تبلیغات
ماڵپه‌ری ئیسلام كورد
Rss
Logo
ADS
زاراوه‌كانی قیرائات

مه‌تنی تحفة الأطفال

ته‌فسیری قورئانی پیرۆز

شێوازی نوێژی پێغه‌مبه‌ر

ئامۆژگاری بۆ موسڵمانان

كاتی بانگه‌كان&بانكبێژان

24 كاتژمێر راسته‌وخۆ

ئاماری ماڵپه‌ر
میوانانی سه‌رهێل

ژماره‌ى سه‌ردانه‌كان

ڕاپرسی ماڵپه‌ر
ئایا تا ئێستا سوودت له‌ ماڵپه‌ری ئیسلام كورد بینیوه‌؟؟؟

ماڵپه‌ره‌ كۆنه‌كه‌مان
عه‌لمانیه‌ت بناسه‌
گێژاوی مه‌دخه‌لیزم
مێژووی انصار الاسلام
فیرعه‌ونی زه‌مان و قه‌یرانی...

 

 

 



دەوڵەتی عەبباسی


ئاماده‌كردنی: ماڵپه‌ری ئیسلام كورد

دەوڵەتی عەبباسی یان خەلافەتی عەبباسی یان عەبباسییەکان، ئەو ناوەیە کە بە سێیەم خەلافەتی ئیسلامی مێژوو ئەوترێت و دووەم زنجیرەی فەرمانڕەوا ئیسلامییەکانە، عەبباسییەکان توانیان ئەمەوییەکان بڕوخێنن و خەلافەت بگرنە دەست، دەستیان گرت بە سەر ئەمەوییەکاندا و دەریان کردن و دەستیان بەسەر زۆربەیاندا گرت تەنھا ئەوانە ڕزگار بوون کە ڕۆیشتنە ئەندەلوس، لەوانە عەبدول ڕەحمان داخل کە درێژەی بە دەوڵەتی ئەمەوی دا لە ئەندەلوس.

دەوڵەتی عەبباسی دامەزرا لەسەر دەستی ئەوانەی کە نەوەی بچوکترین مامی پێغەمبەری ئیسلام (محەمەد) بوون کە ئەویش عەبباسی کوڕی عەبدول موتەلیب بوو، و عەبباسیەکان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتەکەیان پشتیان بەو فارسانە بەست کە ئەمەوییەکان لە دەسەڵات دووریان خستبوونەوە، ھەروەک سودیان لە شیعە وەرگرت بۆ لەزراندنی بناغەی دەوڵەتی ئەمەوی، دوای ئەوەی عەبباسیەکان شۆڕشەکەیان سەرکەوتنی ھێنا پایتەختیان گواستەوە بۆ بەغدا کە گەشەسەندنێکی گەورەی بە خۆیەوە بینی لەو سەردەمەدا بەڵام ئەستێرەی ئاوا بوو لەگەڵ ئاوابوونی خۆری دەوڵەتی عەبباسی، و لە گرنگترین ھۆکارەکانی ڕووخانی دەوڵەتی عەبباسی، دەرکەوتنی بزوتنەوە جەماوەری و ئاینیە جیاوازەکان بوو لەو سەردەمەدا، ئەم ناکۆکیانەش بووە ھۆی جیابوونەوەی نەتەوە ناعەرەبەکان لە عەرەب، لەگەڵ ئەم نەتەوە سیاسییانە، کۆمەڵەی ئاینی جۆراوجۆر دەرکەوتن، تەوەری جیاوازی نێوانیان لەگەڵ عەبباسییەکان لەسەر خەلافەت و پێشەوایەتی موسڵمانان بوو، ھەر یەکێک لەو کۆمەڵانە دروشم و یاسا و ڕێگەی تایبەتی خۆی ھەبوو لە بانگەوازدا، و ھەر لە ھۆکارە ناوخۆییەکان کە بووە ھۆی سەرھەڵدانی بزوتنەوە جیاوازەکان، فراوانبوونی ڕووبەری دەوڵەتی عەبباسی بوو، و ماوە و گەیاندن لە نێوان بەشەکانی دەوڵەت و پایتەختدا قورس بوو لەو کاتانە، ئەمەش وای لە والیەکان کرد سەربەخۆیی خۆیان بگرنە دەست لە بەڕێوەبردنی کاروبارەکاندا بێ ئەوەی لەو ھێزانە بترسن کە لە پایتەختی خەلافەت ئەنێرا بۆ کپکردنی بزوتنەوەکانیان، لە دیارترینی ئەو بزوتنەوانەش، ئەداریسە و ئەغالیبە و فاتمییەکان بوون.

