‌وێت وه‌كـــو له‌م فه‌رمووده‌یه‌دا هاتووه‌: « مَا مِنْ مُسْلِمٍ یَدْعُو بدَعْوَةٍ لَیْسَ فِیهَا إِثْمٌ وَلا قَطِیعَةُ رَحِمٍ إِلا أَعْطَاهُ اللَّهُ بِهَا إِحْدَى ثَلاثٍ: إِمَّا أَنْ تُعَجَّلَ لَهُ دَعْوَتُهُ، وَإِمَّا أَنْ یَدَّخِرَهَا لَهُ فِی الآخِرَةِ، وَإِمَّــا أَنْ یَصْـــرِفَ عَنْــهُ مِـنْ السُّــوءِ مِثْلَهَــا. قَالُـــوا إِذًا نُكْثِرُ؟ قَالَ: اللَّهُ أَكْثَرُ  » { رواه احمد } واته‌: هیچ موسوڵمانێك نییه‌ دووعا بكات به‌مه‌رجێ گوناهـ و پچرِاندنى خزمایه‌تى تێدا نه‌بێت، خواى گه‌وره‌ یه‌كێك له‌م سێ شته‌ى پێ ده‌به‌خشێت، یان دوعاكه‌ى قبوڵ ده‌كات ( واته‌ له‌ دونیادا )، یان خواى گه‌وره‌ بۆى هه‌ڵده‌گرێت بۆ قیامه‌ت، یان به‌ئه‌ندازه‌ى ئه‌و دوعایه‌ خراپه‌ى له‌سه‌ر لاده‌بات، ووتیان: كه‌واته‌ زۆر داوا ده‌كــه‌ین؟ فه‌رمووى: خواى گه‌وره‌ زیاترى له‌ لایه‌.

جۆره‌كانى دوعا و پارِانه‌وه‌ دوو جۆره‌

1ـ پارِانه‌وه‌ى په‌رستشه‌كان ( دعاء العبادة ) وه‌كو نوێژ و رۆژوو .

2ـ پارِانه‌وى داواكردن ( دعاء المسألة ) له‌ په‌روه‌ردگار.

پرسیارێك لێره‌دا خۆی ده‌خاته‌ ڕوو، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌: ئایا قورئان خوێندن چاكتره‌ یان یادى خوا یان دوعا و پارِانه‌وه‌؟ قورئان خوێندن چاكتره‌ به‌ره‌هایى، پاشان زیكر و یادى خودا، پاشان دوعا و پارِانه‌وه‌، دیاره‌ به‌شێوه‌یه‌كى گشتى، به‌ڵام له‌وانه‌یه‌ حاڵه‌تێكى وا په‌یدا بێت كه‌ چاكه ‌كه‌ بكاته‌ چاكتر, وه‌كو دوعا و پارِانه‌وه‌ له‌ رۆژى عــه‌ره‌فه‌دا كه‌ چاكتره‌ له‌ قورئان خوێندن، یاخود خه‌ریك بوون به‌زیكرده‌كان كه‌ هاتوون له‌ دواى نوێژه‌ فه‌رزه‌كانه‌وه‌ چاكتره‌ له‌ قورئان خوێندن.

هۆكاره‌كانى گیرابوونى دوعا

چه‌ند هۆكارى ئاشكرا و په‌نهان هه‌ن :

یه‌كه‌م : هۆكاره‌ ئاشكراكان :

1-     پێشخستنى كرده‌وه‌ چاكه‌كان وه‌كو خێركردن و ده‌ستنوێژ گرتن و نوێژ كردن و رووكردنه‌ قیبله ‌و ده‌ست به‌رزكردنه‌وه‌ و سوپاس كردنى په‌روه‌ردگار به‌شیاوى.

2-     داواكردن به‌و ناوه‌ پیرۆز و سیفه‌ته‌ به‌رزانه‌ى كه‌ گونجاوه‌ له‌گه‌ڵ دوعاى كه‌سه‌كه‌دا، كه‌ ئه‌گه‌ر دوعا كردنه‌كه‌ داواى به‌هه‌شت بێ پارِانه‌وه‌ش به‌ فه‌زڵ و ڕه‌حمه‌تى خواى گه‌وره‌ ئه‌بێت، ئه‌گه‌ر دوعا كردن  بێت له‌ سته‌مكارێك نابێت ناوى الرحمن یان الكریم به‌كاربهێنێ، به‌ڵكو به‌ناوى  " الجبار و القهار " له‌ خوا بپارِێته‌وه‌ .

