تبلیغات
ماڵپه‌ری ئیسلام كورد
Rss
Logo
ADS
زاراوه‌كانی قیرائات

مه‌تنی تحفة الأطفال

ته‌فسیری قورئانی پیرۆز

شێوازی نوێژی پێغه‌مبه‌ر

ئامۆژگاری بۆ موسڵمانان

كاتی بانگه‌كان&بانكبێژان

24 كاتژمێر راسته‌وخۆ

ئاماری ماڵپه‌ر
میوانانی سه‌رهێل

ژماره‌ى سه‌ردانه‌كان

ڕاپرسی ماڵپه‌ر
ئایا تا ئێستا سوودت له‌ ماڵپه‌ری ئیسلام كورد بینیوه‌؟؟؟

ماڵپه‌ره‌ كۆنه‌كه‌مان
عه‌لمانیه‌ت بناسه‌
گێژاوی مه‌دخه‌لیزم
مێژووی انصار الاسلام
فیرعه‌ونی زه‌مان و قه‌یرانی...

 

 

 



دەوڵەتی عوسمانی


ئاماده‌كردنی: ماڵپه‌ری ئیسلام كورد


سەردەمی ھەڵوەشان وکۆتایی دەوڵەت

بیرە نەتەوەیەکان بە تەواوی دەستیانگرت بەسەر دوایین سەردەمەکانی عەبدول حەمیدی دووەم، کۆمەڵەی ئیتیحاد وتەرەقی دامەزرا کە کاریگەری گەورەی ھەبوو لەناو دەوڵەتەکە، زۆر لە ئەفسەرەکان چوونە ناویەوە، سوڵتان عەبدول حەمید ویستی بەرگریان بکات وزانکۆی ئیسلامی دامەزراند بەڵام شکستی خوارد لەبەردەمیاندا، بە تایبەت دوای ئەوەی دەستیان گرت بەسەر زۆربەی سوپادا، ئیتیحادیەکان ڕاگەیاندنی دەستورێکی نوێیان سەپاند بەسەر سوڵتاندا تا جێگەی دەستوری یەکەم بگرێتەوە کە لە ساڵی ١٨٧٦ز ڕاگەیەندرابوو، دەستورەکە ڕاگەیەنرا وئیتیحادیەکان دەستیان گرت بەسەر زۆربەی کورسیەکانی پەرلەمان، کە بینیان سوڵتان ڕێگرە لە بەردەمیاندا، لایانبرد ومحەمەدی پینجەم لە جیگەی دانرا.

  • محەمەدی پێنجەم (محەمەد ڕەشاد) ھاتە سەر حوکم ودەوڵەت لە تیاچووندا بوو، ئیتیحادیەکان حاکم بوون بە کردار، لەم کاتانە دەوڵەت زۆربەی زەویەکانی لە دەستدا لە ئەوروپا، بیری نەتەوەیی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر گەشەی ئەسەند وحاڵی وڵات لە ئیفلاسدا بوو بەھۆی شەرە یەک لە دوای یەکەکان، ئەوروپیەکان دەستیان گرتبوو بەسەر سەروەتی دەوڵەتدا بۆ دانەوەی قەرزەکانی خۆیان، لە ھەمان سالدا لەبەر ئەوەی محەمەد ڕەشاد عەرشی گرتە دەست، ئیمپراتۆری نەمساوی مەجەڕی دەستی گرت بەسەر بۆسنە وھێرزۆگۆڤین،دوای سێ ساڵ ئیتاڵیا ھێرشی کردە سەر لیبیا، دوایین موڵکی عوسمانیەکان لە باکوری ئەفریقیا، عوسمانیەکان بە ھەموو توانایانەوە بەرگریان لێکرد بەلام نەیانتوانی ھیچ بکەن، لەدەستیاندا دوای ساڵیک شەری قورس، پاشان شەڕی بەلقانی یەکەم ھات کە سڕبیا وشانشینی شاخی رەش ویۆنان وبولگاریا گەورەیان کرد و دەوڵەت دوایین موڵکەکانی لە بەلقان لە دەستدا بێجگە لە تراقیای ڕۆژھەڵات وشاری ئەدەرنە، نزیکە ٤٠٠،٠٠٠ موسڵمانی دانیشتووی ئەو وڵاتە ھاتن بەرەو تورکیا لە ترسی ئەوەی سەربازەکانی دوژمن ئەیانکرد، لەم کاتانە کۆمەلەی ئیتیحاد وتەرقی ھەوڵی بەتورک کردنی ئەو نەتەوانەیاندا کە لە ژێر سێبەری دەوڵەتی عوسمانیدا ئەژیان، وەک عەرەب وکورد وشەرکەس وئەرمەن، لە ساڵی ١٩١٣ز عەرەبە نەتەوەییەکان کۆنگرەیەکیان لە پاریس بەست و دڵنیای خواستی عەرەبیان کردەوە لە پاراستنی یەکڕیزیی دەوڵەتی عوسمانی بە مەرجێک حوکمەت دان بنیت بە مافەکانیاندا، ئیتیحادیەکان بەڵینی ئەوەیان بە عەرەب دا بەڵام نەھاتە دی لەبەر ھەڵگیرسانی شەڕی جیھانی یەکەم.

