تبلیغات
ماڵپه‌ری ئیسلام كورد
Rss
Logo
ADS
زاراوه‌كانی قیرائات

مه‌تنی تحفة الأطفال

ته‌فسیری قورئانی پیرۆز

شێوازی نوێژی پێغه‌مبه‌ر

ئامۆژگاری بۆ موسڵمانان

كاتی بانگه‌كان&بانكبێژان

24 كاتژمێر راسته‌وخۆ

ئاماری ماڵپه‌ر
میوانانی سه‌رهێل

ژماره‌ى سه‌ردانه‌كان

ڕاپرسی ماڵپه‌ر
ئایا تا ئێستا سوودت له‌ ماڵپه‌ری ئیسلام كورد بینیوه‌؟؟؟

ماڵپه‌ره‌ كۆنه‌كه‌مان
عه‌لمانیه‌ت بناسه‌
گێژاوی مه‌دخه‌لیزم
مێژووی انصار الاسلام
فیرعه‌ونی زه‌مان و قه‌یرانی...

 

 

 



ژیانی پێغه‌مبه‌ری خوا


ئاماده‌كردنی: ماڵپه‌ری ئیسلام كورد

موحەمەدی کوڕی عەبدولڵا کوڕی عەبدول موتەلیب، بە پێغەمبەری خوایه‌ بۆ ھەموو مرۆڤایەتی تا خەڵک بگەڕێنێتەوە بۆ یەکتاپەرستی و پەرستنی خوا ، و لەو باوەڕەدان کە باشترینی دروستکراوانی خوایە و پێشەوای مرۆڤە، لەگەڵ ناوھێنانیدا ئەڵێن «صلی اللە علیە وسلم» واتە« دروودی خوای لێبێت»، کە لە قورئان و سوننەتدا ئەوە ھاتووە، وایان لێئەکات سڵاواتی لەسەر بدەن. نووسەری یەهوودی مایکل هارت لە دانانی کتێبی مەزنترین ١٠٠ کەسایەتی مێژوودا، پێغەمبەر موحەمەدی داناوە بە بە مەزنترین کەس[١] بەو بڕوایەی «کە تەنها کەسە لە مێژوودا بە تەواوی سەرکەوتوو بووە لەسەر ئاستی ئایینی و دونیایی و ئەڵێت موحەمەد کاریگەرییەکی گەورەی لە دەروونی موسڵمانان بە جێهێشتووە، ئەمەش دەردەکەوێت لە یادکردنەوە و شوێن پێ هەڵگرتنییاندا لە شێوازی ژیان و پەرستشەکانی، و هەروەها لە هەستانیان بە لەبەرکردنی ووتە و هەڵس وکەوت و سیفەتەکانی».

لە دایک بووە لە مەککە لە مانگی ڕەبیعولئەولی ساڵی فیل، بەرامبەر ساڵی ٥٧٠ یان ٥٧١ی زایینی[٢]، پێش ئەوەی لە دایک بێت باوکی کۆچی دوایی کردوە و ھەر لە مناڵیشدا دایکی لەدەست ئەدات، پەروەردە دەبێت لای عەبدول موتەلیبی باپیرەی پاشان لای ئەبو تالیبی مامی، کە لەو ماوەیەدا خەریکی شوانی ئەبێت، پاشانبازرگانی ئەکات، لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا ژیانی ھاوسەری پێک ھێناوە لەگەڵ خەدیجەی کچی خوەیلد، کە دایکی ھەموو مناڵەکانی بووە بێجگە لە ئیبراھیم.

لە پێش ئیسلامدا حەنیفی بووە و خوای پەرستووە لەسەر ڕیبازی ئیبراھیم و پەرستنی بتی ڕەتکردۆتەوە کە لەو کاتانەدا بەربڵاوبووە لە مەککەدا، موسڵمانان لەو باوەڕەدان کە نیگای خوای پێ گەیشتووە کاتێک لەتەمەنی چل ساڵیدا بووە، سێ ساڵ بە نھێنی بانگەوازی کرد پاشان دە ساڵی لە مەککە بە سەر برد بە بانگ کردنی خەڵکەکەی و بازرگان و حەجاجەکانی ئەهاتنە مەککە، و لە ساڵی ٦٢٢ز کۆچی کرد بۆ شاری مەدینە کە ناودەبرا بە یەسرب، دوای ئەوەی گەورەکانی قوڕەیشکەوتنە پیلان گێڕان لێی و بانگەوازەکەیان ڕەت ئەکردەوە، دە ساڵی کۆتایی ژیانی لە مەدینە بەسەر برد بە بانگەوازی ئیسلامی، و بناغەی شارستانی ئیسلامی دانا، کە دواتر فراوان بوو و مەککە و ھەموو شار و ھۆزە عەرەبیەکانی گرتەوە، و بۆ یەکەم جار عەرەبی یەکخست لەسەر یەک ئاینی یەکتاپەرستی و لە دەوڵەتێکی یەکگرتوودا[٣][٤] .