حوکمی عەبباسی لە بەغدا کۆتایی ھات لە ساڵی ١٢٥٨ز، کاتێک ھۆلاکۆخانی سەرکردەی مەغۆل دەستی کرد بە وێرانکردن وسوتانی شارەکە و کوشتنی زۆربەی خەڵکەکەی بە خەلیفە و مناڵەکانیەوە، ئەوانەی لە عەبباسییەکان لە ژیاندا مانەوە ڕۆیشتن بەرەو قاھیرە دوای ڕووخانی بەغدا، جارێکی تر خەلافەتیان دامەزراندەوە لە ساڵی ١٢٦١ز، لەو کاتانە خەلیفە تەنھا ھێمایەک بووە بۆ یەکڕیزی ئاینی دەوڵەتی ئیسلامی، بەڵام لە ڕاستیدا سوڵتانە مەمالیکە میسریەکانحوکمی دەوڵەتیان ئەکرد بە کردار، و خەلافەت بەردەوام بوو تاساڵی ١٥١٩ز، کاتێک سوپای عوسمانییەکان فەتحی شار و قەڵاکانی شام و میسریان کرد، دوایین خەلیفەی عەبباسی دابەزی لە نازناوی خەلیفە بۆ سوڵتانی عوسمانییەکان (سوڵتان سەلیمی یەکەم) بەم شێوەیە عوسمانییەکان بوونە خەلیفەی موسڵمانان وپایتەختیان لە قاھیرەوە گۆڕی بۆ قوستەنتینیە.


سەردەمی عەبباسی یەکەم

  سه‌یری ئه‌م بابه‌ته‌ش بكه‌ده‌وڵه‌تی ئه‌مه‌وی

دامەزراندنی دەوڵەت

دەوڵەتی ئەمەوی لاواز بوو بە کاریگەری کۆچی دوایی دەیەم خەلیفەیان (ھیشام کوڕی عەبدول مەلیک)، لە دوای ھیشام وەلیدی کوڕی یەزید دەسەڵاتی گرتە دەست بەڵام ئەمەوییەکان کوشتیان لەبەر ئەوەی ئاگای لە کاروباری دەوڵەت نەبوو، پاشان دابەشبوون و شەڕی ناوخۆ دەوڵەتی گرتەوە، کە ئەمانەش یارمەتی بەھێزبوونی کۆمەڵە و پارتە ئاینییەکان و بزوتنەوە سیاسییە دژەکانی دا کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە عێراق و ئێران بڵاوبوو بوونەوە، لە دیارترینی ئەو پارتانەش ئەو ھۆزانە بوون کە ئەیانوت حەقی نەسەبی عەلی کوڕی ئەبوتالیبیان ھەیە بۆ خەلافەت و ئەو پارتەی کە ئەیانوت حەقە نەسەبی عەبباسی کوڕی عەبدول موتەلیبی مامی پێغەمبەریان ھەیە بۆ خەلافەت.

بەڵام پارتی یەکەم چەند شۆڕشێکیان کرد لە دەوڵەتی ئەمەوی کە بووە ھۆی کوژرانی زۆر لە لایەنگر و سەرکردەکانیان لەوانە کوژرانی حسەینی کوڕی عەلی ساڵی ٦٨٠ز، وکوژرانی زەیدی کوڕی عەلی ساڵی ٧٤٠ز دوای ئەوەی شۆڕشی کرد لە کووفە، بەڵام پارتی عەبباسی وردە وردە گەشەی کرد و بێدەنگ بوو لە سەردەمی بەھێزیی ئەمەوییەکان و لاوازبوونی ئابوریان قۆستەوە بۆ بەرپاکردنی شۆڕشەکەیان، ھەروەک سودیان لەو جیاکردنەوە ڕەگەزییە وەرگرت کە ئەمەوییەکان ئەیانکرد لە نێوان عەرەب و ناعەرەبەکان لە فەرمانبەری و سوپا و باجدا، بەو شێوەیە بنکەیەکی جەماوەری فراوانیان پێکھێنا بەتایبەت لە نێو جوتیاری گوند و کرێکاری ھەژاری شارەکاندا، ھەندێک لە لێکۆڵەرەوان بانگەوازی عەبباسی بە (شۆڕشێکی ئاینی و کۆمەڵایەتی و ئابوری دائەنێن) لە ھەمان کاتدا ھەندێکی تر بە (شۆڕشی فارسی دائەنێن دژ بە عەرەب).