جەنگی جیھانی یەکەم

  سه‌یری ئه‌م بابه‌ته‌ش بكه‌ : جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م



ئیمپراتۆرى عوسمانى, ساڵى ١٩١٤.

شەرانگێزی جەنگی جیھانی یەکەم دەستی پێکرد لە ساڵی ١٩١٤ز، کاتیک ئەرشیدۆق فڕانز فەردیناند، وەرگری تەختی شاھانەی نەمساوی مەجەڕی لە سەرایڤۆی بۆسنەی سەر بە نەمسا کوژرا لەسەر دەستی یەکێک لە نەتەوەییە سڕبیەکان، ئیمپڕاتۆری نەمسای مەجەڕی، سڕبیای بە بەرپرسی ئەو کوشتنە دانا، ڕوسیا ھاتە ناوەوە بۆ پاڵپشتی سڕبیا کە فەڕەنسا پاڵپشتی ئەکردوئەڵمانیا جوڵا لە دژیان، پاشان بەریتانیا ھاتە شەڕەکەوە دوای ماوەیەکی کەم، وھاوپەیمانیەکان پێکھاتن، دەوڵەتی عوسمانی چووە پاڵ ئەڵمانیا ونەمسا وبولگاریا، دوای ئەوەی ھیوای ئەوەیان لە دەستدا کە لە فەڕەنسا وبەریتانیا نزیک بێنەوە، وشکستی خوارد لەوەی قەرزیان لێوەربگرێت، ودەوڵەتەکە لەرووی سیاسیەوە لادرا دوای شەڕەکانی بەلقان وئیتاڵیا، ھیچ ھەڵبژاردنیکیان نەبوو بێجگە لەوەی ئەڵمانیا نزیک ببنەوە کە بەرژەوەندی ئەبینی لە بڵاوبوونەوە لە ڕۆژھەلاتدا، لە ١٠ی ئابی ١٩١٤ز دەوڵەتی عوسمانی بە تەواوی چووە شەری جیھانی یەکەمەوە، کاتیک رێگەی بە ئەڵمانیا دا لە دەریای ناوەڕاستەوە بڕۆن بە گەرووی دەردەنیلدا بەروە دەریای ڕەش، ئەڵمانیا سەرکەوتنی گەورەی بەدەستھێنا لەلای ڕوسیاوە، ئەمەش ھیوای خستە دڵی ئیتیحادیەکان بۆ گەڕانەوەی ئەو زەویانەی لەرامبەر ڕوسدا لە دەستیان دابوو ھێرشیان کردە سەر بەندەرەکانی ڕوسیا لە دەریای ڕەشدا، ڕوسیا شەری ڕاگەیاند لە دژی دەوڵەتی عوسمانی، سوڵتان محەمەد شەری ڕاگەیاند وداوای لە موسڵمانان کرد بۆ تێکۆشان، بەڵام ئەوە نەھاتە دی چونکە زۆربەی موسڵمانەکانی جیھان لەژێر دەستی ئیستعماری بەریتانیا وفەرەنسادا بوون، ھێزە ئیستیعماریەکان زۆریان کردبوونە سەرباز لە سوپاکانی خۆیاندا، سوپای عوسمانی لە زۆربەی لاوە چوونە شەڕەوە بێ ئەوەی ئامادەکاری تەواویان بۆ کرد بێت، لەلای ڕوسیاوە تێکشکان، لە باشورەوە بەریتانیەکان لە فاوەوە ھاتنە کەنداوی عەرەبی ودەستیان گرت بە سەر عێراقدا،بەڵام پڕۆسەی کەناڵی سوەیس پیش کاتی خۆی تەقیەوەو عوسمانیەکان لەگەڵ میسریەکان ڕێکەوتن بۆ شەڕی بەریتانیەکان بەلام شکستیان خوارد، کەشتیگەلی ھاوپەیمانان ھێرشیان کردە سەر گەرووی دەردەنیل لە ھەنگاوێدا بۆ دەستگرتن بە سەر ئەستانە ودەرکردنی دەوڵەتی عوسمانی لە شەڕدا، ئەم کەشتیگەلە گەورەیە نەیتوانی گەرووەکە بگرێت، عوسمانیەکان تێکیان شکاندن لە داستانێکی وشکانیدا، کە تەنھا سەرکەوتنیان بوو لە بەرامبەر ئەو ھەموو بێھیوابوونەدا، لەم شەڕەدا مستەفا کەمال دەرکەوت.