سەرچاوەکانی ژیاننامەی

لەبەر ئەوەی کەسایەتییەکی کاریگەرە لە مێژوودا، بۆیە ژیان و کاروبار و بیروباوەڕی بە شێوەیەکی بەرفراوان لێدوانی لەسەر کراوە لەلایەن لایەنگران و نەیارەکانی بە درێژایی سەدەکان. موسڵمانان لە کۆن و نوێدا گرنگییان داوە بە ژیاننامەکەی بەوەی بە پەیڕەوێکی کرداری دادەنرێت بۆ ئیسلام، زانایانی ئیسلام دانراوی زۆریان لەسەر داناوە و هەموو شتێکی پەیوەندیداریان پێوەی نوسیوەتەوە[٥].


قورئان

قورئان بە سەرچاوەیەکی سەرەکی دادەنرێت لە زانینی ژیاننامەی پێغەمبەر موحەمەد (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)، دێرینترن و باوەڕپێکراوترین سەرچاوەی ژیاننامەی پێغەمبەرە (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) ، لەبەرئەوەی ئەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی موحەمەد (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) خۆی و هەموو موسڵمانان یەک نوسخەی قورئان کۆیان ئەکاتەوە لەگەڵ جیاوازی کۆمەڵە ئیسلامییەکاندا، لەگەڵ ئەوەی قورئان هەموو ژیاننامەی پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) لە خۆناگرێت، بەڵام چەند ئاماژەدانێکی تیایە بۆ ژیانی بە دەربڕینی ئاشکرا بێت یان بە ئاماژەدان. هەندێک لە سیفەتەکانی باسکراوە لەگەڵ بەڵگەکانی پێغەمبەرێتی، ڕەوشت و تایبەتمەندییەکانی، و باری دەروونی، و هەندێک شت لە بارەی غەزووەکانیەوە باسکراوە.

کتێبی فەرموودە

ژیاننامەی پێغەمبەر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) بەشێکی فراوانی گرتووە لە کتێبەکانی فەرموودەدا، هەموو ئەوانەی کتێبیان لە فەرموودەدا داناوە، بەش و دەروازەی تایبەتیان داناوە لەسەر ژیانی پێغەمبەر موحەمەد (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) ، و بانگەوازەکەی، و هاوەڵەکانی، لەگەڵ ئەوەی ئەو ڕووداوانە بە پێی کات ڕیزبەند نەکراوان، لەبەرئەوەی ئەوان مەبەستیان کۆکردنەوەی ووتەکانی پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) و کردار و فەرمان و حوکمەکانی بووە.

زانایامی موسڵمان کۆکن لەسەرئەوەی کە ناودارترین و دێرینترین کتێب لەبارەی هەواڵی ژیاننامەی پێغەمبەرەوە (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) مۆتەی مالیکە، پاشان سەحیحی بوخاری و دواترسەحیحی موسلیم کە بەشێکی زۆریان لە ژیانی موحەمەد باسکردووە.


کتێبەکانی ژیاننامە (سیرە)

کتێبەکانی سیرە و ژیاننامە لە قۆناغێکی دواتر لە کتێبەکانی فەرموودە نوسراون، هاوەڵەکان گرنگییان ئەدا بە گێڕانەوەی ژیاننامەکەی بە دەمی، یەکەم کەس کە گرنگی دا بە نوسینەوەی ژیاننامەکەی عەروەی کوڕی زوبەیر بوو. لە دواتردا موحەمەد کوڕی ئیسحاق دێت لە نووسینەوەی ژیاننامەی پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) بە تەواوی و شارەزایان بە ڕاسترین کتێبی سیرەی دادەنێن لەو سەردەمەدا.


سەرچاوەکانی تر

کتێبەکانی شەمائل بە سەرچاوەیەکی بنەڕەتی دادەنرێت لە زانینی ژیاننامەی پێغەمبەردا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)، ئەمانەش ئەو کتێبانەن کە دانەرەکانیان گرنگییان داوە بە باسی ڕەوشتی پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) و خوو ڕەوشت و سیفەتەکانی، و هەڵس و کەوتی لە شەو و ڕۆژدا، و ڕەوشتەکانی.

هەروەها کتێبەکانی دەلائل بە یەکێکی تر لە سەرچاوە بنەڕەتییەکانی ژیاننامەکەی دادەنرێن، ئەمەش ئەو کتێبانە دەگرێتەوە کە بەڵگە و نیشانەکانی پێغەمبەرایەتی موحەمەد (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) ئەسەلمێنێت بە پێی بیروباوەڕیموسڵمانان. زۆر کتێب لەم بوارەدا دانراون و ناودارترینییان بەڵگەکانی پێغەمبەرێتی بیهقییە.

هەروەها چەندین جۆری تر سەرچاوە هەیە، وەک کتێبەکانی تەفسیری قورئان و هۆکانی هاتنە خوارەوە.


