تبلیغات
ماڵپه‌ری ئیسلام كورد
Rss
Logo
ADS
زاراوه‌كانی قیرائات

مه‌تنی تحفة الأطفال

ته‌فسیری قورئانی پیرۆز

شێوازی نوێژی پێغه‌مبه‌ر

ئامۆژگاری بۆ موسڵمانان

كاتی بانگه‌كان&بانكبێژان

24 كاتژمێر راسته‌وخۆ

ئاماری ماڵپه‌ر
میوانانی سه‌رهێل

ژماره‌ى سه‌ردانه‌كان

ڕاپرسی ماڵپه‌ر
ئایا تا ئێستا سوودت له‌ ماڵپه‌ری ئیسلام كورد بینیوه‌؟؟؟

ماڵپه‌ره‌ كۆنه‌كه‌مان
عه‌لمانیه‌ت بناسه‌
گێژاوی مه‌دخه‌لیزم
مێژووی انصار الاسلام
فیرعه‌ونی زه‌مان و قه‌یرانی...

 

 

 



دەوڵەتی عەبباسی


ئاماده‌كردنی: ماڵپه‌ری ئیسلام كورد



سەردەمی سێیەمی عەبباسی

  سه‌یری ئه‌م بابه‌ته‌ش بكه‌ : دەوڵەتی سەلجوقی

سەردەمی سێیەمی عەبباسی، ناسراوە بە سەردەمی قەڵمڕەوی سەلجوقی و ئەم قۆناغانەی خوارەوە ئەگرێتەوە؛

سەلجوقییەکان بە گشتی



جەنگى مەڵاز گرد لە نێوان سەلجوقى وبیزەنتیەکان

سەلجوقییەکان ھۆزێکی تورک بوون، لە چین جێگیر بوون و ڕۆیشتن بەرەو بوخاری و ئیسلام بوون لە سەردەمی دامەزرێنەرەکەیاندا (سەلجوق)، پاشان لە ژێر سەرکردایەتی تەغرۆل بێگدا یەک لە دوای یەک دەستیان گرت بەسەر دەسکەوتەکانی دەوڵەتی غەزنەوی و چوونە بەغداوە لەسەر داوای خەلیفە، کە تەغرۆل بێگی کرد بە سوڵتان و ناوی (پاشای ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوای) لێنا و کچەکەی خۆی کردە ھاوسەری، و کاتێک وەفاتی کرد ساڵی ١٠٦٣ز، ئەو کاتە تەغرۆل بێگ جێگیر بوونی سیاسی و ئابوری دەستەبەر کردبوو لە بارودۆخەکاندا، لە دوای ئەو ئەلب ئەرسەلان ھات کە دەسەڵاتی فراوان بوو تا قودس، و لەدوای سەرکەوتنی لە جەنگی مەڵاز گرد دەوڵەتی سەلجوقی بنیاتنا لە ئەنادۆڵ، کە یەکەم دەوڵەتی لەو جۆرە بوو، پاشان کوژرا لە یەکێک لە داستانەکانیاندا ساڵی ١٠٦٤ز، مەلیکشای کوڕی دەسەڵاتی گرتە دەست، کە سەردەمی ئەم مردنی خەلیفە قائیمی بە خۆیەوە بینی دوای ئەوەی خەلافەتەکەی ٤٥ ساڵ بەردەوام بوو و ئاستی ژیان باشبوونی بەخۆیەوە بینی، و موبایەعە درا بە موقتەدی بۆ خەلافەت، مەلیکشا گرنگی دا بە ھونەر و زانست و لە بەغدا و ناوەندی چاودێری گەردونناسی و مزگەوتێکی گەورەی دروستکرد ناسرا بەناوی (جامعی سوڵتان)، ھەر لەم سەردەمە عومەر خیام دەرکەوت و قەڕامیتەکان چەند جارێک لە بەسڕە شۆڕشیان کرد، و بە مردنی لە ساڵی ١٠٩٢ز، سەلجوقییەکان ھێزەکەیان لە دەستدا، کە بووە چەند دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە وڵاتی شام و عێراق و وڵاتی فارس، بەلکو مەیدانەکە بووە ھاوپەیمانی نێوان پاشاکانی سەلجوقی لە دژی یەکتری بۆ فراوانکردنی ولایەتەکانیان، کە ئەم شەڕە ناوخۆییە بەردەوامانە کاری کردە سەر جێگیری دۆخی سیاسی و ئابوری لە وڵاتەکەدا، و ئەمەش سەرکەوتنی ھەڵمەتی یەکەمی خاچپەرستی ئاسان کرد لە ساڵی ١٠٩٨ز، لەو کاتە موستەھزیر لە پایەی خەلیفەدا بوو لە ساڵی ١٠٩٤ز وە.



وێنەیەکى سوڵتان مەلیکشا

شەڕەکانی سەلجوقی و ئاوابوونییان

  سه‌یری ئه‌م بابه‌ته‌ش بكه‌ : ده‌وڵه‌تی زه‌نگی

ھەڵمەتی خاچپەرستی یەکەم توانی چوار مەمالیکی لاتینى لە ڕۆژھەڵات دابمەزرێنێت، کە ئەوانیش میرنشینی ڕەھا و ئەنتاکیە و تەڕابولس و بەیتولموقەدەس بوون، کە لە ژیر دەستی فاتمییەکان بوو لە ساڵی ١٠٩٦ز وە سەلجوقییەکان نەیانتوانی وەڵامی خاچپەرستەکان بدەنەوە لە کەنارەکانی وڵاتی شام، وازیان ھێنا لەبەرەو پێشچوون بە ئاڕاستەی ئەنقەرە و ناوجەرگەی ئەنادۆڵ، ھەروەک پێشڕەویەکانیان وەستا بە ئاڕاستەی حەلەب و عێراق و خەلافەت گیربوو بوو بە جەنگە ناوخۆییەکان وشۆڕشەکانی قەڕامیتەکان، لەبەر ئەوە نەتوانرا بەرگریەکی ئەوتۆ لە خاچپەرستەکان بکرێت.