3-     هه‌روه‌ها له‌ هۆكاره‌كانى قبوڵ بوونى دوعا سه‌ڵاواتدانه‌ له‌ سه‌ر پێغه‌مبه‌ر ( صلی الله علیه وسلم )‌   له‌ سه‌ره‌تاو ناوه‌راست و كۆتایى دوعاكه‌یه‌وه‌.

4-     هه‌روه‌ها داننان به‌ گوناهـ و تاوانبارى خۆیدا.

5-     سوپاسكردنى په‌روه‌ردگار له‌سه‌ر نیعمه‌ته‌كانى .

6-     هه‌ڵبژاردنى كاته‌ چاكه‌كان كه‌ به‌ڵگه‌یان له‌سه‌ره‌ كه‌ گومانى قبوڵ بوونى دوعایان تێدا زیاتره‌، وه‌كو سێیه‌كى كۆتایى شه‌و كه‌ په‌روه‌ردگار دێته‌ ئاسمانى دونیا، له‌ نێوان بانگ و قامه‌تدا و له‌ دواى ده‌ستنوێژ گرتن و له‌ سوژده‌دا و پێش سه‌لامدانه‌وه‌ى نوێژ و دواى نوێژه‌ فه‌رزه‌كان و له‌ كاتى خه‌تمكردنى قورئان و كه‌ڵه‌شێر خوێننان و له‌ سه‌فه‌ردا و دوعاى سته‌ملێكراو و ناچار و بێچاره‌ و دوعاى باوك بۆ كورِى خۆى، موسوڵمان بۆ موسوڵمانى براى به‌ په‌نهانى و له‌كاتى تێكرِژانى بێباوه‌رِان و موسوڵمانان له‌غه‌زادا (ئه‌مانه‌ هه‌مووى له‌ شه‌و و رۆژدان)، به‌ڵام له‌ هه‌فته‌دا رۆژى هه‌ینى و به‌تایبه‌تى سه‌عاتى كۆتایى رۆژه‌كه‌، له‌ مانگه‌كاندا مانگى ره‌مه‌زان له‌ كاتى پارشێو و به‌ربانگدا و له‌كاتى به‌ره‌به‌یاندا و شه‌وى قه‌درو رۆژى عه‌ره‌فه‌.

7-     له‌ جێگه‌ پیرۆزه‌كاندا : به‌گشتى له‌ مزگه‌وته‌كاندا و له‌ لاى كه‌عبه‌ى پیرۆزدا و به‌ تایبه‌تى له‌ ( الملتزم )دا و كاتى نزیكبوونه‌وه‌ له‌ كه‌عبه‌ و له‌مه‌قامى ئیبراهیم ـ  علیه سلام ـ و له‌صه‌فاو مه‌روه‌ و له‌كێوى عه‌ره‌فات وموزده‌لیفه‌ ومینا و له‌كاتى حه‌جكرندا، له‌كاتى خواردنه‌وه‌ى ئاوى زمزمدا و جگه‌ ئه‌وانیش.

دووه‌م : هۆكاره‌ په‌نهانییه‌كان:

1- له‌ پێش دوعاكردنه‌كه‌دا، ته‌وبه‌یه‌كى راست و پاك بكات .

2- گه‌رِاندنه‌وه‌ى حه‌ق بۆ سته‌ملێكراوان .

3- هه‌وڵدان بۆ خواردن و خواردنه‌وه‌ و به‌رگ و پۆشاك و جێگه‌ى مانه‌وه‌ى له‌ پاره‌ى حه‌ڵاڵ.

4- زۆرى به‌ندایه‌تیكردن بۆ خواى گه‌وره‌ و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ گوناهه‌كان و خۆبه‌دوورگرتن له‌ شتى گوماناوى ئاره‌زووبازیى .