کەسایەتییەکی بەھێزی وەک ئەبو موسلیمی خۆراسانییان تیا ھەڵکەوت کە دامەزراندنی دەوڵەتی عەبباسی ڕاگەیاند لە خۆراسان پاشان شاری مەڕوەی گرت، و ئەبوعەباس کە ئەو کاتە کاروباری بزوتنەوەی عەبباسی ھەڵئەسوڕاند بە نھێنی چوو بۆ کوفە، ودواتر خەڵکی کوفە موبایەعەیان پێدا، تا دروستبوونی دەوڵەتی عەبباسی چووە قۆناغی کۆتاییەوە، سوپای ئەمەوی بە سەرکردایەتی مەڕوانی کوڕی محەمەد و سوپای عەبباسی بە سەرکردایەتی ئەبوعەباس لە نزیک ڕووباری زاب بەیەک گەیشتن، عەبباسییەکان سەرکەوتن و عێراقیان گرت و ڕۆیشتن بەرەو وڵاتی شام، و میسر دوای ئەوەی سوپای ئەمەوییان دەرکرد و خەلیفە مەڕوانی کوڕی محەمەدیان کوشت لە شەڕی بوسیبردا، و بە گرتنی میسر دەوڵەتی عەبباسییان دامەزرند، کە سێیەم قۆناغی مێژووی خەلافەتە لە دوای خەلافەتی ڕاشدین و ئەمەوی، موبایەعە درا بە ئەبوعەباس و ناونرا بە سەفاح واتە خوێن ڕێژ لەبەر ئەو خوێنە زۆرەی ڕشتی لە شەڕەکاندا، بە تایبەت کاتێک ڕۆیشتە دیمەشقی پایتەختی ئەمەوی، ماڵەکانی خێزانی ئەمەوییەکانی ڕوخاند و کۆشکەکانی سوتاندن خەلیفەکانیان لە گۆڕەکانیان دەرھێنان، کەسیان لێ نەمایەوە لە خێزانی ئەمەوییەکان تەنھا عەبدول ڕەحمان داخل نەبێت کە ڕۆیشت بۆ مەغریب و چووە ئەندەلوسەوە حوکمی ئەمەوی تیادامەزراند، بەڵام ئەبوعەباس پایتەختی لە حیرانەوە کە مەڕوانی کوڕ محەمەد پایتەختی ئەمەوی بۆ گواستەوە گۆڕی بۆ کووفە لەگەڵ ئەوەی کە زۆر تیای نەمایەوە ڕۆیشت بۆ ئەنبار تا وەفاتی کرد ساڵی ٧٥٤ز و لە ئەنبار نێژرا و موبایەعەی وەرگرت بۆ ئەبوجەعفەری مەنسوری برای.


خەلیفە ئەبوجەعفەری مەنسور

  سه‌یری ئه‌م بابه‌ته‌ش بكه‌ :  ئەبوجەعفەری مەنسور



هێڵکارى بنیاتنان وفراوانکردنى بەغدا لە نێوان ساڵى ٧٦٧و ٩١٢ دا

ماوەی حوکمی مەنسور ماوەی جێگیر کردنی پایەکانی دەوڵەتەکە تازەکە بوو، دەستی گرت بەسەر ئەو شۆڕشە یەگ لە دوای یەکانەی کە ھەڕەشەیان لێئەکرد، ئەبوموسلیمی خۆراسانی کوشت لەگەڵ ئەوەی کە ھۆکاری بەدەسھێنانی عەبباسییەکان بوو بۆ خەلافەت لەبەر ئەوەی لە فراوانبوونی جەماوەریەکەی ئەترسا، پاشان دەستی بەسەر شۆڕشەکەی مەدینەدا گرت، ھەروەک دەستی بەسەر شۆڕشە ھاوشێوەکانی بەسڕە و واسیت و ئەھوازدا گرت. و مەنسور یەکێک بوو لە بەھێزترین پیاوە عەبباسییەکان و ئاسایشی دابین کرد و شاری بەغدای بنیاتنا لە سەر ڕووباری دیجلە و پایتەختی عەبباسی بۆ گواستەوە و تیایدا مایەوە تا کۆچی دوایی کرد ساڵی ٧٧٥ز. لە ئاستی ئاینیەوە لە سەردەمەکەیدا ئەبووحەنیفەی بنیاتنەری مەزھەبی حەنەفی لای سوننە کۆچی دوایی کرد، لە دوای مەنسور، محەمەد مەھدی کوڕی خەلافەتی گرتە دەست کە گرنگی دا بە خزمەتگوزارییە ناوخۆییەکان و پۆستە و ڕێگاوبانی ڕێکخست و چاکسازی کشتوکاڵی کرد و خۆی سەرۆکایەتی دادی ئەکرد، ھەروەک مەھدی لێزان و پابەند بوو بە شەریعەتی ئیسلامەوە، و گرنگی ئەدا بە نەداران و نەخۆشەکان لە ھەموو لایەکی دەوڵەتەکە، بەمەش سەردەمی زێڕینی عەبباسییەکان دەستی پێکرد. 

محەمەد مەھدی کۆچی دوایی کرد ساڵی ٧٨٥ز، و موبایەعە درا بە موسا ھادی کوڕی، کە حوکمی درێژەی نەکێشا و ساڵی ٧٨٦ز مرد و بوار ڕەخسا بۆ ھارونی برای کە باوکی نازناوی (ڕەشید)ی پێدابوو لە ئەنجامی یەکێک لەو سەرکەوتنانەی بەسەر بیزەنتیەکاندا ھێنابووی تا دەسەڵات بگرێتە دەست.