لە کۆتاییەکانی سەردەمی موستەھزیر دۆخەکە جێگیر بوو بۆ سوڵتان محەمەد سەلجوقی کە وەفاتی لە ساڵی ١١١٨ز دا جارێکی تر دۆخەکە ئاڵۆز بوویەوە لە نێوان میراتگرەکەی مەحمود سەلجوقی و داودی برای و ھەندێک لە مامەکانی، بە مردنی خەلیفە لە ھەمان ساڵدا، موستەڕشید بوو بە خەلیفە، و لەخەلافەتەکەیداعیمادەدین زەنگی والی موسڵ دەرکەوت کە موڵکەکانی فراوان کرد تا حەلەب و حومس بگرێتەوە، و لە دوای خۆی نورەدین زەنگی دەرکەوت کە شام و میسریشی گرت، لە کاتی گەشەسەندنی دەوڵەتی زەنگی، شەڕی ناوخۆی سەلجوقییەکان ھەر بەردەوام بوو، مەسعود سەلجوقی سەرکەوت بەسەر مەحمودی برایدا و خەلیفە موستەڕشیدی کوشت ساڵی ١١٣٥ز، کاتیک بەرگری لە مەحمودی برای ئەکرد، و خەلیفە ڕاشید بیلا بووە خەلیفە لە دوای ئەو، بەڵام سوڵتان مەسعود سەلجوقی ھەر زوو لایبرد، خەلیفە ڕایکرد بۆ ئەسفەھان تا کوژرا ساڵی ١١٣٦ز، پاشان موقتەفا بیئەمرلا بووە خەلیفە.



خەلیفەکان کۆنتڕۆڵی بەغدا ئەکەنەوە



زانکۆى موستەنسیریە لە بەغدا، کە بە ناوى خەلیفە موستەنسیرى دامەزرێنەریەوە ناونرا.
  سه‌یری ئه‌م بابه‌تانه‌ش بكه‌ : ده‌وڵه‌تی ئه‌یوبی - مه‌مالیكه‌كان

موقتەفا توانی حوکمی بەغدا و چواردەری جیابکاتەوە لە سەلجوقییەکان کە خەریکی بەرەنگاری یەکتر بوون، و پاڵپشتی خێزانی زەنگیەکانی کە دەورێکی باڵایان بینی لە بەرەنگاربوونەوەی خاچپەرستەکان و ڕەھایان گێڕایەوە لێیان و کاتیک مرد ساڵی ١١٧٠ز، و موبایەعە درا بە موستەنجید بیلای کوڕی، مایەوە لەسەر سیاسەتی باوکی بە پاراستنی سەربەخۆیی بەغدا و دەوروبەری، و چاکسازی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری ئەنجامدا، لە خەلافەتەکەیدا دەوڵەتی زەنگییەکان لە میسر خوتبەی عەبباسیان گێڕایەوە دوای مردنی دواین خەلیفەی فاتمییەکان، بەمەش خەلافەتی ئیسلامی یەکی گرتەوە جارێکی تر، ھەروەک ئەم سەردەمە دەرکەوتنی فەرمانڕەوایی ئەیوبیەکان بوو بە سەرکردایەتی سەلاحەددینی ئەییووبی کە توانی دەست بگرێت بەسەر وڵاتی شامو حیجاز و یەمەن و میسر و لیبیا، و سەڵاحەددین لە سەردەمی خەلیفە موستەزی بیئەمرلا توانی قودس بگێڕێتەوە کە دوایین شار بوو خاچپەرستەکان دەستیان بەسەردا گرتبوو ساڵی ١١٨٧ز لە ئەنجامی شەڕی تەحیندا، و ڕووبەڕووی ھەڵمەتی سێیەمی خاچپەرستەکان بوویەوە، و لەدوای موستەزی کوڕەکەی (ناسر لدین لا) جێگەی گرتەوە کە وەک باوکی و باپیری توانی سەربەخۆیی بەشێکی گەورەی عێراق بپارێزێت، لەژێر فەرمانڕەوایی خۆیدا نەک وەزارەت و سوپا، کە زۆر لە مێژوونوسان ئەم سەردەمە بە سەردەمی گەڕانەوی شکۆی خەلافەت دادەنێن، وناسر کە ناسرابوو بە دانایی وەفاتی کرد لە ساڵی ١٢٢٥ز دوای خەلافەتێکی دوور و درێژ کە بۆ ماوەی ٤٥ ساڵ بەردەوام بوو.

لە ڕاستیدا بارودۆخی عیراق زۆر باش بوو لە سەردەمی ناسر، ولە دوای مردنی سەڵاحەدینی ئەیوبی مناڵەکانی بووە ناکۆکیان لەسەر دەسەڵات وەک سەلجوقییەکان پێشتر، ھاوپەیمانیان بەست لە دژی یەکتر و دژایەتی یەکتریان کرد، و ھۆزە تورکی و شەرکەسیەکانیان ھێنا کە دواتر بە مەمالیکەکانناسران، بارودۆخی ڕۆژھەڵاتی ئیسلامی وەک بوخاری و کابول و دەوروبەریان زۆر خراپ بوو، بە ھۆی توشبونیان بە غەزوو وت ێکدانەکانی مەغۆل بە سەرکردایەتی جەنگیز خان، ھەروەک لە عێراق ئەو گرنگیە نەئەدرا بە زانست و ھونەر وەک سەردەمی زیڕینی دەوڵەت.