ڕاگواستنى ئەرمەن لە ئەنادۆڵەوە بۆ شام.

لەم کاتانە کیشەی ئەرمەن جارێکی تر سەری ھەڵدایەوە، ئیتیحادیەکان دانیشتووی ناوچە ئەرمەنیەکانی ولایەتەکانی ڕۆژھەڵات و ئەنادۆڵی ڕۆژئاوایان گواستەوە بۆوڵاتی شام،بە ئامانجی پاراستنی ژیانی خەڵکی وپاراستنی ھێزە چەکدارەکان لە ئەگەری ڕوودانی خیانەت لەلایەن ئەوانەی کە پشتی ڕوسیا ئەگرن، ھەندێک لە ئەرمەن خۆبەخشانە چوونە سوپای ڕوسەوە وژمارەیەک لە دانیشتووە موسڵمانەکانیان کوشت، لەبەر ئەوە ئەرمەنە ڕاگوێزراوەکان دووچاری ئازاردان وکوشتن بوونەوە کە ئەم ڕووداوانەش ناسراون بە (کوشتارگەی ئەرمەن). دوای شکستی عوسمانی لە میسردا پەیوەندی نھینی لە نێوان بەریتانیەکان لە میسر و شەریف حسەینی کوری عەلی والی حیجاز و ھەندێک سەرکردەی عەرەبدا ڕوویدا، ڕێکەوتن کە عەرەب شۆڕش بکەن لە تورک لە بەرامبەردا ھاوپەیمانان سەربەخۆییان ئەدەنێ وخەلافەت ئەگەڕێننەوە بۆ عەرەب، لەسەر ئەم ڕێکەوتنە شەریف حسەین شۆڕشی ڕاگەیاند لەسەر تورکەکان، لە حیجاز دەریانکردن وھێزەکانیان نارد تا ھاوکاری بەریتانیا بکات بۆ گرتنی وڵاتی شام. لەم کاتەدا بەرگری تێک شکا لە بەلقان کە وای لە حوکمەتی سۆفیا کرد داوای ئاگربەست بکات، بابی عالی ھەستی بە مەترسی ھەڵوێستەکە کرد لەبەر ئەوەی شەرەکە نزیک بوویەوە لە زەویەکانی تورکیا، عوسمانیەکان ڕێکەوتنی (مودرۆس)یان بەست لەگەڵ ھاوپەیمانان و لە شەڕ چوونە دەرەوە.


شەڕی سەربەخۆیی تورکی

  سه‌یری ئه‌م بابه‌ته‌ش بكه‌ : محه‌ممه‌دی شه‌شه‌م



سوڵتان محەمەدى شەشەم, وڵات بە جێ ئەهێڵێت بەرەو مەنفا, ساڵى ١٩٢٢ز.

سوڵتان محەمەدی پێنجەم مرد چەند مانگێک پێش کۆتایی جەنگ، براکەی محەمەد (وەحیدەدین)ی شەشەم ھاتە جێگای، مانگێک دوای ڕێکەوتننامەی مۆدرۆس ھێزە دەریاییە بەریتانی وفەڕەنسی وئیتاڵی وپاشان ئەمەریکیەکان چوونە سەدەی زیڕینەوە، ھێزەکانیان دابەزاند لە ئەستانە کە کردیانە بنکەیەک بۆ چالاکیە سەربازیەکانی ھاوپەیمانان، ودەستیان گرت بەسەر بەندەرەکانی دەریای ڕەشدا، وخاکەکانی تورکیایان دابەشکرد، فەڕەنسیەکان میرسین و ئەدەنەیان گرت، وئیتاڵیەکان ئەنتاکیە وکوشاداسی وقۆنیەیان گرت، یۆنانیەکان ڕۆژئاوای ئەنادۆڵ وتراقیایان گرت، تورکەکان ملیان کەچ نەکرد بۆ داگیرکاری وپڕۆژەکانی، شۆڕش لە ھەموو وڵات ھەڵگیرسا بزوتنەوەیەکی نەتەوەیی لەخۆ ئەگرت کە مستەفا کەمال سەرکردایەتی ئەکرد، وحوکمەتێکی نیشتیمانی بە سەرۆکایەتی مستەفا کەمال دامەزرا ھەموو یاساکانی حوکمەتی پێشووی ھەڵوەشاندەوە، وسولتان وحوکمەتەکەی خستە دەرەوەی یاسا، سولتان ویستی دەست بگرێت بەسەر ئەم بزوتنەوەیە بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.