کورتەیەکی مێژوویی

لە ڕووی سیاسییەوە، نیمچەدوورگەی عەرەبی لێک هەڵوەشابوو، نە دەوڵەتێک یەکی ئەخست و نە حکومەتێک بەڕێوەی دەبرد، دەوڵەتە دێرینەکانی کە لە یەمەن و نەجد و دەورووبەری عێراق و شام بوون لێک هەڵوەشابوون، و ژیانی کۆچەری دەستی بەسەر شارەکانی حیجازدا گرتبوو، و هۆزەکان یەکەی سەرەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بوون.

لە ڕووی ئابووریەوە، دەشتەکییە عەرەبەکان پشتیان بە شوانکارەیی و کۆچکردن ئەبەست بۆ ئەو ناوچانەی ئاویان لێیە، ئەمەش بوو بووە هۆی شەڕ بۆ دەستکەوتنی پێداویستییەکان، بەڵام لە شارەکاندا چالاکی بازرگانی و کشتوکاڵی و پیشەسازی هەبوو، مەککە چالاکی بازرگانی تێیدا باڵادەست بوو و ڕێگەی بازرگانی نێوان شام و یەمەنی بەڕێوە ئەبرد، بەڵام مەدینە کشتوکاڵ تێیدا لەبرەودا بوو بە هۆی باخی میوە و خورما و ترێوە.

عەرەب دیناری بیزەنتی و دەرهەمی فارسییان بەکاردەهێنا لە ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا، بەڵام لە ڕووی پیشەسازییەوە مەدینە ناسرابوو بە داڕشتنی جوانکاری زێڕ و زیو، لەگەڵ دروستکردنی شمشێر و تیر و ڕم و زرێپۆش، هەروەها لە شارە عەرەبیەکاندا ئاسەنگەری و زەڕەنگەری و دەباغچییەتی و چنین پەرەی سەند، هەروەها عەرەب چەند جۆرێک مامەڵەی داراییان ئەزانی وەک قەرز و ڕەهن و باج.

لە ڕووی ئایینییەوە، بت پەرستی نیمچەدوورگەی عەرەبی گرتبوویەوە بە شێوەیەکی گشتی، خواوەندێکیان ئەپەرست کە وەک بت دروستکران لە بەرد و تەختە، ژمارەیان ئەگەیشتە ٣٦٠ بت لە دەوری کەعبە، ئەو هۆزانە ئەیانپەرستن کە ئەهاتن بۆ حەج و قوربانی و نەزریان بۆ ئەکردن، لەگەڵ ئەمانەشدا چەند دروشمێکیان لە پاشماوەی ئاینی ئیبراهیم بۆ مابوویەوە وەک بەرز ڕاگرتنی کەعبە، و سەردان کردنی، و حەج و عومرە، لە هەمان کاتدا چەند تاکێک هەبوون کە لەسەر ڕێبازی ئیبراهیم و ئیسماعیل بوون بە تەنها و ناسرابوون بە حەنەفییەکان، هەروەها چەند ئاینێکی تر هەبوو بە شێوەیکی دیاریکراو وەک یەهوودی لە یەمەن و مەدینە، و مەسیحییەت لە نەجران و حیرە و دەوروبەری شام، و هەروەها بڵاوبونەوەیەکی دیاریکراوی ئاگرپەرستی هەبوو کە لە ئێرانەوە هاتبوون[٦].


نەژادی

ئەبووقاسم موحەمەدی کوڕی عەبدولڵا کوڕی عەبدول موتەلیب کوڕی ھاشم کوڕی عەبد مەناف کوڕی قوسەی کوڕی کیلاب کوڕی مڕە کوڕی کەعب کوڕی لوئەی کوڕی غالیب کوڕی فەهر کوڕی مالیک کوڕی نەزڕ کوڕی کینانە کوڕی خەزیمە کوڕی مدرکە کوڕی ئلیاس کوڕی مزڕ کوڕی نزار کوڕی موعد کوڕی عەدنانە (تا ئێرە ڕێکەوتوون لەسەری زانایان)، لەگەڵ ئەوەی سەلمێنراوە ئەچێتەوە سەر نەسەبی ئیسماعیلی کوڕی ئیبراھیم.

هیچ لقێک نیە لە قوڕەیشدا کە نزیکاتی لەگەڵ موحەمەددا نەبێت[٧]، و موسڵمانان لەو باوەڕەدان کە خوا هەڵیبژاردووە لە باشترین هۆز و پشت و نەسەبدا.

  • باوکی؛ عەبدولڵای کوڕی عەبدول موتەلیب بووە کە لە چاکترین کوڕەکانی باوکی بووە و لێبوردەترین و نزیکترینیان بووە لێوەی، و بچوکترینیان بووە.
  • دایکی؛ ئامینەی کچی وەھب کوڕی عەبد مەناف کوڕی زەهرە کوڕی کیلاب بووە کە لەو ڕۆژانەدا باشترین ژنی قوڕەیش بووە لە نەسەب وشوێندا، و باوکی پێشەوای بەنی زەهرە بووە لە نەسەب و شەرەفدا.