لە دوای ناسر کوڕەکەی زاھیر بیئەمرلا خەلافەتی گرتە دەست، بەڵام وەفاتی کرد ساڵێک دوای باوکی، و موبایەعە درا بە موستەنسیر بیلای کوڕی ساڵی ١٢٢٦ز کە زانکۆی موستەنسیریەی دامەزراند، ھەروەک لە سەردەمەکەیدا خولێک بۆ میوانداری ھەژارەکان و ئازادکردنی بەندەکان کرا، ولە خەلافەتەکەیدا مەغۆل دەستیان گرت بەسەر وڵاتی فارس و نزیکبوونەوە لە عێراق.



خەلافەتی موستەعسیم یبلا و کۆتایی دەوڵەت

  سه‌یری ئه‌م بابه‌ته‌ش بكه‌ : مه‌غۆل


هۆلاکۆ خەلیفە موستەعسیم بەند ئەکات و خواردن و خواردنەوەى لێ قەدەغە ئەکات تا ئەمرێت، هۆلاکۆ قاپ و کوپە ئاڵتونیەکانى خەلیفەی داناوە بە بەتاڵی بۆی

موستەنسیر وەفاتی کرد ساڵی ١٢٤٢ز، موستەعسیم بیلای کوڕی جێگەی گرتەوە کە دوایین خەلیفەی عەبباسیdەکان بوو لە بەغدا، و خەلافەتەکەی چەند ڕووداوێکی گرنگی مێژووی خەلافەتی عەبباسی بە خۆیەوە بینی، لەوانە شکستی حەوتەم وھەشتەم ھەڵمەتی خاچپەرستی کە دوایین ھەڵمەتی خاچپەرستی بوون لەو ماوەیەدا، بەگشتی ھەڵمەتی خاچپەرستی یەکەم و سێیەم و چوارەم نەبێت ھیچ کام لە ھەڵمەتەکان سەرکەوتنێکی زۆریان بە دەستنەھێنا، و لە دەرئەنجامی ھەشتەم ھەڵمەتی خاچپەرستی دەستکەوتەکانی خاچپەرستەکان لە ڕۆژھەڵاتدا تەنھا ئەنتاکیە و تەڕابولس و عەککا بوو وەک دوورگەی لەیەک دابڕاو و بەیەکەوە نەبەستراو لە ڕووی جوگرافیەوە، ھەروەک سەردەمی خەلافەتەکەی کۆتاییدەوڵەتی ئەیوبی بەخۆیەوە بینی لە ساڵی ١٢٥٠ز.

ڕووداوی سێیەم ڕووخانی بەغدای پایتەخت بوو لەسەر دەستی مەغۆل بە سەرۆکایەتی ھۆلاکۆ خان کە داوای خۆبەدەستەوەدانی لە خەلیفە موعتەسیم بیلا کرد، بەڵام خەلیفە ڕەتی کردەوە و مەغۆلی وریا کردەوە لە سزای خوا ئەگەر خەلافەت بڕوخێنێت، وبەھۆی ئەو لاوازیە زۆرەی کە ھێزی خەلافەتی گرتەوە لەو کاتانە بوونە ھۆی ڕووخانی شارەکە و خەلافەتەکە، لە کاتێکا مۆنگۆ خان فەرمانی کردبوو بە ھۆلاکۆی برای خەلافەت بھێڵێتەوە ئەگەر خەلیفە مل کەچ بێت بۆی. پێش ئەوەی بەرەو بەغدا بڕوات، ھۆلاکۆ ھۆزەکانی لوڕی لەناو برد و پاشان ئیسماعیلیەکان خۆیان دا بە دەستەوە دوای ئەوەی قەڵای ئەلموتی پایتەختیان گیرا لە باکوری ئێران، وھۆلاکۆ زۆری لێ کوشتن پاشان ھۆلاکۆ سوپاکەی کردە دووبەشەوە و گەمارۆی بەغدای دا و بەنداو و کەناڵەکانی ئاودێری وێرانکرد کە بووە ھۆی تێکدانی کشتوکاڵ و گەیشتنی ئاو بە شارەکە، پاشان کەوتە بۆمباران کردنی قەڵا و مەنجەنیقەکان کە ڕووخانی حاکمە عەبباسییەکانی ئاسان کرد یەک لە دوای یەک ھەتا دەوری شاری دا لە ھەموو لایەکەوە، پاشان موستەعسیم ویستی وتوێژ بکات لەگەڵیان بەڵام ھۆلاکۆ ڕەتی کردەوە، و بەغدای گرت لە ١٠ی شوباتی ١٢٥٨. کوشتارگەیان گێڕا بە حەقی خەڵکەکەی و بەپێی ھەندێک سەرچاوە ژمارەی کوژراوان گەیشتنە ملیۆنێک کەس، ھەروەک شارەکەیان تاڵان کرد و سوتاندیان، کتێبخانەکانیان پێچایەوە وا باس دەکرێت ڕووباری دیجلە ڕەش بوو لەبەر زۆر ئەو وەرقە سوتاوانەی فڕێدرایە ناوی، ھەمان حاڵ بەشی مزگەوت و کۆشک و زانکۆکان بوو، و ھۆلاکۆ بڕیاری بەند کردنی خەلیفەی دا وخواردن و خواردنەوە لێ قەدەغە کرد تا کۆچی دوایی کرد لە ٢٠ی شوباتی ١٢٥٨ز بەمەش خەلافەتی عەبباسی لە بەغدا کۆتایی پێ ھات.