لەو ماوەیەدا سوڵتان ڕیکەوتننامەی سیڤەری ئیمزا کرد لەگەڵ ھاوپەیمانان، بەڵام حوکمەتە کەمالیەکە ڕەتیان کردەوە وپلانیان دانا بۆ ڕزگارکردنی تورکیا وسوڵتان داببڕن لە دەسەڵات، مستەفا کەمال توانی دوای چەند پێکدادانێکی توند لەگەڵ یۆنانیەکان سەرکەوتوو بێت وزەویە داگیرکراوەکانیان لێ بسەنیتەوە، ئاگربەستێکی نوێیان لەگەڵ ھاوپەیمانان گرێدا کە یۆنان دانی نا بە سەرکەوتنەکانی تورکیا، سوڵتان وازی لە ژیانی سیاسی ھینا ووڵاتی بە جێ ھێشت بەرەو ماڵتا ڕۆیشت، لە ١٧ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٢ز.

  • عەبدول مەجیدی دووەم عەرشی عوسمانی گرتە دەست، دوای ئەوەی مستەفا کەمال ڕێکەوتننامەی لۆزانی بەست لەگەڵ ھاوپەیمانان ودەستی لە زۆربەی زەویە عوسمانیە ناتورکیەکان ھەڵگرت، پاشان مستەفا کەمال کەوتە ھەوڵی شکۆدارکردنی خۆی و خەلافەتی ھەڵوەشاندەوە لە ساڵی ١٩٢٤ز، وعەبدول مەجیدی دەرکرد لە وڵات، بەم شێوەیە دەولەتی عوسمانی ڕوخا دوای ئەوەی ٦٠٠ ساڵ بەردەوام بوو، وخەلافەتی ئیسلامی لەگەڵیا کۆتایی پێھات دوای ئەوەی ١٤ سەدە بەردەوام بوو،

لە نەوەی عوسمانیەکان

دوای ئەوەی مستەفا کەمال عەبدول مەجیدی دووەمی دەرکرد، ھەموو خیزانەکەی لەگەل دەرکرد ودەستی بەسەر موڵکەکانیاندا گرت، ئەوانە چوونە مەنفا وڕێگەی گەرانەوەی بۆ تورکیا لێ قەدەغە کردن، دواتر ساڵی ١٩٧٤ز پەرلەمانی تورکی بڕیاری دەرکرد بۆ بەخشینی ڕەگەزنامەی تورکی بە ھەموو ئەو دوورخراوانەی کە لە نەوەی عوسمانی یەکەمن، پێیان راگەینرا لە رێگەی سەفارەتە تورکیەکانی ئەو ولاتانەی تیایا ئەژیان، لە لیستەکەدا ناوی محەمەد ئۆرخانی کوڕی محەمەد عەبدول قادر ھاتبوو، کە ساڵی ١٩٩٤ز وەفاتی کرد، وناوی (ئۆرتغرۆل عوسمان)ھاتبوو کە بچوکترین نەوەی سولتان عەبدول مەجیدی دووەم بوو، ئۆرتغرۆل عوسمان ناسرا کاتیک وەرگرتنی ڕەگەزنامەی تورکی ڕەت کردەوە دوای ئەوەی چەند جارێک خرایە بەردەمی، ئەیوت، ئەو ھاوڵاتیەکی عوسمانیە، بەلام لەگەل ئەوەشدا ھیوای ھەڵدانەوەی دەوڵەتی عوسمانی ناکات، وگەڕایەوە تورکیا سالی ١٩٩٢ز کە بۆ یەکەم جار بوو پێ بخاتە وڵاتی دایکەوە دوای نەفی کردنی خۆی وخیزانەکەی لە بیستەکانی سەدەی رابردوودا، وڕەگەزنامە وناسنامەی تورکی وەرگرت لە ساڵی ٢٠٠٢ز، کۆچی دوایی کرد لە تەمەنی ٩٧ ساڵیدا لە ساڵی ٢٠٠٩ لە ئەستەنبول، ھیچ مناڵێکی لە دوا بە جی نەما، بە مردنی ھیچ کەس نەما لەوانەی کە لە ژیاندا بوون پێش ڕووخانی دەوڵەتەکە، و تورکەکان ناویان نا (دوایین عوسمانی). (ئیبراھیم تۆفیق) حەفیدی حەفیدی سولتان عەبدول مەجیدی یەکەم، بە میراتگری یەکەمی عەرشی عوسمانی دائەنرێت، ھەروەک حوکمەتی تورکیا ئەڵێت، یەکێک لە ھاوڵاتیە ئەمەریکیەکان کە بە نەژاد تورکە، ناوی (عەدنان گڵکور)ە بچوکترین میراتگری عوسمانیە.