ژیانی لە پێش بانگەواز

لە دایک بوونی

پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) لە دایک بووە لە مەککە (بە پێی گێڕانەوەکانی سوننە لە دایک بووە ڕۆژی دووشەممە، ١٢ ی ڕەبیعولئەوەلی ساڵی فیل، بەرامبەر ٢٠ یان ٢٢ی نیسانی ساڵی ٥٧١ یان ٥٧٠ی زایینی). شەش مانگ پێش لە دایکبوونی باوکی کۆچی دوایی کردووە، کاتێک لە دایک دەبێت ئامینەی دایکی ئەنێرێت بۆ لای عەبدول موتەلیب مژدەی بدەنێ ئەویش زۆری پێ خۆش دەبێت و دەچێتەکەعبەوە سوپاسی خوا ئەکات و ناوی موحەمەدی بۆ ھەڵ ئەبژێرێت کە لەو کاتەدا ئەو ناوە لە ناو عەرەب باو نەبووە.

پەروەردە بوونی

یەکەم کەس کە شیری پێدا لە دوای دایکی سویبەی خزمەتکاری ئەبولەھەب بووە و پاشان بردیانە لای حەلیمەی سەعدی و ئەو گرتیەخۆی، و چەند مانگ جارێک ئەیھێنایەوە بۆ لای دایکی، دوو ساڵ لە بەنی سەعد مایەوە پاشان حەلیمە ھات بۆ لای دایکی تا داوای لێبکات زیاتر لایان بمێنێتەوە تاکو گەرمای مەککە کاری تێ نەکات و ھەروەھا لەبەر ئەو بەرەکەتەی ڕووی تێکردبوون بە ھۆی ئەوەوە، بەڵام لە دوای ڕووداوی لەتکردنی سنگی موحەمەد ترسان و گەڕاندیانەوە بۆ لای دایکی.

و لە تەمەنی شەش ساڵیدا بوو کاتێک دایکی کۆچی دوایی کرد، پاشان عەبدول موتەلیبی باپیرەی بردیە لای خۆی تا لەگەڵ مناڵەکانیا بژی، و کاتێک لە تەمەنی ھەشت ساڵیدا بوو عەبدول موتەلیب کۆچی دوایی کرد لە مەککە، و پێش مردنی ئەبو تالیبی کوڕی ڕاسپارد بە پەروەردەی موحەمەد، ئەبو تالیبیش ئەو ئەرکەی زۆر بە جوانی لە ئەستۆ گرت.


لاوێتی

مامی ئەبوتاڵیب داهاتێکی زۆری نەبوو، لەبەرئەوە  پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  سەرەتا شوانی ئەکرد لە بەنی سەعد لە سەر چەند قیڕاتیک بۆ خەڵکی مەککە (قیڕات بەشێکە لە دەرهەم یان دینار).« لەگەڵ ئەوەی شیعە هەواڵی شوانییەکەی ڕەت ئەکەنەوە»، کاتێک گەیشتە تەمەنی ١٢ ساڵی لەگەڵ مامی ڕۆیشت بۆ شام بۆ بازرگانی، ناونرا بە ئەمین و ڕاستگۆ و خەڵک ئەمانەتیان لە لا دائەنا، و کاتێک قوڕەیش بینای کەعبەیان نوێکردەوە، جیاوازیان کەوتە نێوان لەسەر دانانەوەی بەردە ڕەشەکە لە شوێنی خۆی، بۆیە ڕێکەوتن یەکەم کەس ھاتە ژوورەوە دایبنێت، موحەمەد ھاتە ژوورەوە وتیان ئەمین ھات و ڕازی بوون کە ئەو دایبنێت، داوای پۆشاکێکی کرد و بەردەکەی خستە سەری و ھەموو تیرە و ھۆزەکانی شاری مەککەی بانگکرد و ھەر یەکەی چەمکێکیان گرت و ھەڵیان گرت، پاشان بە دەستی خۆی بەردەکەی خستەوە شوێنی خۆی.


هاوسەرگیری لەگەڵ خەدیجە

خەدیجەی کچی خوەیلد، ئافرەتێکی بازرگانی سەروەر و سەرفرازی شاری مەککە بوو، کاتیک ھەواڵی دەست پاکی موحەمەد گەیشت پێی، ناردی بە شوێن موحەمەدا و پێشنیاری خستە بەردەمی کە بەشداری بکات لە بازرگانیەکەیدا بۆ شام، پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) ڕازی بوو و دەرچوو بۆ شام و شتومەکی کڕی و گەڕایەوە بۆ مەککە قازانجێکی زۆری کرد، بۆیە لە دوای گەڕانەوەکەی لە شام خەدیجە پێشنیاری ھاوسەرگیری خستە بەردەمی، موحەمەدیش دوای ئەوەی داواکەی خستە بەردەم مامەکانی، خەدیجەی خواست کاتێک لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا بوو خەدیجە لە تەمەنی ٤٠ ساڵیدا یان هەندێک ئەڵێن ئەویش لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا بووە.