سەردەمی عەبباسی چوارەم

  سه‌یری ئه‌م بابه‌ته‌ش بكه‌ : مه‌مالیكه‌كان

سەردەمی عەبباسی چوارەم یان سەردەمی سوڵتانە مەمالیکیەکان، دابەش دەبێت بۆ ئەم قۆناغانەی خوارەوە؛


خەلافەتی عەبباسی لە قاھیرە

  سه‌یری ئه‌م بابه‌تانه‌ش بكه‌ : خه‌لافه‌تی عه‌باسی له‌ قاهیره‌ - ده‌وڵه‌تی عوسمانی



مزگەوتى مەملوکى لە قاهیرە

مەمالیکەکان حوکمی میسریان گرتە دەست لە سالی ١٢٥٠ز لە دوای نەمامی دەوڵەتی ئەییوبی، لە زۆربەی حاڵەتەکان حوکم لە ناو یەک خێزاندا نەئەمایەوە و ئەگۆڕا، نزیکەی ٤١ سوڵتانی مەملوکی بوون ھەندێک لە سوڵتانەکان لائەبران ودائەنرانەوە، ٢٨ سوڵتانیان لەسەر دەستی مەمالیکەکان خۆیان لەناو بران، ئەم ڕکەبەریەش بووە ھۆی ناجێگیری سیاسی لە نێویاندا.

لەگەڵ ئەوانەشدا، مەمالیکەکان دەورێکی دیاریان گێڕا لە پاراستنی ڕۆژھەڵات لە سەرەتای سەردەمەکەیاندا، دوای ئەوەی ھۆلاکۆ بەغدای گرت و خەلافەتەکەی ڕوخاند، بە ھێزەکانیەوە بەرەو وڵاتی شام ڕۆیشت، نەسیبینی گرت رەھا و حەلەب، لەم نێوەندەدا سەیفەدین قەتز بە سوپایەکەوە لە میسرەوە دەرچوو بۆ وڵاتی شام، کە ھۆلاکۆ دوای وێران کردنی حەلەب دیمەشقی سوتاند، و سوپای مەمالیک و ھۆلاکۆ بەیەک گەیشتن لە شەڕی عەین جالوت لە جەلیل ساڵی ١٢٦١ کە سەرکەوتن بۆ مەمالیکەکان بوو، بەم شێوەیە میسر لە شەڕی مەغۆل ڕزگاری بوو، و مەمالیکەکان پێیان تیا جێگیر کرد وکۆنتڕۆڵی وڵاتی شام و حیجاز و میسریان کرد، بەمەش دەوڵەتێکی فراوانیان دامەزراند.

قەتز لە ڕێگە گەڕانەوە بۆ میسر گیانی لە دەست دا و زاھیر بێبرس بووە سوڵتان لە دوای ئەو، کە بێبرس سەرکەوتوو بوو لە شەڕەکانیدا لەگەڵ خاچپەرستەکان، فەتحی یافا و ئەنتاکیە و قەڵاکانی دەوروبەری کرد، سێ ساڵ تێپەڕ بوو جیھانی ئیسلامی بێ خەلیفە بوو، لەگەڵ ئەوەی سوڵتانی ئەیوبی لە دیمەشق موبایەعەی دا بە ئەبوعەباس ئەحمەد بەڵم لەو کاتە مەمالیکە بە بەھێزی لە میسر دەرکەوتن، و کاتێک قەتز دەستی گرت بەسەر دیمەشقدا لە ئەنجامی شەری عەین جالوت، خەلیفە ڕۆیشت بۆ حەلەب کە ھێشتا لە ژێر دەستی ئەیوبییەکان بوو، لە حەلەب موبایەعەی پێدرا و ناونرا حاکم بیئەمر لا، لەگەڵ ئەوەی ئەم خەلیفە تەنھا لە حەلەب ناوی ھەبووە لەبەر ئەوە زۆر لە مێژوو نوسان ئەم خەلیفەیە لائەبەن لە لیستی خەلیفەکاندا و دایدەنێن بە ھەوڵێک بۆ ژیانەوەی خەلافەت، بەڵام ھەوڵی تەواو لەسەر دەستی زاھیر بێبرس درا لە سالی ١٢٦٢ز، کاتێک ئەحمەدی کوڕی خەلیفە زاھیر بیئەمر لا گەیشت بێبرس ئاھەنگێکی گێڕا و موبایەعەیان بەڕەسمی موبایەعەیان پێدا و ناویان نا موستەنسیر بیلا و بڕیاری دەرکرد ناوەکەی بخرێتە سەر سکەی پارە و ناوی بھێنرێت لە خوتبەی ھەینیدا.

بێبرس داوای لە خەلیفە کرد کە ڕاسپاردەیەک بنوسێت و ھەموو ئیش و بەڕێوەبردنێکی دەوڵەت باتە دەستی، و خەلیفەش ئەو ڕاسپاردەیەی دا پێی کە خۆی ھیچ شتێکی لە دەستدا نەبوو، و تەنھا وەک ھێمایەک بۆ دەوڵەت و سەرچاوەیەک بۆ شەریعیەتەکەی بوو، ھەروەک باس لەوە کرا بوو لە ڕاسپاردەکەدا کە بەغدا بگەڕێنرێتەوە بۆ دەوڵەت و کورسی خەلافەت ببرێتەوە ئەوێ، کاتێک خەلیفە خۆی بە سەرکردایەتی سوپاکەی دەرچوو بەرەو عێراق، لە یەکێک لە شەڕەکاندا لەگەڵ مەغۆل کوژرا پێش ئەوەی بگاتە بەغدا، و لە قاھیرە موبایەعە درا بە حاکم بیئەمر لای دووەم و سی ساڵ مایەوە.