ئابوری



بازاڕى گەورە لە ئەستانە, لە سەردەمى عوسمانى, سوڵتان محەمەد فاتیح بنیاتى نا.

عوسمانیەکان دارایی وخەزێنەی دەوڵەتەکەیان ڕێکخست بەباشترین شێوە وچالاکتر بوو لە ھەر دەوڵەتێکی ئیسلامی پێشتر، بەردەوام ڕژێمی داراییەکەیان باشترین ڕژێمی سەردەمی خۆی بوو ولە سەروو ڕژێمی دارایی ھەموو ئیمپراتۆریەت وکۆمار ومەمالیک ومیرنشینەکانی سەردەمی خۆی بوو ھەتا سەدەی ١٧، دەوڵەتە ئەوروپیەکان لەم ڕووەوە پێشی کەوتن، خەزێنەی عوسمانی گەشەی سەند لە سەردەمی زێڕینیاندا، وەزارتێکی تایبەت بە کاروباری داراییان دامەزراند وکەسێک سەرپەرشتی ئەکرد کە پێی ئەوترا (دەفتەردار) دواتر ناسرا بە وەزیری دارایی، لە چاکی بەڕێوەبردنی ھەندێک لە وەزارەتە داراییەکان کاریگەریەکی گەورەیان ھەبوو لە سەرکەوتنی فەتحی سوڵتانەکان وھەڵمەتە سەربازیەکانیان.


دراو

دراوی عوسمانی لە سەرەتای دەوڵەتەکە بە قروش ناسرابوو کە لە بڕۆنز ومس دروستکرابوو، ولە کۆتایی دەوڵەتەکە لیرە بووە دراوی عوسمانی وناوی سوڵتانی سەردەمەکەیان بۆ زیاد ئەکرد، وەک (لیرەی مەجیدی) و(لیرەی ڕەشادی). ویەک لیرەی عوسمانی بەرامبەر بوو لەگەڵ ١٦٢ قرش. کە سەرەتا لیرەکان ئاڵتونی بوون، پاشان دەوڵەت پارەی کاشی دەرکرد بۆ یەکەم جار لە سەردەمی شەڕی جیھانی یەکەمدا، بە ھۆی ئەو بڕە زۆرەی بۆ شەڕ سەڕفکرا، نرخەکەی دابەزی لە بەرامبەر پارەی ئاڵتونی وزیوی، بەلام حوکمەت سور بوو لەسەر ئەوەی لیرەی کاغەز بەرامبەر بێت لەگەڵ لیرەی ئاڵتونو خەڵکی ناچار کرد ئیشی پێ بکەن بەو شێوەیە.


بازرگانی

عوسمانیەکان زۆر ناوەندی بازرگانی وبازاڕی گەورە وخانەیان کردەوە لەسەر ڕیگە سەرەکیەکانی بازرگانی تا بازرگان وگەشتیار وکارونەکان لێی دابەزن، چەند ناوەندێک ھەبوو شتومەکە بازرگانیەکانی تیا کۆئەکرایەوە ونرخیان بۆ جێگیر ئەکرا، کە وەک ئاڵوگۆڕی شتومەکی ئێستا ئیشی ئەکرد، بەم ناوەندە بازرگانیانەیان ئەوت دەبستان، سەرەتا لە بۆرسە وئەدەرنە دامەزران پاشان بە ھەموو دەوڵەتی عوسمانیدا بڵاوبوونەوە، وھەندێکیان تایبەت ئەکران بە فرۆشتنی کەل وپەلی تایبەت وەک، گەوھەر وقوماش کتێب وبۆن و فەڕش و بەھارات و لەدەوروبەری ئەم ناوەندانە فرۆشیاری پێویستیە ڕۆژانەکان ھەبوون لە خواردن وسوتەمەنی.