خەدیجە دایکی ھەموو مناڵەکانی بوو بێجگە لە ئیبراھیم کە دایکی ئەو ماریە قەبتی بوو، مناڵەکانی تری قاسم و عەبدولڵا و زەینەب و ئوم کەلسوم و فاتمە بوون. قاسم و عەبدولڵا لە سەردەمی نەفامیدا مردن بەڵام ھەموو کچەکانی ئیسلام بوون و لە گەڵیا کۆچیان کرد، بەڵام ھەموویان ھێشتا پێغەمبەر لە ژیاندا بوو مردن بێجگە لە فاتیمە.


مژدەکان لە نزیکبوونەوەی ناردنی

موسڵمانان لەو بڕوایەدان کە خوا هەر پێغەمبەرێکی ناردبێت بەڵێنی لێ وەرگرتووە کە بە نەتەوەکەی بلێت باوەڕ بە دوایین پێغەمبەر بهێنن کە موحەمەدە (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)و سەری بخەن[٨]، و موحەمەد خۆی فەرموویەتی؛ (من بانگه‌وازی ئیبڕاهیمی باوكمم، مژده‌كه‌ی عیسام [٩]، هەروەها لە کتێبەکانی سیرەدا هاتووە کەوا حاخامەکانی یەهوود و قەشە مەسیحییەکانی ناو عەرەب باسیان لە هاتنی پێغەمبەر موحەمەد (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)کردووە پێش ناردنی کاتێک کاتەکەی نزیک بۆتەوە.



ژیانی دوای ناردنی تا پێش کۆچ

دابەزینی سروش

کاتێک گەیشتە تەمەنی چل ساڵی بە زۆری دەردەچوو بۆ ئەشکەوتی حەڕا ئەمایەوە لە «شاخی نوور لە دووری دوو میل لە مەککەوە»، ئەمەش لە هەموو ساڵێکدا بوو، ئاو و خواردنی لەگەڵ خۆی ئەبرد و مانگێک تیایا ئەمایەوە و پەرستن و تێڕامانی ئەکرد. موسڵمانان لەو بڕوایەدان کە بۆ یەکەم جار سروشی بۆ دابەزی لە ١٧ی ڕەمەزان یان ٢٤ی ڕەمەزان یان ٢١ی ڕەمەزان بەرامبەر ١٠ی ئابی ٦١٠ز، (٢٧ی ڕەجەب دانراوە لای شیعە).

لە دوای ئەو ڕووداوە ماوەیەک سروشی بۆ نەهات، ئەڵێن نزیکەی سێ ساڵ یان کەمتر بووە، تا کۆتایی هات بە دابەزینی ئایەتەکانی سەرەتای سورەتی مودەسیر ‹المدثر›، پاشان سروش دابەزی و بەردەوام بوو بۆ ماوەی بیست و سێ ساڵ تا کۆچی دوایی کرد. و یەکەم ئایەت لە قورئان دابەزی بۆی (اقْرَء بِاسْمِ رَبِّکَ اڵّذی خَڵقَ) واتە بخوێنەوە بە ناوی ئەو خوایەی دروستی کردووی[١٠].


سەرەتای بانگەوازی

موسڵمانان لەو باوەڕەدان کە پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  نێردراوە بۆ هەموو مرۆڤایەتی، و لەدوای هاتنە خوارەوەی ئایەتەکانی سورەتی مودەسیر، دەستیکرد بە بانگ کردنی خەڵک بۆ ئیسلام لە گەورە و بچوک، و سەربەست و بەندە و پیاوان و ژنان و یەکەم کەس کە باوەڕی پێ هێنا بە پێی گێڕانەوەکانی سوننە خەدیجەی کچی خوەیلدی خێزانی و عەلی کوڕی ئەبوتالیبی ئامۆزای بوو و زەیدی کوڕی حارسە یەکەم پیاو بووە کە باوەڕی پێ هێناوە و پاشان هاوڕێی نزیکی ئەبوبەکر باوەری پێ هێنا (لە هەندێک گێڕانەوەدا هاتووە کە ئەبوبەکر پێش عەلی باوەڕی هێناوە و یەکەم پیاو بووە کە موسڵمان بووە) و بە موسڵمان بوونی ئەبوبەکر ئیسلام دەرکەوت لە مەککە، یەکەم کەس بوو کە ئیسلام بوونی خۆی دەرخست، و دەستی کرد بە بانگ کردنی هۆز و نزیکەکانی بۆ ئیسلام و ئەوانەی بە بانگەوازی ئەبوبەکر ئیسلام بوون، عوسمان کوڕی عەفان و عەبدول ڕەحمان کوڕی عەوف و تەڵحە کوڕی عوبەیدوڵڵا و زوبێر کوڕی عەوام و سەعد کوڕی ئەبی وەقاس بوون.

پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) لە سەرەتادا سێ ساڵ بە نهێنی بانگەوازی کرد، و لە یەکەمینی ئەو حوکمانەی هاتنە خوارەوە فەرمان کردن بوو بە نوێژکردن، موسڵمانان سەرەتا بە نهێنی کۆدەبونەوە بۆ نوێژکردن و بە دیداری پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) ئەگەیشتن کاتێک ژمارەیان گەیشتە سی ژن و پیاو، پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) ماڵی ئەڕقەمی کوڕی ئەبی ئەڕقەمی بۆ هەڵبژاردن تا تیای کۆببنەوە بە مەبەستی ڕێنمایی و فێربوون، و کاتێک ژمارەیان گەیشتە چل کەس، فەرمان کرا بە  پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  بە ئاشکرا بانگەواز ڕابگەیەنێت.


بانگەواز بە ئاشکرا

دوای سێ ساڵ بانگەوازی نهێنی،  پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  دەستی کرد بە ئاشکراکردنی بانگەواز دوای ئەوەی لەلایەن خواوە فەرمانی پێکرا، ئیبن عەباس بە پێی ڕیواتەیەکی زەهری ئەڵێت؛ قوڕەیش لە دژی بانگەوازی  پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  نەوەستان تا ئایەتەکان لەسەر بت پەرستی ھاتنە خوارەوە، لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی ئەو کەسانەی کە ئەچوونە ئیسلامەوە مەترسی دروستبوو بۆ شێوازی ژیانی ئاینی لە مەککە و بە خراپی کار ئەکردە لەسەر ھێزی ئابووری قوڕەیش، بۆیە قوڕەیش دژی بانگەوازەکەی وەستان و داوایان لیئەکرد واز بھێنیت بەڵام موحەمەد ڕازی نەبوو لە بەرامبەر ھیچ شتێک دەست لە بانگەواز ھەڵگرێت. ھەر لەبەر ئەوە قورەیش وتیان: موحەمەد توشی جۆرێک لە شێتی بووە، و وتیان جنۆکە و شەیتان تێکیان داوە و ھەروەھا پێیان وت ساحیر و شاعیرە. کاتێک زانیان بەمە ناتوانن ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی بانگەوازەکە بگرن بۆیە بڕیاری ئازاردانی موسڵمانانیان دا، و ھەر سەرۆک ھۆزێک ئازاری ئەو کەسانەی ئەدا لە ھۆزەکەی کە ئیسلام بوون، و بریاری ئازاردان و لێدانیان دا بۆ ھەر یەکێک ئیسلام بێت. ھەتا گەیاندیانە ئەوەی کە ئازاری  پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  خۆشیان ئەدا.


کۆچکردن بۆ حەبەشە

کاتێک نەھامەتی زیادی کرد لەسەر موسڵمانان  پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  ڕێگەی پێدان کە کۆچ بکەن بۆ حەبەشە لە ساڵی ٦١٥ز بۆ لای پاشا ئەسحەمەی نەجاشیلەبەرئەوەی ستەمی لە کەس نەئەکرد، عوسمانی کوڕی عەفان و خێزانەکەی و نزیکەی ٨٠ پیاو کۆچیان کرد بۆ حەبەشە. ئەمەش یەکەم کۆچکردن بوو لە ئیسلامدا و دواتر زۆربەی ئەوانەی کۆچیانکردبوو بۆ حەبەشە ڕۆیشتن بۆ مەدینە دوای ئەوەی ئیسلام لە مەدینەدا جێگیر بوو.

گەمارۆدانی بەنی هاشم

کاتێک قوڕەیش زانییان موسڵمانان پارێزراون لای نەجاشی حەبەشە، و دوای ئەوەی عومەر کوری خەتتاب و حەمزەی کوڕی عەبدولموتەلیب ئیسلام بوون، وئیسلام بڵاوئەبوویەوە لە نێو هۆزەکاندا، ئەمە زۆربوو بەلایانەوە، کۆبوونەوە بۆ کوشتنی پیغەمبەر، قسەیان لەگەڵ بەنی هاشم کرد و داوایان کرد بیدەن بە دەستەوە، ئەوانیش ڕازی نەبوون، و کاتێک قوڕەیش ئەمەیان زانی گەمارۆی بەنی هاشمیان دا بەوەی کەس تێکەڵیان نەبێت و لەگەڵیان دانەنیشێت و هیچ مامەڵەیەکیان لەگەڵ نەکات تا موحەمەد ئەدەن بە دەستەوە. بۆ ئەمەش نوسراوێکیان نوسی و بە کەعبەدا هەڵیان واسی.