بە گشتی دەوڵەتی عەبباسی وەک مانای دەوڵەت ڕوخا لەگەڵ روخانی بەغدا ساڵی ١٢٥٨ز، بەڵام خەلافەتی عەبباسی بەردەوام بوو تا ساڵی ١٥١٧ وەک ھێمایەک بۆ دەوڵەت و ڕۆلە ئاینیەکەی، و خەلافەتی عەبباسی ڕوخا لەگەڵ ڕوخانی دەوڵەتی مەملوکی لە شەڕی مەرج دابق کە سوڵتان سەلیمی یەکەمی عوسمانی سەرکەوت بەسەر مەمالیکەکاندا، بە ھیزەکانیەوە بەرەو باشور ڕۆیشت و فەتحی زۆربەی شارەکانی وڵاتی شامی بە ئاشتی کرد و پاشان بەرەو میسر ڕۆیشت و دواین مەمالیک (ئەشرەف تومان بای) لە شەڕی ڕیدانیە شکاند لە نزیک قاھیرە، و لەگەڕانەوەی خۆیدا سوڵتان سەلیمی یەکەمی عوسمانی دوایین خەلیفەی عەبباسییەکان متوەکیلی سێیەمی برد بۆ قوستەنتینیە دوای ئەوەی خەلیفە دەستبەردار بوو لە لە دەسەڵات بۆی، بەمەشە نەک خەلافەت ڕۆیشتە دەستی عوسمانییەکان بەڵکو لقی یەکەمی خەلافەت کۆتایی پێ ھات کە لقی عەرەبی یان بە شێوەیەکی وردتر (لقی قوڕەیش) لەبەرئەوەی ھەموو خەلیفەکانی پێشتر بە ڕاشدین و ئەمەوی و عەبباسییەکان ئەچوونە سەر ھۆزی قوڕەیش کە ھۆزی پێغەمبەرمحەمەد بوو، ولقی دووەمی خەلافەت کرایەوە کە نەوەکانی عوسمان بوون.


عەبباسیەکان دوای نەمانی خەلافەتەکەیان

چەند دەوڵەتێک دامەزران کە لە نەوەی خێزانی عەبباسیەکان بوون، بە ھۆی ئەو شوێنەی لە جیھانی ئیسلامیدا ھەیەتی لە دوای نەمانی دەوڵەتی عەبباسی و ھەندێک جار میرنشینی عەبباسی پێش ڕوخانی دەوڵەتەکە بە شێوە سەربەخۆ دائەمەزران، کە ھیچ کام لەوانە داوای حەقی خەلافەتیان نەئەکرد دوای ڕوخانی خەلافەتی عەبباسی بە تەواوی لە ساڵی ١٥١٧ز یان لە دوای ھەڵوەشاندنەوەی خەلافەت لە ساڵی ١٩٢٢ز وبە گشتی تا ئەمڕۆ، لە شوێنی جیاواز لە جیھانی ئیسلامیدا ژمارەیەکی زۆر خێزان ئەژین کە ئەگەڕێنەوە سەر عەبباسیەکان بە ئەسڵ، بە تایبەت لە سعودیە و یەمەن و تورکیا و ئێران و وڵاتی شام و میسر و سودان و ھیندستان و پاکستان و ئەفغانستان و ئۆزبەگستان، لەگەڵ ئەوەی دوایین دەوڵەتیان لە ناوچوو ساڵی ١٩٦٧ ھەندێک لە عەبباسییەکان لە شوێنی دیاردان وەک سەرۆکی سۆدان (عومەر حەسەن بەشیر).



عومەر حەسەن بە شیر، سەرۆک کۆمارى سۆدان لە ساڵى١٩٨٩ەوە، نەژادى ئەگەڕێتەوە سەر خێزانى جەعلیەکان کە ڕاستوخۆ ئەچنەوە سەر عەباسى کوڕى عەبدول موتەلیب
  • میرنشینی بادینان: کۆنترین میرنشینی سەربەخۆی عەبباسیە و دامەزرا لە ساڵی ١٣٦٧ لە باشوری کوردستان (کوردستانی عێراق) لە سەر دەستی مەلیک بەھادین عەبباسی یەکێک لە حەفیدەکانی خەلیفە موستەعسیم و شاری عەمادیە کە ئەکەوێتە پارێزگای دھۆک پایتەختەکەی بوو وم یرنشینەکەی ھەندێک لە ناوچەکانی ھەولێر وموسڵی ئەگرتەوە، ئەم میرنشینە ماوەیەکی زۆر مایەوە، و توانی سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت لەگەڵ ئەوەی ئەکەوتە سەر سنوری دوو ئیمپراتۆری گەورە عوسمانییەکان و سەفەوییەکان، لەگەڵ ئەوەی کۆتایەکەی لەسەر دەستی ھیچ کام لەو دوو ئیمپراتۆریەتە نەبوو بەڵکو لەسەر دەستی میرنشینی سۆرانی ڕکەبەری بوو لە ساڵی ١٨٣٤ز. خێرا عوسمانیەکان دەستیان کرد بەسەریدا و خێزانی فەرمانڕەواکە ڕۆیشتن بەرەو حەلەب و ھەندێکیان بەرەو جیزان و یەمەن ڕۆیشتن وئێستا بە (ئال عاسم) ناسراون.
  • میرنشینی جەعلین، لە باکوری سودانی ئێستا دامەزرا، و ئەگەنەوە بە عەبباسی کوڕی عەبدول موتەلیب ڕاستەوخۆ بێ ئەوەی بچنەوە سەر نەوەی خەلیفە عەبباسییەکان لە قاھیرە و بەغدا، دوای نەمانی مەمالیکەکان ھەندێکیان ڕۆیشتن بەرەو سۆدان کە سەربەخۆییان ڕاگەیاند لە ساڵی ١٥٨٨ لە سەر دەستی سەعید ئەبودەبو سوشەندیان کردە پایتەخت، ١٧ میری عەبباسی حوکمیان کرد تا محەمەد عەلی پاشا دەستی بەسەرا گرت لە کاتی فەتحی سۆدان لە ساڵی ١٨٢٣، بەوە دۆڵی نیلی ڕێکخست.
  • میرنشینی بەھالبۆر، دامەزرا لە وڵاتی سەند ساڵی ١٧٠٢ لە سەر دەستی میر محەمەد موبارەک خانی یەکەم، جێگیربوونی ھۆزە عەبباسیەکان لە ھیندستان ئەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەردەمی عەبباسی، ئەگەنەوە بە عەبباسی کوڕی عەبدول موتەلیب ڕاستەوخۆ بێ ئەوەی بچنەوە سەر نەوەی خەلیفە عەبباسیەکان لە قاھیرە و بەغدا، و میرنشینەکەیان جیا ئەکرێتەوە بە گەشەی ئابوری و گرنگی دان بە زانست و ئەدەب بەتایبەت زانستی شەریعە، و ئەم میرنشینە کۆتایی نەھات بە شەڕ بەڵکو لە ئەنجامی سەربەخۆیی ھیندستان لە ساڵی ١٩٤٧ و دابەشبوونی بۆ دوو دەوڵەت کە پاکستان و ھیندستانی ئێستان، و دوایین خەلیفەی عەبباسی لە بەھاولبۆر خرایە سەر پاکستان.
  • میرنشینی بستیکی عەبباسی دامەزرا ساڵی ١٦٧٣ لەسەر دەستی میر عەبدول قادر کوڕی حەسەن یەکێک لە حەفیدەکانی ھارون ڕەشید، کە ناوچەی ئەھواز وکەنارەکانی کەنداوی عەرەبی لەلای ئێران، ١١ میر حوکمیان کرد تا شای ئێران محەمەد ڕەزا بەھلەوی دەستی بەسەرا گرت ساڵی ١٩٦٧ز، کە دواین دەوڵەت بوو لە نەژادی عەبباسیەکان بێت، و خێزانە فەرمانڕەواکەی ڕۆیشتن بەرەو شانشینی سعودیە و ئیمارات و بەحرەین.