ھارون ڕەشید

  سه‌یری ئه‌م بابه‌ته‌ش بكه‌ :  ھارون ڕەشید



وێنەیەکى کێشراو ئاماژەیە بۆ پێشوازى هارون ڕەشید لە وەفدێکى شارلمان

ھارون ڕەشید گرنگی دا بە چاکسازی ناوخۆ و مزگەوتی گەورە و کۆشکی جوانی بنیاتنا، و لەم سەردەمەدا بۆ یەکەم جار لامپا بەکار ھات بۆڕوناک کردنەوەی ڕێگا و مزگەوتەکان، و زانست پێشکەوت بە تایبەت فیزیا، و زۆر داھێنانی وەک کاتژمێری ئاوی کرا، ھەروەھا ڕەشید گرنگی دا بە کشتوکاڵ و یاسایەکی بۆ دانا، و حوکمەتەکەی پرد وتاقی گەورەیان بنیاتنا و جۆگەیان ھەڵکەند لە نێوان رووبارەکان و دیوانێکی تایبەتی بۆ سەرپەرشتی ئەو ئیشانە دانا، ھەر لە ئیشەکانی ھانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی دا لە نیوان ولایەتەکان و پاسەوانی ڕێگە بازرگانی نێوان شارەکانی کرد، و شارێکی بنیاتنا لە نزیک شاری ڕەقە لە ڕۆخی فوڕات بۆ پێشوازی میوانەکان، و ئیبن خەلکان ئەڵێت؛ ڕەشید ٩ جار حەجی کرد ولە ڕۆژێکدا ١٠٠ ڕکات نوێژی کردووە و نوێنەری نارد بۆ لای شارلمانی ئیمپراتۆری ڕۆمانی پیرۆز و ھاوڕێیەتی لە نێوانیان دروست بوو ھەروەک ڕەشید گرنگی دا بە فتح و فراوانکردنی دەوڵەتەکەی بە تایبەت لە قەوقاز و ئاسیای ناوەڕاست و ئەنادۆڵ، و سەردەمەکەی دوایین ھەوڵی عەرەبی لە خۆگرتووە بۆ فەتحی قوستەنتینیە ساڵی ٧٨٢ز، تا سوڵتانیعوسمانی محەمەد فاتیح فەتحی کرد لە ساڵی ١٤٥٣ز.

لە سەرەتای سەردەمەکەیدا پشتی بەست بە بەرمەکییەکان و وەزارەتی دا بە یەحیا بەرمەکی و ھەموو دەسەڵاتێکی دا پێی و باردۆخەکە بەو شێوەیە مایەوە تا ساڵی ٨٠٥ز، کاتێک ڕەشید ترسا لە فراوانبونی جەماوەری و لایەنگری خەڵک بۆیان، دەستی بەسەر داراییەکانیاندا گرت و سەرکردەکانی کوشتن و بەشێکی زۆری لێ بەند کردن.

ھارون ڕەشید ساڵی ٨٠٩ز لە خۆراسان کۆچی دوایی کرد و بەپێی وەسیەتەکە موبایەعە درا بە ئەمینی کوڕی و پاشان مەئمونی کوڕی. بەڵام خەلیفە نوێیەکە (ئەمین) خێرا لادرا لە خەلافەت لەلایەن براکەیەوە کاتێک موسای کوڕی دانا بۆ جێگری خۆی، کاتێک مەئمون لە خۆراسان بوو بەمەی زانی موبایەعەی لە خەڵکی خۆراسان وەرگرت وبە سوپاوە ڕۆیشت بۆ بەرەنگاری براکەی، وشەڕ ماوی چوار ساڵ لە نێوانیان بەردەوام بوو تا مەئمون توانی گەمارۆی بەغدا بدات و سەرکەوێت بەسەر ئەمیندا ساڵی ٨١٣ز.


مەئمونی کوڕی ھارون



دینارى عەبباسى ساڵى ٨٢٣ز لێدراوە لە سەردەمى خەلیفە مەئموندا.

سەردەمی مەئمون جیا دەکرێتەوە بە ھاندانێکی تەواوی فەلسەفە و پزیشکی و بیرکاری و گەردونناسی و گرنگی دانێکی تەواو بە بە زانستی یۆنانی، خەلیفە ساڵی ٨٣٠ز زانکۆی بەیتو لحیکمەی لە بەغدا دامەزراند کە لە گەورەترین زانکۆکانی سەردەمی خۆی بوو، چەند ئامێرێکی تەکنیکی دروستکران و زاناکان ھەوڵی پێوانی ڕووبەری زەویان دا کە ئەمەش نیشانەیەک بوو بۆ داننان بە شێوەی بازنەیی زەوی لەلایەک و پێشکەوتنی زانست لەلایەکی تر، ھەروەھا وەرگێڕان یەکێکی تر بوو لە سیماکانی سەردەمی مەئمون، کە لە ڕێگەیەوە زانست و ئەدەبی سریانی و فارسی ویۆنانی گواسترانەوە بۆ عەرەبی.