کشتوکاڵ وپیشەسازی

دەوڵەتی عوسمانی کۆنتڕۆڵی زەویە بە پیتەکانی ھەموو دەوڵەتەکەی کردبوو، لەوانە دەشتی بە پیتی وڵاتی شام و حەوزی ڕووباری دانوب، وحەوزی دیجلە وفورات، ودۆڵی نیل، ودەستەکانی ئاسیای بچوک وباکوری ئەفریقیا، کە ئەم ناوچانە بە پیتی خاکەکەی وبوونی ئاو وزۆری بەرھەم ناسرابوون، بەرھەمی کشتوکاڵی ھەمە جۆر بوو، گەنم وزەیتی زەیتون و میوە وبەروبوومی وەک ترێ وھەنجیر وقۆخ وسێو و بادەم و گێلاس وھەرمێ وزۆری تر. بەرھەمی ئاژەڵی گرنگی لەوە کەمتر نەبوو، گرنگیەکی زۆر بە بەخێوکردنیان ئەدرا، پیشەسازی خواردەمەنی لە ھەموو لایەکی دەوڵەتەکە بڵاو بوویەوە کە لە سەرچاوە ڕووەکی وگیانەوەریەکان دەرئەھێنران دیارتریینیان پیشەسازی حەریر وخوری وسابون بوو، ولەسەردەمی زێڕینی دەوڵەتدا پیشەسازی سەربازی پێش کەوت لە دروستکردنی چەکدا.



کۆمەڵگە وڕۆشنبیری



دەروازەى زانکۆى ئەستەنبوڵ ساڵى ١٩٠٠ز.

مێژوونوسان کۆکن لەسەر ئەوەی شارستانی عوسمانی تێکەڵێکە لە شارستانی نەتەوەکانی پێش خۆیان و نەتەوەکانیان سەردەمەکانیان، ئاسەواری عەرەب وفارسی تیا دەرئەکەوت لە ڕوویەکەوە، وئاسەواری بیزەنتی وئەوروپیکان لە ڕوویەکی ترەوە، ڕاسترین شت کە بوترێت لەسەر ئەمە ئەوەیە کە شارستانی عوسمانی درێژبوونەوەی شارستانی وخەلافەتی عەرەبی ئیسلامی بوو کە لە سەردەمی عەباسیدا گەیشتە لوتکە، بەلام عوسمانیەکان سروشتی تورکی خۆیان وزۆر لە کاریگەریە بیزەنتی و ئەوروپیەکانیان خستە سەر.


کۆمەڵگە

عوسمانیەکان بەوە ناسراون کە سیاسەتی لەناوبردنی نەتەوەکانی تریان پەیڕەو نە ئەکرد، جیاوازی ئەمان لەگەڵ داگیر کەردا ئەوە بوو کە داگیرکەری ئیستیعمار سوور بوو لە پێشێل کردنی وڵاتەکە و دانیشتوانی بەباری نەزانی ودواکەوتوویی بھێڵێتەوە بەڵام ئەمان لەگەڵ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیانە یەکسان بوون وجیاوازیان نەکرد، کە زۆر لە مێژوو نوسان ئەمە بە ھۆکارێک دائەنێن بۆ لاوازبوونی دەوڵەت و جیابوونەوەی نەتەوەکان لێی لە دواییدا، بەڵام زۆری تر لەو باوەڕەدان کە ئەم فرە ڕەگەزییە ھۆکاری مانەوەیان بوو بۆ ماوەی ٦٠٠ ساڵ، کە سوڵتانەکان مافی سەربەستی ئاینی ونەژادیان بەخسیە کەمایەتیەکان، ھەندێک لە شارە عوسمانیە گەورەکان سروشتێکی ڕۆشنبیری وکۆمەڵایەتی تێکەڵیان ھەبوو وەک قوستەنتینیە وزۆر لە شارانەی تر کە گرنگی بازرگانی یان ئاینییان ھەیە یان پایتەختی ولایەتەکان بوون، لەو شارانەش کە تاکو ئێستا شارستانی عوسمانی تیایاندا ماوەتەوە، سەرایڤۆ، سکوبیە، سالۆنیک، دیمەشق، بەغدا، قودس، مەککە وجەزائر کە تا ئێستا لەم شارانەدا نیشانەی تەلارسازیە عوسمانیەکان وئاسەوارەکانیان ئەبینرێن