5- ئاماده‌بوونى دڵ و ده‌روون و متمانه‌ى ته‌واو به‌ خواى گه‌وه‌ره‌ له‌كاتى دوعادا و ئومێدى ته‌واو به‌ خواى گه‌وره‌ و هانا بردن بۆ لاى ئه‌و .

6- پێداگرى له‌ دوعاكاندا و سپاردنى كارووبار به‌ خواى گه‌وره‌ و بێ نیاز بوون له‌ خه‌ڵكى تر و متمانه‌ به‌ قبوڵ بوونى دوعاكانمان .

 

 

ڕێگره‌كانى قبوڵ بوونى دوعا

 له‌وانه‌یه‌ ئاده‌میزاد دوعا بكات به‌ڵام خواى گه‌وره‌ لێى قبوڵ نه‌كات یان دره‌نگ لێى وه‌رگرێت له‌به‌ر زۆر هۆكار، له‌وانه‌:

1-     هاواركردن و دوعاكردنى غه‌یرى خوا له‌گه‌ڵ خواى گه‌وره‌دا.

2-     ورده‌كارى زۆر له‌ پارِانه‌وه‌دا وه‌ك : په‌نهانگرتن به‌ خواى گه‌وره‌ له‌ گه‌رمى دۆزه‌خ وته‌نگى وتاریكى و ..هتد، كه‌ ته‌نها په‌نا بردنه‌ به‌ر خواى گه‌وره‌ له‌ سزاى دۆزه‌خ به‌سه‌ .

3-     دوعا كردنه‌ له‌ خۆى یان له‌ كه‌سێكى تر به‌ زوڵم و سته‌م، هه‌روه‌ها دوعاى گوناهبارانه‌ وپچرِاندنى خزمایه‌تى .

4-     هه‌روه‌ها راگرتنى دوعا به‌ ویستى خواى گه‌وره‌ وه‌كو بڵێ : خوایه‌ ئه‌گه‌ر حه‌ز ده‌كه‌ى لێم خۆش به‌ و وێنه‌ى ئه‌وانه‌.

5-     په‌له‌كردن له‌ قبوڵ بوون به‌و شێوه‌یه‌ى بڵێ : دوعام كردووه‌ لێم وه‌رنه‌گیرا.

6-     بێزار بوون وماندوو بوون له‌ دوعا كردندا .

7-     پارِانه‌وه‌ به‌دڵێكى بێ ئاگاوه‌ .

8-     به‌كار نه‌هێنانى ئه‌ده‌بى ته‌واو له‌ حزووری خوادا، پێغه‌مبه‌ر ( صلى الله علیه وسلم ) گوێى له‌ پیاوێك بوو له‌ نوێژه‌كه‌یدا ئه‌پارِایه‌وه‌ و صه‌ڵاواتى نه‌ئه‌دا له‌ پێغه‌مبه‌ر( صلى الله علیه وسلم ) ئه‌میش فه‌رمووى  " عَجِلَ هَذَا "، واته‌: په‌له‌ى كرد، پاشان بانگى كرد و پێى فه‌رموو یان به‌كه‌سانى ترى فه‌رموو: " إِذا صَلَّى أَحَدُكُمْ فَلْیَبْدَأْ بِتَحْمِیدِ اللَّهِ وَالثَّنَاءِ عَلَیْهِ، ثُمَّ لْیُصَلِّ عَلَى النَّبِیِّ صلى الله علیه وسلم ثُمَّ لیَدْعُ بَعْدُ بمَا شَاءَ  " { رواه الترمذی } واته‌: ئه‌گه‌ر كه‌سێكتان پاڕایه‌وه‌ له‌خودا با به‌سوپاس وستایشى په‌روه‌ردگار ده‌ست پێ بكات پاشان صه‌ڵاوات له‌سه‌ر پێغه‌مبه‌ر( صلى الله علیه وسلم )  بدات، پاشان ئه‌وه‌ى مه‌به‌ستێتى دوعا بكات و بپارِێته‌وه‌..

9-     دوعا كردن بۆ شتێك كه‌ نایه‌ته‌دی وبرِاوه‌ته‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی دوعا بكات كه‌ نه‌مرێت وهه‌میشه‌ بمێنێته‌وه‌ له‌دونیادا .