ئایین

ئاینی ئیسلام یەکێک بوو لە پێکھێنەرە سەرەکیەکانی دەوڵەتی عەبباسی لەسەر دامەزرا، ئەم ئاینە پێشکەوتنێکی گەورەی بە خۆیەوە بینی لەلایەکەوە سلبی بوو و لە لایەکەوە ئیجابی بوو، کە بڵاوبوونەوەی ئیسلام لە نێو نەتەوە نا ئیسلامەکاندا کە بە ڕێگەی تایبەتی خۆیان و بە کاریگەری فەلسەفە و بیروباوەڕە کۆنەکانیان تێگەیشتن لێی، و ھەندێک ئیجتیھاد کرا لەلایەن فەقێکان کە بووە ھۆی دروستبوونی تائیفە و مەزھەبی جۆراوجۆر لە ناو دامەزراوە ئیسلامیەکەدا، و ھەندێکیان نەمان و ھەندێکی تریان تا ئەمڕۆ ماون. لەو تائیفە ئیسلامیانەی دروست بوون لە سەردەمی عەبباسی موعتەزیلە و مەرجیئە و ئیبازی و ھتد، ھەروەک لە شیعەدا چەند تائیفەیەکی جیاواز دەرکەوتن وەک، ئیسماعیلی و عەلەوی ودوڕزی، ھەروەھا سۆفیگەری دامەزرا لە سەرەتای سەردەمی عەبباسی.

لە دیارترین کاریگەریەکانی سەردەمی عەبباسی، پێشکەوتن و گەشەسەندنی چوار مەزھەبە گەورەکە بوو کە ئەوانیش (شافعی و مالیکی و حەنبەلی و حەنەفی)ن، ھەروەھا گرنگیەکی زۆریان دا بە فەرمودەکانی پێغەمبەر و ناودارترین کۆکەرەوەکانی فەرمودە لەو سەردەمە دەرکەوتن وەک بوخاری و موسلیم و تورمزی و ئەحمەد کوڕی حەنبەل و ئەوانی تر.

گفتوگۆ ئیسلامییە فەلسەفییەکان یەکێک لە سیماکانی سەردەمی عەبباسی بوو بە تایبەت لە سەردەمی بەھێزیدا، لە دیارترین ئەو گفتوگۆیانە ئەوەبوو کە لەسەر ئەزەلیەتی قورئانبوو، کە موعتەزیلە و ئیبازیەکان وتیان قورئان دروستکراوە و خەلیفە مەئمون پشتی گرتن، لە کاتیکا سوننە و ئەشاعیرەکان ئەڵێن قورئان تەنھا وتەی خوایە، ھەروەک چەندین گفتوگۆی تر ڕویدا لەسەر بینینی خوا لە ڕۆژی دواییدا، و گفتوگۆی پەیوەست بە ڕەگەزی فریشتە و زۆر بابەتی تر.

لەگەڵ ئەوەی ئیسلام ئاینی دەوڵەت بوو بێ دیاری کردنی مەزھەب و تائیفە، بەڵام ئاینەکە کاریگەر دەبوو بە تائیفەی خەلیفەکان، مەئمون و موعتەسیم و واسیق موعتزەیلەیان ڕاگەیاند وەک ئاینی دەوڵەت، و متوەکیل شافعی کرد بە مەزھەبی ڕەسمی، بەڵام موعتەسیم بیلا بەلای شیعەدا ئەیشکاندەوە لەگەڵ خەلیفەکانی کە لە سەردەمی دەوڵەتی بوەیھی ھاتن، بە پێچەوانەی ئەو خەلیفانەی لە سەردەمی دەوڵەتی سەلجوقیدا ھاتن بە لای سوننەدا ئەیانشکاندەوە.