فێربوون

دەوڵەتی عوسمانی چالاککردنی فێربوونی مەدەنی پشت گوێخست لە قۆناغەکانی مێژوویدا تەنھا خوێندنگە تایبەتە ئیسلامیەکان نەبێت، وخوێندن پێش کەوت لە سەردەمی سوڵتان عەبدول مەجیدی یەکەم وئەوانەی دوای ئەو ھاتن بە تایبەت سوڵتان عەبدول حەمیدی دووەم زۆر گرنگی پێدا، کە خوێندنگەی ناوەندی وئامادەیی وپەیمانگەی تەکنیکی دامەزراند. وسولتان لە سەرەتای ساڵی ١٨٧٨ز خوێندنگەی تایبەت بە کاروباری دارایی، وماف، وھونەرە جوانەکان، وبازرگانی، وئەندازیاری، پزیشکی ڤێرتێنەری، وپۆلیس وپزیشکی نوێی دروست کرد، زۆر لە خوێندنگە و بوارە زانستیەکانی سوڵتانەکانی پێش خۆی بەرەو پێش برد وزانکۆی کردەوە وچەندین ھەوڵی تر لەو بوارەدا.


بیناسازی



مزگەوتى سوڵتان ئەحمەدى دووەم یان مزگەوتى شین.

عوسمانیەکان گرنگیەگی دیاریان دا بە بیناسازی، لە ھەموو دەوڵەتەکەیاندا تۆڕێکی فراوانی ڕیگا وپردیان بنیاتنا بەپشتبەستن بە لێھاتووی بیزەنتیەکانی بولگار، ھەروەک گرنگیان دا بە بنیاتنانی خوێندنگە و پەیمانگەی فێربوون، ودروستکردنی نەخۆشخانە وبیمارستان وناوەنی بەساڵاچووان، ودروستکردنی خواردنگەی جەماوەری بۆ ھەژاران وخانەیان دروست کرد بۆ دابەزینی گەشتیارە بیانیەکان، وگرنگیان دا بە دروستکردنی کتێبخانە ومۆزەخانە وتەلار ومزگەوت. بیناسازی پیشکەوت لە سەردەمی فراونبوون وفەتحەکاناد، ھەندێک مزگەوتەکان بە دیارترین ئاسەواری بیناسازی عوسمانی دائەنێن لەوانە، مزگەوتی سوڵتان محەمەد فاتیح لە ئەستەنبول، ومزگەوتی سوڵتان ئەحمەد ھەر لە ئەستەنبول، ومزگەوتی سوڵتان سولەیمان قانونی و مزگەوتی سوڵتان بایەزید وزۆری تر.


ھونەر وئەدەب

چینی حوکمڕانی عوسمانیەکان گرنیان بە مۆسیقا دا، کە ھەندێک لە سوڵتانەکان خۆیان پارچەی مۆسیقایان ڕێکخستووە وئاوازیان بۆ داناوە لەوانە سوڵتان سەلیمی سێیەم، مۆسیقای عوسمانی وەک زۆربەی سیما شارستانیەکانی عوسمانیەکان بە تێکەڵ دائەنرێت لە مۆسیقای بیزەنتی وعەرەبی وفارسی. شیعری عوسمانی بەشێوەیەکی زۆر کاریگەری شیعری فارشی لەسەرە و کاریگەری شیعری عەرەبی لە سەری کەمترە، لەبەر ئەوە عەرەبی وفارسی کاریگەریەکی گەورەیان لەسەر زمانی تورکی عوسمانی ھەبوو، شاعیرەکان بەردەوام بوون، وھەندێک لە سوڵتانە عوسمانیەکان شیعریان بە فارسی و عەرەبی دائەنا تا سەدەی نۆزدە، پاشان تورکەکان ڕوویان کردە دانانی شیعر بە تورکی.