10-                        هه‌روه‌ها زۆر له‌ خۆكردن بۆ رێكخستنى دوعا خواى گه‌وره‌ فه‌رموویه‌تى:( ادْعُوا رَبَّكُمْ تَضَرُّعًا وَخُفْیَةً إِنَّهُ لَا یُحِبُّ الْمُعْتَدِینَ { الأعراف : 55 } واته‌: هانا و هاوار بكه‌ن له‌ په‌روه‌ردگارتان به‌ كوڵ و به‌نهێنى چونكه‌ به‌ راستى ئه‌و زاته‌ ده‌ستـدرێژكارانى خۆش ناوێت .

هه‌روه‌ها ئیبن عه‌بباس خوا لێى رازى بێت فه‌رموویه‌تى: له‌ دوعاكردندا خۆتان له‌ سه‌جع (مه‌به‌ست زۆر له‌خۆكردنه‌ به‌مه‌به‌ستى رێكخستنى دوعاكان له‌رووى وشه‌سازى و وه‌زن و قافیه‌وه‌) بپارێزن، له‌سه‌رده‌مى پێغه‌مبه‌ر و هاوه‌ڵاندا ژیاوم ئه‌وه‌یان نه‌ده‌كرد، واته‌ خۆیان لێ به‌دوور ده‌گرت.

11-                        هه‌روه‌ها زۆر ده‌نگ هه‌ڵبرِین له‌ دوعاو پارِانه‌وه‌دا، خــواى گــه‌وره‌ فــه‌رموویه‌تى: ( وَلَا تَجْهَرْ بِصَلَاتِكَ وَلَا تُخَافِتْ بِهَا وَابْتَغِ بَیْنَ ذَلِكَ سَبِیلًا ) { الإسراء : 110 }واته‌: (ئه‌ى پێغه‌مبه‌ر) له‌ نوێژو دوعاكاندا زۆر ده‌نگ به‌رز مه‌كه‌ره‌وه‌و بابێ ده‌نگیش نه‌بیت و له‌و نێوانه‌دا بیت.

عائیشه‌ ـ ره‌زاى خواى لێبێت ـ ئه‌فه‌رمووێت ئه‌م ئایه‌ته‌ ده‌رباره‌ى دوعا هاتۆته‌ خوارێ.

چاكوایه‌ موسوڵمانان به‌م شێوه‌یه‌ دوعا وپارِانه‌وه‌كانى رێك بخات

یه‌كه‌م: سوپاس و ستایشى خواى په‌روه‌ردگار بكات.

 دووه‌م: صڵاوات لێ بدات.

 سێیه‌م: ته‌وبه‌و په‌شیمان بوونه‌وه‌ و داننان به‌ گوناهه‌كانیدا، پاشان سوپاسى خواى گه‌وره‌ له‌سه‌ر نیعمه‌ته‌كانى.

پێنجه‌م: ده‌ستكردن به‌ پارِانه‌وه‌ و سوور بوون له‌سه‌ر دوعا گشتگیره‌كان و ئه‌وانه‌ى له‌ پێغه‌مبه‌ر ( صلى الله علیه وسلم ) و پێشنیانى چاكه‌وه‌ هاتوون.

شه‌شه‌م : كۆتایهێنان به‌ صڵاواتدان له‌سه‌ر پێغه‌مبه‌ر ( صلى الله علیه وسلم )   .

منیش له‌كۆتاییه‌وه‌ هه‌ردوو ده‌ستم به‌رز ئه‌كه‌مه‌وه‌ بۆ ئاسمان و له‌په‌روه‌ردگاری به‌رز و بڵند و به‌ده‌سه‌ڵات ده‌پاڕێمه‌وه‌ كه‌ سه‌ربه‌زی دونیا و دواڕۆژمان بكات و بمانگێڕێت به‌ ئومه‌تی محمد المصطفی وله‌ژێر به‌یداخ و ئاڵای ئه‌ودا حه‌شرمان بكات .

وصلی الله وسلم علی نبینا محمد وعلی آله وصحبه وسلم 

          

صفحات سایت

پیچک