دواتر پێنج لە سەرکردەکانی قوڕەیش هەوڵیاندا کۆتایی بەو گەمارۆیە بهێنن، پاشان ئەبوتاڵیب کۆچی دوایی کرد لە ڕەمەزان یان شەوالی دەیەم ساڵی پێغەمبەرایەتی (٣ ساڵ پێش کۆچی)، قوڕەیش نەیانئەتوانی ئازاری پێغەمبەر بدەن هەتا ئەبوتاڵیب کۆچی دوایی کرد، پاشان خەدیجەی خێزانی کۆچی دوایی کرد، پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  زۆر خەمبار بوو بۆ لە دەستدانی مامی و هاوسەرەکەی لەبەر ئەوە ئەو ساڵ ناونرا ساڵی دڵتەنگی.


دەرچوون بۆ تائیف

کاتێک قوڕەیش ئازاریان توند کرد لەسەر پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) و هاوەڵەکانی دوای وەفاتی ئەبوتالیب مامی،  پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  دەرچوو بۆ تائیف و داوای لێکردن بێنە ناو ئیسلامەوە، بەڵام ئەوان زۆر بە توندی ڕەتیان دایەوە و ڕازی نەبوون،  پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  تائیفی بە جێ هێشت و بە خەمباری گەڕایەوە بۆ مەککە لەبەرئەوەی کەس لە خەڵکی تائیف نەهاتن بە دەم بانگەوازەکەیەوە.

ئیسرا ومیعراج

لە دوای گەشتەکەی تائیف، ڕووداوی ئیسرا و میعراج یان شەوڕەو ڕوویدا بە پێی بیروباوەڕی ئیسلامی،موسڵمانان  لەو باوەڕەدان، ئەم گەشتە لە مزگەوتی حەرامەوە بۆ مزگەوتی ئەقسا واتە شاری بیت المقدس بە سواری بوراق و بە ھاوەڵی جوبرەیل، لەوێ دابەزیوە و نوێژی کردووە، پاشان ئەو شەوە لە بیت المقدسەوە ڕۆیشتووە بۆ ئاسمانی دنیا، و لەوێ ئادەمی بینیوە وسڵاوی لێکردوە و ئەویش وەڵامی داوەتەوە، ھەر لە ئاسمان بەدیداری یەحیا و عیسا و یوسف و ئیدریس و ھارون و موسا و ئیبراھیمگەیشتوە، پاشان بوراقەکە بەرزی کردۆتەوە بۆ لای خوا، و نوێژەکان لەو شەوەدا فەڕز کراون. بە پێی ڕای ئیبن ئیسحاق خوا تەنھا ئیسرای بە ڕۆحی پێغەمبەر کردووە، یان گەشتێکی ڕۆحی بووە، لە ھەمان کاتدا ھەندێ لە مێژوو ناسان وایدەبینن کە موحەمەد بە ڕۆح و جەستەشی سەفەری کردووە. ھەر لەو ڕۆژەدا موحەمەد بە ھۆزەکەی ڕاگەیاند بەڵام بە درۆیان خستەوە، باوەڕیان پێ نەکرد تەنھا ئەوان نەبێت کە باوەڕیان بە بانگەوازەکەی کردبوو وەک ئەبوبەکر.

بەیعەتی عەقەبەی یەکەم ودووەم

پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) لە وەرزی حەجدا بانگەوازی ھۆزە عەرەبەکانی ئەکرد بۆ لای خوا، و لە ساڵی ١١ی پێغەمبەرایەتیدا بوو کە شەش لاوی یەسریب (مەدینە) ھاتن بۆ مەککە لە وەرزی حەجدا، و ئەو لاوانە بەڵێنیان بە  پێغه‌مبه‌ردا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) کە پەیامەکەی بگەیەننە ھۆزەکانیان لە کاتێکدا لای عەقەبە بوون، و لە وەرزی داھاتووی حەجدا، دوانزە پیاو ھاتن، پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) بینینی و ئەوانیش موبایەعەیان داپێی ئەمەش بە موبایەعەی عەقەبەی یەکەم ناسراوە. و لەوەرزی سێیەمی حەجدا لە ساڵی ١٣ی پێغەمبەرایەتی، ساڵی ٦٢٢ز نزیکەی حەفتا کەسێک لە موسڵمانانی یەسرب (مەدینە) ھاتن بۆ حەج، و کە گەیشتنە مەککە پەیوەندی نھێنیان بە موحەمەدەوە کرد و ڕێکەوتن لەسەر ئەوەی موحەمەد و ھاوڕێکانی کۆچ بکەن بۆ مەدینە ئەمەش بە موبایەعەی عەقەبی دووەم ناسراوە.


کۆچکردن بۆ مەدینە

لە دوای بەیعەتی عەقەبەی دووەم، بارودۆخەکە توند بوو لەسەر موسڵمانان،  پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  ڕیگەی بە موسڵمانان دا کە کۆچ بکەن بۆ مەدینە، و لە مەککە تەنها  پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) و ئەبوبەکر و عەلی کوڕی ئەبوتالیب مانەوە لەگەڵ ئەو کەسانەی لاواز بوون و توانای کۆچکردنیان نەبوو.