ناوى خوا نوسراوە لە سەر دیوارى eski camii لە ئەدەرنە, تورکیا

دیمۆگرافیا

ھەژمارکردنی ژمارەی دانیشتوانی دەوڵەتی عوسمانی جێگەی ڵیدوانی مێژوونوسەکانە، لەبەر ئەوەی سەرچاوە سەرەتایەکانی ئەم باسە نادیارە. دەولەتی عوسمانی شێوازە نوێکانی بۆ ئاماری دانیشتوان بەکار نەھێناوە تاکو ساڵی ١٨٣١ز، وئاماری فەڕمی دەرنەچووە تا ساڵی ١٨٨ز، لەگەل ئەوەشدا ئەم ئامارانە یارمەتی دیارکردنی ژمارەی دانیشتوان نادەن بە تەواوی بۆ نموونە ئاماری ساڵی ١٨٣١ تەھا پیاو سەرژمێرکراوە وھەموو لایەکی دەوڵەتەکەی نەگرتۆتەوە.


زمان

سێ زمان بە زۆری بەکار ئەھێنران لە دەوڵەتی عوسمانیدا، یەکەمیان تورکی بوو، کە زمانی دلیکی تورکەکانە وزۆربەی دانیشتوانی ئەنادۆڵ وتراقیا پیی ئەدوان لەگەڵ موسڵمانەکانی بەلقان بێجگە لە ئەلبان وبۆسنە، بە شێوەیەکی ئاسایی زمانی تورکی بڵاوبوو لە ناو ڕۆشنبیرە ناتورکەکاندا بە تایبەت ئەوانەی فەرمانبەری دەوڵەت بوون، وزمانی فارسی زۆر لو بوو لەنێە ڕۆشنبیرە عوسمانیەکان، وزمانی عەرەبی دووەم گرنگی پێئەدرا، کە زمانی لێدوانی دەوڵەتە عەرەبیەکانی ژیر حوکمی عوسمانی بوو، لەگەڵ ئەوەشدا کە ھەموو نەتەوە موسڵمانە ناعەرەبەکان لەبەر ئەوەی زمانی ئاینی ئیسلامە گرنگیان پێداوە، زمانی تورکی زمانی ڕەسمی دەوڵەتی عوسمانی بوو، زمانی تورکی عوسمانی جیاوازە لە زمانی تورکی ئیستا لەبەر کاریگەری فارسی و عەرەبی لەسەری. ھەندێک زمانی تر بڵاو بوون لە دەوڵەتی عوسمانیدا بەڵام لە ئاستێکی کەمتردا، وەک، کوردی وسڕبی ویۆنانی ومەجەڕی وئەرمەنی و بولگاری. وھەندێک لە تائیفەکان زمانی تایبەتی خۆیان ھەبوو وەک سریانی وقەبتی، بۆ مەسیحی و میسریەکان وعیبری بۆ یەھودەکان.


ئایین

ئیسلام ئاینی ڕەسمی دەوڵەتی عوسمانی بوو، کە زۆربەی دانیشتوانی ولایەتە ئاسیا وئەفریقیەکان ئیسلام بوون لەگەڵ زۆر لە ناوچەکانی بەلقان، لەسەر مەزھەبی سونە ئەڕۆیشتن، وکەمایەتیکی شیعە ھەبوو بەشێوەیەکی گشتی لە عێراق وھەندێک ناوچەی شامدا، لەگەڵ ڕێژەیەکی کەم لە دروز وعەلەوی لە لوبنان وسوریا وئوردن وفەلەستین. عوسمانیەکان ڕێگەیان بە مەسیحی ویەھودی دا کە نەریەتە ئاینیەکانیان بەسەربەستی بە جێ بھێنن لە ژێر چاودێری دەوڵەتدا، وعوسمانیەکان وەک ھەموو دەوڵەتە ئیسلامیەکانی پێش خۆیان جزیەیان لە سەر دانیشتوانە ناموسڵمانەکان دانا لە بەرامبەردا لێیان خۆش بوون لە خزمەتی سەربازی.



سەرچاوەکان

  • الدولة العثمانیة، عوامل النھوض وأسباب السقوط، د.محمد علی الصلابی.
  • پوختەی مێژووی ئەوروپا، نوسینی/ د.جڤری بڕاون، وەرگێڕانی/ نھاد جلال حبیب اللە
  • وێکپیدیای عەرەبی
  • پوختەی مێژووی ئیسلامی، نوسینی/ د.سھیل طقوش، وەرگێڕانی/ نھاد جلال حبیب اللە
  • عوسمانیەکان، نوسینی/ کۆمەڵێک نوسەر، وەرگێڕانی/ سەلام عەبدول کەریم.



درەختی خێزانیی سوڵتانە عوسمانییەکان

  سه‌یری ئه‌م بابه‌ته‌ش بكه‌ : درەختی خێزانیی سوڵتانە عوسمانییەکان

صفحات سایت

پیچک