لە سەردەمی گەشەسەندنی عەبباسی پەیوەندی دەوڵەت لەگەل دانیشتووە نا موسڵمانەکاندا باشترین حاڵەتی ھەبوو بە تایبەت لە سەردەمی مەنسور و ڕەشید.


ڕۆشنبیری

شیعر

لەم سەردەمە ڕەوانبێژترین و زمانپاراوترین شاعیرە عەربییەکان دەرکەوتن کە تا ئێستا شیعرەکانیان ئەوترێتەوە، دیارترین سیماکانی شیعری عەبباسی جۆراوجۆری بابەتەکانیەتی کە ھەموو ڕووەکانی کۆمەڵگە و بابەتەکانی ئەگرتەوە، کە ئەبنە سەرچاوەیەک بۆ لێکۆڵینەوەی بارودۆخە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی قۆناغە جیاوازەکانی سەردەمی عەبباسی.

شیعری عەبباسی بە پلەی یەکەم شیعری عەرەبی بوو، لەگەڵ ئەوەی ژمارەیەک شاعیر دەرکەوتن کە شیعریان بە فارسی و تورکی ئەنووسی، و پاڵپشتی کران لەلایەن فەرمانڕەوا و سوڵتانەکانی ناوچەکەیان، بۆ نمونە؛ جەلالەدینی ڕۆمی لە دایک بوو ساڵی ١٢٠٧ز، کە بە فارسی شیعری ئەنوسی و دامەزرێنەری ڕێگەی مەولەوییە.


ئەدەب



منارەى مزگەوتى متوەکیل عەلاڵڵا لە سامەڕاى پایتەخت، یەکێک لە شێوەکانى بیناسازى عەباسى

ئەدەب یەکێک لە بوارە دیارەکانی سەردەمی عەبباسی، و تایبەتمەندیەکانی بریتی بوو لە ڕەوانبێژی زمانی بەکارھێنراو لەلایەک و ھەمەجۆری شێوازەکەی لەلایەکی تر، لەگەڵ گەشەسەندنی دەوڵەتدا و دەرکەوتنی ژمارەیەکی زۆر ئەدیب و شاعیر و چیرۆکنوسان، جوانکاری تێکست و گرنگی دان بە وشەکاری کە لەڕاستیدا بووە ڕکەبەری لە نێوان ئەدیبەکان و ڕکەبەرەکاندا، وەک ئەو مشتومڕانەی ڕوویدا لە نێوان بەدیعو زەمان ھەمزانی و خەواڕزمی لە کۆتاییەکانی سەدەی دەیەم.

لەگەڵ ئەدەبی نوسراودا، ئەدەبی گێڕانەوە بڵاوبوویەوە لەوانە چیرۆکەکانی (ھەزار و یەک شەوە) کە لەوەوە ھەموو چیرۆکە خەیاڵیە عەرەبیەکان نوسراون وەک سیندیباد و عەلی بابا و عەلائەدین و زۆری تر لەو چیرۆکانەی کە ئەگێڕانەوە لە کۆڕەکاندا، تا نوسرانەوە لە سەدەی دەیەم، و وەرگێڕان بۆ زۆر لە زمانە ئەوروپیەکان و سەرکەوتنێکی گەورەی بە خۆیەوە بینی.


بیناسازی

عەبباسییەکان گرنگیەکی دیاریان دا بە بیناسازی، چەند شارێکی نوێیان بنیاتنا لەوانە شاری بەغدا و سامەڕا و متوەکیلیە و ڕحبە. ھەروەک عەبباسییەکان ھەستان بە بنیاتنانی تۆڕێکی فراوان لە ڕێگا وپرد بە تایبەت لە عێراق، و فێرگە و زانگە ونەخۆشخانەکانیان کردەوە لە شارە گەورەکاندا و شوێنی تایبەت بۆ میوانداری نەدارەکان و ئوتێلی تایبەت بە ڕێبوارەکانی شارەکە، ھەروەک ئاویان لە ڕێگە گشتیەکانیانی ناو شار و دەرەوەیدا دانا.

ھونەری بیناسازی عەبباسی کاریگەری بیناسازی عێراقی کۆنی لەسەر بوو بە تایبەت بیناسازی ئاشوری و فارسی. لەگەڵ بیناسازیدا ھونەری زەخرەفە تێکەڵ کرا، کە زۆر لە ڕەخنەگران بە زمانی ھونەری ئیسلامی دائەنێن، زەخرەفەی مزگەوت و کۆشکەکان بە شێوە ئەندازەیی و ڕوەکیەکانی لە ئەوروپا بە ئەرەبیسک ناو دەبرا.


مۆسیقا وگۆرانی

پێشکەوتنی مۆسیقا بەستراوە بە بارودۆخی باشی ئابوری دەوڵەتەوە لە سەردەمی بەھێزیدا و لە لایەن خەلیفەکانەوە پاڵپشتی مۆسیقا و گۆرانی ئەکرا ھەر لە دامەزراندنی دەوڵەتەوە، مۆسیقای عەرەبی تێکەڵ کرا لەگەڵ جۆرەکانی مۆسیقای سریانی و فارسی و دواتر بە ھۆی ھاتنی وەفدی ھۆزی کوردی و سەلجوقیەکانەوە ئامێرە مۆسیقیە ھەواییەکان بەکارھێنران و جێگەی ئامێرە مۆسیقیە وەتریەکانی گرتەوە کە لای عەرەب پێشتر بەکار ئەھێنران.