لەم ڕێگەیەوە زمانی عەرەبی شوێنێکی پێشکەوتووی گرت کە لە زمانی شیعر و ئەدەبەوە بووە بە زمانی زانست و فەلسەفە، ھەروەھا وەرگێڕانەکان بوونە ھۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ڕۆشنبیری لە دەوڵەتدا، کرانەوەیەکی ڕۆشنبیری دەستی پێکرد بەرامبەر بیروباوەڕە ئاینیەکانی تر، مەئمون وتی قورئاندروستکراوە وخەڵکی ناچار کرد لەسەر ئەوە، ھەروەک موعتەزیلەی کردە ئاینی فەڕمی دەوڵەت و دروشمی سەوزی دانا لە جێگەی دروشمی ڕەش، پاشان گەڕایەوە بۆ دروشمە ڕەشەکەی نەوەی عەباسی و براکەی دانا لە جێگەی خۆی، و مەئمون سەردانی میسر و دیمەشق و دوورگەی سوریای کرد ولە بەترسوس لە باکوری وڵاتی شام مرد ونێژرا لە ساڵی ٨٣٣ز، موبایەعە درا بە محەمەد موعتسیم بیلای برای، کە شاری سامەڕای دروستکرد وفەتحی عەموریەی کرد نزیک ئەنقەرە، و کاری وەرگێڕان و ڕاپەڕینە زانستییەکە ھەر بەردەوام بوو، و دەستگرتنی بەسەر شۆڕشی بابک خەرمی کە دەوڵەتی شاسیعەی لە ئازەربایجان دامەزراند بوو لە دیارترین ئیشەکانی بوون، بابک خەرزمی ئاینێکی تری دروستکردبوو بە تێکەڵ کردنی ئیسلام و مەجوسی (ئاگر پەرستی) و چاکسازی ئابوری و کۆمەڵایەتی کرد کە توانی ٢٠ ساڵ بمێنێتەوە بە یاخی بوون لە دەوڵەتی عەبباسی، ھەتاکو سەرکردەی تورکی ئەفشین توانی دەستی بەسەرا بگرێت، ولە شۆڕشەکانی تر شۆڕشی زەت بوو لە باشوری عێراق.

دایکی موعتەسیم تورکی بوو، لەبەر ئەوە چواردەوری خۆی بە پاسەوانی تورکی گرت وەک ئەوەی مەئمونی برای بەرامبەر فارس کردی، پاسەوانە تورکییەکان سەرەتای سەردەمی موعتەسیم ٤٠٠٠ پیاو بوون، بەڵام لە زیادبووندا بوون تا پێکدادان لە بەغدا دروستبوو ئەمەش خەلیفەی ناچار کرد تا پایتەخت بگۆڕێت بۆ سامەڕا، ودوای مردنی ساڵی ٨٤٢ز موبایەعە درا بە واسیق بیلای کوڕی، وبەردەوام بوو لەسەر سیاسەتی باوکی لە ھێنانی ھۆزە تورکییەکان و پۆستی بەرزی پێدان لە دەوڵەتدا و بوونە سەرپەرشتیاری سوپا بە کردار، و واسیق نازناوی سوڵتانی لە سەرکردەی تورکی (ئەشناس) سەندەوە کە بووە سەرەتایەک بۆ لاوازبوونی دەوڵەت و نەمانی کۆنترۆڵی خەلیفەکان لەسەری، بە مردنی واسیق ساڵی ٨٤٧ز موبایەعە درا بە ئەبوفەیسەڵ جەعفەر متوەکیل بیلای برای، کە زۆربەی مێژوو نوسان بەرواری خەلافەتەکەی بە سەرەتای لاوازبوونی دەوڵەتی عەبباسی دادەنێن.


سەردەمی عەبباسی دووەم

  سه‌یری ئه‌م بابه‌ته‌ش بكه‌ : خەلافەتی ئەمەوی لە ئەندەلوس

سەردەمی عەبباسی دووەم کە ناسراوە بە سەردەمی پاسەوانی تورکی، ئەم قۆناغانەی خوارەوە ئەگرێتەوە؛

دەرکەوتنی داڕمان



ئارامگەى حسەینى کوڕى عەلى لە کەربەلا، کە تێکدرا لە سەردەمى خەلیفە متوەکیل عەلاڵڵا لە ساڵى ٨٥٠ز.