کاتێک قوڕەیش دەرچوونی موسڵمانانیان بینی، ترسان  پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) دەرچێت، لە دارلندوە کۆبوونەوە، و بڕیاری کوشتنی  پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  دا، جوبڕەیل ئەم هەواڵەی گەیاند بە  پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  و پێی ڕاگەیاند لە شوێنەکەی نەخەوێت، پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  فەرمانی بە عەلی کرد بخەوێت لە جێگەکەی تا ئەمانەتەکانی لایەتی بیگەڕێنێتەوە پاشان بڕوات بە دوایاندا، پاش ئەوە  پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  چووە لای ئەبوبەکر و بەیەکەوە کۆچیان کرد و لە ڕۆژی دووشەممەدەی ڕەیعولئەوەلی ٦٢٢ز پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  خۆی چووە مەدینەوە لەگەڵ ئەبوبەکری ھاوەڵی، و پشتیوانان پێشوازیەکی گەرمیان لێ کرد.

خەلیفە عومەری کوڕی خەتاب ئەم بۆنەیەی کرد بە سەرەتای مێژووی ئیسلامی، بەڵام موحەڕەمی کرد بە سەرەتای ڕۆژژمێری کۆچیی لە جیاتی ڕەبیعولئەوەل لەبەرئەوەی ویستی کۆچەکە لە موحڕەمدا دەستی پێکرد، 


ژیانی لە مەدینە

دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی

یەکەم ھەنگاوی  پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  لە مەدینە فەرمانی پێکردن بە کردنەوەی مزگەوت کە ناسراوە بە مزگەوتی  پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) ، جێگەکەی بۆ هەڵبژارد و دەستیان کرد بە بنیاتنانی مزگەوتەکە. مەدینە لە پێش گەیشتنی  پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  بەدەست ناکۆکی سەد ساڵەوە ئەیناڵاند لە نێوان ھۆزە جیاوازەکانیدا، سەرکردەکانی مەدینە ھەستیان ئەکرد پێویستیان بە سەرکردەیەکی یەکگرتوو ھەیە کە پەیوەندیەکانیان ڕێک بخات و ناکۆکی نێوانیان نەھێڵێت، ئەمەش وای لێکردن  پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  قبوڵ بکەن وەک سەرکردەی مەدینە و پاڵپشتی و پارێزگاری لە خۆی و کۆچکردووە موسڵمانەکان بکەن. و  پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم)  برایەتی خستە نێوان کۆچکردووان و پشتیوانان، ھەر پشتیوانێک کۆچکردوویەکی ھەڵبژارد تا برای بێت و لەماڵەیدا بمێنێتەوە ئەمەش لە ھەنگاوێکدا بوو بۆ دروستکردنی پەیوەندی بەھێزی کۆمەڵایەتی لە نێوانیاندا و بۆ سڕینەوە ئەو دەمارگیریەی لە نێویاندا بوو. بەم شیوەیە پشتیوانان ماڵ و سەروەتیان بەش کرد لەگەڵ کۆچکردووەکانی برایاندا.

هەروەها پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) سەنەدێکی نوسیوە کە ناسرا بە دەستوری مەدینە، و لە سەنەدی ڕێکەوتنی نێوان ھۆز و تیرە جیاوازەکانی ناو مەدینە ئەچوو و ئەرک و مافەکانی دانیشتوانی مەدینە دیاری کرا، و سەنەدەکە ٥٢ بەندی لە خۆگرتبوو، بیست و پێنج بەندیان تایبەت بوو بە کاروبارە تایبەتەکانی موسڵمانان بیست و حەوتیان پەیوەست بوون بە پەیوەندی نێوان موسڵمانان و خاوەن ئایین و دیانەتەکانی تر، و ئەم دەستورە ڕێگەی ئەدا بە خاوەن ئاینەکانی تر لەگەڵ موسڵمانان بژین بە سەربەستی، ھەروەھا باس لە ھاوپەیمانی ھۆزە جیاوازەکان کرا بوو کاتێک مەدینە بکەوێتە بەر ھێرش، و دڵنیای سەربەخۆیی دارایی ھەر ھۆزێکی تیا دووپات کرابوویەوە. زۆربەی بت پەرستەکانی مەدینە ئیسلام بوون، تەنانەت سەرکردە گەورەکانیان وەک سەعدی کوڕی موعاز، تەنھا کەمایەتییەک مانەوە لەسەر بت پەرستی کە ئەوانیش کاریگەریان دیار نەبوو.




بۆ درێژه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ برۆ بۆ په‌ڕه‌ی دووه‌م






  بۆ بینینی بابه‌تی زیاتر سه‌ردانی به‌شیپێغه‌مبه‌ری خوا بكه‌

صفحات سایت

پیچک