زانست

زانستە گشتییەکان



یەکێک لە نەخشەکانى ئیدریسى

عەرەب لە نیمچەدوورگەی عەرەبی زانستی ھەمەجۆریان نیە، ھەروەک ئەمەوییەکان گرنگیان نەدا بە بوارە ھەمەجۆرەکانی زانست، لەبەر ئەوە دامەزراندنی زانستی عەرەبی ئەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی عەبباسی، سەرەتا پشتیان ئەبەست بە وەرگێڕانی ئیشی فەیلەسوف و زانا یۆنانیەکان وەکئەرستۆ و ئەفڵاتون ئەمەش بە پاڵپشتی چینی فەرمانڕەوا، و لە قۆناغی دووەمدا زانا عەبباسییەکان داھێنانیان کرد لە زانستی بیردۆزی و تەکنیەکاندا لە یەک کاتدا، ھەر لەو کاتانە نەزانی و نەخوێندەواری لە ئەوروپادا بڵاو بوون بە شێوەیەکی ترسناکانە کە ئەگەر ھەوڵی خەلیفەکان و دەوروبەریان نەبوایە زانستی ئیغریقی بە تەواوی تیا ئەچوو، ئەمەش وایکردووە کە ژمارەیەک لە مێژوونوسە ڕۆژئاواییەکان زانست لە ڕاستیدا بە یەکێک لە دامەزراوەکانی شارستانی ئیسلامی ئەژمێرن، جێی خۆیەتی ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەمەوییەکانی ئەندەلوس بە ھەمان شێوە ھانی زانستیان داوەو لە ڕێگەیقوڕتوبەوە زیاتر زانستەکان گوازراوەتەوە بۆ ئەوروپا تا لە ڕێگەی بەغداوە. بێجگە لە قۆناغی شەڕی خاچپەرستی و بوونی سەفەراتەکان، کە گوێزانەوەی ئەم زانستانە بوونە ھۆکاری دروستبوونی شارستانەتێکی مرۆڤایەتی نوێ.

زۆر لە مێژوونوسان ھۆکاری ئەو داڕمانەی لە زانستی عەبباسیدا ڕوویدا لە سەدەی دەیەمەوە ناگەڕێننەوە بە تەنھا بۆ ئاڵۆزی باری سیاسی و خراپبونی ئاستی گوزەران، بەڵکو ھۆکارێکی تر دەرکەوتنی ئاڕاستە ئاینیە توندڕەوەکان بوو کە دەستی گرت بەسەر کۆشک و بەشێوەیەکی سلبی کاری کردە سەر زانست.

لە دیارترین دەستکەوتەکانی سەردەمی عەبباسی، کێشانی یەکەم نەخشەی ھەموو جیھان بوو لەسەر دەستی (ئیدریسی) کە ساڵی ١١٠٠ز لە دایک بووە وکتێبەکەی لە بواری جوگرافیادا بە یەکەم کتێبی ئەو بوارە دادەنرێت لە ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوادا. ھەر لە زانا دیارەکانی عەبباسیەکان ئیبن ھەیسەمە کە نزیکی ھەزار دانراوی ھەیە لە بواری پزیشکی و فەلسەفە و بیرکاری و فیزیا، و زانا عەبدوڵڵا بەتانی ناسراو بە زانستی بیرکارییە و ھەروەک زانا (ئیبن سینا) دەرکەوت لە بواری یاساکانی پزیشکی و زانا (ئیبن بیتار) دەرکەوت لە بواری دەرمانناسیدا لەگەڵ زانا جابری کوڕی حەیان کە زانایەکی کیمیا بوو و ھارون ڕەشید یارمەتی دا. ھەروەک زانا (کەنەدی) ھەیە کە لە دیارترین فەیلەسوفەکان بوو و ھەروەھا ڕازی کە دانراوی پزیشکی و گەردووناسی دیاری ھەیە و بە ھەمان شێوە زانستی مێژوو پێش کەوت و لە مێژوونوسە دیارەکانی ئەو سەردەمە (ئیبن کەسیر)ە ھەروەھا ئیبن خەلکان، ھەر لەو زانستانەی لە دەوڵەتی عەبباسیدا دروستبون زانستی جەبرە کە خواڕزمی یاسای یەکەم لۆگاریزمی داھێنا لە جیھاندا.

تەنھا موسڵمانەکان سەرگەرمی زانست نەبوون وزۆر لە زانا نا موسڵمانەکان دەرکەوتن وەک کسیۆفیلی کوڕی توما کە لە پایەی گەورەی زاناکانی گەردونناسی بوو لای خەلیفە، ھەروەھا قەیسی مارۆنی مێژوونوس کە دانراوێکی دانا مێژووی ھەموو مرۆڤایەتی نوسیەوە لە سەردەمی دروستبوونی ئادەم تا خەلیفە موعتەزید، و زۆر زانای تر.



وەرگێڕان

عەبباسییەکان گرنگیان دا بە وەرگێڕانی کتێب و نوسراوە کۆنەکان بۆ عەرەبی، کە ئەوە سەرەتای شۆڕشە ڕوناکبیری شارستانیەکەی سەردەمی عەباسس بوو، عەرەب گوێیان نەدا بە زمانی یۆنانی کە زۆربەی دانراوە کۆنە زانستیەکانی پێ نوسرا بوو وەک ئەوانەی ئەرستۆ و ئەفلاتون، لەگەڵ گرنگی دانی خەلیفەکان بە زانست بەتایبەت ئەبوجەعفەری مەنسور و ھارون ڕەشید و مەئمونی کوڕی، دەستکرا بە وەرگێڕان لە بەگشتی لە سریانیەوە و بە شێوەیەکی کەمتر لە فارسیەوە، و وەرگێڕانەکان بە دوو قۆناغ ئەکرتن لە یۆنانیەوە بۆ سریانی و پاشان لە سریانیەوە بۆ عەرەبی.




سەرچاوەکان







صفحات سایت

پیچک