عەبباسییەکان وەک ئەمەوییەکانی پێش خۆیان نەیانتوانی یەک پارچەی دەوڵەتەکەیان بپارێزن، عەبدول ڕەحمان داخل ھەر لە دامەزراندنی دەوڵەتی عەبباسیەوە سەربەخۆیی خۆی لێ جیاکردنەوە لە ئەندەلوس، و لە خەلافەتی موسا ھادیدا ئیدریسی کوڕی عەبدوڵڵا توانی ھەڵبێت لەو کوشتارگەیەی بۆ خێزانەکەی ولایەنگرانی بڕیار درابوو لە مەدینە، ڕۆیشت بەرەو مەغریب و دەوڵەتی ئیدریسی سەربەخۆی دامەزراند و مەڕاکیشی کردە پایتەخت، هەروەها لە سەردەمی مەئموندا، ئیبراھیمی کوڕی ئەغلەب ولایەتی ئەفریقیای گرتە دەست کە لیبیا و توونس و باکوری جەزائیری ئەگرتەوە، و حوکمی ئەم ولایەتە مایەوە بۆ نەوەکانی تا دەرکەوتنی دەوڵەتی فاتیمی، ونەوەکانی ئەغلەب پارێزگاریان تەنھا لە خوتبە وناوی خەلیفە کرد لەسەر سکەی پارەکەیان.

بەم شێوەیە دەوڵەتی عەبەسی ھەر لە سەردمی بەھێزیەکەیدا نەیتوانی یەکپارچەیی خاکی دەوڵەتەکەی بپارێزێت، کە ئەمەش لە ھەموو لایەکی دەوڵەتەکە دەرکەوت لە سەردەمی لێک ھەڵوەشاندا.

بێجگە لەوە یەکێک لە دیارترین سیماکانی ھەڵوەشانی دەوڵەت دەستێوەردانی سوپا بوو لە دانانی خەلیفەکاندا، یەکەم سوڵتانی تورکییەکان (ئەشناس) کۆچی دوایی کرد ساڵی ٨٤٤ز، وەسیفی تورکی لە جێگەی دانرا و کاتێک واسیق مرد ساڵی ٨٤٧ز موبایەعە نەئەدرا بە متوەکیل بیلا ئەگەر سوڵتان وەسیف نەیویستایە لە کاتێکا خێزان و نزیکەکانی عەبباسییەکان حەزیان ئەکرد محەمەدی کوڕی واسیق یبلا موبایەعەی بدرێتێ.

متوەکیل ھەوڵیدا دەست بگرێت بەسەر شۆڕشەکەدا ھەندێک لە سەرکردەکانی سوپای کوشت و پایتەخت گوێزرایەوە بۆ دیمەشق بەڵام بە فشاری تورکەکان ناچار بوو بگەڕێتەوە بۆ سامەڕا دوای دوو مانگ، مەزھەبی ڕەسمی لە موعتزەلیەوە گۆڕی بۆ سونەی شافعی، و بڕیاری ڕوخانی ئارامگەی حسەینی کوڕی عەلی لە کەربەلا و عەلی کوڕی ئەبوتالیبی لە نەجەفدا وقەدەغەی سەردانی بۆ کردن، ھەروەک فەرمانی بە ڕوخانی ھەموو کەنیسەکانی عێراق و ناوچەکانی تر کرد بە ھەمان شێوە بۆ کەنیسە یەھودییەکانیش، و ھێمای دیاریکراوی دانا لە سەر جلی مەسیحی و یەھودییەکان و قەدەغەی ئەسپ سواری لێکردن، لەگەڵ ئەو بانگەوازە بەردەوامەی بۆ شەریعەتی ئیسلامی ئەیکرد بەڵام کردارەکانی ڕێ نەئەکەوتن لەگەڵ شەریعەدا، کە ڕژێمی ئەھلی ئیسلامی ماف وکەڕامەتێکی فراوانتری داناوە بۆ یەھود و مەسیحییەکان.

دوا جار ھەندێک لە سەربازە تورکەکان ڕێکەوتن لەگەڵ مونتەسیر بیلای کوڕیدا لەسەر کوشتنی لە دانیشتنی خواردنەوەکەیدا ساڵی ٨٦١ز، و خەلافەتی مونتەسیر بیلا درێژەی نەکێشا و تورکەکان دەستیان گرت بەسەریدا موبایەعە درا بە ئەبوعەباس موستەعین بیلا کوڕی موعتەسیم بیلا، لەبەر ئەوەی پیاوەکانی سوڵتان نەیانئەویست موبایەعە بدەن بە ھیچ کام لە مناڵەکانی متوەکیل.



سەردەمی ئاژاوە وشەڕە ناوخۆیەکان



گۆڕى بوخارى، یەکێک لە زانایانی فەرمودە, کۆچى دوایی کرد لە سەردەمى خەلیفە موعتەمید عەلاڵڵا

سەردەمی موستەعین بیلا سەرھەڵدانی دەوڵەتی تاھیری بە خۆیەوە بینی لە خۆراسان، ھەروەک تەبرستان سەربەخۆیی وەرگرت، و دەسەڵاتى سوڵتان مایەوە لە خێزانی بەغای تورکی، کە ئەمەش بووە ھۆی دروستبونی ئاژاوە لە ناو خودی تورکیەکانیشدا، یاخی بووەکان گەمارۆی بارەگای خەلیفەیان دا لە سامەڕا، ڕایکرد بۆ بەغدا، لەو کاتە سەربازەکان موبایەعەیان دا بە موعتەز بیلا، کە سوپاکەی بە ٥٠ ھەزار جەنگاوەرەوە نارد بۆ بەغدا، و خەڵکەکەی ھەستان بە لابردنی موستەعین و موبایەعەیان بە مەعتەز دا بۆ ئەوەی ڕێگە لە خوێن ڕشتن بگرن، ھەروەک موستەعین خۆیشی موبایەعەی بە مەعتەز دا، و لە خەلافەتی مەعتەز بیلادا دەوڵەتی تۆلۆنی لە میسر دامەزرا، کە ھیچ دەسەڵاتێکى بۆ خەلیفە نەھێشتەوە تەنھا ناوهێنانى لە خوتبە و سکەى پارەدا نەبێت، و یەعقوب سەفار دەستی گرت بەسەر وڵاتی فارس، لەگەڵ ئەوەی مەعتەز لەگەڵ تورکەکان ڕێ ئەکەوت بەڵام لایانبرد لە ساڵی ٨٧٠ز لەبەر دابەزینی ئاستی ئابوری دەوڵەت و موبایەعەیان دا بە موھتەدی بیلا کوڕی واسیق، وم ەعتەز لە بەندیخانەکەیدا مرد لە برسیەتی و تینوویەتیدا.

خەلیفە موھتەدی بیلا ویستی ھێزی تورکەکان بشکێنێت، بایکالی سەرکردەیانی کوشت، و تورکەکان کوشتیانەوە پێش ئەوەی ساڵێک لە خەلافەت تەواو بکات، و موبایەعە درا بە موعتەمید بیلای کوڕی متوەکیل، لەم سەردەمە زەنوج شۆڕشیان کرد لە بەسڕە و واسیت، و بەغدا ئەیناڵاند بە دەست تێکچوون و دابەزینی ئاستی ئابوری دەوڵەتەوە ھەروەک تۆلۆنیەکان سەربەخۆیی خۆیان تەواو کرد لە میسر، ڕیگەیان گرت لە ناوھێنانی خەلیفە لە خوتبەدا، و توانیان دەستبگرن بەسەر زۆربەی شام، و عەبباسیەکان تەنھا عێراقیان بەدەستەوە مابوو، ھەر لەم سەردەمەدا ھەردوو ئیمام بوخاری وموسلیم کۆچی دواییان کرد کە ناسراون بە کۆکۆدنەوەی فەرموودەکانی پێغەمبەر، و تائیفەی ئیسماعیلی دەرکەوتن.

موعتەمید کۆچی دوایی کرد ساڵی ٨٩٢ز، و موبایەعە درا بە موعتەزید بیلا کە لە خەلافەتی ئەم و موکتەفا بیلای کوڕیدا بارودۆخ باشبوونی بە خۆوە بینی لە ڕووی سیاسی وئابوریەوە، و عەبباسیەکان میسریان گێڕایەوە و ئیسماعیلیەکانیان لە چەند شوێنێک تێک شکاند و دەوڵەتی سامانی دەرکەوت کە تەبرستانی گێڕایەوە و کۆنترۆڵی فارس و خۆراسانیان کرد لەگەڵ ھێشتنەوەی ناوی خەلیفە لە دەسەڵاتدا، و بەغدایان کردەوە بە پایتەختی دەوڵەت.

موکتەفا مرد ساڵی ٩٠٨ز، موبایەعە درا بە موقتەدیر بیلا، لەگەڵ ئەوەی دووجار لابرا، جارێک لە سەرەتای سەردەمەکەیدا لابرا و موبایەعە درا بە عەبدوڵڵای کوڕی مەعتەز کە کوژرا لە ڕۆژی دووەمى خەلافەتەکەیدا لە ئەنجامى ئەو ئاژاوەیەی کە دروستبوو لە نێوان لایەنگرەکانی و لایەنگرانی موقتەدی بیلا، خەلافەتەکەی یەک ڕۆژ بوو لەبەر ئەوە ھیچ کام لە مێژوو نوسان بە خەلیفە داینانێن، و جاری دووەم لابرا ساڵی ٩٢٩ز کە لایانبرد بە ھۆی دەست بەسەراگرتنی ژنان و کارگوزارەکان بەسەر دەوڵەتدا ود وای سێ ڕۆژ گەڕێنرایەوە و بەردەوام بوو لە خەلافەت تا کوژرا ساڵی ٩٣٢ز لە شەڕێکدا لەگەڵ مۆنسی تورکی یەکێک لە سەرکردەکانی سوپا، قاھیر بیلای برای بووە خەلیفە و مۆنس لایبرد دوای دوو ساڵ و بەندی کرد، و لە سەردەمى ئەم خەلافەتەدا دەوڵەتی بوەیھی دەرکەوت لە وڵاتی فارس و خۆراسان، ھەروەک توونس و جەزائیر و لیبیا بە تەواوی سەربەخۆییان وەرگرت لەگەڵ دەرکەوتنی دەوڵەتی فاتیمیدا، کە دەستیان گرت بەسەر دەوڵەتی ئەغلەبی و دەوڵەتی ڕۆستەمی و بەنو مەدرار.



قەڵاى حەلەب, ناوەندى حوکمى حەمدانیەکان

پاشان لە خەلافەتی ڕازی بیلا دا دەوڵەتی ئەخشیدی دەرکەوتن لە میسر و دەستیان گرت بەسەر بەشێکی فراوانی شامدا. لەو کاتانە پایەی ئەمیری ئەمیران گەشەسەندنێکی وای بە خۆیەوە بینی کە یەکسەر موبایەعە نەدرا بە خەلیفە، بەڵکو ھەفتەیەک وەستان تا ئەمیری ئەمیران گەڕایەوە لە واسیتو موبایەعەی دا بە موتەقی بیلا.

ساڵەکانی دواتر ململانێ ڕوویدا لەسەر پایەی ئەمیری ئەمیران، لەم کاتانە ئیبن بەریدی ئەو پایەی وەرگرت کە خەڵک لایانبرد لەبەر زوڵم، و جارێکی تر ئیبن ڕایق گەڕێنرایەوە بۆ ئەو پایە، خەلیفە ڕایکرد بۆ موسڵ بۆ لای حەمدانییەکان ناسری حەمدانییەکان ئیبن رایقی کوشت و خۆی پۆستەکەی وەرگرت و خەلیفەی گەڕاندەوە بەغدا، و پاشان تۆرۆنی تورکی جێگەی گرتەوە کە خەلیفەی بەند کرد و موستەکفا بیلای لە جێگەی دانا ساڵی ٩٤٤ز، کە لابرا لە ساڵی ٩٤٦ز، و لەماوەی کورتی خەلافەتەکەیدا سێ کەس پایەی ئەمیری ئەمیرانیان وەرگرت کە دواین جاریان درا بە بنەماڵەی بوەیھیەکانی دامەزرێنەریدەوڵەتی بوەیھی، کە ئەمان خەلیفەیان لابرد وموتیع بیلایان دانا لە جێگەی، کە ئەم سەردەمەش فراوانبوونی جەماوەری فاتمییەکانی لە خۆ گرت لە تونسەوە تا میسر و وڵاتی شام، کە لەو کاتە جیھانی ئیسلامی بەسەر سێ خەلیفەدا دابەش بوو بوو لە یەک کاتدا، لە قوڕتوبە (ئەندەلوس) و قاھیرە وبەغدا، لاوازترینیان دەسەڵاتی بەغدا بوو.

خەلافەتی موتیع بیلا جیاواز نەبوو لەوانەی پێش خۆی، شەڕ بەردەوام بوو لە نێوان بوەیھی و حەمدانییەکان و سەربازە تورکەکان، و بیزەنتییەکانھێرشیان کردە سەر دەوڵەت و بەشێکیان لە ئەنادۆڵ و کیلیکیا گێڕایەوە و تورکەکان شۆڕشیان کرد بەسەر بوەیھیەکاندا ساڵی ٩٧٤ز و خەلیفەیان لابرد و تائیع بیلای کوڕیان دانا، کە خەلافەتەکەی شەڕە یەک لە دوای یەکەکانی لە خۆ ئەگرت تا تورکەکان لایاندا ساڵی ٩٩١ز، وموبایەعە درا بە قادر بیلا کە چل ساڵ لە حوکم مایەوە، ئەم ماوەیە سەرھەڵدانی دەوڵەتی غەزنەوی وداڕمانی خەلافەتی ئەمەوی لە ئەندەلوس لە خۆگرت، لەگەڵ بەردەوام بوونی شەڕ لە نیوان بوەیھی و تورکەکان، پاشان ماوەیەک ھێمنی بەسەردا ھات دوای ئەوەی بوەیھیەکان حوکمیان گرتە دەست، پاشان دەوڵەتی بوەیھی لاواز بوو و تورکەکان بەرز بوونەوە و گەیشتنە بەرزترین ئاست لە کۆتاییەکانی خەلافەتی قادر، کاتێک ئەرسەلانی کوڕی عەبدوڵڵا ھەستا بە دانی خوتبەیەک لە سەر مەترسی فاتمییەکان لە بەغدا، خەلیفەی عەبباسی داوای لە تەغرۆل بیگی سەرکردەی سەلجوقییەکان کرد تا بێتە بەغدا ساڵی ١٠٥٥ز، و خەلیفەی عەبباسی جێگیر بکات، بەمەش ماوەی سەلجوقی لە بەغدا دەستی پێکرد.



بۆ درێژه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ برۆ بۆ په‌ڕه‌ی دووه‌م







صفحات سایت

پیچک